په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١١\١٠\٢٠١٥

تاکڕەویی و تاکپەرستیی و مەترسییەکانی لەسەر ئەزموونی ھەرێمی کوردستان.

سەڵاح حەمەئەمین  


بەدرێژایی مێژووی ھاوچەرخی مرۆڤایەتی ، بەتایبەتی دوای شەڕی یەکەمی جیھانی حوکمڕانی تاک ڕەوی و تاک حزبی و ھەروھا دیاردەی تاک پەرستی باڵی بەسەر زۆربەی ھەرەزۆری وڵاتانی جیھان بە تایبەتی وڵاتانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و بەشی ھەرە زۆری وڵاتانی (ئەوروپای رۆژھەڵات) دا کێشا . تەنانەت لە ھەندی وڵاتدا لەلایەن سەرۆکەکانیانەوە پەیڕەوی حوکمڕانی ھەتی لەتەنەن ماندا (مدی الحیاە) ئەکرا . ئەوەش ھۆکارێکی سەرەکی بووە لە قۆرخ کردنی دەسەڵات و بڕیارە نەتەوەیی و نیشتمانییە چارەنووسسازەکان لەلایەن تەنھا یەک کەسایەتییەوە و پەراوێزخستنی کەسایەتییە سیاسییەکانی تر لەنیو حزب و شۆڕش و وڵاتدا کە تیدا کەسایەتی یەکەم وەیا سەرکردە بەتەنھا (الأمرالناھی) بووە.


کوردیش لەو حاڵەتە بەدەر نەبووە و رەنگ دانەوەی بەرچاۆی خۆی لەسەر خەبات و سیستەمی حزبایەتی و تەنانەت لەسەر سیستەمی بەڕیوە بردن و حوکمڕانی کردنی ناوچە ئازادکراوەکانی سەردەمی بزوتنەوەی ئازادیخوازی گەلی کورد لە سەرەتای شەستەکانەوە تا دەگاتە راپەڕینی بەھاری (١٩٩١) بەجێھیشت ، دواتریش ئەو حاڵەتە رەنگ دانەوەی لەسەر ئەزموونی بەڕیوەبردنی ناوچە ئازادکراوەکانی ھەرێمی کوردستان لەدوای بەھاری (١٩٩١) تادەگاتە ئەمڕۆمان بەجیھێشتووە.


تاک رەویی وگفتوگۆنەکردن و گۆی نەگرتن لە راوبۆچوونە جیاوازەکان لە کەسایەتییە بە ئەزموونەکان و ھەروەھا (نەیارەکان) ھۆکارێکی سەرەکی بوونە لە نشوست و لاوازبوون و بەچۆکدادانی کۆمەڵی وڵات و شۆڕش و حزب لەوانە وەک نموونە فاشییەت و نازییەت لە( ئەڵمانیا و ئیتالیا و یابان ) کە بوونە ھۆکاری ئەوەی لە شەڕی دووەمی جیھانیدا کۆمەڵی نەھامەتی و وێرانکاری بەسەر میلەتەکانی خۆیان وجیھاندا بھینن و لە کۆتاییشدا فاشییەت و نازییەت بەچۆکداھات و کۆتایی بە ئەزموونە خۆیناوێیەکەیان ھات . ھەروەھا ھەمان ھۆکاری تاک رەوی و تاک پەرستی و لە لایەکی ترەوە ململانی دەسەڵات و بوونی راوبۆچوونی جیاواز ھۆکارێکی سەرەکی بوونە لە لێک ترازان (إنشقاق) لە نێو کۆمەڵی شۆڕش و حزب و دەسەڵات لە ھەموو جیھاندا لەوانە وەک نموونە لێک ترازانی (مەنشەفییەکان) لە (بەلشەفییەکان) لە یەکێتی سۆڤییەت و ھەر ھەمان ھۆکار لەو وڵاتەدا لە دوای (ڤلادیمیر ئیرتش لینین) دەسەڵاتە خۆیناوییەکەی (ستالین)ی لێکەوتەوە.


ھەروەھا (کۆماری چینی میللی) یش بەدوور نەبووە لەو کێشمە کێشی دەسەڵات و لێک ترازانانە کە لە دەرئەنجامدا لە حەفتاکانی سەدەی رابووردوودا چوار لە سەرکردەکانی (حزبی کۆمەنیستی چینی) لەدەسەڵاتە رەھاکەی ئەو حزبە جیابوونەوە کە یەکێکیان ھاوسەری سەرکردەی چین (ماوتسی تونغ) بوو . ھەروەھا لە عیراقدا لێک ترازانی باڵی (عەزیز الحاج) لە (حیزبی شیوعی عێراق / اللجنة المرکزیة) و پێک ھێنانی (حیزبی شیوعی عێراق / القیادة المرکزیة) و نزیکبوونەوەی لە محوری چین لە ناوەڕاستی شەستەکانی سەدەی رابووردوودا.


گەلی کورد و شۆڕشە یەک لەدوای یەکەکانی لە کێشمەکیشی دەسەڵات و گرفتی تاک رەوی و تاک پەرستی و سەرکردەی (تامردن) بەدوور نەبووە ، ئەوەش ھۆکاری سەرەکی سەرجەم ئەو لێک ترازانانە بووە کە رووبەرووی حزبە کوردستانییەکان و بزوتنەوەی ئازادیخوازی گەلی کورد بووەتەوە ، لەوانە لێک ترازانی باڵی (مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان) لە سەرکردایەتییەکەی بارزانی نەمر لە شەستەکانی سەدەی رابووردودا ، ھەروەھا لێک ترازانی باڵی (عەزیز عەقراوی) لە ھەمان حزب بەر لە کۆتایی ساڵی (١٩٧٣) دا ، ھەروەھا لێک ترازانی ژمارەیەک لە ئەندامانی (مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لە قیادە موئەقەتەی ئەو حزبە) لە دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلول و بەر لە دەست پێکردنی شۆڕشی گوڵان.


ھەروەھا لێک ترازانی ژمارەیەک لە سەرکردە و لایەنگرانی (کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستان) لە یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە ناوەڕاستی ھەشتاکاندا کە لەو قۆناغەدا بە (عیراقچییەکان) ئاماژەیان پێئەکرا و لە دواییدا رێکخراۆی (ئاڵای شۆڕش) یان دامەزراند.


دوایین ئەو لێک ترازانانە جیابوونەوەی ژمارەیەک لە سەرکردە و لایەنگرانی (یەکێتی نیشتمانی کوردستان) و دامەزراندنی (بزوتنەوەی گۆڕان) بوو.


سەڕەڕای ئەمانەش بەدریژایی پتر لە نیو سەدە لەمێژووی رزگاری خوازی گەلی کورد چەندین کەسایەتی رۆشنبیر و سیاسەتمەدار وەک تاک لە حزب و بزوتنەوەی رزگاری خوازی گەلی کورد جیابوونەوە و خۆیان لەھەموو کارێکی حزبی دوور خستەوە.


خۆیندنەوەی مێژوو و سوود وەرگرتن لە ھەڵەکانی و ھەوڵدان بۆ دووبارە نەبوونەوەی ھەڵە مێژووێیەکان و سوود وەرگرتن لە ئەزموونە نیو دەوڵەتییەکان و ھەروەھا گوێگرتن لە راوبۆچوونە جیاوازەکان فاکتەرێکی سەرەکییە بۆ سەرکەوتن و بەرەو پیشچوونی ھەموو بزوتنەوەیەکی رزگاریخوازی نەتەوەیی و ئەزموونە حزبی و نیشتمانییەکان ، بەداخەوە ئەو حاڵەتە لە نیو کوردا و بەتایبەتی لەنیو حزبە باڵا دەستەکانی کوردستاندا بەدی ناکریت.


برا گەورەیی لە بەڕیوەبردنی حزب و وڵات و ھەروەھا دیاردەی سەرکردەی ھەتا ھەتایی سەردەمی بەسەرچووە ، ئەگەر حزبە باڵادەست و سەرکردەکانی کورد بەخۆیاندا نەچنەوە و گۆڕانکاری لە دیدو بۆچوونەکانیاندا نەکەن و دەستبەرداری خەسڵەتی تاک رەوی و حوکمڕانی تاک حزبی و سەرکردەی ھەتا ھەتایی نەبن ئەوە بێگومان بەڕەکە لە ژێر پییاندا دەرئەکریت و دەسەڵات و حوکمڕانی چەندین ساڵەیان ئەکەۆیتە بەر مەترسی لەدەستدان و ئەو مێژوو و سەروەرییانەی کە لەسەردەمی خەباتی شاخدا بەدەستیان ھێناوە لە دەست ئەدەن و ئەو ئازادییەی پتر لە (٢٠) ساڵە بەشی ھەرە زۆری کوردستان لەسایەیدا ئەژیت ئەکەۆیتە بەر مەترسی لەتبوون و لەدەستدان.
 

 

salah1325681@gmail.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک