په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٨\٤\٢٠١١

تا ئەو کاتەى

سێبەرى تۆقاندنى سەربازیی هەڵدەگیرێ
چالاکییەکانمان لە سلێمانى رادەگرین.

 


زەمەنێک بەرلەئێستا، دەسەڵاتدارانى کوردستان لافوگەزافى ئەوەیان بەسەردا لێدەداین. کەمۆدێلى حوکمڕانى کوردستان، دەشێت ببێتە نمونەیەکى جوانى، حوکمڕانیکردنى عێراقى دواى بەعسى ڕوخاو و خۆرهەڵاتى ناوەڕاست. هێندەى نەمابو سیاسیە موبدیعەکانى هەردوپارتى دەسەڵاتدار، بەخەیاڵپڵاوى خۆیان .هەوڵى ناردنەدەرەوەى ئەم مۆدێلە ئیفلیج و بەبنبەست گەیشتوەى ئێستا بدەن، تیۆریزەى بکەن بۆ تەواوى جیهان. وەک بلێیت . ئەم سیستمە لەحوکمڕانى بەناودیموکراسیە، مرۆڤ لەتەواوى دونیادا بەختەوەر و ئاسودە دەکات.حورمەتى ئینسانیبون و ژیانى بۆ دەگەڕێنێتەوە. بەڵام ئەفسوس.


لەئێستادا، ئێمەى هاووڵاتیانى کوردستان. بەرلەهەموکەس، لەهەموکات بێهودەتر و نائومێدتربوین لە خەونبینین، بە ئاکامى شۆرشى چەندین ساڵەى خەڵکى ستەمدیدەى کوردستان. هەرچەندە هیچ کاتێک هیوایەکى گەورەمان بەو چەکدارانە نەبوو، کە لە زێڕینترین رۆژگاریشیاندا تا فیشەکێکیان بۆ رزگارى کوردستان و دژى بەعس تەقاندوە، دە فیشەکیان ناوە بە بەرپێى و ئەژنۆ و دڵ و سەرى هاوخەباتەکانیانەوە. دواى راپەڕینیش ئەوان هاتن و سوارى ملى راپەڕینى خەڵک بوون. بەڵآ ئێستا لە هەموکات زیاتر ئومێدبڕاوین بەم مۆدێلەى، گەرمانایەک هەبوبێت بۆ ئازادى و دیموکراسى، بەتەواوى هەتکى کرد، گەرتۆزێک حورمەت بۆ ئینسانیبونمان هەبوبێت، خستیانە ژێر پۆستاڵ و زەبرى لولەى تفەنگ و جەبەروتى دنیابینى تەسکى کەللەى سەرۆکەکانمانەوە.


ئێوە، گەر هێندە لەئازادى بترسن، سڵ بکەنەوە لە سادەترین مافى دیموکراسیانە. کە مافى خۆپیشاندان و ناڕازیبونە لەپێناو بەسیستمکردنى دەسەڵات و حوکم، لەپێناو ژیانێکى یەکسان و مرۆڤانە بۆ هەمومان. ئیتر چۆن دەتوانن ببنە سوارچاکى خەونى ئازادى دیموکراسى؟!


ئێوە، دواى چەندین ساڵ لە شۆڕش و بیست ساڵ دواى ڕاپەڕین، دڕندە ترسناکەکەى ناوتان زیندو بۆوە - کە لەوبڕوایەداین هەرگیز نەنوستبێت- و ئێمەتان جارێکى تر کردەوە قوربانیى و هەستى نامۆبون بە ئازادى و ژیانێکى ئازادانە، لەنێو وڵاتێک کەناوى کوردستان بێت، ئەمجارەیان قوربانیى دەستى داگیرکەر نین. بەڵکو لەسەردەستى ئەو شۆڕشگێڕانەى کە لەڕابردودا،خۆیان لەشێوەى باوکى ڕۆحى ئێمە و فریشتەى ئازادى پیشانئەداین. کەچى ئێستا، لەجەلادەکەى دوێنێمان دڵڕەقانەتر دەمانکوژن و زیندانیمان دەکەن و ئەشکەنجەمان دەدەن و سوکایەتیمان پێدەکەن، لەنێو ئەو دەزگا ترسناکانەى، کە بەناوى پاراستنى ئاسایش و ئارامى ئێمەوەو لەسەرحسابى ئێمە دروستتان کرد، لەوەش بەدبەختی تر، ئەوەیە لەم کوردستانە پڕلە ئازادى و دیموکراسیەتە گاڵتەجاڕیەدا. دەزگایەک، دادگایەک، ئاسایشێک، پۆلیسخانەیەک نیە مافى تۆى هاوڵاتى تیا باسبکرێت و بپارێزرێت.هەرچى وتتان دەربارەى ئازادى و دیموکراسى، لە درۆیەکى ڕوت چیتر نەبو. مرۆڤ بەپێى شەریعەتى جەنگەڵى دەسەڵاتى کوردى، تائەو ڕادەیە ئازادە،کە سەرۆک و حیزبى سەرۆک و دەروێشە کاڵفامەکانى سەرۆک توڕەنەکات. خەونى ترسناکى نێو سەرى ئەوان تێکنەدات. دەنا خوێنڕشتن و ئەشکەنجەدان و سوکایەتیپێکردن،یەکەمین کاردانەوە و وەڵامیانە، لەوکاتانەشدا، هاوڵاتیەک و قالۆنچەیەک هەمان بەهایان هەیە لەلای ئەوان. دەسەڵات لێرە، هاوڵاتیانیان وەک مێگەلێکى گوێڕایەڵ دەوێت. نەک کۆمەڵگایەکى خاوەن ئیرادەو ئازاد،کە جورئەتى وتنى نەئى هەبێت و داواى حورمەتى ئینسانى خۆى بکات.


بڕیاربە کوشتن و سەرکوتکردنى خۆپیشاندەران، ئەوهەمو ئەشکەنجەو بێڕێزیەى کە بە خەڵکى نەیارو هاوڵاتیانى ناڕازى کراوە و دەکرێت لە کوردستان، گەواهى ئەو ڕاستیانەن. سەرۆکەکانمان بە پاڵنەرى نەخۆشیە سایکۆلۆژیەکانى نێوخۆیان و نێوانى خۆیان، لەهەموکات زیاتر ئامادەن شەڕى گەورە لەگەڵ خەڵکى ناڕازى و نەیارەکانیاندا بەرپا بکەن ، خوێنى زیاتریش بڕێژن.


لەگەڵ ئەو ئومێدەى، کە چیتر دڵوپێک خوێن لەکوردستان نەڕژێت و سیاسیەکانمان چیتر بەلۆژیکى عەقڵ بیربکەنەوە، گوێ بۆ دەنگى ژیاندۆستى و ئینسانە ناڕازیەکانى کوردستان بگرن. باوەڕ بەوحەقیقەتە بهێنن، کە چیتر ئەم دۆخە، جێگەى قبوڵکردن نییە. بەکردار پرۆژەى جدى بۆ چارەسەرى کێشەکان بخەنەڕو و قبوڵ بکەن. تا ئاشتى کۆمەڵایەتى بێتە کایەوە و ژیانێک کەشایستەى هاوڵاتیبون بێت لەکوردستان، هەستى پێبکرێت و ببینرێت. چیتر پێویستیشە خەڵکى ناڕازى و خۆپیشاندەرە حەقیقى و خاوەن داواکاریە ڕەواکانى کوردستان، لەئێستابەدواوە، لەگەڵ هەردڵۆپەخوێنێکى تر گەربڕژێت، هاوتەبا لەگەڵ داواکارى ئازادى و یەکسانى و عەدالەتى کۆمەڵایەتى. هاوارى دادگاییکردنى سەرۆک و بڕیاربەدەستە حیزبیە دڵڕەقەکانیش لەداهاتودا بەرزبکەنەوە، لەنێوچەقى ئەم هاوکێشە نائینسانیەشدا، بەرپرسیارێتى گەورە بخرێتە لەئەستۆى فەرمانڕەوایی سەربازى وڵاتە یەکگرتوەکانى ئەمریکا لەکوردستان و عێراق.چونکە ئەوان تائێستاش، ڕێکخەرو بڕیاردەرى حەقیقین، لەسەر زەمینەى سیاسى و سەربازى و ئابورى ئەم وڵاتە. هەر ئەوانیش بەشێک لەم دەسەڵاتە سەرکوتکەرەیان ڕاهێناوە و خستویاننەتە سەرپێى خۆى. هەموو ئەم پێشێلکاریانەش، بەبەرچاوى ئەوانەوە ڕودەدەن. ئەوانیش بەتەنها تەماشاکەرن.


وەک هەڵوێست، سەبارەت بە بەسەربازگەکردنى شارى سلێمانى، و ئەو هەمو بێڕێزیەى کە دەرهەق بە تەواوى چین و توێژەکانى ئەم شارە و دەوروبەرى و هاوڵاتیانى کوردستان دەکرێت.وەک هاوپشتى وبەشدارى، لە ناڕازیبونى هاوڵاتیانى کوردستان . (کۆڕى شانۆى با) بڕیاریدا بە هەڵپەساردنى تەواوى چالاکیە هونەریەکانى، لەشارى سلێمانى و دەوروبەرى. تا ئەوکاتەى، سێبەرى تۆقاندنى سەربازى هەڵدەگیرێت، سیماى مەدەنیانە دەگەڕێتەوە بۆ ئەم شارە.خوازیارین کە گروپەهونەریەکانى ترى ئەم شارەو کوردستان،هەڵوێستى خۆیان سەبارەت بە سەرکوتکاریەکانى دەسەڵاتى کوردى دەرببڕن.بەوئومێدەى لەداهاتودا تەواوى تاکەکانى کۆمەڵگەى کوردستان حورمەتى ئینسانیبون و هاوڵاتیبونى حەقیقیان بۆ بگەڕێتەوە.

 


کۆڕى شانۆى با
٢٦\٤\٢٠١١ - سلێمانى

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک