تامان شاکر
دەیەوێت رەش و سپیمان لێ تێکەڵ بکات.

بەشدار عهلى
کۆمەڵگاى کوردستان پریەتى لە کێشە و گرفتى ئابورى و سیاسى و کۆمەڵایەتى
و فەرهەنگى و ....کە بوونى ئەو کێشە وایکردووە بە ناچارى دەیەها
دیاردەى نەخوازراو و نا شیرن لە شەقامەکانى شارەکان هەستى پێبکرێت ،بێگومان
بوونى ئەو دیاردانە هیوا و ئامانجى ئەنجامدەرانیان نیە،ئەگەر مناڵێک
نەبوونى ساکارترین یارى مناڵانەى هەستى ئازار نەدات و برسى بوون تینى
بۆ نەهێنێت ناچار نیە واز لە خوێندن بهێنێت و رۆژانە لە شەقامەکاندا
خەریکى دەست فرۆشى بێت و جەستەى ناسکى لەبەر تینى گەرماو سەختى سەرمادا
دابرزێنێت،ئەگەر ئافرەتێک مسۆگەرکردنى نانە رەقەى بەیانى فشارى بۆ
نەهێنێت ئامادە نیە هەر سەعاتێک جەستەى خۆى بە کەسێک بسپێرێت،ئەگەر
گەنجێک دەروازەیەکى کەمێک باشتر و تروسکایەکى رووناکى لەم مەملەکەتە شک
بەرێ و کەمێک هەست بە ئارامى دەروونى بکات ئامادە نیە کەلتوورى تەمەنێک
دۆست و ئازیزانى ژیانێک جێ بهێلێت...
بەهەرحاڵ هەموو ئەوانەى گووتم لە پەراوێزى چەند دێرێکى خاتوو تامان
شاکر لام دورست بووە کە لە هەفتەنامەى جەماوەرى ژمارە(252) کە لەژێر
سەردێرى (کاتێک ژنان گەندەڵ دەبن) نوسیویەتى،بە کورتیەکەى ئەم خاتوونە
لە چەند دێرێکدا رەخنە لەو ژنانە دەگرێت کە لە دامو دەزگایەکدا بەرپرسن
و خەرکى کۆکردنەوەى سەروەت و سامانن و هەستى نیشتیمان پەروەرى و
خۆشەویستى وڵاتیش نەماوە!
لە سەرەتادا لە خاتوو تامان دەپرسم، کێن ئەو ئافرەتە بەرپرسانەى کە
سەروەتى وڵاتیان لەبەردەستدایە و خەریکى خانوو و سەیارە و کۆمپانیا و
کارگە دورست کردنن؟دەکرێت چەند نمونەیەکمان بدەیتێ؟ ئەوەى بە
چاویلکەیەکى لێڵەوە سەیرى رووداوەکان نەکات و بیەوێت پەیامى راستى
بگەیەنێت دەزانێ کە هەموو ئەو ئافرەتانە خێزان و کچ و خزم و دۆستى
یەکێک لە بەرپرسە باڵاکانى دەسەڵاتدارانى کوردستانن کە بە لێشاو پارەى
خەڵکیان دەخرێتە بەردەست و ئەوانیش لە پرۆژەى بازرگانى جۆراو جۆردا
دەیخەنە گەر،یان هەر بەرپرسێک لە داموودەزگایەکى داناوە و بۆ ئەوەى
زۆرترین دەسکەوتى دەست کەوێت ،جگە لەمەش خاتوونى بەرێز ئەوە چ
ئافرەتێکە ئەگەر خزم و دۆست و نزیکى یەکێک لە بەرپرسە باڵاکانى پارتى و
یەکێتى نبێت لە دامودەزگایەک پۆستێکى باڵاى پێدەدرێت و پارەى دەخرێتە
بەر دەست؟دیارە ئەو چەند ساڵەى کە جەنابت لە کوردستان ژیاویت بێ ئاگاى
لەوەى کە بە هەزارەها کچ و ئافرەت دواى تەواوکردنى خوێندنیش ئەگەر
بەرپرسێکى نەناسیبێت تەنانەت داشى نامەزرێنن نەوەک پۆستێکى بدەنێ و
خەریکى گەندەڵى بێت و پارە کۆکردنەوە بێت!!
بۆیە خاتوو تامان دەبوایە بەبێ ترس و دڵە راوکێ ژنە گەندەڵەکانى باس
کردایە و ئەوانەى پشتەوەى ئەو ژنانەشى کردووە بە گەندەڵ ئاشکرا کردایە
، نەوەک بەم شێوەیە نا دورستە قسە بکات،چونکە لە نوسینەکەیدا ئەوە
دەخوێندرێتەوە کە هەموو ئافرەتێکى خاوەن کارى دەرەوە لە گەندەڵى و
دزیەکانى کوردستان بەرپرسیارە.
ئازیزم پێویستە شتەکان وەکو خۆى لێک بىینەوە،لە کوردستاندا گەندەڵى و
دزى و راووڕووت و بە هەداردانى سامانى خەڵک تا ئەو پەرى خۆى گەیشتووە ،بەرپرسەکان
لەوپەرى نازونیعمەت و خۆشگوزەرانى دەژین ،ئەو (ژنە گەندەڵانەى) کە
خاتوو تامان باسیان لێوە دەکات شێوازێکى ترى گەندەڵى بەرپرسانى
کوردستانە کە سەرگەردانى و نەبوونى یاسا و دەستورێکى مەدەنى و
یەکسانیان قۆستۆتەوە و بە هەموو شێوەیەک خەریکى کۆکۆدنەوەى سامانى
زیاترن، بەشى هەرە زۆرى خەڵکیش ناچار بە ناخۆشترین کار و پیشە کراون و
بۆ سەرەتاترین پێداویستیەکانى ژیان لێیان بۆتە بە خۆزگە و خولیا،لەم
نێوەندەشدا ئافرەتانى کوردستان بەشى شێریان بەرکەوتووە ،رۆژانە بە
سەدانیان دەخنکێندرێن و گوڵە باران دەکرێن،بە سەدانیان ناچار بە
خۆسوتاندن و خۆکوشتن دەکرێن،بە سەدانیان دووچارى پەلاماردان و دەست
درێژى دەبنەوە، دەسەڵاتێکیش لەبەرامبەر ژیان و ئەمنیەتیان
بەرپرسیاریەتى نیشان نادات ،نەوەکو ئەوەندە بەڵکولە ژێر سایەى
دارزیوترین یاسا و دەستووردا حەزو هیواکانیان لێ کردوون بەسەراب،بەڵێ
ئەوە ژیانى واقعى خەڵکى کوردستانە، بۆیە ئافرەت و پیر و پەککەوتە و
گەنج و لاو مناڵ ئۆزقاڵێک هەستى بەرامبەر ئەو وڵاتە نەماوە،ئەمە هۆکارى
سەرەکى نەمانى ئینتمایەى خەڵکە بەرامبەر هەموو شتێک، نەوەکە ئەوەى کە
خاتوو تامان باسى دەکات.
تامان شاکر دەیەوێت رەش و سپیمان لێ تێکەڵ بکات،ئەمەش لە هەموو نوسین و
قسەکانیدا هەستى پێدەکرێت ،بەڵام بێئاگایە لەوەى کە خەڵکى کوردستان
ئیستا هۆشیارن و لاپەرەى سپى دەخوێننەوە و ئەو ئەرکەشى کە خاتوو تامان
لەسەر شانى خۆى داناوە لەگەڵ نارەزایەتى و گلەیەکى قوڵى خەڵک
رووبەروودەبێتەوە بۆیە پێویستە شانى خۆى لەم ئەرکانە خاڵى بکاتەوە و
دیاردەکان وەکو خۆى باس بکات.
Bashdar_net@yahoo.com
|