تاڵەبانى لەنێوان
رازیکردنى گویل و خیانەتێکى نیشتمانیدا !!

بەهرەوەر مەرزانى
لەوەتەى داگیرکردن و دابەشکردن کوردستان لەساڵى 1514 گەلەکەمان لەخەبات
و بەرخودان و قوربانیدان لەپێناو رزگارى و سەربەخۆیى نیشتمانەکەیدا
نەوەستاوەو بەدرێژایى ئەو مێژووە لەدژى داگیرکەرانى کوردستاندا
تێکۆشاوە ، شۆڕش و راپەڕینە یەک لەدواى یەکەکانى کوردستان پەیامێکى
روون و ئاشکرابوونە بۆ داگیرکەرانى هەرچوار پارچەى کوردستان کەبەبێ
چارەسەر کردنى کێشە نیشتمانى و نەتەوەییەکانى گەلەکەمان و دەرچوون
لەخاکى کوردستان هەرگیز وڵاتەکانیان ئارامى بەخۆوە نابینێت و
گەلەکەشمان بە کەمتر لەسەربەخۆیى نیشتمانەکەى رازینابێت.
دروستبوونى میرنشینەکان و هەڵگیرسانى شۆڕشەکەى شێخ سەعیدى پیران
لەباکورى کوردستان و دروستبوونى حکومەتەکەى شێخى نەمر لەباشورو کۆمارى
کوردستان لەمەهەباد بەرێبەرایەتى قازى محەمەد لەرۆژهەڵاتى کوردستان و
مل کەچ پێکردنى رژێمى عێراق و داننانى بەمافى ئۆتۆنۆمى لەبەرامبەر
شۆڕشى ئەیلول بەسەرۆکایەتى بارزانى نەمرو قەتل و عامکردنى رۆڵەکانى
گەلەکەمان لە فامیشلو لەلایەن رژێمى فاشیستى سوریا لەرۆژئاواى کوردستان،
هەموو ئەمانە بەڵگەى خۆڕاگرى گەلى کوردن بۆ بەدیهێنانەوەى دەوڵەتێکى
سەربەخۆى کوردستانیى.
ئەگەرچى داگیرکەرانى کوردستان هەرگیز چاویان بەناوى نیشتمانەکەمان
هەڵنەهاتووەو هەڵنایەت و هەمیشە هەوڵى لەباربردنى دەسکەوتەکانى
گەلەکەمان دەدەن و تەنانەت ئامادەش نین ناوى کورد یان کوردستان بێنن،
ئەمە شتێکى ئاساییە چونکە ئەوان داگیرکەرن و دەیانەوێت هەرچۆنێک بێت
سروشتى داگیرکارانەى خۆیانى پێپەردە پۆشبکەن، بوڵام بەشێکى زۆرى ئەو
هەڵوێستە دوژمنکارانەى سەرانى رژێمە داگیرکەرەکانى کوردستان دەگەڕێتەوە
بۆ لاوازى هەندێک لەسیاسەتوانەکانى خۆمان وەک تاڵەبانى کەچۆن لەبەرەم
سەرانى رژێمى تورکیاو بۆ رازیکردنیان لەخۆى دەوڵەتێکى سەربەخۆى
کوردستانیى کرد بەخەونى شاعیرانەو لەبەردەم سەرۆکى تورکیاى داگیرکەرى
باکورى کوردستان بەشێک لەخەبات و تێکرشانى گەلەکەمانى لەپێناو رزگارى و
سەربەخۆییدا کرد بە تیرۆریست و خەبات و تێکۆشانى بزاڤى رزگاریخوازى
گەلەکەمانى لەکەدار کرد.
لێرەدا دەکرێ بڵێین ئەگەر دروستبوونى دەوڵەتى کوردى خەونى شاعیران و
گاڵتەى تاڵەبانى بێت ئەى خەبات و تێکۆشانى دەیان ساڵەى گەلەکەمان و
رژانى خوێنى هەزاران لەرۆڵەکانمان لەپێناو چى بووە؟ ئەى ئەنفال و
کیمیابارانکردن و روخانى هەزاران لەگوندو شاروچکەکانى کوردستان و
جینۆسایدکردنى گەلەکەمان لەپاى چى بووە؟ کە بەدرێژایى مێژووى
داگیرکارییان رژێمە داگیرکەرەکانى هەرچوار پارچەى کوردستان بەردەوام
هەوڵیانداوە ناسنامەى نەتەوەییمان بسڕنەوە ،
ئەگەر تاڵەبانى دەوڵەتى سەربەخۆى کوردى بەخەون بزانێت ئەى ئەو هەموو
دروشمە بریقەدارانەى لەرابردوودا هەڵى گرتبوون بەمافى چارەى
خۆنووسینیشەوە لەپێناو چیبوون؟ ئایا بۆ رزگارى نیشتمان و سەربەخۆیى
کوردستان بوون یان تەنها درۆى گەورەبوون بۆ هەڵخەڵەتاندنى خەڵکى
کوردستان و لەژێریشەوە هەر تێکدەرى شۆڕش و دوژمنى نەتەوەکەى خۆى بووە،
ئەى هەر دوێنێ نەبوو تاڵەبانى لەبەردەم هەزاران لەخەڵکى کوردستان
دەیگوت: عەبدوڵا ئۆجەلان مرۆڤەکا هەلکەفتیە ژناڤ میللەتێ کوردا ؟ ئەى
بۆ ئەمڕۆ پارتى کرێکاران بە تیرۆرست دەزانێت و داوایان لێدەکات چەک
دابنێن و بچنەوە باوەشى رژێمى تورکیا، ئایا ئەمەى بۆ بەرژەوەندى خەڵکى
باکورى کوردستانە یان بۆ ئەوەیەتى مێژووەکەى خۆى تاقانە نەبێت
لەخۆخستنە نێو باوەشى داگیرکەران.
ئەگەر تاڵەبانى دڵسۆزى کێشەى رەواى گەلەکەمان بوایە لەبرى ئەو قسە پڕو
پوچ و بێمانایانەى بۆ رازیکردنى گویل کردى دەبوایە بە گویلى بگوتایە :
ئێمە خاکى کەسمان داگیر نەکردووەو کەسیشمان لەسەر خاکى خۆى نەکوشتووە،
کەچى ئێوە رۆژانە کوڕان و کچانى کورد لەباکور دەخەنە نێو زیندانەکان و
بەدڕندانەترین شێوە ئازارى جەستەیى و دەرونییان دەدەن تەنها لەبەر
ئەوەى بەکوردى قسەدەکەن و کوردن، ئەى ئێوە نین رۆژانە خاکى باشوورى
نیشتمانەکەمان بۆمباباران دەکەن و خەڵکى هەژارو ستەمدیدە بێجێگەو رێگە
دەکەن؟ ئەى ئێوەنین چیاو شاخ و رەزو بێستانەکانمان بەناپاڵمى
فڕۆکەکانتان دەسوتێنن.
ئێوە وەرن دەست لەداگیرکردنى کوردستان هەڵگرن ئەوکاتە کوردیش پێویستى
بەچەک هەڵگرتن نابێت و ئێوەش لەوڵاتەکەى خۆتان بەئارامى دەژین، ئەوکاتە
ئەوەى دەستتان بۆ درێژ بکات تیرۆرستە.
ریفراندۆمى جەماوەرى خەڵکى باشوورى کوردستان لەکۆتایى کانوونى دووەمى
ساڵى 2005 کە زیاتر لەسەدا نۆهەدوو حەوتى دەنگى بۆ سەربەخۆییدا
سەلماندى گەلى کورد گەلێکى ئازادیخوازەو هەرکاتێک بچوکترین دەرفەتى بۆ
بڕەخسێت دەوڵەتى کوردستانیى رادەگەیەنێت، بۆیە پێویستە تاڵەبانى
بەخۆیدا بچێتەوەو چۆن گویل لەبەردەم رۆژنامەنووسانى هەموو دونیا لەکاتى
گەڕانەوەیدا لەتورکیا گوتى هەرگیز ناوى کوردستانم نەهێناوە تاڵەبانیش
هەڵەى لەوجۆرە دووبارە نەکاتەوە لەکاتێکدا ئەو نەمەرجەعى کوردەو نەبۆشى
هەیە بەناوى میللەتێکەوە قسە بکات، چونکە گەلەکەمان هەرگیز بەمە
رازینابێت و ئەو کەسانەش نابورێت کە خیانەتى نیشتمانى دەکەن و لەبەردەم
داگیرکەران و دوژمنانى گەلەکەمان دژى بەرژەوەندییە نیشتمانى و
نەتەوەییەکانمان لێدوان دەدەن بۆ رازیکردنیان لەخۆیان، ئەگینا مێژوو
بەزەیى بەهیچ کەسێکدا نایەتەوەو هەموو روێکى ناشیرین و خیانەتکار
دەخاتە بەردەم نەوەکانى داهاتوو بۆ نەفرەتبارکردنیان.
Bahrawar_s@yahoo.com
|