٢٨\٨\٢٠١٣
تابلۆی هاوار و
ئیدوارد مەنج.
ناڵە حەسەن
تابلۆی
هاوار یەکێکە لە تابلۆیە بەناوبانگەکانی هونەرمەندی نەرویجی ئیدوارد
مەنج .. یەکێکە لە تابلۆ بەناوبانگەکانی دونیای هونەری شێوەکاری ،
هەروەک ئارسەر لابۆ دەڵێت ( تابلۆی هاواری ئیدوارد ، ئایکۆنێکی هونەری
مۆدێرنە و مۆنالیزای سەردەمی ئێستایە ) . ئەم تابلۆیە یەکێکە لەم
تابلۆیانەی کە پێکهاتە دەروونی و مەعریفی هونەرمەند بە شێوەیەکی ڕوون و
ئاشکرا دەتوانین بیخوێنیتەوە .. یەکێکە لەو تابلۆیانەی خوێندنەوەی زۆری
بۆ کراوە و زۆری لەسەر و نووسراوە . دیارە هەموو تابلۆکانی ئیدوارد
مەنج لە ئاستی بەرزی داهێنان دان بەلام ئیدوارد بە تابلۆی هاوار
دەناسرێتەوە . تابلۆی هاوار لە ساڵی ٢٠١٢ بە ١١٩ ملیۆن دۆلار دەفرۆشرێ
کە ڕیکۆردێکی نوێ بوو بۆ ئەوکاتە . بۆ زیاتر ئاشنا بوون بە ئایکۆن و
هێما و پێکهاتە دەروونیەکانی ئەم تابلۆیە ، وا پێویست دەکات کورتەیەک
لە ژیانی ئیدوارد بخوێنینەوە.
- کورتەیەک لە ژیانی ئیدوارد مەنج.
ئیدوارد مەنج لە دیسەمبەری ١٨٦٣ لە لۆتۆن ی نەرویج لە دایک بووە . لە
ساڵی ١٨٦٤ لەگەڵ خێزانەکەیان دەڕۆنە ئۆسلۆ هەرلەوێدا دەمێننەوە .
ئیدوارد تەمەنی چوار ساڵ دەبێت کە دایکی بە نەخۆشی ( سیل ) دەمرێت .
ئەم مردنەی دایکی یەکەمین تراژیدیای خێزانەکەیان دەبێت . لە ساڵی ١٨٧٧
خوشکێکی تری لە تەمەنی پانزە ساڵیدا هەر بە نەخۆشی سیل دەمرێت .. لە
ساڵی ١٨٧٩ برایەکی لە تەمەنی سی ساڵیدا دەمرێت .. خوشکێکی تری تووشی
نەخۆشی دەروونی دەبێت و هەموو ژیانی لە نەخۆشخانەی دەروونی دەمێنێتەوە
. ئیدوارد بۆ ئەندازیاری دەست بە خوێندن دەکات . بەڵام دوای ساڵێک حەزی
دەچێتە کاری هونەری و واز لە خوێندنی ئەندازیاری دەهێنێت . لە ساڵی
١٨٨١ دەچێتە قوتابخانەی ( دیزاینی هونەری ) سالێک دوای ئەوکاتە لەگەڵ
شەش قوتابی تر ستۆدیۆیەک بەکرێ دەگرن ، دوای سێ ساڵ لە خوێندنی هونەری
ئیدوارد سکۆلەرشیپ وەردەگرێ و سەفەر دەکات بۆ پاریس ، دوای سێ هەفتە
دەگەڕێتەوە بۆ ئۆسلۆ . دوای گەڕانەوەی دەست دەکات بە کێشانی تابلۆیەکی
نوێ بە ناوی ( منداڵێکی نەخۆش ) کە لە ساڵی ١٨٨٦ تەواوی دەکات . دوای
گەڕانەوەی لە فەڕەنسا هەر لە یەکەمین ئیش هەوڵی ئەوە دەدات ستایلی
ڕیالیزم بەچێبهێڵێ . زیاتر ئیش لەسەر هێما و ستایلی نوێ دەکات . لەگەڵ
ڤانکۆخ وەک دوو نیگارگێشی ئێکسپرێشنیزم ناو دەردەکەن . واتە (
تەعبیریەکان ) زیاتر ئیش لەسەر هەست و سۆز و موعانات و باری دەروونی
مرۆڤ دەکەن لەوەی لە جەستە ، لە ساڵی ١٨٨٩ ئەو ساڵەی باوکی تیا مرد
زۆربەی کاتەکان لە فەڕەنسا دەژیا ، ئەم تەمەنە بۆ ئەو وەچەرخانێکی
درەوشاوەو گەش بوو . لە ساڵی ١٩٠٢ لە پیشانگایەکی بەرلین ٢٢ تابلۆی
هەڵدەواسرێ هەندێک لەم تابلۆیانەی ، میلانچۆلی ، ئیرەیی ، هاوار و
چەندانی تر . لە دەوروبەری ساڵی ١٩٠٠ کۆنترۆلی بەسەرخۆی نامێنێت لە
خواردنەوەی ئەلکهولی و مودمین دەبێت . لە ساڵی ١٩٠٨ سەرەتای نەخۆشی (
شیزۆفرینیای ) لێ بەدەردەکەوێت . بەوەی هەمیشە گویی لە دەنگی تر دەبێت
. کاتێک باری دەروونی پتر بەرەو ئاڵۆزی دەجێت ، دەکەوێتە نەخۆشخانەی
تایبەت و بەتاقی تەنیا بۆ ماوەیەکی دریژخایەن لە بەشی دەروونی
دەمێنێتەوە . پاش ماوەیەک کە خواردنەوە کەمتر دەکاتەوە و لە باری
دەروونیەوەش کەمێک باشتر دەبێت ، لە سالێ ١٩٠٩ لەوشوێنە دەچێتە دەرەوە
و دەچێتەوە سەر کارەکەی خۆی . بۆ ماوەیەک لە شار دوور دەکەوێتەوە
دەچێتە لادێیەک بە ناوی سکێلی هەر لە نەرویج . لەم ماوەیەدا بە تەنیایی
هەندێک تابلۆ و دیمەنی سروشت دەکێشێ . لە سالی ١٩١٨ بۆ ماوەی ساڵێک
تووشی نە خۆشی ئینفلۆنزا دەبێت ، هێندە بە قوڕسی دەیگرێت زۆر لە مردن
نزیک دەبێتەوە.
ئەوەی شایانی گووتنە ئیدوارد هەموو ژیانی بە ڕەبەنی دەمێنێتەوە و ژن
ناهێنێت ، نزیکەی سی ساڵێک بە تایبەت ئەو ساڵانەی کۆتایی تەمەنی هەر بە
تەنیا دەژیت . لە ٢٣ی جانوەری ١٩٤٤ لە تەمەنی ٨٠ ساڵیدا دەمرێت . لە
دوای مردنی نزیکەی هەزار تابلۆ کە هەندێکیان لەسەر قوماشی پەڕۆیین دەبن
و پتر لە چوارهەزار وێنە و چەندان نیگاری تر لە ژوورە داخراوەکەی
دەدۆزنەوە.
- هێما و پێکهاتە دەروونیەکانی تابلۆی هاوار.
ئەگەر تۆزێک بە وردی سەیری تابلۆی هاوار بکەین زۆر خێرا هەست بە چەند
هێمایەک دەکەین .. پێکهاتەی دەروونی و خەمە قوڵەکان و کەسێتی ئیدوارد
دەخوێنینەوە . چ ڕەنگەکان و هێڵ و شێوەی ئیشکردن و چ ئەو هاوارەی لە
گەرووی کەسەکە دیتەدەر تەوای ڕووبەری تابلۆکە دەبنە ڕەنگێکی تۆخ بۆ
هێماکانی ( ترس ، نیگەرانی ، یاخی بوون ) . کە ئەمانەش سەرەکیترین
هێمان بۆ تابلۆی هاوار و زۆربەی تابلۆکانی تری ئیدوارد .. کارل یەنگ لە
شوێنێکدا دەلێ ( هێماکان لە هونەردا ، بۆ دەربڕینی شێواز و باری
دەروونی باکاردەهێندرێن ) بۆیە تابلۆی هاوار و دەتوانین بڵێین سەرجەم
تابلۆکانی ئیدوارد پڕاوپڕن لەم هێما و ئایکۆنە دەروونیانە ،، وەک چۆن
شاعیران خۆیان دونووسنەوە ئیدوارد مەنج یش لە تابلۆکانی خۆی کێشاوە ،،
مردنەکانی ، خەمەکانی ، دڵەڕاوکێکانی ترسەکانی ، شکستەکانی ،
تەنیاییەکانی ، هەر یەکێک لە تابلۆکانی وێنەیەک لە وێنەکانی خۆی یان
گۆشەیەک لە ژیانی خۆی یان ئازارێک لە ئازارەکانی خۆی کێشاوە .. خۆشی
زۆر بە ڕۆشنی لە شوێنێکدا دەڵێ ( لەنێو تابلۆکانم من هەوڵم داوە ،
مانایەک بۆ ژیانی خۆم بدۆزمەوە یان شیبکەمەوە ، هەروەها هەوڵی ئەوەشم
داوە یارمەتی ئەوانی تریش بدەم بۆ ئەوەی لە ژیانی خۆیان تێبگەن ) . یان
لە شوێنێکی تر دەڵێ ( تابلۆکانی من بەبێ نەخۆشی و نیگەرانی ، وەک
مەڕێکی بێ شوان وایە ) . هێمای ترس یان مەرگ یان دڵەڕاوکێ ئەو هێمایە
دیار و بەرچاوانەن لەزۆربەی تابلۆکانی ئیدوارد دەبیندرێن ، ئەمەش
بەشێوەیەکی بەردەوام بۆ دەرخستن و ڕەسمکردنی باری دەروونی خۆی بووە ،
پێکهاتە دەروونیەکانی خۆی کەسایەتی و تەنیای و شکستەکانی خۆی لەگەل
ڕەنگەکان لەگەل هێل و بازنەکان لەنێو تابلۆکاندا ئامادەییان هەیە .
چونکە خۆی باوەڕی وابووە ، نەک تەنها پێکهاتە دەروونیەکان بەڵکو هونەر
دەبێ ببێتە هۆی کردنەوەی دڵی مرۆڤەکان .. هونەرمەند دەبێ لەکاتی کێشانی
تابلۆکانی هەم پێکهاتە دەروونیەکانی هەم ئارەزووەکان و نهێنیەکانی دڵی
خۆی لەگەل ڕەنگەکان بڕژێنێتە سەر تابلۆکەی . ئەوەتا زۆر بە ڕۆشنی دەلێت
( من باوەڕم بە هونەر نیە ، گەر بە تۆخی نەبێتە هۆی دەربڕین و کرانەوەی
دڵی مرۆڤ).
- ترس.
ترس ، هێمایەکە زۆر بە ڕۆشنی لە تابلۆی هاوار دەبیندرێ و هەستی پێدەکرێ
ئەگەر بە وردی ژیاننامەی ئیدوارد بخوێنینەوە دەبینین دەبینین زۆربەی
سەرچاوەی ترسەکان ترسە لە مردن چونکە هیمای " مەرگ " هێمایەکی تۆخ و
بەرچاوە ، ئەمەش لە تابلۆکانی زۆر بەزەقی ئەم ترسەی لە مەرگ ڕەنگی
داوەتە ،، مەرگە یەک لەدوای یەکەکانی دایک و خوشک و برا و باوک و
ئەمانە توشی ترسێکی کوشندە و توشی ناڕێکی باری دەروونی و توشی
نامۆییەکی لە ڕادەبەدەری کردووە .. زۆر کەم تابلۆیەکی ئیدوارد
دەدۆزیوەتە کە بەمجۆرە ترسە رەنگ ڕێژ نەکرابێت . جگە ترس لە مەرگ ، ترس
لە دەسەلاتی باوکیش دەخوێنینەوە .. دوای ئەوەی دایکی دەمرێت لەگەڵ
باوکی ژیان بەسەر دەبات ، باوکی بە ئەندازەیەک دڵڕەق و بێبەزەیی بووە
تا ئاستی دڕندەیی . لە کتێبی ( هونەر و فیگەرە جوانەکانی خەون )
بەمشێوەیە باسدەکات .. ( دوای مردنی دایکی لەگەڵ باوکی دەمێنێتەوە ،
لەژێر پەروەردەیەکی بێئەندازە توندوتیژ ئیدوارد خۆی بەبیری دێتەوە و
دەڵێ ( کاتێک باوکم ئازاری ئێمەی دەدا ئازارەکەی تا ئاستی شێتبوون و
مردن بوو ) هەربۆیە ئیدوارد ئەگەر دڵی بە تابلۆیەکی خۆش نەبووایە بە
قامچی لە تابلۆکەی دەدا و لاسایی باوکی دەکردەوە و دەیگووت ( ئەوە
وانەی ئەسپ فیرکردنە).
