٢٨\٨\٢٠٢٠
سوتاندن و تێکدانی
سامانی گشتیی تاوانترە یان دزین و
تاڵانکردنی؟

تاهیر عیسا
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی میلیشیا و مافیاکان، لە
پەیوەست بە چەند ھەڵچوون و داچوونێکی لێرە
و لەوێی خۆپیشاندەرانی دڵپڕ لە دەردی
برسیەتی و نەداریی کوردستاندا، بە
تایبەتیش لە شاری ھەڵەبجەدا، کە پڕووشکی
ئەو ناڕەزایەتیانە زیاتر بارەگاکانیانی گرتەوە، شەکرێکی شکاند
و ڕایگەیاند، سوتاندن و تێکدانی سامانی
گشتیی ھاوڵاتیان تاوانە و دەبێ مامەڵەی
یاساییان لەگەڵدا بکرێ!
ئەگەر بابەت، قسەکردن و داوەریکردن بێ، لەسەر تاوان و بێتاوان، ئەوا
ئەم دەسەڵاتە، ھەر لە ڕۆژگارەکانی بە
ناو خەباتی شاخیانەوە بە پاشخانێکی سیاسیی پیسی پڕ لە تاوان و
دڕندەییەوە، گەڕانەوە شار و لە
شاریش، ھەر لە دەستپێکی دەسەڵاتەکەیان
تا ئەمڕۆ، بە ھەمان
فەرهەنگی شاخەوە، تۆزقاڵێک سڵیان لە ئەنجامدانی تاوان و
تاوانکاریی نەکردۆتەوە و بە
سەدان ھەڵسوڕاو و چالاکی سیاسیی و مەدەنییان تیرۆر و خەڵتانی
خوێن کرد، کە ئەگەر ناوەکانیان لێرە بنووسرێ، رەنگە
لە نامیلکەیەکیشدا جێگایان نەبێتەوە، جگە لەو ھەزاران ژنەی لە
ژێر ناوی (شەڕەفپارێزیی)دا
لە ژێر سێبەریی فەرمانڕەوایەتیاندا
رەشەکوژی کران، بە
ھەزاران کۆچبەریش لەو چوارچێوەیەی ناوتان ناوە ھەرێم، کە
واتایەکتان بۆ ژیانکردن تێدا نەھێشتۆتەوە،
رایانکرد و لە
ئاوەکانی ئیجە و سەرسنوورەکاندا
خنکان، یان کەوتنە بەر تەقەی کۆماندۆ و پاسەوانانی سەرسنووری تورکیا
و یۆنان و کوژران و بە سەدانیشیان
بێسەروشوێن کران، دەتواندرێ لە ھەر
دادگاییەکی ویژدانئاوەریانەدا بەس بێ بۆ ئەوەی داوەریی لەسەر ئەوە بکرێ
کە کێ تاوانبارە و کێ بێ
تاوان!؟
ھەر چاودێرێکی دەرەوەو ناوەوەی کوردستان،
یان ھەر کەسێکی سادەی ئەم ھەرێمەش چاک دەزانێ، کە بڕگەی یەکەمی
ناوی وتارەکەم، بەرەنجامی بڕگەی دووەمیانە،
واتە ئەوەی لە کوردستاندا
رۆژانە ڕوودەدا ھۆکارەکەی ئەم باند و دەستە
و گرووپەیە، کە نزیکەی سی ساڵە کۆنتڕۆڵی
تەواوی ھۆکارەکانی ژیانی کۆمەڵگای کوردستان و تەواوی پێداویستیەکانی
ژیانی رۆژانەی خەڵکی کوردستانیان کردوە و
ھەر لەو رێگایەشەوە ژیانی خەڵکی ھەژار و
نەداریان لە مەنگەنە داوە.
نزیکەی سی ساڵە ئەم دەستە و حیزب و بنەماڵانە، لە
رێگای ھێزی میلیشیا و سەرمایەی
کەڵەکەکراو و میدیای چەواشەکارانەیاندا،
بەرگریی لە دەسەڵاتی سەرەڕۆییانە و
مافیایانەی خۆیان دەکەن، ئینجا چ لە
رێگای شەڕ و ململانێی نێوان خۆیان
بووبێ چ لە رێگای
دەستلەملانێی نێوان خۆیان، لە رژتنی خوێنی
خەڵک و لە مژینی شیلەی گیانی خەڵکی نەداردا
درێغییان نەکردوە و بۆ ئەوان گرنگ پایەداریی دەسەڵاتە سەروو
خەڵکیەکەیان بووە، تا لە رێگایەوە ھەرچی
زیاتر و زیاتر سەروەت و سامانی گشتیی
ھاوڵاتییان بدزن و کەڵەکەی بکەن.
یان لە بەشێکی دیکەی قەندشکاندنەکەیدا، دەڵێ:
خۆپیشاندانی ئاشتییانە مافی ھاوڵاتییانی
ھەرێمی کوردستانە!
زۆر باشە، مەسرور بارزانی، ئەگەر ڕاست دەبێژێ و خاوەنی قەند
و قەندشکێنەکەی خۆتی، فەرموو، بە
ئاشتییانە لەم تەختی
فیرعەونانەتان وەرنە خوارەوە!
چونکە خەڵکی کرێکار و کارمەند
و فەرمانبەر و چین و توێژە دەستەنگەکانی دیکەی کوردستان، ھەمیشە
لە ناڕازەیەتییە رەوا
و ئاشتیخوازییەکانی خۆیاندا، داوای
مافە ھەرە سەرەتاییە بێ چەند
و چوونەکانی خۆیان کردوە، بەڵام ئەوە
دەسەڵات بووە تەنانەت بەزەیی بە
خەڵکی خاوەن پێداویستی تایبەتیش نایێتەوە
و لەسەر عەرەبانەکانیاندا پەلامار دراون و
بەر شەقوشیلاق دراون و فڕێدراونەتە خوارەوە!
ھەر دەسەڵاتی میلیشیایی بوو، مامۆستایانی ناڕازییان لەسەر سادەترینی
مافی خۆی کە داوای مووچەکانیان بوو،
دایە بەرشەقوشیلاقی ھێزە چەتەییەکانیان!
ئەمڕۆش، کاریان گەیاندۆتە شوێنێک کە خەڵکی ناڕازیی لە
کوردستاندا، ئومێدێکی بەوە نەماوە بتوانێ لە
رێگای ناڕەزایەتیەکانیەوە وەڵامی خواست و داواکارییە
رەوایەکانی خۆی وەرگرێتەوە، بۆیە ئەمڕۆ لە
قووڵایی ناخ و دەروونی ھەر کرێکار و
رەنجدەرێکی ئەم دەڤەرە،
خولیای تێکوپێکدانی یەکجاریی تەختوتاراجی
ئەم دەسەڵاتە، قوڵپ دەدا، بەڵام بە ھۆکاریی
نەبوونی گونجانی سیاسیی و چینایەتیانە و
ناڕێکخراوییان لە ئاستێکی بەرفراون و
سەراسەریدا، نەیتوانیوە کاتژمێری سفر
بنێتەوە و کۆتایی بە دەسەڵاتی
چەوسێنەرانەیان بھێنێ!
فەرموون، ئەگەر خاوەنی قسەی خۆتانن، بەڵام راستگۆ
بن، بۆ تەنیا ڕۆژێک ئازادانە رێگا بە
ھاتنە سەر شەقامی خەڵک لە دەڤەرەکەی خۆتاندا
بدەن، بە بێ رێڕێگریی
و بێ ھێنانی ھێزیی چەکداریی دەمامکدار و
زێرەڤانتان، ئینجا دەتوانن لەوە تێبگەن کە
چەندە نەفرەتیین و چەندە ناقۆڵان لەبەر
چاویی خەڵک!
ئایا، ھەر بە راستیی
ئێوە راست دەکەن، ئەگەر
راست دەکەن، ئازادانە ڕێگا بە خەڵک
بدەن، کە بژاردە و داوکارییان ئازادانە
رابگەیەنن، ئینجا دەزانن کە زیاتر لەو
لەسەدا حەفتایەی نەھاتە سەر سندوقەکانی دەنگدانتان، خوازیاریی کۆتایی
ھاتنی دەسەڵات و ھاتنە خوارەوەتانە لە تەختی
فیرعەونییتان، یان نا؟؟
ھەموومان دڵنیاین لەوەی خۆگونجاندنی ئەم
دەسەڵاتە قێزەونە لە خۆیان قێزەونترە و بۆ
ھەرگیز، نە رێگا بە ئازادانەی ھاتنە سەر
شەقامی خەڵک دەدرێ نە گوێ لە خواست و داوکاریی ئاشتییانەی
خەڵکی ناڕازیی دەگیرێ نە دەستبەرداریی ئەم
خۆشگوزەرانییەی دەسەڵاتە
فیرعەونئاسایەکەی دەبێ، ھەروەھا
دەستبەرداریی ئەو سەدان ملیار دۆلارانەشی نابێ، کە لە
ماوەی چەندین ساڵەی دەسەڵاتدارییان
لە ھاوڵاتیانی کوردستانیان دزیوە،
کە زۆر بە ئاشتیانە خوازیاریی گێڕانەوەیەتی!؟
کەواتە، ئەگەر بەپیر ھیچکام لە خواست و
داواکاریەکانی خەڵکی ناڕازیی ھەژار و
نەدارەوە ناچن، ئەی خواست ویستی خۆپیشاندانی
خەڵک لە چی
دایە و چ واتایەک بۆ خۆپیشاندان
دەمێنێتەوە، سەۆکی هێژا مەسرور
بارزانی؟!
یان تەنیا خۆشگۆیی و خۆگونجاندنەکی
ریاکەرانەیە و هیچی دیکە!
ئەمەش بۆ کەسانێک کە لە لووتکەی
دەسەڵاتداریی دان، ھەر بە
راستیی شەرمئاوەرە
و جێگای نەفرەتە و بەس، ئەفرەتیش
ھەرچی زیاتر و زیاتر پۆرگی
رق و تووڕەیی خەڵکی دەباتە جێگایەک کە ئیتر
ئەو رۆژە ھیچ شتێک دادتتان نادا و ھەر
کە تەقیەوە بۆ
یەکجاریی دەتانخاتە زبڵدانی مێژووەوە.
٢٥\٨\٢٠٢٠
taheresa_9@hotmail.com
|