په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

تا هونەرمەندێک نەمرێ کەس باسى ناکات.


هێمن بابان   


هونەرمەند ئەو کەسەیە کە بتوانێ لە ڕێگەى هونەرەکەیەوە میللەتى خۆى بە میللەتانى تر بناسێنێ و خزمەتى هونەرەکەى بکات وە لەبەرامبەر ئەوەشدا دەبێ میللەت بە چاوى ڕێزەوە لێى بروانێ و ئاگادارى کەموکوڕیەکانى بێت و حورمەتى بگرێ کە ئەم دیاردەیە لە هەموو دونیادا وا باوە.

 

بەڵام لە ووڵاتى ئێمەدا ڕێک پێچەوانەیە. هونەرمەند کاتێ حورمەتى دەگیرێ کە مرد و ماڵئاوایى لە ژیان کرد. ئەوا ئەو کاتە چەندین پارە و پوڵ لە مەراسیم و فیستیڤال خه‌رجدەکرێ.

 

بەڵام بەر لە مردنى هونەرمەند کەس زاتى ئەوە ناکات باسى گەورەیى و دلسۆزى هونەرمەند بکات و حورمەتى بگرێ. (سەڵاح داودە) یەکێکە لەو هونەرمەندانەى کە تا مردنى کەس باسى نەکرد. کەچى ئێستا ئەوەى (دارا دوو دارى دى) خوێندبێ شتێک دەربارەى ئەو هونەرمەندە دەنووسێ وە ناوەرۆکى هەر هەموو نووسینەکانیش بریتیە لە باسکردن لەسەر خراپى ژیان و گوزەرانى ئەو هونەرمەندە بەر لە مردن!!

 

بەڵام ئەوەى جێگەى داخە تا ئەو گەورە هونەرمەندە ماڵئاوایى لە ژیان نەکرد هیچ کەسێک باسى نەکرد کەچى هەمووشمان دەمانزانى کە لە چ مەرگەساتێکدا ژیان بەسەر دەبات و هیوا و ئاواتەکانى ئەو هونەرمەندە چیە!

 

کەچى ئێستا کەسێک خەرجى پرسەکەى لە ئەستۆ دەگرێ و دواى چل رۆژى تر یەکێکى تر خەرجى چلەى لە ئەستۆ دەگرێ و سالێکى تر یادى ئەو هونەرمەندە دەکرێتەوە و دوو ساڵى تر پەیکەرى بۆ دروست دەکرێ و لە هەموو ئەو مەراسیمانەش چەند کەسێک سوودمەند دەبن و دەمى خۆیانى پێ چەور دەکەن و بۆ بەرژەوەندى خۆیان کار دەکەن ئەگینا چیان داوە لە (سەڵاح داودە) و مەرگى ئەو هونەرمەندە.

 

تەنیا ئەوەندە دەزانن بڵێن (مەرگى ئەو هونەرمەندە کەلێنێکى گەورەى خستە هونەرى کوردى) بێ ئەوەى بزانن ماناى کەلێن و هونەر چیە!

 

چونکە ئەگەر لە ماناى هونەر بگەن ئەوا بەر لە مردنى هونەرمەند هەست بە کەم و کوڕى و گەورەیى وجوانى هونەرمەند دەکەن و هەرگیز ناهێڵن لە کەلاوەیەک بە بێکەسى سەربنێتەوە.

 

ئەوانەى ئێستا ئامادەیى خۆیان دەربڕیوە کە خەرجى پرسەکەى دەکەن ئایا تا ئێستا چەند جار لە ژیانیاندا سەردانى ئەو هونەرمەندەیان کردووە و لە نزیکەوە هەستیان بە کەم و کورى ئەم هونەرمەندە کردووە؟ چەندجار دیارى ڕێزلێنانیان پێ بەخشیوە؟ چەند جار سوپاسى ماندووبوونى ئەم هونەرمەندەیان کردووە؟

 


hemnbaban@yahoo.com