- نیگەرانی (ئەنزایەتی).
دیارە ئیدوارد لە هەموو ژیانیدا هەر بە تەنیا ژیاوە .. نەیتوانیوە بۆ
تەنها جارێکیش ژن بهێنێ و خێزان پێکبهێنێ .. بە هۆی شکستەکانی لە عەشق
و پەیوەندیدا ، پێکنەهێنانی خێزان و نەبوونی ماڵ و منداڵ و تەمەنێکی
دوورودرێژی تەنیایی . ئەمانە هەمووی تووشی نامۆیی و نیگەرانی و
دڵەراوکێیەکی زۆر کوشندەیان کردووە ،، ژیان بە تەنیایی خۆی لە خۆیدا
مردنە چ جای نیگەرانی .. ئەم نیگەرانیە بەردەوامەی ڕووبەرێکی بەرچاوی
لە پێکهاتەی دەروونی و کەسایەتی پێکهێنابوو ، هێمایەکی دیاریش بوو لە
نێو تابلۆی هاوار و تابلۆکانی تری ئیدوارد.
- یاخی بوون.
یاخیبوونیش هێمایەکە دەتوانین لە پشت ڕەنگ و سەداو هاوارەکانی نێو
تابلۆی هاوار هەستی پێبکەین .. دیارە یاخی بوونیش وەک " ئەلبێرکامۆ "
لە مرۆڤی یاخیدا دەڵێ ( لەگەڵ هەر جووڵەیەکی یاخیبووندا جۆرێک لە
هۆشیاری سەرهەڵدەدا ، ئیدی ئەو هۆشیارییە تا چ ڕادەیەک شێواویش بێت ) .
ئیدوارد مەنچ لە ئاکامی شکستە دەروونیەکانی ، تەنیایی و نامۆییەکانی ،
هۆشیاری ئەوەی لەلادروست ببوو کە هاوارێک بەڕووی ژیاندا بکات و لە
هەموو شکستە دەروونیەکانی ڕابکات .. هۆشیارییەک ئەگەرچی شێواویش بێت .
ژیان لەژیر ساباتی تەنیای و مردن ، مرۆڤ دەهێنێتە گۆو یاخی دەکات ،
مرۆڤ دەهەژێنێت و دەیهێنێتە هاوار . ئیدوارد لە ئەنجامی شکستە
دەروونیەکانی ئەوە فێرببوو تابلۆ و هونەرەکەی بکاتە ئاوینەیەک بۆ ئەوەی
ئەوانی تریش لە زیانی خۆیان تێبگەن و لە تەنیایی و مردن و دڵەڕاوکی
تێبگەن و وەک ئەم هاوار بکەن.
_____________________________
سەرچاوەکان:
- Edvard Biography - Facts، Birthday، Life story
- Edvard Munch Byond The Screan
- کتێبی (هونەر و فیگەرە جوانەکانی خەون).. ناڵە حەسەن.
- کتێبی (مرۆڤی یاخی) ئەلبێر کامٶ.. و / ئازاد بەرزنجی.
سەرەتای حوزەیرانی
٢٠١٣
ماڵپهڕی ناڵه حهسهن
|