٤\٦\٢٠٢٠
تاقیکردنەوەی
سەرهیڵ.
محەمەد ئەحمەد محەمەد
تاقیکردنەوە
پرۆسەیەکە بۆ ھەڵسەنگاندنی ئاکار و تواناکان لە بوارێکی دیاریکراودا،
گرنگی تاقیکردنەوە بە شێوەیەکی گشتیی لەوەدایە کە لە پرۆسەی پێوانە
بەکاردێ، پێوانە بە واتای گۆڕینی ئاکارەکان بۆ ژمارە، بە گۆڕینی ئەو
ئاکارانەش ئاسانتر دەتواندرێ مامەڵیان لەگەڵدا بکرێ بۆ ھەڵسەنگاندنی
تاکەکان، لە روویەکی تریشەوە تاقیکردنەوە ئاکارێکی فەرمیی بە فێربوون
دەبەخشێ، واتا فێربوون ھیچ بەھایەکی فەرمیی نابێ گەر تاقیکردنەوە نەبێ
کە بنەمایەکی سەرەکییە بۆ بەخشینی بڕوانامە بە دەرچووان.
لەگەڵ بڵاوبوونەوەی خوێندنی سەرهێڵ پێویست بوو تاقیکردنەوەی سەرهێڵ
بەکاربھێندرێ، بۆ ئەوەی ئاسانکاریی بکرێ بۆ ئەو خوێندکارانەی کە بەم
سیستەمە دەخوێنن.
ئێستا لە جیھاندا تاقیکردنەوەی سەرهێڵ بە شێوەیەکی بەربڵاو
بەکاردەھێندرێ لە بواری راھێنان و پەروەردە و فێرکردن و خوێندنی باڵا،
ساڵانە ھەزارن داواکار لە ھەموو وڵاتانی ئەم جیھانە بەرینە
تاقیکردنەوەکانی زمانی ئینگلیزی (تۆیفل و ئایڵتز و پێرسن) ئەنجامدەدەن
بۆ بەدەستھێنانی بڕوانامەی زمانی ئینگلیزی نێودەوڵەتی باوەڕپێکراو، ئەو
تاقیکردنەوانە بە شێوەیەکی تەواو بە شێوەی سەرهێڵ ئەنجامدەدرێن بەڵام
لە ژێر کۆنترۆڵی لایەنی پەیوەندییدار کە رێوشوێنی توند تێیدا
بەکاردەھێندرێ و چاودێری تایبەتی بۆ دادەنرێ.
ئەنجامدانی تاقیکردنەوەی سەرهێڵ کارێکی ئاسان نییە، پێویستی بە
ئامادەکاریی ورد ھەیە بۆ ئەوەی بەڕێوەببردرێ و سەرکەوتوو بێ، گەورترین
بەربەست بۆ ئەنجامدانی ئەو جۆرە تاقیکردنەوانە لە وڵاتی خۆمان بریتییە
لە کێشەی بڕینی کارەبا و نەبوون یان لاوازی ھێڵی ئینتەرنێت لای بەشێک
لە خوێندکاران و لاوازی توانای بەشێک لە خوێندکاران لە بەکارھێنانی
تەکنەلۆژیا و ترس و رانەھاتنی بەشێکی تریان لەگەڵ ئەو شێوازەی کە
بەلایانەوە نوێیە و ئەزموونیان لێی نییە.
ھەروەھا یەکێک لە ئاڵنگارییەکانی ئەم جۆرە تاقیکردنەوەیە گزیکردنە
(غش)، بەداخەوە بەشێک لە خوێندکاران ھەموو رێگایەک دەگرنەبەر تەنھا بۆ
دەرچوون ئەگەر تەنانەت ئەو رێگایە ناڕەوشتەکییش بێ، وەکو گزیکردن،
چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە رۆژ بە رۆژ سەختتر دەبێ و ئێستا لە ئاڵۆزترین
ئاستدایە بە ھۆی بەکارھێنانی ئامێرە تەکنەلۆژییەکان.
ئەگەر کۆنتڕۆڵکردنی خوێندکاران گرفتێکی سەرەکیی بێ لە کاتی ئەنجامدانی
تاقیکردنەوەیەکی ئاسایی لە ناو ھۆڵی خوێندن ئەوا گرفتەکە زۆر ئاڵۆزتر و
سەختتر دەبێ لە کاتی ئەنجامدانی تاقیکردنەوەی سەرهێڵ، ئەو خوێندکارەی
لە ھۆڵی خوێندن لە ژێر چاودێری توندی چاودێران گزی بکا، بێگومان ئەگەر
چاودێری نەکرێ دەرفەتی گزیکردنی دەیان ھێندە پتر دەبێ، لە کاتێکدا کە
ئاستەمە تێبینیی لایەنی ھەڵچوونی خوێندکار بکرێ لە لایەن چاودێرانەوە.
شایەنی باسە لە ماوەی رابردوودا بەشێک لە خوێندکاران چەند دەستەیەکیان
داناوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ گواستنەوەی وەڵامەکان بە شێوەیەکی
خێرا لە رێی لەبەرگرتنەوە.
ھەموو ئەوانەی ئاماژەم پێدان گرفتی گەورەن لە بەردەم ئەنجامدانی
تاقیکردنەوەی سەرهێڵ جگە لە کێشە ھونەرییەکانی تر کە بە ھۆی ناڕوونیی
پرسیارەکان و کاتی تەرخانکراو بۆ ھەر پرسیارێک و نەبوونی پەیوەندیی
راستەوخۆ و گرانیی گوێگرتن لە خوێندار خۆی دەبێنێتەوە.
لەم رۆژانەی دواییدا دەنگی ناڕەزایی خوێندکاران بەرزبۆتەوە لە دژی
بڕیاری تاقیکردنەوەی سەرهێڵ، ئێستا چەند دەستەیەک لە تۆڕە
کۆمەڵایەتییەکان داندراوە بۆ ئەم مەبەستە و خۆپیشاندان رێکخراوە و
تەنانەت لە رێی چەند ئەندام پەرلەمانێکەوە دەنگی ناڕەزایی گەیاندراوەتە
وەزارەتی خوێندنی باڵای حکومەتی ناوەند بۆ ئەوەی پاشگەزبنەوە لە
ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکان و لەبری ئەوە پەڕاندنەوەی خوێندکاران
جێبەجێبکرێ.
بە پێی تێبینییەکان لەوە دەچێ یەکێک لە کێشەکانی بەرپرسانی پەروەردە و
خوێندنی باڵا ئەوە بێ کە بە وردیی نەخشە بۆ کارەکانیان داناڕێژن و بە
بێ گەڕانەوە بۆ راوێژی کەسانی دی بڕیاردەدەن، بۆیە بەشێکی بەرچاو لە
بڕیارەکانی دەبێتە مایەی ناڕەزایی خوێندکاران و ھەندێ جار مامۆستایانیش.
لە لایەکی ترەوە گوێنەگرتن لە کەسانی تر بووەتە ھۆی ئەوەی زۆربەی
بەرپرسانی خوارتر و مامۆستایان بڕیارەکان جێبەجێ بکەن بە بێ بیرکردنەوە
لە دروستیی بڕیارەکان و شێوازی جێبەجێکردنیان.
ئێستا ترسی ئەوە ھەیە کە تاقیکردنەوەی سەرهێڵ ھەروەکو خوێندنی سەرهێڵ
شکست بھێنێ بە ھۆی بڕیاردانی کوێرانە و گوێنەگرتنی بەرپرسان، لەوانەشە
ئەم جارەیان باجەکەی قورستر بێ بۆ خوێندکاران چونکە پەیوەندیی بە نمرەی
خوێندکارانەوە ھەیە.
١\٦\٢٠٢٠
muhammedhmd@gmail.com
|