٨\١٢\٢٠١٢
تا بۆ ئێستاى
خۆمان بژین،
خوێندنەوەیەک بۆ
رابردوو، رامانێک بۆ ئایندە لە نێو رۆمانى ''کارلەکارترازاو''ی
سارتەردا.

بەنگینە پیرۆت نورى
لە
رابردوودا هێرشى ئەفسانە دژدارەکان بۆ تێکشکاندنى رۆحى مرۆڤ ئەوەندە
پەرەسەندوو و بەهێز بووە دوا جار مرۆڤایەتى ناچار بە پەیداکردنى "ئەخلاق"
و "ئاین" کراوە.
ئایا بە بێ ئەخلاق و ئاین مرۆڤ نەیدەتوانى پەرستشى بە شێوەیەکى تر بۆ
خۆى بکات و ئاکارى خۆشى بگۆڕێت؟ هەروەک بەر لەپەیدابوونى مرۆڤ ئەخلاق و
ئاین بوونى نەبوو، بۆ نموونە "یەکەمین دانیشتوانى ڕۆما، خەڵکى هەژار و
جوتیار بوون کە ئاین و پەرستگایەکى تایبەتیان نەبوو"١
بۆیە بوونى ئەمانە لە دروستکراوەکانى مرۆڤ خۆیەتى و لە پەیدابوونیان
دەستى خۆى تێدایە.
خۆ ئەگەر پشت بە بیر و ڕایەکى تایبەت ببەستین، ئەوا مرۆڤ ئەگەر کردارى
پێچەوانەى رێنماییەکانى سروشت نەکردبایە کێ ناڵێ ژیانێکى یۆتۆبى
نەدەبوو و لە چەشنى ئەو بەهەشتەى ئاینەکان باسى دەکەن کەواتە هەمیشە
شتێک هەیە پێى بگوترێت دژ لە دژى رێنماییەکان بۆ کردارەکانى مرۆڤ. بە
واتایەکى دى، ئەوە "ئەخلاق - ئاکار"ى مرۆڤە وایکرد بەرنامەیەک بە ناوى
رێنمایی ئایینى بۆ ڕێنمایى مرۆڤ دادەنرێ.
دیوێکى ترى ئەو واتایە ئەوەیە خۆ ئەگەر ئەخلاق و ئایین نەبوونایە "دژ"
و "دوژمن" هەڕەشەى سەر مرۆڤ نەدەبوون.
ڕەنگە تۆ بپرسى "دژ "و "دوژمن" دوو شتى لێک جیاوازن ئەگەر لە زۆرشتیش
هاوبەش بن. بەڵام ئەخلاق و ئایین هاوبەشن ئەگەر لە زۆر شتیش دژى یەک
بن.ئەگەر ئەخلاق و ئاینین نەبوونایە مرۆڤ دژ و دوژمنایەتى ئەو دژ و
دوژمنانەى نەدەکرد،ئەو دژ و دوژمنانە پاش پەیدا بوونى ئەخلاق و ئایین
پەیداببون کە هەنگاوى یەکەم بوون بۆ دژایەتى مرۆڤ،بۆیە مرۆڤ ئەخلاق و
ئایینى بۆ بەرگرى لەخۆى هەڵبژارد. بەڵام مرۆڤ ئەمانەى تاسەر بۆ "بەرگرى"
بەکار نەهێنا بەڵکو بۆ دژ و دوژمنایەتى بەکارى هێناوون دژى دژەکان،ئەو
دژ و دوژمنانەش مرۆڤەکان لەناو خۆیان دژ بەیەکترى خوڵقاندویانە بۆ
نمونە پیسکردنى ژینگە.
پێکهاتە ڕۆحیەکەى مرۆڤ ویژدانە ئەگەر ویژدانى نەبوو ئەخلاق و ئایین
دادى نادات.
ئێمە کە ڕۆمانى"کارلەکارترازاو" دەخوێنینەوە هەست دەکەین نەک خەون و
خەیاڵى مرۆڤێکە بەخامەى هزر خوڵقاوە بەڵکو جیهانێکە فەنتازیایەکە
جیاواز لە بەهەشتى خودا ئەو بەهەشتەى بەبێ دۆزەخ بوونى هەیە.
