تا کهنگێ نوێنهرمان له بهغدا لاواز بێ !؟
عهباس نادر
شەوى پێش دەنگدان سێ برادەر و ناسیاو بە تەلەفۆن ئاگاداریان کردمەوە کە ئاوارەى قەزای مەخمووری نیشتەجێی هەولێر دەتوانن لە بنکەکانی دەنگدانی ناو شاری هەولێر دەنگبدەن و قایمقامی مەخمووریش راگەیاندنێکی هەر بەو ئاراستەیە دابوو، هەرچەندە لەدوای هەلبژاردنی سالی 1992 وەک زۆربەى خەلکی کوردستان هەولێرى گووتەنی( تێرمان لێیان خواردووە ) و گفتیشم بەخۆم داوە لەدەنگدانی ناوخۆی کوردستان بەشداری نەکەم هەتا یەکێتی و پارتی بەم عەقلیەتە مامەڵە بکەن بەلام هەندێ شت کەچارەنووسی ناوچەو گەلەکەم دیاری دەکات ناچارم بەشداری بکەم ، گەرچی سوڕ دەشزانم لەسەرێک بە قازانجی بەرژەوەندی هەردوو حزبەکە دەگەرێتەوە ، بەلام من و هەزارانی وەک من دەبێ پشکداربین هەرچەندە هەڵەکانی ئەم دووحزبەش هەر وەک خۆی دەڕوات ،من واش دەبینم پارتی و یەکێتی هەتا تێکشکان نەبینن میللەتیان لەبیر نیە. کە دەستەڵاتیشیان بە هێز دەبێتەوە پێشی هەمووشتێک جۆرەها گوشار دەخەنە سەر کەسە دڵسۆزو نیشتمانپەروەرەکان، کەبەیانی هات بریارم دا بچم نەک هەر خۆم بەڵکو کەسانی دەورو پشتیشم هان بدەم، واش مەزانن سوودمەندبوومە، نەخێر ! چەندە حکومەتی عێراقی ئازاری داوین و برینی لە جەستە کردووین ، ئەمانە لە جیاتی سارێژی بکەن ، دێن زیاتری دەیکولێننەوەو زۆرجاریش خوێی پێدادەکەن بۆ ئەوەى زیاتر تەشەنە بکاو بزوورێتەوە .
کاتێ بەیانییەکەی چووم و پرسیارم کرد گوتیان لە ئامادەیی رزگاری دەتوانی دەنگ بدەى ، کە گەیشتمە ناو ئامادەیی رزگاری تەماشام کرد بێ سەرو بەرییەکی زۆر هەیە و زووش تووشی شۆک بووم بەوەى هەر لەپێش دەرگاوە خەلکی دەڤەرەکەی خۆم بینی بە پرتەو بۆڵە دەرۆیشتن ، چونکە نەیانهێشت بوون دەنگ بدەن لە بەر ئەوەى کوردن و ماددەی 140 یان پڕکردۆتەوەو ، کابرایەکی جوامێرى بەتەمەنیشم دیت لەگەڵ کۆمەڵێک کەسی تر قسەى دەکرد دەیگوت ( کاکە وەڵڵا ئەمە بێ ساحێبین ، ئەگەر ساحێبمان هەبیت لۆ ئەوها رەزیل دەکرێین ........) ، کەچوومە ژوورەوەش قەرەباڵغیەکی بێ سەرو بەرم بینی خەڵکێک هەبوو لە رێز وەستابوو لە دەم و چاویشیان دیاربوو ماندوو بوون هەندێکیان جلی عەرەبیان لەبەربوو هەنێکیشیان بەکوردی موسڵ دەچوون ، خەڵکێکی تریش هەبوون بەر دەرگایان گرتبوو ژوورەوەش دە جمجما لە خەڵک ، ئەوەى لاشم سەیربوو هەبوونی عەرەبێکی تەواویش کەجلی خێڵەکیان لەبەربوو لە ریز وەستابوون باشە موسل ئەوەتە هەندە لە هەولێر دوورنیە؟! دوایی خۆی عەرەب کوردێکی زۆری لە موسڵ دەرکردووە خۆ کەس عەرەبی لە موسڵ دەرنەکردووە ، باشە ئەوانە چ دەکەن لێرە ؟ مەگەر هەر یەکێتی و پارتی بزانن !! ، ئنجا لە ژوورەوە دیاربوو کەسێک خۆی بە لێپرسراوی ژوورەکە دەزانی لە ناو قەرەبالغی ژوورەکە هەستاو چووە سەر رەحلەیەک بە دەنگێکی بڵند هاواری کرد ئەوەى خەلکی مەخموورە با برواتە دەرێ ناتوانی لێرە دەنگ بدات وە ئەوەى ماددەى 140 ی پڕکردۆتەوە با لێرە نەمینێ ، من بەحوکمى ئەوەى خەڵکی دیبەگەم خەلکێکی تەواوی قەراج و کەندێناوەو گوێڕم لەوێ دیت کە بە هەناسە ساردی لەو ناوە دەسورَانەوە بە ئومێدیش بوون لێیان بگەرێن دەنگ بدەن. بەڵام بێ سوودبوو لەدوایی هەولێری گۆتەنی (لەتەشکی خۆمان دا)و شوێنەکەمان بەجێهێشت و لەجیاتی ئەوە فۆرمێکی سکالامان پرَکردەوە .
abassh21@yahoo.com
|