٢٧\٢\٢٠٢٤
تاک و ئازادیی!

دارا خونچە
توانست و شیانی تاک لە نێو سیستەمی چەوسێنەردا - کە لەمێژە گشت
مرۆڤایەتی لە نێو سیستەمی چەوسێنەری سەرمایەداریی و پەیوەندییەکانیدا
دەژی - هەرچەندەی مەزن و پڕ کاریگەر بی لە وەدەستهێنانی ئازادییەکانی..
لێ هێشتاکە ناتوانی وە پێی پێویستی خواستە مرۆییەکانی دەستەبەریان بکا
و بێ هیچ چاودێر و لەمپەرەک لێیان بەهرەمەند بی و وە سەربەستیی خۆی
دەرببڕی. ئەوەش لەبەرئەوەیە خودی چەوسانەوەکە رەهەندەکی جڤاکیی هەیە و
تاکەکانی چینە چەوسێنەرەکانیش وە وەکاربردنی ئەو فەرهەنگە نەرێنییەی کە
زادەی ئابووریی رامیاریی نەریتیی نێو کۆمەڵە جوولەی چەوسێنەرانەی خۆیان
دەکەن. کەواتە کۆشانی تاک تەنێ ئەو دەمە بە پڕاوپڕیی جێی خۆی دەگری و
هەتەری خۆی دەبی
و سەرەنجامیش ئارمانج دەپێکی کە لە رێی خەباتی بەکۆمەڵ
و هەرەوەزیی ''توانست و شیان''ی تۆکمەی جڤاکیی بەرجەستە دەکا.
بەداخەوە هێشتا زۆربەی هەرە زۆری تاکەکانی کۆمەڵ درکیان بەو راز و
نهێنییانە نەکردیە کە ژیان و کەتوارە نەخوازرایەکەی پەنهانیان کردینە..
تەنانەت زۆر لەو کەسە یەکسانییخواز و ئازادییخوازانەی کە خەریکی کاری
فەرهەنگییشن هێشتا بەو ئاستە نەگەیشتینە کە گۆڕان و وەرگۆڕانی ریشەیی و
پێشکەوتن فرە پەیوەستە وە چەندیەتی و چۆنیەتی کاری بەکۆمەڵ و هەرەوەزیی..
واتە ئەگەر کەسانی دەستەبژێر هاودەنگ و هاوکاری خەڵک نەبن لە تێکۆشانی
رۆژانە و هەر لە دەرێی کۆمەڵ بژین ئەوە بەرهەمەکانیان هەرگیز لە
دووتوێی پەرتووک و ئامرازەکانی دیکەی تۆمارکردن پتر بڕ ناکەن و هەر
لەوێشدا مرداردەبنەوە!
هەرچەندە سیستەمی ئێستای جیهان وە هۆی پتر رسکان و پێگەیشتنی لە
دڕندەییترین قۆناغی خۆی دایە کە پێشتر نموونەی نەبووە.. بەوەش تا دێ
جەور و ستەم هەر لە هەڵکشانە تەنانەت ئاژەڵان و ژینگەش لەبەردەستی
بەدادەدادن.. لێ هەر لە ژێر کاریگەرییەکانی ئەو گۆڕانە و دەرکەتن و
ئاشکراتربوونی سیستەمەکە خەڵک وە شێوەکی گشتیی و خۆبەخۆ هۆشیار
بووینەوە لەوەی بە بێ چاککردنی سیستەم لە پێناو گەیشتن وە ئامانجە
نێزیکەکان و تێکۆشان لە پێناو گۆڕینی سیستەمەکە وە شێوەکی ریشەیی
هەرگیز ماف و ئازادییەکان دەستەبەر نابن، ئەو بارودۆخە وەیکردیە
تاکەکانی نێو چین و توێژە کرێکارییەکان*
وە دەستەبژێرەکانیشەوە هەستبکەن بەرژەوەندییەکانیان وە بەرژەوەندییە
گشتییەکانەوە پابەندن و پێویستە لەنەوپاش وە کار و تێکۆشانی هەرەوەزیی
و بەکۆمەڵ پەیوەست بن.. ئەوەش وەک سەرەتایەکی کۆتاییپێهینانی سیستەمەکە
فرە دڵخۆشکەر و هومێدبەخشە.
_____________________________________________
* چین و
توێژە کرێکارییەکان: گشت ئەو کەسانە دەگریتەوە کە وە هێزی هزر و بازوو
وە گرێبەست و وە کرێ کاردەکەن و هیچ سەرمایەیەکیان نییە تا وەک چین و
توێژە چەوسێنەر و دەسەڵاتدارەکان زێدەبایی یان پارەی مفتی پێ پەیدابکەن.
ماڵپهڕی دارا
خونچە
|