په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٥\٤\٢٠١٩

تا كه‌ی پێكهێنانی حكومه‌ت دوائه‌كه‌وێ؟


ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب   

 

هه‌فته‌ی داهاتوو حه‌وت مانگ به‌ سه‌ر هه‌ڵبژاردن تێئه‌په‌رێت و تا ئێستا پێكهێنانی حكومه‌تی سێ حیزب شكستیهێناوه‌و له‌ به‌ر بۆست و پایه‌ به‌رپرسانی پارتی و یه‌كێتی و گۆران تازه‌ به‌ تازه‌ له‌ سه‌ر مێزی گفتوگۆو دانوستان كۆئه‌بنه‌وه‌و درێژه‌ به‌ پێكه‌نینه‌كانیان ئه‌ده‌ن.


كیشه‌ ناوخۆییه‌كانی كوردستان رۆژ به‌ رۆژ په‌ره‌ ئه‌سێنی و، باری هاوڵاتیان له‌ هه‌موو روویه‌كه‌وه‌ قورس و خراپه‌ به‌ تایبه‌ت له‌ رووی ئابووربییه‌وه‌و، له‌ ساڵانی رابردوو له‌ ماوه‌ی پیست و حه‌وت‌ ساڵ نه‌توانرا كارگه‌ داخراوه‌كان نۆژه‌ن بكرێنه‌وه‌و، بخرێنه‌كارو، ئه‌وه‌ش هۆیه‌كی سه‌ره‌كییه‌ بۆ هه‌ژاری و بیكاری و برسیكردنی رۆڵه‌كانی گه‌ڵ.


به‌ هۆی نه‌بوونی و نه‌داری خه‌ڵك و، بێكاری و بڵاوبوونه‌وه‌ی ده‌رمان وكه‌ره‌سته‌ی بێهۆشی و، نه‌خۆشی و نه‌بوونی ده‌رمانی پیویست یان ده‌رمانی كات به‌ سه‌راچوو (ئیكسپایه‌ر) له‌ پاڵ بێ ئاوی كه‌می كاره‌با دۆخی كوردستان به‌ره‌و مه‌ترسی ئه‌روات.


زۆر له‌ به‌رپرسان رۆژانه‌ باسی خزمه‌تگوزاری و چاككردنه‌وه‌ی ژیان و بژێوی هاوڵاتیان ئه‌كه‌ن و، هه‌موو كات وه‌ك كارێكی سروشتی ئاماژەبه‌وه‌ ئه‌كه‌ن كه‌ ده‌ستكه‌وته‌كانی هەرێمی كوردستان بەرهەمی خوێنی شەهیدانه‌و، ئه‌بێت لە پیلانی ناحەزان بیانپارێزین و، به‌ هیچ جۆرێك به‌ ده‌ستێوه‌ردانی ئه‌م و ئه‌و رازی نابین به‌ڵام نه‌خشه‌و كرده‌وه‌و پیلانه‌كانی ئێران و توركیاو جێده‌ستیان به‌ ئاشكرا دیاره‌.


له‌ كوردستان ده‌ستور نییه‌و، په‌رپرسان به‌پێی میزاج و خواست و ئاره‌زوو ره‌فتارو ته‌راتێن ئه‌كه‌ن و، رۆژانه‌ ئه‌ندام وكادرری سێ حیزبه‌كه‌ له‌ رێی نووسین و كۆنفرانسی رۆژنامه‌وانی یان له‌ سه‌ر شاشه‌ی ته‌له‌فزیۆن و سته‌لایته‌كانه‌وه‌ راگه‌یاندنی جۆراوجۆر بڵاو ئه‌كه‌نه‌وه‌و، هیچیان پێ نه‌ماوه‌و، یه‌كێك ئه‌ڵێت دواكەوتنی پێكهێنانی حكومەت ئاساییه‌و، ئه‌وی تریان ئه‌ڵێت هه‌موو شتێك كۆتای پێ هاتووه‌و ته‌نها ماوه رێكه‌وته‌نه‌كان‌ واژوو بكرێن و، ئه‌م جۆره ئاخافتنه‌‌ له‌ پاش حه‌وت مانگ ئه‌وترێت و، هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن زیرك ئه‌ڵێت: هاته‌وه‌ با بێته‌وه‌ ناسکێ له‌ ناو باغه‌وه‌ یان وه‌ك له‌ گه‌رمیان باوه‌ : با گوڵه‌ له‌ كانی بێته‌وه واته‌ به‌رپرسان بوونه‌ته‌ جێی گاڵته‌جاریی و ره‌خنه‌ی هاوڵاتیان.


