تاکو سەرکردەکان
نەگۆڕێن میللەت ناگۆڕێ.
ئیسماعیل عەبدولڕەحمان
دواى هەژدە ساڵ ڕزگاربوون لەدەست ڕژێمى بەعس و دامەزراندنى حکومەتی
هەرێمیش، ئینجا هێشتا هەرچەندى بیر لەکورد بونى خۆم دەکەمەوە داخ و
کەسەرم زیاد دەکات ، چونکە ئەوەندەى من بارى دەرونى تاکەکانى کۆمەڵگاى
کوردەروارى بەگشتى و سەرکردەکان بەتایبەتى دەخوێنمەوە لەهەموو ئاستەکان
هەرگیز تروسکایەک لەهیوا بەدى ناکەم ، کەگۆڕانکارى لەنیەت و جۆرى
بیرکردنەوەو ڕفتارى تاکەکاندا سەرهەڵبدا کەبەرەو مرۆڤ دۆستى و ڕستگۆیى
و بەزەیى و بەویژدانى و بێ تەکەبورى بچن ، بەپێچەوانەوە ڕۆژبەڕۆژ ئەو
خەسڵەتە مەزنانە لەناو کۆمەڵگاى کوردەواریماندا بەرەو کاڵبونەوەو نەمان
دەچێت.
هەرچەندە لەهەندێک کاتى مەبەستدار دیاردەى پیاهەڵدان بەشان و باڵى مرۆڤ
و ڕێزو بەهاى مرۆڤ لەکوردستان دەگوترێ لەلایان سەرکردەکانەوە ، بەڵام
هەرکاتێک ماوەى مەبەستدار تەواوبو ئەو دەمو چاوانەى ئارایشتى مرۆڤ
دۆستیان لەڕوخساریان بەدى دەکرا ئەو ئارایشتە فڕێ ئەدەن و ڕوى
ڕاستەقینەیان دەرئەکەوێت کەفڕى بەسەر مرۆڤ دۆستیەوە نییە.
دیارە هەموو کۆمەڵگایەک لەچەند چین و توێژێکى مرۆڤەکان پێک دێت ، بەڵام
لەهەموو گرنگتر چینى سەرکردایەتى کردنى گەل و وڵاتە کەئەم کەسانەى
سەرکردایەتى گەل و وڵات دەکەن دەبنە کۆڵەگەو بڕبڕەى پشتى میللەت
کەلەهەموو پێداویستى و سەلامەتى و خۆشگوزەرانى میللەت و پاراستنى خاکى
وڵاتیش بەرپرسیارن ، کەواتە ئەم چینە دەبێت لەبیرکردنەوەو لەڕفتارو
گوتاردا لەپێشەوەى میللەت بن و میللەت لەهەموو پێشکەوتنێکى جیهان
لەهەموو بوارەکان ئاگەدار بکەنەوە و ببنە ڕێنیشاندەرى گیانى مرۆڤ دۆستى
و زانست خوازى و لێبوردن لەیەکترى بۆ ئەوەى تاکەکانى کۆمەڵگا ڕێزو
بەهاى مرۆڤ بزانن و هەست بەدڵسۆزى بۆ یەکتر بکەن تاکو کۆمەڵگا لەڕوى
یەک ڕیزیدا بێکێشە بێت ، بۆئەوەى میللەت ئیرادەی یەک ڕیزى پتەوى هەبێت
چونکە هیچ سەرکەوتنێک و گەیشتنە ئامانجێکى گەل بێ یەکگرتوى نابێت .
بۆیە ئەرکى چینى سەرکردەکانى گەلە کەگیانى مرۆڤ دۆستى و نیشتیمان
پەروەرى و وڵات پارێزى لەناخى تاکەکانى گەلدا بچێنن ، بەڵام بەو مەرجەش
سەرکردەکان دەتوانن ئەو گیانە لەناخى تاکەکاندا بچێنن کەئەو گیانە
لەخۆیاندا هەبێت و خۆیان دڵسۆزو پەرۆشى گەل و وڵاتن بن ، چونکە سەرکردە
هەوێنە ئەو هەوێنە چۆن بێت کۆمەڵگاش هەر وادەبێت.
