٢\٥\٢٠١٥
تاکتیکی جەنگی
نێوخۆ لە پێناو
ستراتیجی
سەرۆکایەتی و کاردانەوەی تاکی ئازاد.
هەژێن
ئەگەر سەرنجی مێژوو و هۆکارەکانی جەنگی نێوخۆی باڵەکانی بۆرجوازی کورد
بدەین، ئەوا لە هەرسێ خولی جەنگی نێوخۆییدا تەنیا دوو هۆکاری هەبوون:
یەکەم: پاوانگەریی دەسەڵات [سنووری دەسەڵاتداریی].
دووەم: چەپاوڵگەریی ئابووری [بە پارتییکردنی کەرتە دەوڵەتییەکان و
دابەشکردنی داهات لەنێو دەسەڵاتداران].
خولی یەکەم ١٩٦٣- ١٩٧٠ و خولی دووەم ١٩٧٦- ١٩٨٧ سەراپای جەنگەکان تەنیا
لەسەر سنووری دەسەڵاتداریی و سەپاندنی تاكپارتایەتی و تاك میلیشیایی
بوو، هەر لایەك و وابەستەی دەوڵەتێك بوو و لەسەر بنەمای پێکهاتەی
خێڵەکییان، پەلاماری یەکدیان دەدا و ناوچەی ژێردەسەلاتی یەکدییان
داگیردەکرد و چەکدارانی یەکدییان کۆمەڵکوژ و تیرۆر دەکرد و لایەنگرانی
یەکدییان ئەتکدەکرد و ژنانی هەڵهاتوو لە ڕێسا دواکەوتووەکانیان دەکوشت،
هەڵهاتووانی سەربازییان بە چەکهەڵگرتن یا گەڕانەوە بۆ بەرەی ڕژێمی بەعس
ناچاردەکرد.
خولی سێیەم، ١٩٩٤- ١٩٩٨جەنگی نێوخۆ لەسەر زیاتر داگیرکردنی کەرتە
دەوڵەتییەکان و کردنیان بە کەرتیی پارتیی وەك کۆمپانیای کۆڕەك و نۆکان
و ...تد و دابەشکردنی داهاتی ئیبراهیم خەلیل و چەپاوڵگەریی زیاتر بوو،
هەر لایەك و وابەستەی دەوڵەتێکی دراوسێ بوو و هەنووکەش هەر ئاوایە و
هەمان هاوکێشە و هاوسەنگی لە ئارادایە و هەرێمی کوردستانیان کردووە بە
مەیدانی یەکلاکردنەوەی جەنگی ئابووریی و ڕامیاریی و سەربازیی دەوڵەتانی
ئێران و تورکیە.
بەڵام ئێستا بەپێچەوانەی ڕابوردووەوە، پارتییە زلهێزەکان و لایەنە
دەسەڵاتدارەکان لەبەر پاراستنی بەرژوەندی ئابووریی و سەروەریی خۆیان
وەك خاوەنی کۆمپانیا و داگیرکاری کەرتی جۆراوجۆر لە بەرانبەر مەترسی
ڕاپەيڕینی خەڵكدا لە ساڵی ١٩٩٨ ڕێکەوتنی ستراتیجییان هەیە و لەتەك
ئۆپۆزسیۆنی کارتۆنیش بە هەمان شێوە ڕێکەوتنی ستراتیجیان پێکهێناوە.
لەبەرئەوە قسەکردن لە ئەگەر و مەترسی جەنگی نێوخۆیی لایەنە
دەسەڵاتدارەکان دەچێتە خانەی پاگەندەی درۆینە و ترساندنی خەڵك بە
ئەگەری گەڕانەوەی ماڵوێرانی ١٩٩٤- ١٩٩٨ کە خێزان و کۆڵان و گەڕەك و
فێرگە و فەرمانگە و مزگەوت و هاوەڵان و هاوپۆلان و هاوکاران و
هونەرمەندان و نووسەران و میدیاکاران و ئۆپۆزسیۆن و تەنانەت دڵدارانیشی
کردبوو بە دوو بەش و دژی بە یەکدی و هەرێمیشی کردبووە مەیدانی تەڕاتێنی
هێزی لەشکریی و سیخوڕیی دەوڵەتانی عیراق و تورکیە و ئێران.
