په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١\٣\٢٠١٦

سویسرییەکان لە ٢٨\٢\٢٠١٦ لە نێوان (بەڵێ و نەخێر)دا.
بەڵێ بۆ مافی یەکسانی دانیشتوان لە بەرامبەر یاسادا،
نەخێر بۆ دیپۆرتی ئۆتۆماتیکی بێگانە تۆمەتبارەکان.


جەمال کۆشش      


لە ولاتی سویسرا (ژمارەی دانیشتوانی ٧،٩٥٠.٠٠٠) رۆژی ٢٨.٠٢.٢٠١٦ دەنگدانێکی گشتی لەسەر چەند پرس ئەنجامدرا. یەکێک لەو پرسە گرنگانەی کە لە مێژووی سویسرادا بێ وێنە بووە لە چەندین بواردا (ڕێژەی چالاکبوونی میدیا، لایەنە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان، کۆکردنەوەی مالی)، دیپۆرتکردنەوەی ئۆتۆماتیکی بێگانە تاوانبارەکان (ئەوانەی ڕەگەزنامەی سویسریان نیە) بوو، نەک تاوانی گەورە بەڵکە لەسەر دزییەکی بچووک، تەنانەت ئەوانەشی کەلەسویسرا لە دایکبونە دەگرتەوە و دەبوو لە دەستوری سویسرادا بە پیت بنوسرایە. ئەم ڕاپرسیە نزیکەی یەک لەسەر چواری دانیشتوانی ئێستای دەخستە نێو گومان و دڵەڕاوکەو بەردەم ئاپارتایدێکی یاساییەوە. ئەگەر سەرەتای مانگی دیسەمبەری ٢٠١٥ ئەنجام بدرایە، ٦٠٪ بە بەڵێ (یانی دیپۆرتی ئۆتۆماتیکی بەبێ دادگا وبەبێ تەمیز) بۆ ٤٠٪ بۆ نەخێر یانی (بەڵێ بەپێی دادگا وبەبڕیاری دادوەرو هەلسەنگاندنی کەیسی تاوانبارەکە بە گوێرەی ڕێکارە یاساکانی مافی مرۆڤ لە جیهاندا).


ئەو ئەفسانەیەش شکێنرا، کە بەبەردەوامی لە سیاسەتی دژە بێگانەیی ودژی پەنابەری دا کە بەری بە سەرکەوتنەکانی پارتی گەلی سویسرا (SVP) پێنەدەگیرا. هەرچەندە هەلومەرجێکی ناجۆر بۆ لایەنگری کۆچکردوان و پەنابەران، بەهۆی کۆچڕەوی بە کۆمەڵی پەنابەران و سەرلێشێواوی ئەوروپا بۆ چارەسەری کێشەی پەنابەران وتوندوتیژی پەنابەران لە نێوخۆیان ولە کۆمەڵگادا، پەیدا ببوو. بەڵام لەماوەیەکی کەمدا توانرا هێزی بەرپەچدانەوەو ڕاگرتنی ئەو هێرشە وسەرکەوتن بەسەریدا مسۆگەر بکەن.


٣٠٠ کەس لە گەورە کاربەدەستانی دەوڵەتی، داوایەکیان ئاراستەی هاوڵاتیانی سویسرا کرد، کە دەنگی نا بۆ ئەو پرسە بدەن. ٤٠ ئەندام لە ٤٩ ئەندامی نوێنەرانی کانتۆنەکان کە وەک (ئەنجومەنی پیرانی ئەمەریکایە)، مانیفیستیکیان ئیمزاکرد، لەدژی ئەو ڕاپرسیە و لە ڕۆژنامە گرنگەکاندا بڵاویان کردەوە، ١١ کۆنەبوندسڕات (وەزیرەکانی پێشوو) بەیەکەوە بانگەوازیان ئاراستەی هاوڵاتیانی سویسرا کرد هەمان داوایان تیا دووپات کردەوە. ١٥٠ پارێزەروپرۆفیسۆری یاسایی و چەندین نوسەری ناودار وگۆرانیبێژ پەیامی نا یان دەوت بەم دەنگدانە. لەماوەیەکی کەمدا ٥١ هەزار کەس ئیمەلیان خستە لیستی ئەو لیژنەیەی داوای کۆمەکی کرد بۆ ڕاپەڕاندنی کارەکانی وتوانی ملیۆنیک ودووسەدهەزار فرەنکی سویسری (بەرابەرە بە دۆلار)لەماوەیەکی کەمدا کۆ بکاتەوە . چەندین خۆپیشاندان وسمینارو کۆڕ وکۆبونەوە ئەنجامدرا وبزوتنەوەیەکی شارستانیان بەڕێخست وچەندین نەقابەی کرێکاری، ڕێکخراوەی سڤیل و مرۆیی، گەنجان و خوێندکاران وقوتابیانی زانکۆ لەچالاکی و هەلسوڕانیاندا، هەمەرەنگی ئەم جموجۆڵە کۆمەڵایەتیانەیان دەنواند. ئەو شکۆ گەورەیەی کە بەردەوام سەرکەوتنی تۆماردەکرد وهێشتا سەرمەستی سەرکەوتنە پەرلەمانیەکەی بوو (٢٩.٣٠٪) کە بەهیزترین حزبی سویسرایە، ڕێک بە پێچەوانەوەی پێشبینیەکانی خۆیان هاوڵاتیانی سویسرا کە بە ٦٣.٤٪ بەشداریان لەم ڕاپرسیە گشتیەدا بوو، بە ڕێژەی ٥٨.٨٦٪ گوتیان نەخێر (١.٩٦٧٠٠٠ نا) و بە رێژەی ٤١.١٤٪ گوتیان بەڵێ (١.٣٧٥٠٠٠ بەڵێ). ئەم جەنگی دەنگدانە بە دایکی هەموو جەنگەکان نێونێرا.


خەڵکی سویسرا، لەم نەبەردەدا، سەنگەرێکی مرۆیی، ئازاد و کراوە، دابینکردنی یەکسانیی یاسایی بە بێ جیاوازیی ناسنامەی هاوڵاتی هەڵبژارد.
 

ماڵپه‌ڕی جه‌‌مال کۆشش

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک