په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٥\۴\٢٠١٠

تاڵەبانى سەرۆکى گۆڕان، لە عێراقێکى نوێدا
پارتى بزووتنەوەى گۆڕانى بەرەو چ ئاراستەیەک برد.

شوان سدیق  


دواى ئەوەى لیستە براوەکان لەگەڵ مەسعود بارزانى کۆبوونەوە، لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا سەرۆکى هەرێم، ئاشکرایکرد کە هەموو لیستەکان بە گۆڕانیشەوە، پابەندن بەوەى کە مام جەلال تاڵەبانى وەک هەڵبژێردراوێکى لیستە کوردییەکان، ببێتە سەرۆکی داهاتووى عێراق، ئەمەو دواى کۆبوونەوەکەى سەرۆکى هەرێم و لیستەکان، هەندێک لە سەرکردە دیارەکانى بزووتنەوەى گۆڕانیش جەختیان لەسەر ئەوەکردەوە کە "بەرٍێز تاڵەبانی"ان، دەستنیشانکردووە، بۆ سەرۆکى خوولى داهاتووى عێراق، ئەگەر حیزبە کوردیەکانى بەشدار بوو، لە هەڵبژاردنى عێراقدا، ئەو پۆستەیان بەر بکەوێت.


گۆرٍان ئۆپۆزسیۆنى یەکێتى نیشتمانى.


لە پێش هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان، وامانزانى گۆڕان بە هەقیقەت ئۆپۆزسیۆنە، بەڵام ئەم بزووتنەوەیە هەر لەسەرەتاوە تا ئێستاش بەدەوروخوولى پارتیدا دەهات و دەچێت لە جیاتى ئەوەى ئۆپۆزسیۆنێکى هەقیقی بێت، کەچى دەرکەوت وا دەرنەچوو، هەمیشە گوتارى ئاراستەى بەرٍووى پارتى دیموکراتدا، بە شێوەیەکى نەرمى بووە، کە ئەمەش بەپێچەوانەى رٍووى یەکێتى نیشتمانى بووە، چونکە هەڵوێستى گۆڕان بەرٍووى یەکێتیدا هەمیشە هەڵوێستێکى رەخنە گرانە بووە.
بەڵام بۆ پارتى بەوشێوەیە نەبووە، کە درک بەوەبکرێت. ئەم بزووتنەوەیە کە خۆى بە ئۆپۆزسیۆن ناوزەد دەکات، بەرٍوونى دژایەتییەکى سەرسەختى دەسەڵاتى پارتیش بکات، کە ساڵانێکە هاوشێوەى حیزبەکەى بەرٍێز تاڵەبانى، دەسەڵاتى ئیدارى و سیاسی و فەرهەنگى هەولێر و دهۆکیان لە ژێر چەترى رەحمەتى خۆیاندا بۆخۆیان قۆرغکردووە و بەمەش بێ کەموکوڕى و نەبوونى ناعەداڵەتى و کێشەى گەندەڵى لێی بێبەش نەبووە.


لە رۆژى لەدایک بوونى لیستى گۆڕان بەناو ئۆپۆزسیۆنە، کە زۆربەى تاکەکانى کۆمەڵگە دڵیان پێخۆشبوو، سەریر لەوەدایە تا هەنووکەش هیچ هەڵوێستێکى واى بەرانبەر پارتى و ئیدارەکەى نیشان نەداوە کە بگوترێت ئەمە هەنگاوێکە بۆ بوونى بزووتنەوەیەکى سەرتاسەرى نەک ئۆپۆزسیۆنێک تەنیا بۆ دژایەتى یەکێتى نیشتمانى دروستبووبێت. بەکورتییەکەى ئەوەى دەرکەوتووە لەم بزووتنەوەیە، ماناى وایە گۆڕان بۆ دژایەتى یەکێتى نیشتمانى دروستبوو، نەک پەیامێکى نوێخوازى و هەڵگرى شوناسێکى بەدیل بەرامبەر بە دەسەڵاتى ئێستا لە هەرێمى کوردستان.


موجامەلەکانى گۆڕان بۆ پارتى.


وەک گوتمان بزووتنەوەى گۆڕان هەر لەسەرەتاوە ئاراستەى ئیشکردن و ئەداى بەرٍووى پارتیدا زۆر نەرم نیانى بووە، نەک هەندێ جار بەڵکو زۆرجاریش لە زارى سەرکردەکانیانەوە، پارتیان پێ باش بووە تا یەکێتى، مەبەست لەم نموونەیە ئەوە نییە با گۆرٍان دژایەتى پارتى بکات، نەخێر بەڵام دەبوایە گۆڕان پەیامێکى رەخنەگرانەشى ئاراستەى پارتى بکردبایە وەک چۆن بە یەکێتى نیشتمانى نیشان دەدا، بۆ ئەوەى پەیامەکەیان بۆ خەڵک روون ببوایەتەوە کە ئەوان ئامانجیان گۆڕانێکى ریشەییە و تەنیا یەکێتى نیشتمانیان بەلاوە گرنگ نییە لە بەدیلى حکومرٍانى کوردستاندا.


ئەم موجامەلەکردنەى گۆڕان بۆ پارتى، هەلێکى بۆ پارتى و سەرکردەکانى رەخساند کە ئەوانیش چۆن بتوانن گۆڕان بەو ئاراستە بەرن، کە خۆیان ئاسا، تەجروبەیەکى باشیان هەیە لە ژیانى سیاسیاندا بۆ هەڵوەشاندنەوە و بچووکردنەوەى حیزبە و رێکخراوە و دەنگى خەڵک، گۆڕانیشیان بەهەمان دەرد برد، کە ئەوەیە ئێستا لە جیاتى چەند ئیمتیازێکدا، کە قابیلى ئەوە نییە بەراوردى بکەیت، لە بەرامبەر دەنگدان بە تاڵەبانى، پاشکشە بە گوتارەکانى گۆرٍان بکرێت، تا ئەوانیش دەنگ بە کاندیدکردنەوەى تاڵەبانى بدەن، لە عێراقێکى نوێدا.


ئەم پاشەکشەى گۆڕانە لەپایی چی بوو بەرپرسانى پارتى و بنەماڵەى بارزانى، بە گۆڕانیان کرد، مەسعود بارزانى وەک سەرۆکى هەڵبژێردراوى هەرێمى کوردستان، کە ئەمە قسەى خۆی بوو دەیگوت "من سەرۆکى ئەوانەم دەنگینیان پێداوم، هەروەها هی ئەوانەشم کە دەنگیان پێنەداوم" ئەو لە هەموو بەڵێنەکانى خۆى ئاسا دژى نان بڕین و سزاى سیاسی بووە.


باشە ئەگەر لە کوردستان، دژایەتى سزا دانى سیاسى و نان بڕینى خەڵک هەبێت، ئیتر بۆچى چارەسەرکردنى بکرێتە کارتێک بۆ دەنگدان بەتاڵەبانى. ئەمە مانایى وایە سەرۆکى هەرێم نەیتوانیوە بێلایەنانە کار بکات، بەڵکو وەک پارتییەک مامەڵەى کردووە، ژیانێکى ئەفسوناوی و سەمەرەیە لەم وڵاتە چارەسەرکردنى ژیان خەڵک و ئینسانەکان دەکرێتە، کارتێک بۆ چارەسەرکردنى پرسە حیزبیەکان.


بەداخەوە نەدەبوایە بزووتنەوەى گۆڕان بەو مەرجە قایل بوایە کە ئەمرٍۆ پێیانکرد، پێویستیشى دەکرد ئەوان لەو خاڵە نهێنییە ورد ببونایەتەوە کە ئەوە بۆ ساڵێک دەچێت نانى خەڵک براوە، لەسەر بیرورٍایى جیاواز کەچى ئەمڕۆ لەبەرانبەر دەنگدان بەتاڵەبانى وەک کارتێک بەرٍوویاندا بەکاریان هێنا گۆرانیش رۆیشتەوە ژێر باڵى یەکێتى و پارتى. ئەو هەموو گوتار و پەشخان و هەڵبەستەیان خۆیان نەبێت کەس نازانێت لە پایی چی بوو!!!

 


هەولێر
4/4/2010
shwansdiq@yahoo.com