په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٥\١٢\٢٠١١

سوتاندنی شوێنه‌کانی شێلان و فرۆشگاکانی مه‌ی،

نیشانه‌ی فاشیزمی ئیسلامی سیاسییه‌!

 


رووداواکانی ناوچەی بادینانی ئەمجارە لە زاخۆ، وە شوێنەکانی دیکە، رووداوێکی کتوپڕو بە ڕیکەوت نەبوون. سوتاندنی ئەمجارەی دوکانەکانی مەی فرۆشتن و شوێنه‌کانی شێلان، ناکرێت بە تەنھا لە چوارچێوەی کێبەرکێ و ململانێ ی سیاسی ھێزەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی و ئیسلامی سیاسی لە نێو کوردستاندا، لێک بدرێتەوە. کێبەرکێ و ململانێ وتوندی ئەمجارە ڕیشەکەی لە سەرکەوتنە یەک لە دوان یەکەکانی ئیسلامی سیاسیدایە" ئەگەر چی بە شێوەیەکی کاتی" لە جیھانی عەرەب، لە مۆارکۆ، لە تونس، لیبیا، میسر، وە دەوری کاریگەریان لە نێو رووداوەکانی سوریادا، ئە مە بە جیا لە پاڵپشتی بێ درێغی سعودیە و تورکیا بە شێوەیەکی ئاشکراو مل شلکردنی خوێڕیانەی ئەمەریکا بۆیان لە میسرو لە تونس و لە لیبیاو لە سوریا...

رووداوی ئەمجارە، نە باسی دو‌کان سوتاندنە نە شوێنی شێلان وە نە کۆنەپەرستی پارتی و دەسەڵاتی سەرکوتگەرانەی ئەو، وە نە کۆنەپەرستی یەکگرتوو ودواکەوتو‌و‌ییەکەی، وە نە باسە لە پێشێلکردنی ئازادی سیاسی" ئەوانە ھیچیان باسی سەرەکی نیین لەم رووداوەدا"... ئەوانە وەکو باسی قازەکەی کەلارو دو‌کانەکانی ڕانیە وایە کە گوایە شەڕی نێوان پارتی و یەکێتی لە ساڵی ١٩٩٤دا بە ھۆی ئەوانەوە ھەڵگیرسا. ئەمڕۆ ئیسلامی سیاسی لە کوردستان دەیەوێت شەڕی خۆی یەکلا بکاتەوە لە گەڵ دەسەڵاتی ناسیونالیزمی کورد لە کوردستان، یان لایەنی کەم ببێتە خاوەنی شارێک لە قۆناغی یەکەمدا، بە پالپشتی سەرکەوتنەکانی خۆی لە وولاتانی جیھانی عەرەب، ئەوەی کە ئەمکارە یەکگرتوو بوە یان نا، وە پارتی ئەم رووداوەی کردۆتە بیانوو بۆ لێدانی یەکگرتوو یان نا... بۆ خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان کۆمەڵە بابەتێکی سانەوین، یا پیویستە وا سەرنج بدرێت. ھێرشی ئیسلامی سیاسی نە بە ناوچەی بادینانەوە دەوەستێت وە نە بە کۆبونەوە چارەسەر دەکرێت. ئێستا ھێرشەکانی ئەم ھێزە بەردەوامە لە سلێمانی " خۆ پارتی لەم شارەدا ھیچ دەسەڵاتێکی نییە" پەلاماری شوێنی شێلان دەدەن، لە سۆران و لە دێرە لۆک دوکانەکانی مەی فرۆشتن سوتێنراون و بەم پێیە ھەموو دوکان و مەخزەنەکانی مەی فرۆشتن و شوێنه‌کانی شێلان لە کوردوستاندا لە ژێر ھەڕەشەی ئیسلامی سیاسی دان.

ئەم ھێرشانە پێویستە لە مەودایەکی ناوچەییدا سەرنج بدرێت و لەم چوارچیوەیەدا لێک بدرێتەوە. ئەم ھیرشانە دروست ئەو کاتانە بیر دەھینێتەوە کە ئیسلامی سیاسی لە کوردستان بارستایی زیاتری ھەبوو، لە نێوان ساڵەکانی ١٩٩٤-١٩٩٨دا، ئەو‌کات تیزابیان دەرشت بە قاچی ژناندا، ئەوکات دوکانی کۆنەفرۆشەکانیان دەسوتاندو دوکانی ڤیدیۆو سیدییەکانیان دەتەقاندەوە...ئەم ھێرشانە دەبیت بەری پێبگیرێت، چینی کرێکارو خەڵکی ئازادی خوازی کوردستان، دوای کێوێک لە ئەزموونی شۆرشگێرانەی ناوچەکەو زیاتر لە دوو مانگ ناڕەزایەتی خۆیان لە بەردەرکی سەراو شارەکانی دیکە نابێت ئەمجارە فریوی دەستی باڵە جیاجیاکانی بورژوای بن، کیشەی ھەردوولا ئیسلامی سیاسی و بزوتنەوەی کوردایەتی، پەیوەندی بە خواستەکانی خەلکی کوردستانەوە نییە، پەیوەندی بە ئازادییەکان و ئازادی سیاسی و ڕادەربڕینەوە نییە، ھەر دوو لای کێشەکە دژ بە خواست و ویستی خەڵکی کوردستانن، ئە مە پێویستە رۆشن بێت. شەڕی ئەوان، شەڕیکە لە سەر دەسەڵاتی سیاسی، کە خەڵکی کوردستان ناوەرۆکی ھەردوکیان دەناسیت.

ھەنگاوی دەستبەجێ، ھاتنە مەیدانی جەماوەری ئازادی خوازی کوردستانە و لە پێشیانەوە چینی کرێکارو بەشی پیشڕەو وکۆمۆنیستییەکەی، بە دەوری کارنامەی خۆیاندا، بەڵام سەردێری ئەم کارنامەیە لە ئەمڕۆدا پێشگرتنە بە شەپۆلی سەرکەوتنی کۆنەپەرستی و ئیسلامی سیاسی لە کوردستاندا. ھێرشی ئسیلامی سیاسی لە ناوەرۆکدا، دەیەوێت لە ڕیگەی سوتاندنی شوێنی شێلان و مەی فرۆشتنەوە ھێرش بکات بۆ سەر گشت ئازادیخوازییەک، ھێرش بۆ سەر ھەر دیاردەو دەرکەوتنێکی شارستانی و ئاستێک لە تەمەددون، ھێرش بۆ سەر تەواوی مافە فەردی و مەدەنییەکان، وە ھێرش بۆ سەر ماف و خواستەکانی لاوان وە ژنان، وە ھێرشێکە بۆ سەر ئاستێک لە ئەمنیەت کە لەکوردستاندا بە رقەرارە، زەمینە ساز کردنە بۆ ھێلانەکانی تیرۆریزم، سەرنجدان لە تەجروبەی ئیسلامییەکانی میسر کە چۆن لە ژێر ناوی شۆرشەوە، خەریکن سەرکوتن شۆرش بون وھەن، بەسە بۆ ئەوەی کە خەڵکی کوردستان لە ناوەرۆکی ئەم ھێزانە بگەن و ڕۆشنبیرانی کاڵفامی ناوچەکەش بخەنە ژێر ڕەخنەی توندی خۆیانەوە.. پێشگرتن بەم ھێرشە پێش ھەر لایەن و کەسێکی دیکە ئەرکی فەوری کۆمۆنیستەکانە.
 

 

 

سامان که‌ریم
Saman.karim5@gmail.com

٤\١٢\٢٠١١

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک