تاکتیک و
ستراتیژ لە فەرهەنگى سەرانى حیزبى شیوعى دا.

هیوا ڕەش
چوونە ناو تانوپۆى هەڵوێستە سازشکارانەکانى
سەرانى حیزبى شیوعى و وورد بوونەوە لێیان بە دەیان بەرگى کتێب لە بن
نایەت و ئەوەى من ئەمەوێ ئاماژەى پێ بدەم جگە لەوەى باس کردنى هەڵوێستى
ناوبراوانە لە ماوەیەکى کورتى 4 ساڵیى نێوان هەردوو هەڵبژاردنەکەى
پەرلەمانى کوردستان لە دواى پرۆسەى سەراوبنى دەسەڵاتداێتى دیکتاتۆرى
بەعسییەکان لە گەڵ ئەوەش دا تیژ تێپەڕ و ڕووکەشانە ئاماژە بە سیاسەتى
پڕ لە هەڵگێڕ و وەرگێڕى ئەو زاتانە ئەدەم بۆ بەر چاو ڕوونى ئەوانەى کە
لەوە پێش بازرگانى بە دەنگەکانیانەوە کراوە و لە دەمە دەمى
هەڵبژاردنەکان دا و فریویان داون بەرامبەر بە کۆمەڵێک گفت و بەڵێنى بێ
بنەما .
دواى گلەیى و گازندەى زۆرى دۆستان و دڵسۆزانى حیزبى شیوعى لە سەرانى
حیزبەکە لە مەڕ سیاسەتى پاشکۆیەتى و پینەچێتى بۆ دەسەڵات و سوور بوون
لە برەودان بە هاوپەیمانێتى دەسەڵات و پشت کردن لە تێکۆشان بۆ وەدى
هێنانى مافە زەوتکراوەکانى خەڵکى ستەمدیدە و زەحمەتکێشى گەلەکەمان ،
هێشتا بە پێداگیرییەوە هەر جارەى بە شێوازێک پاساویان هێناوەتەوە بۆ
سیاسەتى ( هاوپەیمانێتى – شاگردێتى ) دەسەڵات ، بەڵام جار و بار بۆ بەر
چاو تاریک کردنى هەوادارانیان نەرمە ئحمێکى ساختە ئەکەن و هێندەى پێ
ناچێت لێى پەژیوان ئەبنەوە و نایانەوێ دەستبەردارى پەشتەماڵ بوون ببن
نەبادا خوا نە خواستە کەمۆکەیەک عەیب و عارى وەستاکانیان داماڵن .
لەم ماوە کەمە دا ئەوەى بۆ زۆربەى خەڵک ڕوون بووبێتەوە ئەوەیە شکانەوە
بە لاى بەرژەوەندى خەڵک دا لە فەرهەنگى سەرانى حیزبى شیوعى دا بە ( لا
محل لها من الاعراب ) ماوەتەوە و ئەگەر ئاووڕێکیشى لێ درابێتەوە ئەوا
بۆ تاکتیک و خۆڵ بە چاو کردنى خەڵک دا خۆى بینیوەتەوە ، باسى
هەڵوێستیان لە هەڵبژاردنەکەى ساڵى 2005 ى پەرلەمانى کوردستان ناکەین کە
( حی على الێلاە ) وەکو دیوارى ڕاگرى شەقامێکى دوو ساید هاتنە مەیدان و
لەو ناوەڕاستە دا دەستى هەردوو حیزبە دەسەڵاتدارەکەیان گرت و یەکێکیان
کرد بە گاوانى و ئەوى تریان کرد بە سەرچۆپى کێش و خۆشیان لەو نێوانە دا
زەماوەندى بە شوودانى بەرژەوەندییە باڵاکانى میللەتیان گێڕا ، وەلێ لە
دواى ئەوەوە دیار بوو گوشارى دەسەڵات بۆ زیاتر لە مەنگەنە دانیان لە
سەر بوو لە لایەکەوە ، لە لایەکى ترەوە ناڕەزایەتى خەڵکى خۆیان
گەییشتبووە ترۆپک و تا دەهات گەڵا ڕێزان ڕیزەکانى ڕێکخستنەکانیانى
ئەتەنییەوە بۆیە بە ناچارى هەستان بە خۆ تێکەڵ کردنى حیزبە ئیسلامى و
عەلمانییەکانى دیکە پێکەوە یاداشتێکیان ئاراستەى دەسەڵاتداران کرد بە
نیازى دەربڕینى ناڕەزایەتییەک بۆ زیاتر پێشکەش کردنى خزمەتگوزارییەکانى
خەڵک بەڵام دیار بوو لە کۆنترۆلەوە ئیعازیان بۆ هات و بەگێکیان دانا و
پشتیان لە حیزبە دۆستە تازەکانیان کرد و ڕووە و حیزبە کۆنە دۆستە
دەسەڵاتدارەکانیان وەرچەرخان و بگرە کەوتنە دژایەتى ئەو پرۆژەیەى کە
لەوە پێش خۆیان هاوکار بوون تێیدا و لاف و گەزافیان پێوە لێ ئەدا .
لەم هەڵبژاردنەى دوایى پەرلەمانى کوردستان دا ، لیستى کوردستانى جاڕى
دەرگا داخستنى بێ منەتانەى هاوپەیمانێتى دا لە گەڵ حیزبەکانى دەور و
بەریان دا ، سەرانى حیزبى شیوعى کێچ کەوتە کەوڵیانەوە و تا دوا سات
پەلە قاژەى دۆستایەتى تازە کردنەوە بوون وەلێ هەڵوێستى ڕاشکاوانەى
دەسەڵاتداران نا ئومێدى کردن بۆیە بە پەلە وەخۆ کەوتن و کەوتنە فریو
دانى چەند حیزبێک بە ناوى هاوپەیمانێتى و پێکەوەنانى لیستێکى ڕکابەر بۆ
بەشداریى لە پرۆسەى هەڵبژاردن ، دەرگاى هەموو کەس و لایەنێکیان کوتا و
بە بەرنامە و سیاسەتێکى ( نوێ ) وە خۆیان نماییش کرد هەرچەندە هەر لە
سەرەتاوە شوناسیان بۆ زۆرینەى خەڵک ئاشکرا بوو بوو ، بۆیە ئامادە
نەبوون دەنگیان بدەنێ ، بەڵام هەندۆکەیەک کەس و لایەن مابوون بە قسەى
بریقەداریان بخەڵەتێن و هەستان بە پێکهێنانى لیستى ( ئازادى و عەدالەتى
کۆمەڵایەتى ) کە من بەش بە حاڵى خۆم ناوم لێ نابوو لیستى ( دێوجامە ) ،
ڕەنگە خوێنەر ئەم ناوەى لا نامۆ بێت و لە ماناکەى بپرسێتەوە بۆیە بە
پێویستى ئەزانم ڕوون کردنەوەیەکى کورت لە سەر ئەم ناوە بدەم:
(دێوجامە): ڕاوە کەو جۆر و شێوازى فرەى هەن
و یەکێک لەوانە پێى ئەووترێت (دێوجامە) ، دێوجامە بریتى یە لە دروست
کردنى لافیتەیەکى نەخشین و بەکار هێنانى ڕەنگى زۆر و کێشانى وێنەى
دنیایەکى بەهارى پڕ لە ئاژەڵ و پەلەوەرى جوان تێیدا و لە ناوەڕاستى دا
دوو کونى تێدا ئەکرێت بۆ جێگەى چاو و بینین ، ڕاوچى تاپڕ لەشان لە کاتى
ڕاوە کەو دا بەرزى ئەکاتەوە و لە چیادا پێوەى ئەسووڕێتەوە ، کاتێک کەو
ئەو دیمەنەى بەر چاو ئەکەوێت لە هەر وەرزێک دا بێت دنیاى لێ ئەبێت بە
بەهار و لە خۆشى دا شاگەشکە ئەبێت و بە سەر بەردێکەوە بۆى ئەکەوێتە
خوێندن ، کاکى ڕاوچیش بە ئەسپایى لافیتەکە لە نێوان دوو بەرد دا
ئەچەقێنێت و لە یەکێک لە کونەکانى لافیتەکەوە لوولەى تاپڕ ئاراستەى
کەوى سادە و بەسزمان و خۆشخوان ئەکات و دەست بە پەلەپیتکە دا ئەنێت و
داخى چاو برسێتى خۆى پێ هەڵئەڕێژێت و لە قاسپەى ئەخات .
لیستى ئازادى و عەدالەتى کۆمەڵایەتیش کە بە لیستى چەپەکان لە لایەن
سەرانى حیزبى شیوعییەوە سەرۆکایەتى ئەکرا و وا بە خەڵک و
هاوپەیمانەکانى ناسێندرا و لە دوایى دا دەرکەوت نە بە لاى ئازادى و نە
عەدالەتى کۆمەڵایەتیش دا ناچێت و نەفڕیشى بە سەر چەپ و چەپگەراییەوە
هەبووە و بەو شێوەیە لە پێناوى وەدەست هێنانى کورسییەکى ئیکمال و
وەزیرێکى خەڵات و ووتەبێژییەکى خێر و چەند پۆستۆکەیەکى چەور بۆ بە ناو
ڕۆشن(پیر)ەکانى حیزبەکە بە کار هێنرا و بە دروشمى ( مانگا مرد و دۆ بڕا
) تەڵقینى لیستەکەیان دا دا و خۆڵیان بە سەر دا کرد و دایان پۆشى و
فاتیحاشیان خوێند و چلەشیان بۆ نەگێڕا و کۆتاییان پێ هێنا و دەستى
هاوپەیمان و دۆست و هەوادارەکانیشیان لە بنى هەمبانەى سازشەوە دەرهێنا
، بۆیە پێویستە ئەوە بۆ هەموو کەس ڕوون بێت کە لە فەرهەنگى سەرانى
حیزبى شیوعى هاوپەیمانێتى لە گەڵ دەسەڵاتداران ستراتیژە و لە گەڵ
ئەوانى تریش دا تاکتیکە و بەرژەوەندى خۆیان لە کوێ بێت هەڵپەى ئەوێ
ئەکەن و گیرفانى خۆیان لە پێناوى بەرژەوەندى خەڵک دا هەرگیز ناتەکێنن ،
بۆیە بۆ ئەوەى دەنگمان ببێتە مایەى ڕەنگدانەوەى ڕەنگمان پێویستە بۆ
لەمە و دوا بە ووریاییەوە نرخ بۆ دەنگەکانمان دانێین و نەهێڵین چى تر
بە هەدەر بچێت و بە بیر کردنەوەوە مامەڵەى لە گەڵ دا بکەین و بە خت و
خۆڕایى نەیهاوێژینە تەنوورەوە .
07701309524
Hewarash1@yahoo.com
|