٢٦\٨\٢٠١٢
تا
کەی خوێن بڕژێ؟!

بەشدار عوسمان
ژمارەی قوربانیەکانی شەری ناوخۆ و رەشەکوژی ژنان و روداوەکانی
هاتوچۆ،لەگەڵ کەمئەندامی و سەرگەردانی و
دەربەدەری دەستی سیستەمی نایەکسان و نا ئازادی، هەروەها ئەو کردەوە و
پلانەنانەی کە لەماوەی ٢٠ ساڵی رابردو لەلایەن هێز و لایەنە سیاسیەکانی
کوردستان لەبەرامبەر مخالفینی سیاسی و خەڵکانی نارازی و لەبەرامبەر
یەکتر ئەنجامیانداوە ، کەمتر نیە لە قوربانیەکانی دەستی رژێمی
گۆڕبەگۆڕی بەعس.
ئیتر بێزار بوین لە بینینی دیمەنە تراژیدیاکان، هەواڵ و راپۆرتە
رۆژانەییەکانی جەرگ سوتانی دایک و باوکە خێر لەخۆنەدیوەکانی ئەو
مەملەکەتە فرە کێخواییە و بێ خاوەنە حەوسەڵەی ژیان و بیرکردنەوەی لا
نەهێشتوین، دەیان دیاردەی ترسناک روو کۆمەڵگاکە دەکات و ژیانی هەمووان
لەمەترسیە ، روداوەکانی مەرگ هێندە زۆرن خەریکە کوشتن و گیان لێسەندن
لەچاو و هزر و بیرکردنەوەی خەڵک ئاسایی دەبێتەوە، ئەوەشی زیاتر
مەترسیەکانی قوڵتر کردۆتەوە لاموبالاتی دەسەڵاتدارانە.
ئاگایان لە هەموو شتێکمانە لەهاتن و چونمان ، لەسەردان و کار و
جوڵانەوەمان لە خزم و دۆست و ناسیاو و تەنانەت شتە تایبەتەکانیشمان و
بەردەوام چاودێری دەکەن ، بەڵام لاشەی دەیان کەس رۆژانە لە شارەکانی
کوردستان بەهۆکاری جۆراو جۆر دەکەوێتە زەوی و سارد دەبنەوە، نایەن
پرسیارێک بکەن، ئەو وەزعیەتە بۆ ئاوایە ؟! لەمەملەکەتێکی سێ شارییدا
ئەو هەموو تاوان و کوشتنە بۆچی؟! چونکە بزنس و فرۆشتنی نەوتەکەیان
نەوەستاوە مێشێک میوانیان نیە.
کەسانێکی هەست ناسک کە جگە لەزمانی گوڵ نازانن بەهیچ زمانێکیتر بئاخفن
لە پایتەختی رۆشنبیری دەکەوێتە بەر دەست و پێکانی پیاوانی ئاسایش و
پۆلیس و گیان لەدەستدەدات ،لەنزیک بالوێزخانەی وڵاتان لەنیوەشەودا
دەچنە سەر ماڵ و مناڵ و دارکاریان دەکەن ،نەخۆشخانە و دەرمانەکان
بونەتە شوێن و هۆکاری کوشتنی ئینسانەکان نەک عیلاج و چارەسەر، کچانێک
کە تەنها تاوانیان ئەوەیە خۆشەویستن و خەڵکیان خۆشدەویێ و رقیان لەکەس
نیە، خوێنیان حەڵاڵە و دەکوژرێن و دەسوتێندرێن و پارچە پارچە دەکرێن ،خانەوادەیەک
کە دوو پولی بەهەزار و یەک دەردە سەری پێکەوە ناوە لە ناو ماڵەکەی خۆی
سەریان لەلاشە جیا دەکرێتەوە ، هاتوچۆ و شەقامەکان بۆتە مەیدانی جەنگ و
رۆژ نیە دەیان قوربانی نەبێت، چەک بەدەستەکان پیاوی بەرپرسانن و
بچوکترین لێک تێنەگەیشتن بە شەڕی خوێناوی کۆتای دێت و خۆیان دەدەنە پاڵ
سوپا و هێز و فەرماندەییەکان و ژیانیان دەپارێزرێت..
ئەو هەموو کارەسات و روداو و دیاردەی ناشیرن و نامۆدێرنەی لە کۆمەڵگای
کوردستان هەیە، لەهەر شوێنێکیتر بوایە کە سەرەتاترین پرەنسیپەکانی
ئینسان و ئازادی و لە یاسا و دەستورەکان جێگای گرتبایە،نەک پێیان شەرم
بوو باسی مافی مرۆڤ و دیموکراسی بکەن بەڵکو هەر روویان نەدەهات باسی
حکومڕانی بکەن، کەچی دەسەڵاتداران ئەو هەموو کێشەو گرفت و دیاردە
ترسناکە فەرامۆش دەکەن و باسی دەوڵەت دەکەن و دەیانەوێت دەوڵەتێکی تەژی
لە ترس و تۆقاندنمان بۆ دورست بکەن.
