په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٣\٩\٢٠١٤

تا (ئیرادە) لە سەری سەرکردەکان نەسوڕێتەوە

هیچ هەناسەیەک بۆنی خۆرێکی تازە ناکات.

شوان عوسمان    


سەرکردایەتی کورد هەمیشە لە دووڕیانێکدا سەری دەسوڕێت سەرسوڕانیش لە سیاسەت شێوەیەکە لە هەرەس بردن بەڵام هەرەس بردنی سەرکردەکان سەرسوڕانی کەسێکی ئاسایی بەدواوە نیە، بەڵکو هەرەسێکی گەلەکی لەناکاو بە ئەنجام دەگەیەنێت کە خۆگرتنەوە ئاسان نابێت، چونکە جلەوی ئیرادە ودەسەڵات نامێنێت، هەرەسیئەوان تێكشکانی خۆیان نیە، بەلکو گەلێک دووچاری تێكشکانێکی گەورە دەکەن ،ئنجا (مەهزەلە)یەکی مێژوویی دووبارە دەبێتەوە..


ئایا روودانی ئەو هەموو (مەهزەلانە) بوونە میرات و کەلەپورێک تا ئێمە لە ژیاندا بین هەر دەبێت ئەوە ببینین، ئەگینا بۆ لە هەموو دەرفەتێکدا هەمان کابوس دووبارە دەبێتەوە، ئەوە راستە کە کورد بە ئاسانی دەست لە کەلتوور و هۆشمەندی باو و دووبارە بەرنادات، بەڵام کێشەکە لەوە دایە هەڵبژاردن وبڕیاری چارەنووسەکە لە دەست خەڵک نیە، ئێمە سەرکردایەتیمان بڕیار دەدات خۆمانیش وەکو پاشکۆی عەقلیەتی ئەوان دوایان دەکەوین..


هەمیشە ئەو شێوە سەرکردایەتیە لە مێژووی کورد دا کە یەک هۆشمەندی باو لە سەریدا دەخولێتەوە دووبارە دەبێتەوە، راستە رەنگ و قاڵبی سەرکردەکانی کورد دەگۆڕێن بەڵاملە ناوەوەیاندا ناگۆڕێن ، هەریەکەیان وەکو یەک بیر دەکەنەوە وەکو یەکیش متمانەیان بە هێز وئیرادەی خۆیی و ناوەخۆ لاوازە..


ئەگەر ئیرادە نەبوو هەمیشە متمانەت بە خۆت نابێت وئاوڕ لە مێژوو نادەیەوە خەڵکی خۆت بە هێزێکی گەورە نازانیت و هەمیشە چاوت لە فاکتەری دەرەوە و نەیار و بێگانە دەبێ ،هەموو خەونێکت پێ خەیاڵ و هەموو خەیاڵێکت بەلاوە بە ناواقیعی دێتە بەرچاو..


(ئیرادە) بڕیار دروست دەکات،بڕیاریش چارەنووس دیاری دەکا و ئەگەر (ئیرادە) نەبوو ناتوانین بیر لە چارەنووسێکی باشتر لە ئایندە بکەینەوە، کەوابوو بۆ ئایندەی ئێمە پێویستە (ئیرادە) ەیەکی تازەمان هەبێت، ئەگەر ئەوەش لەناو سەرکرادەیەتی نەبوو ناکرێت خۆمان دەستەوەستان دانیشین بڕوانین تا بزانین (قەزاو قەدەر) چیمان بەسەر دێنێت، وەکو لە مێژوودا روویدا..


ئەو هەڵومەرجە نێودەولەتیەی بەو دواییە بۆ ئێمە دروست بوو هەڵێکی زێڕین بوو تا ئێمە خۆمان بەسەر ئەو واقیعەدا بناسێنین وبسەپێنین، بەڵام سەرکردایەتی کورد هاوشانی پارچە پارچە بوونی لەناوخۆیدا، هیچ (ئیرادە)ەیەکی بەهێزی نەتەوەیی و نیشتیمانیی نەبوو تا بتوانێت لەسەر پێی خۆی بوەستێت و هەڵەکە بقۆزێتەوە، بڕیارێکی تازە بدات بۆ رووبەروو بوونەوەی چارەنووسێکی تازە، کارەساتەکەی ئێمە هەر ئەوەش نیە، بەلکو گەلەکەشمان هاوشانیسەرکردەکانمان لەکاتی پێویست خاوەنی (ئیرادە)ەیەکی نەتەوەیی ونیشتیمانیی نین، تا بتوانێت کار لە ناوەندی بڕیارەکان ودەسەڵاتی سیاسی بکات، ئەویش چاوەڕێیە بزانێت سەرکردە بێ باوەڕەکان چیان بۆ دەکەن..


چونکە هەمیشە لە هەڵومەرجی هاوشێوەی ئەوتۆ خەلک دەبێت رێگاچارەی دیکە نیشانی سەرکردایەتیەکەی بدات، ئەگەر ئەوان لە هەڵوێستی خوازراو بێ ئاگا بن، خەلک وەکو دەنگی گەل دەبێت بێتە دەنگ، شەقام و سەکۆکانی هاتنە دەنگ بەکاربێنێت تا بتوانێت بڕیار و (ئیرادە) بێنێتە کایەوە و سیاسەتمەدارەکانی بێدار بکاتەوە..


کێشەکە لە ناو نیە لەو سەر و لەو عەقل و لەو (ئیرادە)ەیە کە بوونی لە رابردوودا نەبووە و ئێستاش دەرناکەوێت ئەگینا (شێخ نەهری شێخ سەعید و قازی و شێخ مەحمود و بارزانی) هەریەکەیان ناوێکی جیاواز و رەنگێکی جیاوازیان هەبوو، بەڵام لە ناوەڕۆکدا یەک بوون هەریەکە بە شێوەی خۆی شتێکی جیاوازیان لە خەونی گەورە و (ئیرادە)ی مەزن بەدی نەهێنا هەر وەکویەک بە هەمان هەناسە و لەیەک خاڵدا یەک بوون: "خۆیان بە هیچ دەزانی و دەرەوەشیان بەلاوە هەموو شتێک بوو...".

 

٩\٩\٢٠١٤ - هۆلەندە

ماڵپه‌ڕی شوان عوسمان

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک