|
٩\١١\٢٠٢٥
تاڵەبانیی کوڕ و
پارتی!

شوان سدیق
تاڵەبانیی باوک، بەرامبەر بارزانیەکان لاواز بوو، هەرێمی ڕادەست پارتی
کردن، لەپێناو چوونە بەغدای خۆی، تاڵەبانیی کوڕیش بەرامبەر بارزانیەکان
هەژار و نەزانەو خەریکی فاوڵی سیاسیە!
لە بانگەشەی حزبەکەی لە هەولێر ڕۆژی یەکی یازدە، گوێم لێ بوو، بافڵ
تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی، گوتی "هەولێر جادەو ڕێگاوبانی بۆچیە؟
ئازادی نەبێت!
پارتی، دەیتوانی قسەکانی بافڵ وەها تەرجومە بکات بۆ هەولێریەکان،
یەکێتی حەز بەگەشەسەندن و پەرەسەندنی هەولێر ناکات، تاڕادەیەکیش ئەم
کارەی کردو خەڵکی هێنایە سەرشاشەی کەناڵەکانی!
ئەوەی بافڵ کردی، فاوڵێکی سیاسی و بانگەشەیەکی خراپی سەرۆکی یەکێتی بوو،
چونکە ئاوەدانکردنەوەو بوونیاتنان لەپێناو مەرامی سیاسیش بێت، بۆ
هاوڵاتیان گرنگە.
واتە گەر ئاو و کارەبا هەبێ، بۆ خەڵکی گرنگ نیە، کێ دەچێتە پەرلەمان،
بۆ خەڵکی کەمکردنەوەی نرخی ئاو و کارەباکە گرنگە!
ئەوە ڕاستە ئازادی گرنگە، بەڵام بابێینە سەر قسەکانی کاک بافڵ، ئەدی
سلێمانی ئازادی کوا؟ سلێمانیش دەبێ هاوشێوەی هەولێر لەدەست میلیشیا
ئازاد بێت!
بەژمارە باسی بکەین، کوشت و تیرۆر و تێهەڵدان لەسلێمانی هیچی کەمتر نیە
لە هەولێر، پێویست بەپۆز لێدان ناکات، کاک بافڵ!
هەرێمی کوردستان، بەبێ دەستبەرداربوونی میلیشیا و هەیمەنەیان بەسەر
دامەزراوەکان، پێش ناکەوێ و ئاسایشی سیاسی و کۆمەڵایەتی نابێت.
پێشتر لە سلێمانی چەند لایەنگرێکی حزبی دەیانگوت "بارزانی تۆ وازبێنە
لە کورسی، ئێمە دەرس دەڵێینەوە بەسکی برسی!" بارزانیش لاچوو لەسەر
کورسی، ئەوان درۆیانکرد و دەرسیان نەگوتەوە.
پاش ساڵانێک، هەر ئەو گروپە گوتیان "نەعم نەعم بۆ عێراق"، ئەوە
عێراقیشە هەموومان دەیزانین لە هەرێم خراپترە، بێ سەروبەرو
میلیشیاگەرییە!
کەواتە هەرێم تاکە رێگا لە بەردەمی چاکسازی وکشانەوەی پارتی و یەکێتیە
لەو عەقڵیەت و ئیدارەدانە، ئەم سیاسەتەی هەردوو حزب، لە باشوور کوردی
زۆر دوا خست، پارتی و یەکێتی نایانەوێ چەک ڕادەستی حکوومەت بکەن،
نایانەوێ کوردستان ببێتە خاوەنی دامەزراوەی نیشتمانی، تۆ دامەزراوەی
نیشتمانیت نەبێ، ئازادیشت نابێ، چونکە کاتێ دامەزراوەی سیاسی و یاساییت
نەبوو بەچی و چۆن دێیت ئازادی فەراهەم بکەی لەکۆمەڵگەو بەرگریان لێ
دەکەیت؟!
ئەوەی هەیە کەسێک لە هەولێر هەڵدێ و دەجێتە سلێمانی و لە سلێمانی هەڵدێ
دێتە هەولێر و بەئارەزووی خۆیان قسە دەکەن، ئەمە ئازادی نییە، فەوزایە!!
ماڵپهڕی شوان سدیق
|