ئەوەندی ئاوەزی من بڕبکات و تێگەییشتنم بواربدات، پەیامە ترسێنەرەکەی "سەرۆك"،
درێژەی هەمان پەلاماردانی ئەم دواییانەی نێو پارلەمان و هەڕەشەی
قزڵباشییەکانیەتی لە ڕەخنەگران لە "سەرۆك". لەبەرئەوە جەنگێکی نێوخۆیی
لەنێو باڵەکانی بۆرجوازی کوردا جارێکی دیکە ئەستەمە، چونکە ئیدی ئەوان
میلیشیای جاران نین و گۆڕدراون بە کۆمپانیای چەپاوڵگەر و مانەوە و
پاراستنی سوود و بەرژوەندییان پێویستی بە ئاساییش و جێگیریی دەسەڵات
هەیە، بازرگانی و پیشەسازی و چەپاوڵگەری ئابووریی پێویستیان بە بار و
دۆخی جێگیر و ئاساییشی گواستنەوە و داگیرکاریی ئابووریی و کێبڕکێی
بازار هەیە نەك جەنگی میلیشیایی و نێوخۆیی، لەو بارەوە دەتوانم بڵێم
ئەگەر چەکدارانی هەپەگە و یەپەگە و یەپەژە لە نیوەی دووەمی سەدەی
ڕابوردوودا بهاتنایە هەرێم، ئەوا بە دڵنیاییەوە گەورەتری جەنگی
نێوخۆییان بەرانبەر بەرپادەکرا، بەڵام لە ئێستادا هەم ئاساییشی
بازرگانی و هەم لاوازیی سەربازیی ناچار بە سازشی ڕامیاریی کردوون.
بەڵام لە بەرانبەردا بیست و چوار ساڵە جەنگێکی نێوخۆیی پەردەپۆشکراو و
ڕانەگەیێندراو دژی کەسانی ئازادیخواز و بزووتنەوە کۆمەڵایەتیی و
جەماوەرییەکان بەرپاکراوە و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە هەموو بوارەکاندا ئەم
جەنگە ڕەنگدەداتەوە و بەرەوپێش دەبرێت و زۆرێك نائاگاهانە بوونەتە
بەشێك لە بەرەوپێشبردنی ئەو جەنگە؛ چ بە پاگەندەکردنی ساوایی و
پاراستنی فەرمانداریی هەرێم، چ بە خۆشباوەڕکردنی خەڵك بەسەرۆك و
فەرمانداریی و دەوڵەتی باش و خەریککردنی دەنگدەری ناڕازی بە کایەی
گۆڕینی ئەم لیست بە ئەو لیست و هەڵبژرادنی خراپ بەرانبەر خراپتر.
ئەگەر لە بەرانبەردا، تاك و جەماوەر لە کۆمەڵی هەرێمی کوردستاندا
خودهوشیاریی و سەربەخۆیی کەسایەتی خۆی بەدەستهێنابێت و لە ڕووداوەکانی
بیست و چوار ساڵی ڕابوردوو ئەزموونی وەرگرتبێت و چیدیکە ئامادەنەبێت
ببێتە چەکدار و سەربازی پارتییەکان و فەرمانداریی و دەوڵەت، ئەگەر
چیدیکە گروپ و پێکهاتەکانی کۆمەڵ ئامادەنەبن پەیوەندییە
کۆمەڵایەتییەکانی خۆیان بکەنە قوربانی ئایدیۆلۆجیا و بەرژەوەندییەکانی
سەرانی پارتییەکان، ئەوا هیچ جەنگێکی نێوخۆیی نێوان باڵەکانی بوارجوازی
کورد توانای ڕوودانی نییە و جەماوەر دەتوانێت بڵێت جەنگی ئێوە جەنگی
ئێمە نییە و فەرموون زگی یەکدی هەڵدڕن و یەکدی لەنێوبەرن، ئەو کات
دەبینین کە منداڵی هیچ دەسەڵاتدار و سەرمایەدارێك ئامادەی یەك سات
ئێشکگری و جەنگکردنی نییە و هیچ ڕامیارێك ئامادەی چوونە بەرەی جەنگ و
یەکلاکردنەوەی کێشەکانی خۆیانی نییە و ڕوودانی ئەگەری جەنگی نێوخۆ لە
ڕوودانی وەستانی سورانەوەی ئەستێرەکان ئەستەمترە و هیچ پێویستی بە
هەراسانی و دڵەخورپە و ترس نییە، چونکە ئەنجامدەر و قوربانی هەموو
جەنگەکان تەنیا ئێمەی ژێردەستین و ئەگەر ئێمە نەبین، هیچ جەنگێك بوون و
ڕوودانی نییە و دەسەڵاتداران و سەرمایەداران و ڕامیاران و
هاوبەرژەوەندانیان، ئەگەر گۆشتی یەکدی بخۆن، هەرگیز ئێسکی یەکدی
ناشکێنن و هەر کات بەرژەوەندییان بکەوێتە مەترسییەوە هەموو جەنگ و
کێشەکانیان ڕادەگرن، هەر ئاوا کە ڕوومەتی دیکتاتۆرەکەی (بەغداد)یان
لێسایەوە .
جەنگی بیست و چوار ساڵەی دەسەڵات دژی خەڵك بۆ چاوەڕوانڕاگرتنی تاکی
کۆمەڵی هەرێمی کوردستان بووە لە خۆشباوەڕیی و دەستەمۆیی و پاشکۆییدا،
تاوەکو تاك و جەماوەر هەرگیز بیر لە هێز و توانای سەربەخۆ و
یەکگرتووانەی خۆیان نەکەنەوە و بەرژەوەندییەکانی ڕامیاران و
سەرمایەداران مسۆگەر بمنن و هیچ مەترسییەك بۆ سەر چەپاوڵگەریی و
پاوانگەریی و سیستەمە چینایەتییەکەی هەرێم دروستنەبێت. وەها جەنگێك لە
هەموو مەیدانەکان و بوارە کولتوورییەکانی ئایین و هونەر و میدیا و
ڕامیارییدا بەرەوپێش براوە و دەیان سیناریۆ و ڕێکەوتننامە و بەڵێن و
پاگەندەی بۆ بەڕێخراوە و لە ڕووی دەروونییەوە تیرۆری تاكی وێرانبوونی
پاش جەنگەکانی کردووە و بە ناچارکردنی پارتییانە گەندەڵی سیستەمەکەی
کۆمەڵایەتییکردووەتەوە و تەنانەت ناڕەزایەتی خەڵکیشی بەرەو داواکردنی
بەشە تاڵانی و گەندەڵیی بردووە، ئەمە ئەو جەنگە نەبینراوەیە و تاکە
جەنگێکە کە هەر ڕۆژ و بە چەندین شێوە ئاراستەدەکرێت؛ جەنگی لەنێوبردنی
هێز و توانا و بڕوابەخۆبوونی تاك وخەڵك بەخۆی، کە بە دیوەکەی دیکەیدا
سەرنەکەوتنی دەسەڵاتداران و سەرمایەداران و ڕاوێژکارە ڕامیارەکانیان
لەو جەنگەدا، واتە هەبوون و لە بزووتندابوونی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە
سەربەخۆکان بۆ ڕێکخستنەوەی کۆمەڵی ئازاد و سەربەخۆ و پشتبەخۆبەستوو .
بەڵام وەك ئەزموونەکان نیشانماندەدەن، هیچ بار و دۆخێكی لە سەرەوە
سەپاو تاسەر جێگیر و بەردەوامنابێت و دژ و بەرهەڵستکاری خۆی
بەرهەمدەهێنێت و خۆهوشیاریی دژەباو لە تاك و گروپەکانی کۆمەڵدا
سەرهەڵدەدات و کۆمەڵی هەرێمی کوردستانیش وەك هەر کۆمەڵێکی دیکە لە
کارایی گۆڕانی کۆمەڵەکانی دەوروبەری خۆی و کۆی مرۆڤایەتی بەدەرنابێت و
سروشی گۆڕانخوازیی لە ڕاپەڕین و بزووتنەوە و ڕووداوەکانی وەك
ڕاپەڕینەکانی باکووری ئەفریکا و خۆرهەڵاتی نێوڕاست و بزووتنەوەی
خۆبەڕێوەبەریی کوردستانی بەشی سوریە"ڕۆژاوا" و کوردستانی بەشی تورکیە "باکوور"
و بلۆکیوپای ئەمەریکا و ئەوروپا و ناڕەزایەتییەکانی ئێران و تورکیە
وەرگرتووە و وەردەگرێت و بەجۆرێك هەوڵ بۆ ئەزموونکردنەوەیان دراوە و
دەدرێت، بەتایبەت ئەزموونی خۆبەڕێوەبەریی "ڕۆژاوا"، کە جەنگاوەرانی (هەپەگە)
و (یەپەگە) و (یەپەژە) لەتەك هاوپشتی و فریاگوزاریی خۆیان بۆ
کۆمەڵەکانی عیراق و هەرێمی کوردستان هاوردیان و بووە سروشبەخشی
بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی هەرێم و سەرەتاکانی لە شەنگال و سلێمانیدا
لە دەرکەوتندان و هەر ئەو دەرکەوتنەشە کە دەسەڵاتدارانی ئەو دوو
ناوچەیەی هەرێمی هەراسانکردووە و ناچار بە سیناریۆسازیی و پیلانگێریی
لە چەشنی "ڕەوتی دابڕان" و " سێکیۆلار" کردووە و دوژمنەکانی دوێنێی [ئەندامانی
پارتییەکانی ڕەوتی کۆمونیزمی و ینک] خستووەتە سەنگەرێكەوە و
کەوتوونەتەخۆ تاوەکو بەر بە هەژموونی ئەزموونی خۆبەڕێوەبەریی و
دێمۆکراسی ڕاستوخۆبگرن و بەڵینی گۆڕان لە سەرەوە بە خەڵك بدەن و چەند
ساڵ و دەهەیەکی دیکە درێژە بە کایە پارلەمانییەکەی خۆیانبدەن و ئەوانەی
کە هەنووکە لە دەرەوەی کایەکەن، ببردرێنە نێو کایەکە و بە کۆمەڵێك
بەرتەریی و دەستگیرۆیی ئابووریی ڕازیبکرێن و ئەوانیش لە بەرانبەردا
پۆشاکێکی نوێ بە هەوڵەکانی دەسەڵاتدا بکەن و لەژێر پەردەی سەنگەرگرتن
بەرانبەر توندڕەویی ئایینی، ئاشبوونەوەی چینایەتییان بەرەوپیش بەرن و
مەرگی خۆیان دووربخەنەوە.
بەبۆچوونی من، پاگەندەکانی ئەگەر و مەترسی جەنگی نێوخۆی سەرۆك و
پاگەندەی سێکیولاریزمی " ڕەوتی دابڕان" و "سەنتەری سێکیولاریزم" تەنیا
هەولێکن بۆ کەمکردنەوە و لاوازکردنی هەژموونی خۆبەڕێوەبەریی
کانتۆنەکانی "ڕۆژاوا" لەسەر دانیشتووانی هەرێمی کوردستان، کە هەمووانی
[دەسەڵاتداران و ئۆپۆزسیۆنی دەسەڵاتیخوازی] خافڵگیر و تووشی شۆك کرد،
بەتایبەت ئەوەی کە پیلانی هێنانی هێزەکانی دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی
یەکێك لە ئامانجەکانی لاوازکردن و پاشەکشێکردن بوو بە بزووتنەوەی
ناڕازیانی باشوور و باکووری عیراق [هەرێمی کوردستان] و ناچارکردن و
خۆشباوەڕکردن و ڕیزکردنی دژە-(داعش)یان بوو لەپشت سەری دەسەڵاتدارانی
فەرمانداریی خوارووی عیراق و فەرمانداریی هەرێمی کوردستان و
زەمینەخۆشکردن بۆ لێدان و سەرکوتی هەر بزووتنەوەیەکی ناڕەزا و
دژە-دەسەڵات لەژێر ناوی دژە-داعش و دژەتیرۆر. ئا لێرەوە دەتوانین
دژایەتی ئۆپۆزسیۆنی دەسەڵاتخواز و دەسەڵاتدارانی هەرێم بۆ ئەزموونی
خۆبەڕێوەبەریی کانتۆنەکانی "ڕۆژاوا" تێبگەین و سەرنجی هەوڵەکانی ئێستا
و داهاتوویان بدەین.
٢٩\٤\٢٠١٥
ماڵپهڕی ههژێن
|