٦\٤\٢٠٢٥
تاران
-
واشنتۆن: سێ ڕێگە و یەک ئامانج.

ئەرسەلان مەحمود
• دیالۆگی کەڕ و لاڵەکان.
دیپلۆماسیەتی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامی
ئێران، پتر لە حیکایەتی "مێش" یان ئەو دوو کەڕ و لاڵە دەچێت کە بەبێ
ئەنجام خۆی دووبارە دەکاتەوە یان هیچیان نایانەوێ گوێ لە ئەویتر بگرن.
دیالۆگێک ٤٥ ساڵە، لە ژێر سێبەری بێمتمانەیی ڕەهادا، هەر کاتێک
هەنگاوێک بۆ نزیکبوونەوە نرابێت، بە دوورکەوتنەوە وەڵامدراوەتەوە و هەر
جارێکیش دیپلۆماسییەت کشابێتەوە، سزا و گوشارەکان و توندوتیژی بوون بە
جێگرەوە. ئەم دینامیکەیەتە بەردەوامە لر ڕاستیدا ڕەنگدانەوەی هەڵەی
قووڵی تێگەیشتنە لە هەردوو لاوە.
• دوا نامەکەی ترامپ و جیاوازییەکەی لەگەڵ جارانی پێشوو.
نامەی ئەمجارەی ترامپ بۆ خامنەیی لە ڕواڵەتدا هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ
نامەی سەرۆکەکانی پێشوو تری ئەمریکا نییە. بەڵام وەڵامدانەوەی ئەمجارەی
خامنەیی گۆڕانکارییەکی بەرچاوە لە ستراتیژییەتی دیپلۆماسی ئێران لر
ڕوانگەیەی ئەو کەسەی کە زیاتر لە چوار دەیەیە، ستراتیژی دەرەکی ئێرانی
دیاری و ئاڕاستە دەکات.
خامنەیی، بە ناوی "مقاومەی ئیسلامی" بە درێژایی دەیەکان، دژایەتی
ئەمریکا یان بە گوتەی خۆی "شەیتانی گەورە"ی کردووە بە بەردی بناغەی
سیاسەتی دەرەوەی ئێران. ئەم بۆچوونە لەسەر دوو بنەما دامەزراوە: یەکەم،
ناسنامەی شۆڕشگێڕانەی ڕژێم لەسەر دژایەتی ئیمپریالیزمی ڕۆژئاوا بنیات
نراوە. دووەم، خامنەیی بەردەوام بڕوای وابووە کە ئەمریکا بە دوای
ڕووخاندنی ڕژێمەکەی ئەوەوەیە، نەک گەیشتن بە ڕێککەوتن.
• هۆکارەکانی گۆڕانی هەڵوێستی خامنەیی.
ئێستا، سێ هۆکاری سەرەکی وایانکردووە خامنەیی ڕازی بێت بە وەڵامدانەوەی
دوا نامەکەی ترامپ بۆ کردنەوەی دەرگەی دانووستان، هەرچەند بەلای
خامنەییەوە ئەمە لە ڕێگەی نێوەندگیرەوە:
یەکەم/ قەیرانی ئابووری و ناڕەزایەتییە ناوخۆییەکان: سزاکانی ئەمریکا
لە دەیەی ڕابردوودا کاریگەرییەکی وێرانکەری لەسەر ئابووری ئێران داناوە.
هەناردەی نەوتی ئێران بە ڕێژەی زیاتر لە ٧٠٪ کەم بووەتەوە، نرخی دراوی
ئێران بە ڕادەیەکی بێوێنە دابەزیوە و هەڵاوسان ڕێژەی ٤٠٪ تێپەڕاندووە.
لێکەوتەکانی هەموو ئەمانەش کاریگەرییان لەسەر چینی ناوەڕاست هەبووە،
ئەو چینەی کە بەشێکی گرنگی سەقامگیری کۆمەڵگەی ئێرانی پێکدەهێنن.
لە ساڵانی ٢٠١٩ - ٢٠٢٣دا، ئێران ڕووبەڕووی ناڕەزایی فراوانی ناوخۆیی
بۆوە کە یەکێک لە هۆکارەکانی، بارودۆخی خراپی ئابووری بووە. خامنەیی
تێگەیشتووە مانەوەی ڕژێمەکەی، پێویستی بە کەمکردنەوەی گوشارە
ئابوورییەکان هەیە.
دووەم/ گۆڕانکارییە جیۆسیاسییەکان: ئێران لە ناوچەیەکدا کاری سیاسی
دەکات کە بە خێرایی گۆڕانکاری بەسەردا دێت. هاوپەیمانێتی زیاتری نێوان
ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی کەنداو، بەتایبەت ڕێککەوتننامەکانی ئیبراهیم،
پێگەی ناوچەیی ئێرانی لاواز کردووە. هەروەها، نزیکبوونەوەی سعودیە و
چین لە یەکتری، سەرقاڵی زیاتری بەیجین لە ڕووسیا-ئۆکرانیا و سەرهەڵدانی
ئەوپەڕی ڕاست لە ئەوروپا، هەموویان نیشانەی ئەوەن کە ئێران ناتوانێت
پشت بە چین و ڕووسیا ببەستێت وەک جاران.
سێیەم/ ترامپ جیاوازە لە سەرۆکەکانی پێشوو: لە سەردەمی سەرۆکایەتی
یەکەمیدا، ترامپ سەلماندی پابەندی ستراتیژی "گوشاری زۆرینە"یە و لە
وەرزی دووەمی سەرۆکایەتییەکەیدا بێ سنوورتر و دڵنیاتر هەنگاو دەنێت،
ڕەتکردنەوەی نامەکەی لەوانەیە ببێتە هۆی سزای قورستر و مەترسیدارتر بۆ
سەر ئێران.
لە هەمانکاتدا، ترامپ دەستکەوتی سیاسی خێرا و گەورەی دەوێت. لەبەر ئەوە
ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئێران، تەنانەت ڕێککەوتنێکی بچووکیش، دەتوانێت وەک
سەرکەوتنێکی دیپلۆماسی گەورە ببینرێت. خامنەیی دەزانێت کە دەتوانێت ئەم
خاڵە لاوازە بۆ بەرژەوەندی خۆی بەکاربهێنێت.
• ستراتیژی درێژخایەنی گفتوگۆ کە ئێران داوای دەکات
ڕەتکردنەوەی گفتوگۆی ڕاستەوخۆ و پێشنیاری دانوستانی ناڕاستەوخۆ لەلایەن
خامنەییەوە، بەشێکە لە ستراتیژی زۆر وردی ئێران. ئەم ستراتیژیە چەند
لایەنێکی هەیە: ستراتیژی کات وەک دانووستانێکی بێکۆتایی، ئێران دەیەوێت
پرۆسەی دانووستان تا دەکرێ درێژ بکاتەوە. سەرەتا، دیاریکردنی نێوەندگیر
پێویستی بە چەندین مانگ هەیە. ئێران عومان یان قەتەر پێشنیار دەکات،
ئەمریکا حەزی لە سویسرا یان پاکستانە، پۆتن و ئەردۆغانیش دەیەوێت خۆیان
بکەنە نێوەندگیر. تەنانەت دەستنیشانکردنی شوێنی چاوپێکەوتنەکان، ئاستی
نوێنەرایەتی و ڕۆژەڤی گفتوگۆکان، هەریەکەیان دەتوانن مانگەها بخایەنن.
ئەم ستراتیژە درێژخایەنە پێنج ئامانجی سەرەکی هەیە:
١. چاوەڕێکردنی هەڵبژاردنەکانی ناوەڕاستی خولی ئەمریکا. خامنەیی
هیوادارە هەڵبژاردنەکانی ناوەڕاستی خولی ئەمریکا، دەسەڵاتی ترامپ کەم
بکەنەوە. ئێران لە مێژووی خۆیدا چەندین جار ئەم ستراتیژیەی پەیڕەو
کردووە، چاوەڕێکردن بۆ گۆڕانکاری لە سیاسەتی ناوخۆی ئەمریکا.
٢. ڕاگرتنی میکانیزمی گەڕاندنەوەی خێرا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە
یەکگرتووەکان، کە بڕیارە لە مانگی ئۆکتۆبەر چالاک بکرێت، مەترسییەکی
گەورەیە بۆ ئێران. لە ڕێگەی دانووستانەوە، ئێران دەتوانێت بەلایەنی
کەمەوە ئەم میکانیزمە دوابخات.
٣. کاڵکردنەوەی ستراتیژی گوشاری زۆرینە، تەنها بوونی پرۆسەی دانووستان،
کاریگەرییەکی لەسەر نرخی نەوت و بازاڕی دراوی ئێران هەیە. بازرگانان و
کۆمپانیاکان دەتوانن بە هیوای باشبوونی دۆخ، زیاتر ئامادەبن مامەڵە
لەگەڵ ئێران بکەن تەنانەت لە سێبەری سزاکاندا.