مەبەستمە بڵێم من کە ڕۆمانەکەى"ژانپۆڵ سارتەر" "کارلەکارترازاو"م
خوێندەوە،لەوە تێگەیشتم مرۆڤ بەبێ ئەوەى بییەوێت ببێت بەخودا دەتوانێت
بەهەشتێک بۆ خۆى دروست بکات بەبێ ئەوەى دۆزەخى هەبێت بەهەشتێک کە
تیایدا پێغەمبەر بەبێ خوا بوونى نیە بەڵام خوا بەبێ پێغەمبەر بوونى
هەیە.
ئایا ئەوە ڕاستە "مرۆڤ دەتوانێ سەر لەنوێ ژیانى دەستپێبکاتەوە؟". ئایا
مرۆڤ جارێکى تر فرسەتى هەیە بگەرێتەوە ژیان؟ تاوەکو مەجالى ئاوڕدانەوەى
لە ڕابردوى خۆى هەبێ.دەى کەواتە دەشێ مرۆڤ خەیاڵى ئەوە بکات، لەوە
بپرسێت ئایا "تا ئێستا ڕویداوە کەسێک بۆ ئەنجام دانى کارەکانى دوبارە
بگەڕێتەوە سەر زەوى؟"
ئەم ڕۆمانە کە کەرستەکەى دوو چیرۆکە پڕە لە پرسیار کە مرۆڤ بەخۆى
نەزانیوە ئاخۆ بۆ تەژیە لە پرسیار،پرسیار لەچەشنى دواى مەرگ ئایا مرۆڤ
دەگەڕێتەوە بۆ سەر زەوى؟ ئەگەر گەڕایشەوە چى دەکات؟ ئایا هەمان ڕێگە
دەگریتەوە بەر؟ یان ژیانێکى نوێ دەستپێدەکاتەوە!خۆ ئەگەر هێزى عقڵ مرۆڤ
بەرەو ئایندەیەکى جیاواز لە ڕابردو پەلکێش نەکات،مردنیش ئەو هێزەى نیە
ڕابردوو بسڕێتەوە.
خۆ ئەگەر "ئێستا" ئایندەى "ئێستامان" نەبێ لە ئایندە دا ئەم "ئێستا"یە
ڕابردوویەکى تەڵخە،دەبێتە هێزێکى بەردەست زاڵ دەبێت بەسەر هێزى
گۆڕانکاریدا،بۆ دووبارە بوونەوەى رووداوەکان و ئەو بەشە ژیانەى ماومانە
وەک گۆمى مەنگى لێدێت.
چیرۆکى پێکهاتەى ڕۆمانەکەش ئەمەیە:
"ئیڤ شارلى" لەسەر جێگایەکەى بەبێ هۆشى لێیى کەوتوە بۆى ڕوون دەبێتەوە
"ئەندرە شارلى" مێردى کە سکرتێرى پاسەوانەکانى پاشایە لەبەر خاترى
سامانە زۆرەکەى کردویەتى بەهاوسەرى،ئیڤ ئەمە دەزانێت،بەڵام تا ئەو
کاتەى بێزارى خۆى دەرنابڕێت تا بۆى ڕوون دەبێتەوە ئەندرە لەژێرەوە
هەوڵى بەدەست هێنانى دڵى "لوست"ى خوشکە بچوکەکەیەتى. ئەندرە ماوە ماوە
ژەهرى بۆ لەپەرداخى ئاوى سەر مێزەکە دەکات تاکو هەرچى زووە ئیڤ شارلى
بمرێت.
چیرۆکى دووەمیش،"پیەر دۆمین" و هاوڕێیەکانى،پیلان دەگێڕن چۆن لەناو
چینى کڕێکاران شۆڕش دژى پاشا بەرپا بکەن.
ئێمەى خوێنەر بەبێ ئەوەى بزانین خەو بین کێیە لەخەوێکى قوڵداین،هەر لەو
خەوەدا پیەر و ئیڤ بەیەک دەگەن بەبێ ئەوەى ئەوانیش بزانن کێ خەوى ئەم
بە یەک گەیشتنەى بینیوە،پاشان خەوەکە دەبێتە مردنێکى کاتى بەمرۆڤەکانى
سەدەکانى ڕابردو ئاشنا دەبن،دواتر بڕیار لە خۆشەویستى دەدەن و هەریەک
لاى خۆیەوە بڕیار دەدات کە گەڕایەوە سەر زەوى ئەم دەست لە هاوڕێ پیلان
گێڕەکانى هەڵبگرێت و ئەویش واز لە ئەندرە شارلى مێردى بهێنێت.کاتێک هەر
یەکەیان دەگەڕێتەوە جیهانى واقعى خۆى بەدواى کێشەکانى خۆى دەکەون. تا
سەرەنجامى خەوەکە دەبێتە مردنێکى ڕاستەقینە، لەباوەشى مەرگدا دڵداریەکى
ڕاستگۆیانە دەست پێدەکەن.
ئەوەى من باسم کرد هەمووى نیە قەڵەمى من لەئاست جادوى ئەو قەڵەمەى
ڕۆمانەکەى پێنوسراوەتەوە قەڵمێکى کۆڵەوارە.
هەر ساتێکى ژیانى مرۆڤ بۆ خۆى ڕۆمانێکە خوێندنەوەى ئەم ڕۆمانەش پێمان
دەڵێ نەمانتوانیوە چرکەیەک لەم ژیانە پێناسە بکەین،ئێمە دەتوانین
لەئاست کێشە گەلێک و ڕووداوەکان کە ڕووبەڕووى چارەنوسمان
بوونەتەوە،لەچەند لاوە گەمارۆیان داوین،بەچەند وشەیەک ژیانى خۆمان
دادگایى بکەین بەڵام ژیانى کەسانى نێو ڕۆمانەکە ناتوانین دادگایى بکەین.
چونکە گەورەترین کێشە لە رووداوەکان و چیرۆکى ناو رۆمتانەکە و ژیانى
ژیانى مرۆڤەکانید هەیە هیچ دادگایەک ناتوانێت داوەرى یەکلایکەرەوەیان
بێت عادیلانە دادگاى ڕابردوى کارەکتەرەکانى بکات،واتا لەنێو ڕۆمانەکەدا
مرۆڤ لەدواى ئەوەى دەمرێت جارێکى تر دەست بەژیان دەکاتەوە،بە واتایەکى
تر دەشێ بەپرسین دواى مردن ئایا مرۆڤ جارێکى تر دەژیتەوە؟ دواى جارێکى
تر لەدایک بوونەوە کەس ڕێگە بەکەس دەدات کەسێک ببێتە دادوەر و
ڕابردویەکى دورى ئەو دادگاى بکات؟
لەکاتێکدا جارێکى تر ژیان کردنەوە واتا نوێ بونەوە،نوێ بونەوەش واتا
بەتاڵ بوونەوەى ڕابردوو و ڕا کردن لەو ڕابردوە دورەش،واتاىئەوەیە گوایە
کەس ئەو مرۆڤەى پێشو نییە کە لە ڕابردوو دا هەبووە.
لەبەر ئەوەى ئەوان لەدواى ئەوەى دەمرن جارێکى تر دەست بەژیان
دەکەنەوە،دواى مردن ئایا ئێمە جارێکى تر دەژینەوە؟
هەر وەک"پیەر"دەڵێ " تا ئێستا رویداوە کەسێک بۆ ئەنجامدانى کارەکانى
دووبارە بگەڕێتەوەسەر زەوى؟".
"لوست" سەرەتا لە نەبوونى "ئیڤ شارلى"خوشکى خەریکە شێت دەبێ کێشەیەکى
گەورەیە بۆى و بوونى "ئەندرە شارلى" مێردى "ئیڤ" کێشەیەکى
گەورەتر.هەروەک نەبوونى"پیەر" لەنێو پیلانى پیلانگێرەکان بۆ شۆڕش کردن
بەسەر پاشا کێشەیەک، بوونى پاشایەکیش کە بارە بەسەر ژیانى خەڵک
کێشەیەکى گەورەتر.لەم ڕۆمانەدا خوێنەر ناتوانێت پێشبینى هیچ ڕووداوێک
بکات ئەگەر چەندین جار ڕۆمانەکە بخوێنێتەوە،چونکە کارەکتەرەکان
بەئاسانى مل کەچى خۆ بەدەستەوەدان نین ئەگەر ڕووداوەکان کارەسات باریش
بن. بەڵام کەسانى نێو ڕۆمانەکە پێشبینى ڕووداوەکان دەکەن چونکە
ڕووداوەکانى ڕابردوو وایلێکردوون لەوێ هەموو کەسێک دەزانێت سبەى چ
ڕوودەدات،ئەگەر دۆخەکە هەر چەند سەخت و ئاڵۆزیش بێت. هەر ئەمەشە وا
لەخوێنەر دەکات پێیى وایە ڕۆمانێکى تر دەخوێنێتەوە نەک چەند جار ئەم
ڕۆمانەى خوێندبێتەوە.
زۆر جار مرۆڤ ناتوانێت فریایى ئاوڕدانەوە لە ڕابردویەکى دوور
بکەوێت،مەگەر بە مردن و لە دنیایەکەى تر بتوانێت مرۆڤى چاخەکانى تر
ببینێت و ئەزمون و توانایان جارێکى تر زیندوو بکاتەوە.بەڵام خۆ ئەمیش
وەکو مرۆڤى چاخەکانى ڕابردو دەچێتە ناو گۆڕى ئەبەدییەوە! ئایا چۆن
دەتوانرێت سودى ئەو ئەزموونە بگەیەنێتە مرۆڤى سەر زەوى؟،ئایا کەس
لەدواى مردن جارێکى تر گەڕاوەتەوە سەر زەوى تا مرۆڤایەتى سود لە
ئەزموون و ڕابردووى مرۆڤە مردووەکانى دێرین و ڕوداوەکانى ڕابردوى ئەو
وەربگرێت؟
بەخوێندنەوەى ئەم ڕۆمانە خوێنەر هەست دەکات مرۆڤى ڕابردوو ئەمرۆیان
درووستکرد،هەروەک لەئایندە دا گارى داهێنەرانى ئێستا دواتر ڕابردوومان
بە ڕەونەقى دەهێڵێتەوە مرۆڤى ئەم سەردەمە ئێستاش لەلایەن مرۆڤى سەردەمى
لویسى هەژدە پێشوازى لێدەکرێت و چاوەڕوانى ڕێنمایەکانیەتى،کەواتە مردن
واتا زیندوبوونەوە لەپێناو لەناو نەچوون. ئایا یادەوەرى ڕابردوو مرۆڤ
دروست دەکات یان بیرکردنەوە لەئایندە؟ ئایا چێژى ژیاندۆستى لەئێستادایە
یان ژیانى دواى مەرگ ؟ ئایا ژیانى دواى مەرگ هەمان حکایەتى سەر زەویە؟
یان ژیانێکە مرۆڤ پێشتر ئاشناى نەبووە،ئەى ئەوە نیە پیەر و ئیڤ لە
ژیانى ئێرە بۆ ژیانى ئەو دیو ڕا دەکەن! ئایا مرۆڤ بە چ ڕێگەیەکەوە بە
ژیانى ئەو دیو دنیا دەگەن؟
ئەگەر گوناه و بى گوناه چاکە و خەراپە پێوەر بێت بەگەیشتن بە خۆشیەکانى
ئەو دیو دنیا بۆچى مرۆڤە گوناهکارو ستەمکارەکانى سەردەمى لوسى هەژدە
هەمان ژیانى سەر زەوى و هەمان دەسەڵاتى دنیا بەسەر بێ گوناهێکى ستەم
لێکراوى هەیە؟ ئەى ناڵێن ستەمکار لەپاى گوناهەکانى پاداشتى سزایە ستەم
لێکراوان و هەژاران لەپاى زوڵم و بێ گوناهیان بەهەشتین؟! ئەى بۆ لە
بەهەشتەکەى سارتەردا بەس خوا پێداو و دەسەڵاتداران لەوێ بوونیان هەیە!
دەربارەى ڕووداوەکانى نێو ئەم ڕۆمانە من پێم وایە هەڵێنجراوى چیرۆکى
بەهەشت و دۆزەخە، بەدەلیلى ئەوەى ژیان و بوون و ڕووداوەکان بەهەمان
شێوەى ئاینەکان سارتەریش باسى دەکات بەبێ بوونى هیچ ئەفسانەیەک شایانى
باس بێت.
ئەوەندە نەبێ پیاوێکى کورتەباڵا بە سەرجەم باو باپیرانى هەر لەسەدەى
نۆزدەوە تاکو سەدەکانى ناوەڕاست شاد دەبێتەوە، هەروەک سەر زەویش پاش دە
دوانزە نەوە کەس نازانێ کێ نەوەى کێیە،کەواتە پیاوە کورتەباڵاکە نەوەى
کێیە؟ نەک وەڵامەکە کەس ناى زانێت خۆى و باپیرە گەورەکەشى ناى زانێت.
جیاوازیەکى تریش ئەوەیە ئێمە بە لەدایک بوون دێینە سەر زەوى ژیان
دەکەین ئەوان دواى مردن،ئەى لەوێ کە مردن بۆ کوێ دەڕۆن ئەم پرسیارە هەر
وەک پرسیارەکەى پێشو کەس وەڵامەکەى نازانێت.
لە زەمەنى نێو ئەم ڕۆمانەدا هەروەک زەمەنى سەر زەوى مرۆڤ لە ڕێگەى
مردنەوە بەدنیاى ئەو دیو دەگات نەک لەدایک بووى ڕەسەنى ئەو شوێنە
بێت،کەواتە ئەو مرۆڤە لە دونیایەکى تریش هەڵگرى هەمان کردار و ڕفتار و
ڕاو بۆچوونى پێشویەتى.
ئایا مرۆڤ لەوێ خۆشەویستى و زاوزێ و مامەڵە بەشتەکانەوە دەکات؟ ئەگەر
هیچ نەکات چونى ئەو لەپێناو چییە کە لەسەر زەوى بۆى دەژیا؟
لەهەندێک شت و شوێنى نێو ئەم ڕۆمانەدا خوێنەر خەیاڵى ئەوە دەکات ئەرێ
ئەوە چیە ڕو دەدات لەبەر ئەوەى ڕوداوى داواکارى زیندوو بوونەوەى پیەر و
ئیڤ زبر و ڕەقە،دواى خوێندنەوەى چەند لاپەڕەیەکى تر کە پیەر بەخەبەر
دێت و ئیڤ زەردەخەنەیەک دێتە سەر لێوەکانى،جارێکى تر خوێنەر متمانە بە
ڕۆملنەکە دەکاتەوە ئەوە خەون بوو نەک مردن.
ئەم خەوە قوڵە چاو چنۆکى ئەو کەسانە ئاشکرا دەکات کە دوو ڕوى دراوێکن ،لەنمونەى
کەسانى ئەندرە شارلى کە ئیڤ شارلى لەپێناو سامانەکەى خواست نەک
خۆشەویستى ژنێک،ئەم خەوە پێمان دەڵێ کەسانى وەک ئەندرە شارلى دیوە
ئیبلیسیەکەى لەناخدایە لەو ژەهرە کوشندە ترە ئەندرە شارلى بۆ ئیڤ شارلى
خێزانى لەپەرداخى سەر مێزەکەى کرد.
پیەر و ئیڤ کە بەمەرگ بە خۆشەویستى گەیشتن نازانرێت خەوەکەى کامیان بوو
ئەم باسەى بۆ خوێنەر گێڕایەوە. مرۆڤ کە بە ئاواتەکانى دڵدارى نەگەیشت "لەم
حاڵەتەدا مردن لە ژیان باشترە" ڕەنگە تۆ کەسێکت خۆش بوێت بەڵام
کارەساتە ئەو کەسە نەبو کە ئەو تۆى خۆش بوێت. بۆیە مردن ئەو وێسگەیەیە
کە مرۆڤ خۆشەویستى ڕاستەقینەى خۆى بدۆزێتەوە.
لەخەوەکەدا پیەر وەک سەرکردەیەکى یاخى کوژرا،ئیڤیش ژەهر و گوللەى
ئەندرە شارلى کوشتى. لە باوەشى نیشتمانى زەوى جەستەیان بۆ یەک جارى
ئارامى گرت. بە خوێندنەوەى دواین لاپەڕەکانى ئەم ڕۆمانە دوا جار هەست
دەکەیت پیەر و ئیڤ چەند ژیان بەڵام نازانى لەپێناو چى! یاخود مرۆڤ چەند
دەژیت بەڵام بۆچى دەژیت.
______________________________
١-
پەرتووکی نهێنیەکانى شارستانییەتى کۆن.
* رۆمانى
''کارلەکارترازاو'' نووسینى ''ژان پۆڵ سارتەر'' وەرگێڕانى لە فارسییەوە
''ئەیوب نورى''.
بڵاوکراوەى خانەى چاپ و بڵاوکردنەوەى چوارچرا زنجیرەى
١٥ چاپى دووەم / سلێمانى
٢٠٠٨.
چوارقوڕنە
ماڵپەڕی بەنگینە پیرۆت نوری
|