وایلێهاتوە پێمخۆشە خەبەر و باسی هەموو دنیا بزانم بەس هی کوردستان
نەبێت ، زۆرجار بێزار دەبم و دەمەوێت هەموو فرێندە کوردەکانی ناو
فەیسبوک بلۆک کەم ، ئاخر رۆژانە جگە لە هەواڵی تراژیدیای، وێنەی جەرگ
بڕ،هەڕەشە و پەلاماردانی هێز و لایەنەکانی لەیەکترو دورستکردنی ترس و
دڵە راوکێ لە دڵ و دەروونی خەڵک، راپۆرت و ستۆری جۆراو جۆر دەربارەی
مەرگی تاکەکان هیچیتر نابینم و ناخونمەوە . ئەگەر یەک تاکە کاربەدەستی
ئەو وڵاتە خۆی بەخاوەنی خەڵک بزانیایە ، دەبوایە ئەو پرسیارە بوروژێنێت،
تاکەی خوین برژێت؟! ٣٠ ساڵی سەردەمی بەعس و ٢٠ ساڵی دەسەڵاتی کوردی بەس
نیە ؟! بڕیار نەبو ئەو خوین رشتنە بەردەوام بێت، چ خانەوادە و خێزان
هەیە لەکوردستان کەسیک یان زیاتری لەو ماوەیە لەدەست نەدابێت ؟! ئەو
خوێنە کەی دەوەستێت ؟! خەڵک کەی لە نائارامی و ناسەقامگیری و ترس و دڵە
راوکییە رزگاری دەبێت؟!
دان نان بە فەوزا و بێ سیستەمی و بێ سەر و بەری و نائارامی و دورست
بونی ژینگەیەکی پڕلە ترس و گومان و دڵەراوکێ هیچ عەیبەیەکی تیا نیە ،بەڵکو
چاونوقاندن و پشتگوێ خستنی ئەو وەزعە و فەرامۆشکردنی زەنگێکی
مەترسیدارە و کارەساتی گەورەتر بەدوای خۆی دەهێنێت بۆ کۆمەڵگا و رۆژە
رەشیش تەنها بۆ خەڵکەکەیەتی.
خەڵکی کوردستانیش بێزار بون و حەقی خۆیانە لەژیانێکی شایستەی مرۆڤ
بەهرەمەند بن، خەڵکەکەی هەموو جۆرە قوربانیەکیان داوە ، لەو لاشەوە
دەوڵەمەندترین سەرچاوەی ئابوری و ژیانی تیایە و لەدووری هەزارەها
میلەوە دێن و سودی لێوەردەگرن ، بەڵام دانیشتوانەکەی خەڵکی تیایە
لەبرسان دەمرێتو لە چارەنوسی بەیانی دڵنای نیە و لەهاتۆچۆ و چونە
دەرەوەی مناڵەکانیدا هەمو سعاتێک دڵی لەناو دەستی دایە و چاوەروانی
رووداو و کارەساتی ناخۆش و تراژیدیای دەکات.
هەموو جومگەکانی ژیان و بزنس و جوڵانەوەی ئابوری کۆنترۆڵ کراوە و خۆیان
بە بەرپرس دەزانن بەرامبەر ئاو و خاک و خۆڵی ئەو مەملەکەتە و مامەڵە و
سات و سەودای پیوە دەکەن، لە دیوەکەی تریشدا دەیان دیاردەی نامۆ و
ناشیرن و کارەساتبار لەکۆمەڵگا بونی هەیە و سوپایەکیش چەتە و رێگریشیان
بەرداوەتە گیانی خەڵک و رۆژانە دەیان روداوی ناخۆش دەبێنت میوانی چاو و
گوێچکەکانمان و ویژدانمان ئازار دەدا ،بەڵام بەرپرسیارێتی ئەمانە
لەئەستۆ ناگرن، ئەوەشی ئەو وەزعیەتە ئازاری بدات و دەنگ بەرز بکاتەوە
دەمی پڕدەکەن لەگوڵڵە یان لەباشترین حاڵەتدا لە زیندانەکان توندی دەکەن
و تۆمەت و سیناریۆی جۆراو جۆری بۆ هەڵدەبەستن، لەکاتێکدا دەبێت رێزیان
لێبگیرێت و خەڵات بکرێن ، بڕیار نەبو وابێت و ئیستاش نابێت وابێت.
ماڵپهڕی بهشدار
عوسمان
|