هه‌رێم بێ ده‌ستورو بێ یاسایه‌و، هه‌ر لایه‌نێكی بۆ خۆێ كار ئه‌كات و، به‌شێكی زۆر له‌ هاوڵاتیان به‌ تایبه‌ت نووسه‌رو رۆژنامه‌نووسان ئه‌ڵێن سه‌روكایه‌تی هه‌رێم پێویست نییه‌ چونكه‌‌ په‌رله‌مان و حكومه‌ت هه‌یه‌و، ساڵانه‌ ئه‌و سه‌رۆكایه‌تییه‌و دیوانه‌كه‌ی خه‌رجێكی زۆرو گه‌وره‌ی ئه‌وێت و، له‌ باتی نه‌مانی ئه‌و سه‌رۆكایه‌تییه‌، وا جێگرێكی تازه‌ی بۆ دائه‌تاشن و، به‌م كرده‌وه‌یه‌ش نیاز وایه‌ جیگرێك بۆ سه‌رۆك حكومه‌ت زیاد بكه‌ن و، هه‌روا بۆ رازی و ته‌بایی به‌رپرسانی سێ حیزبه‌كه‌ وه‌زاره‌تێكی تریش دائه‌مه‌زرێنن و، ئه‌گه‌ر كار وابروات ئه‌بێت پله‌و پۆست زیاد بكه‌ن.


له‌ هه‌مووی سه‌یرترئه‌وه‌یه‌، هه‌ر یه‌ك له‌م سێ لایه‌نه‌ ئۆباڵی دواكه‌وتنی پێكهێنانی حكومه‌ت ئه‌خاته‌ ئه‌ستۆی لایه‌نه‌كه‌ی ترو، به‌ پێی گفتوگۆكان و راگه‌یاندنه‌كان پاكانه‌ ئه‌كه‌ن گوایه‌ ئه‌م لایه‌نه‌ نایه‌وێت ببێته‌ هۆێ تێكدانی پرۆسه‌ی دامه‌زراندنی حكومه‌ت و، به‌رپرسێكی پارتی ئه‌ڵێت بەهۆی یەكێتی و دواتریش بەهۆی نیگەرانییەكانی گۆڕانەوە پرۆسەكە په‌كیكه‌وتووه.‌


به‌ پێی ئاخافتن و هه‌ڵسوكه‌وتی به‌رپرسانی سێ حیزبه‌كه‌ هێشتا گه‌مه‌كه‌ زۆری ماوه‌و درێژه‌ی ئه‌بێت و، به‌ روونی‌ دیاره‌ له‌ ناو هه‌ر سێ حیزب بۆ پله‌و پایه‌و پۆست هه‌رایه‌و، زۆر كه‌س خۆیان ناونووسكردووه‌و، ته‌نانه‌ت له‌ ناوخودی پارتیش ناكۆكی و مشتومرو زۆران هه‌یه‌ له‌ نێوان باڵه‌كانی نێچیرڤان بارزانی و مه‌سرور بارزانی و، هه‌ر یه‌ك هه‌وڵ ئه‌دات ده‌سه‌ڵاتی زیاتری هه‌بێت.


باشتروایه‌ به‌رپرسانی سێ حیزبه‌كه‌ خه‌می چاكسازی و هاوڵاتیان بخۆن و، نه‌گه‌رێن به‌ دوای پله‌و پۆست، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن ئه‌م دۆخه‌ی كوردستان چیتر زیاتر له‌م چه‌قبه‌ستووییه‌دا نه‌مێنێته‌و، خه‌ڵك بێ ئومێد نه‌كه‌ن و، حكومه‌تی داهاتوو وه‌ك حكومه‌ته‌كه‌ی پینج حیزبه‌كه‌، حكومه‌تی بنكه‌ فراوانی لێنه‌ییه‌ت‌.

 

٢٤\٤\٢٠١٩
ماڵپه‌ڕی ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک