په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

 

 

تاکى ئازاد و کۆمەڵگەى ئازاد.

 

محەمەدى مشیر   

''پێم دەڵێن ئەگەر کۆیلەیەکت بینى خەوتووە هەڵیمەستێنە نەبادا خەون بە ئازادییەوە ببینێ،

            منیش دەڵێم ئەگەر کۆیلەیەکت بینى خەوتووە وەئاگاى بێنەو باسى ئازادى بۆبکە''  

                                                                               تشیڤارا

 

تاکى ئازاد کۆمەڵگەیەکى ئازاد بنیاتدەنێت، کۆمەڵگەیەکى ئازادیش تاکى ئازاد بەرهەمدێنێت.ئازادەکان رەوانتر و هۆشیارانەتر گوزارە لە ویست و حەزەکانیان دەکەن و دەشێ تاکێکى کارا و داهێنەریان لێبێتەبەرهەم ، دەرەنجام دەشێ کۆمەڵگەش ئەوپەڕى سوود لە داهێنانى تاکە ئازادەکانى وەرگرێ هەنگاو دواى هەنگاو پێشکەوێ و گەشەبکات. پەیوەندى نێوان هەردوولاى ئەم هاوکێشەیە ئەو کاتە بەرهەمى دەبێت کە هەر لایەکیان پابەند بێت بە سنوورى ئازادییەکانى ئەویتر و پێشێلى نەکات. پێشێلکردنى ئازادییەکانى هەرلایەک لەلایەن ئەویترەوە کاردەکاتە سەر کارەکانى ئەویدیکە و زۆرجاران پلان و پڕۆژەکانى چاکسازى پووچەڵدەکات.پاراستنى شیرازەى پەیوەندى هەردوولا لەهیچەوە دروست نابێ و بە ئاسانیش سەرهەڵنادات، بەتایبەتیش ئەگەر کۆمەڵگاکە وەک ئەوەى خۆمان ئاسا تازە ئەزموون بێ و پێشینەیەکى ئەوتۆى لە بوارى ئازادییەکاندا نەبێت. پرسى ئازادى و رادەربڕین لە هەر ئەزموونێکى تازەدا لە لایەن دەسەڵاتەوە ترسێکى گەورەى لەپشتە کە سنوور بۆ دابینکردن و پەلهاوێشتنى ئازادییەکانى تاک و کۆمەڵگە دادەنێت و لە رێگەى یاسا و بە قانوونکردنەوە هاوبەست لەگەڵ ئایدیۆلۆژیاى لایەنى دەسەڵاتدار هەندێکیان لە چوارچێوەى ئاداب و سیستەمى گشتى بەرزەفت دەکا و هێڵى سووریش بۆ هەندێکى دیکەیان لە نێو دەقى یاسا و رێنمایى و رێساکاندا دەستنیشاندەکات.

 

 لە کۆمەڵگەى ئێمەدا هەر ئەوە نییە کە دەسەڵات پارسەنگى ئازادییەکانى وەکو پێویست پێڕاناگیرێ و لەم بوارەدا کەمئەزموونە، بەڵکو گەلێ لایەن و توێژى کۆمەڵگەش لەولاوەى دەسەڵاتەوە ئەم دەرفەتە دەقۆزنەوە وئازادییەکانى تاک بە مەترسییەکى گەورە بۆ سەر چارەنووسى خۆیان دەزانن و تابکرێ بەناوى ئاداب و نەریتى گشتییەوە رێگەیان لێدەگرن و پێشێلیان دەکەن. توێژگەلێکى پارێزکار و توندڕەو خۆى بە سانسۆریستێکى ئەزەلى دەزانێ و لەوێوە رەوایەتى دەبەخشێتە کارە دژ بە ئازادییەکانى و هەرگیز نایەوێ کۆمەڵگە لە چوارچێوەى داب و نەریتە پارێزکارە باڵادەستەکان دەربچێ و ئەو سنوورە ببەزێنێ. هەمیشەش لە لەپێ ئاوى ئازادیدا دەخنکێ ، لەگەڵ بیستنى هەر دەنگێکى ئازاد پەلەقاژەیەتى و لە گەڵ توێژەکانى دیکەى کۆمەڵگە هەڵناکا.ئەو توێژگەلە بە ئاشکراو بە بەرچاوى دەسەڵاتەوە نایشارێتەوە کە بەزاندنى ئەو سنوورانە بە هەڕەشەیەکى ترسناک بۆ سەر خۆیى و پاشخانە فیکرییەکانى لە قەڵەمدەدا و لەم نێوەندەشدا دەسەڵات بە شێوەیەک لە شێوەکان بێهەڵوێست و خەمسارد دێتە بەرچاو و زۆر جارانیش دەیان لاوێنێتەوە. لاواندنەوەى ئەو توێژگەلە لە لایەن دەسەڵاتەوە کارێک نییە لە دەرەوەى  پێشێلکردنى ناڕاستەوخۆى ئازادییەکانى توێژ و چینەکانى دیکەى کۆمەڵگە بێت. بەمەش ئازادییەکانى زۆرینەى کۆمەڵگە دەبێتە قوربانى لاواندنەوەى توێژگەلێک کە پێویستە خۆیان رابهێنن ئازادییەکان قەبوڵ بکەن نەک بلاوێنرێنەوە.ئەگەر ئەوان لە ژێر پەردەى (ئاداب و نەریتى گشتییەوە) سنوور بۆ ئازادییەکان دابنێن دەبێ ئەوەش بزانن کە ئاداب و نەریتى ئازادیخوازانەش رێگەیان پێنادا سنوورى ئازادییەکانى زۆرینەى کۆمەڵگە ببەزێن.  

 

کۆمەڵگەى ئازاد پتر لە تیمێکى سمفۆنیا دەچێت، کە پێویستە ئەندامە ئازادەکانى بە عیشقەوە وێڕاى تایبەتمەندى و پسپۆڕى جیاوازییان لەخزمەتى سەرکەوتنى کارى تیمەکەدا کاربکەن، بەڵام زۆرجاران دەرەنجامى هەڵوێستى چەوتى ئەندامێکى تیمەکە یان کورتبینى مایسترۆ ئاوازى سمفۆنیاکە ناحەز و ناشرین دەبێ ، دەرەنجام رەنجى مەشقەکانى پێشترى هەموو ئەندامەکانى دیکەى تیمەکەش بەبا دەچێ و کورد گوتەنى (( ریسەکە دەبێتەوە خورى))!!