ڕاستە ئێمە وەک زۆرینەى میللەتى کورد لەبارو دۆخێکى داخراودا لەژێر
دەسەڵاتى ڕەشى بەعسدا ژیاوین و بێ ئاگابوینە لەتێگەیشتن لەژیان و هەستى
مرۆڤ دۆستى ، بەڵام خۆ سەرکردە قارەمانەکانمان ئەوانەى چەندین زمانى
بیانى دەزانن و بەدرێژایى ژیانیا لەدەرەوى کوردستان لەوڵاتانى ئەوروپاو
ئەمەریکا ژیاون ، دەبوایە لەئێمەى هاوڵاتى دنیا نەدیتە باشتر لەژیان
حاڵى بوونایەو هەستى نیشتیمان پەروەری و هەستى مرۆڤ دۆستیان لەسەر
بڕژایەو تەواوى گەلى کوردستانیان بەو هەستەپاکە ئاو بدایە .
بەڵام ئایا دەبێت سەرکردەکانما ئەو هەستە بەرزەى مرۆڤ دۆستیان لەناخدا
هەبێت؟ ئەى دەبێت چەند هەنگاو لەپێشەوەى گەلەکەیانەوە بن؟ ئەى چۆن
لەمیللەت بەخێوکردن حاڵى بوونەو خۆشیان چۆن دەژین و چۆنیش تێگەیشتون
لەژیان؟
لەدێر زەمانەوە لەناو مرۆڤەکان واباوە هەرکەسێک چەندى زیاتر گەڕابێت
لەدنیادا ئەوە زیاتر لەماناو فەلسەفەى ژیان تێگەیشتوە ، مەبەستیش
لەتێگەیشتن لەژیان ماناى وایە کەسى تێگەیشتو لەژیان ، ژیان بۆ هەموو
مرۆڤێک بەڕەوا دەزانێ و زەرەرو زیان لەژیانى کەس نادا ، چونکە دەزانی
ژیان بۆ هەموو ئەو کەسانەى هاتونەتە سەر ئەم زەویە ڕەوایەو ژیانى هەموو
کەسێکیش لەو دنیایە تەنها جارێکەو ئەو جارەش بۆ ماوەیەکى کورتە کەواتە
کەسى ژیرو تێگەیشتو لەژیان هەرگیز نابێتە دڕندە بەسەر مرۆڤەکان و مافى
مرۆڤەکان و هەتا گیانلەبەرانیش پێشێل ناکات.
هەرچەندە ئێمەى میللەتى کورد بەهۆى باڵادەستى ڕژێمى بەعس بەسەرمانەوەو
زۆرى مێگەلە جاشەکان لەناو کۆمەڵگاى کوردەواریمان دا وایکردوە
لەکۆمەڵگایەکى داخراوى پڕ لەتوندو تیژى و خیانەتى مرۆڤایەتى دا بژین و
هەست بەبونى ڕێزو بەهاى مرۆڤ نەکەین.
هەر بۆیەش لەدواى هەژدەساڵ ڕزگاربوون لەدەست بەعس و نمانى دەسەڵاتى
بەعسیش ئێستاشى لەگەڵ بێت لە لەڕوى مرۆڤ دۆستیەوە یەک هەنگاو بەرەو پێش
نەچوینەو بەهەمان سەردەمى مێگەلە جاشەکان کە350 فەوجى جاش لەناو
کۆمەڵگاکەمان هەبوون ڕێزو بەهاى مرۆڤایەتى نازانین و بەردەوام دەمانەوێ
یەکترى بکەینە نێچیرو لەسەر گیان و لاشەى یەکتر بلەوەڕێین.
بەڵام خۆ سەرکردەکانمان گەر هەمووشیان نەبێت ئەوە زۆربەیان لەوڵاتانى
ئەوروپا ژیاون و ڕەگەزنامەى ئەوروپى و ئەمەریکیان هەیە یاخود چەندین
جار سەردانى وڵاتانى ئەو روپایان کردوەو دۆستایەتى و ناسیاریان لەگەڵ
سەرکردەو بەرپرسانى وڵاتانى ئەوروپادا هەیە ، هەڵبەتە هەرکەسێکیش
کەهاوڕێ کەسێکى تربێت زو لەخەسڵەت و ئاکارى ئاشنا دەبێت و دەزانى ئاستى
دڵسۆزى و پەرۆشى بۆ گەل و وڵاتەکەى چۆنە.
گەر سەیربکەین دەبینین سەرۆک و سەرکردەو بەرپرسانى وڵاتانى ئەوروپا
هەموویان یەک لە یەک دڵسۆزترن بۆ گەل و وڵاتى خۆیان هەموویان هەموو کات
لەبەرزترین پلەو پایەو پۆستدا ئامادەن لەپێناوى بچوکترین گلەیى و
ڕەخنەو کێشە دەست لەکاربکێشنەوە ، وە هەموویان ڕێزى ئیرادەى گەلیان
دەگرن و هەمووشیان بێ دەعیەن و لەپاش تەواوبونى ئەرکى بەرپرسیارەتیان
بەوپەڕى سادەو ساکارى دەژین بێ ئەوەى لەکاروکردەوەى ڕابردویان ترسیان
هەبێت و پاسەوان و پرسگە بۆ ماڵەکەیان دابنێن ، دیارە ئەوە خەسڵەت و
ڕفتارى سەرکردەو بەرپرسانى ئەوروپایە، ئەو ئەوروپایەى زۆرینەى سەرکردە
کوردەکان لێى ژیاون ، کەچى ئینجاش تۆسقالە زەڕەیەک سەرکردە کوردەکان
بەوبینین و زانینانەى سەرکردە ئەوروپیەکان نەگۆڕێن و تۆزى خەسڵەتى
سەرکردە ئەو روپیەکانیان لێنەنیشتبێ.
کەواتە ئێستا لەناو کوردستان بژین چۆن دەگۆڕێن ، ئاخر خراپتریش لەو
نەگۆڕانە ئەوەیە کاکى سەرکردەى کورد پاش ئەوەى ماوەیەکى زۆریش
لەئەوروپا دەمینێتەوەو چاوى بەچەندین بەرپرسى ئەوروپیەکان دەکەوێت و
شارەزاى هەڵسوکەوتیان دەبێت ، کەچى هەرکە پێینایەوە ناوخاکى کوردستان
بەوە ناچێ لەژیانیدا دەرەوەى کوردستانى بینیبێ ، دیسانەوە بەوپەڕى
خەسڵەتى خۆپەرستانەو بێویژدانانە ڕفتاردەکات ، ئەوەى ڕێزو بەهاى مرۆڤ
بێت لاى نەبوەو نییە ئەوەى تەڕاتى دڵسۆزى بۆ گەل و نیشتیمان و ڕاستگۆیى
بێت پێوەى دیارنییە ، بۆیە ئەو سەرکردانە بەهەمان شێوەى ئەو بەرپرسانەى
ئێستا کەکاتى خۆى مستەشاربونەو دەرەوەی وڵاتیان نەدیوە هەرچى سەروەت و
سامانى میللەت هەیە بۆ خۆیان بیبەن لایان ئاساییە.
باشە میللەتى بەدبەخت چینى سەرکردەکانى کەڕەگەزنامەى ئەوروپایان هەیە
ئەوها کۆنکرێت کرابن و نەگۆڕێن ئەى چین و توێژەکانى خوار ئەوانەوە بەچى
و چۆن دەگۆڕێن ؟
بێگومان هەرگیز ناگۆڕێن ئەوەنییە کورد لەکۆنەوە گوتویەتى (گەورە ئاو
دەڕشێنى گجکەش پێى لێدە خشێنێ ) ئینجا لەهەمووى سەیرتریش ئەوەیە میللەت
بەتەمایە ئەو ئاو ڕشان و پێ خشانە بەپەرلەمان چارەسەر بکات ، لەکاتێکدا
ئەوانەى لە پەرلەمان دەستیان دەڕوا خۆیان لەئاو ڕژێنەکانن .
ary_esmail@yahoo.com
|