٤. پاراستنی کاتی پەرەپێدانی ناوەکی، لە درێژخایەندا، ئاستی سەرکەوتنی
پرۆگرامی ناوەکی فاکتەرێکی سەرەکییە لە هێزی دانووستانی ئێران.
دانووستانی درێژخایەن دەرفەتی زیاتر دەدات بە ئێران بۆ بەردەوامبوون لە
پەرەپێدانی توانا ناوەکییەکانی بەبێ ئەوەی ڕووبەڕووی سزای زیاتر
ببێتەوە.
٥. فراوانکردنی کەلێنەکانی نێوان ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی.
دانووستانی ئێران-ئەمریکا دەتوانێت کەلێن لە نێوان ئەمریکا و
هاوپەیمانەکانی دروست بکات، بەتایبەت ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی.
هەروەها هەندێک لە وڵاتانی ئەوروپی زیاتر حەزیان لە ڕێککەوتنە تا گوشار،
کە دەتوانێت یەکگرتوویی ڕۆژئاوا لاواز بکات.
• پێشبینییەکان و ئەگەرەکانی داهاتوو.
پێموایە سێ سیناریۆی سەرەکی بۆ ئایندەی پەیوەندییەکانی ئێران-ئەمریکا
هەن، بەڵام هەر سێکیان لە چێوەی ستراتیژی سەرەکیدا دەسووڕێنەوە:
مانەوەی ڕژێم و بەردەوامی لە بەڕێوەبردنی سیاسەتی ناوخۆیی بەبێ
دەستێوەردانی دەرەکی.
سیناریۆی یەکەم/ دانووستانی درێژخایەنی ئەنجام.
ئەمە سیناریۆی زۆرینەیە. ئێران لەوانەیە بە زیرەکی پرۆسەی دانووستان
درێژ بکاتەوە بەبێ ئەوەی بگاتە هیچ ڕێککەوتنێکی گەورە. لە ڕەوتی
پرۆسەکەدا، دەتوانێت هەندێک ئیمتیازی بچووک وەربگرێت، وەک ئاسانکاری لە
هەناردەکردنی نەوت بۆ چین و هیند. نەرمکردنی سزاکان لە بواری دەرمان و
کەلوپەلی سەرەتایی. دوورخستنەوەی مەترسی هێرشی سەربازی ئەمریکا یان
ئیسرائیل.
سەرکەوتنی ئەم سیناریۆیە لەسەر توانای ئێران بۆ گەیشتن بە شێوازی
دانووستانێک دەوەستێت کە ئیمتیازە بچووکەکان بەدەست بهێنێت بەبێ ئەوەی
ناچار بە گۆڕانکاری بنەڕەتی بکرێت.
سیناریۆی دووەم/ ڕێککەوتنێکی بچووک لەسەر پرسی ناوەکی.
ئەگەر ستراتیژی پرۆسەی درێژکراوە ئەنجامی نەبێ و ئابووری ئێران بەرەو
داڕمانێکی تەواو بڕوات، خامنەیی لەوانەیە ڕازی بێت بە ڕێککەوتنێکی
بچووک وەک ڕاگرتنی کاتی چالاکییە ناوەکییەکان بۆ ماوەی ١٨ مانگ
بەرامبەر بە هەڵگرتنی سزاکانی نەوت و بانکداری. هەڵپەساردنی میکانیزمی
"گەڕاندنەوەی خێرا.
گرنگە تێبگەین کە ئەم ڕێککەوتنە، لە باشترین حاڵەتدا، تەنها
ساڕێژکردنێکی کاتی دەبێت بۆ زامەکانی ئابووری، نەک چارەی درێژخایەن بۆ
ناکۆکییەکان.
سیناریۆی سێیەم/ پچڕانی دانووستان و قووڵبوونی قەیران.
ئەم سیناریۆیە کاتێک ڕوودەدات ئەگەر ترامپ لەگەڵ پێشنیاری دانووستانی
ناڕاستەوخۆ ڕازی نەبێت و داوای چاوپێکەوتنی ڕاستەوخۆ بکات. ئەمریکا
سزای نوێ بسەپێنێت لە کاتی دانووستاندا. گرووپە چەکدارەکانی سەر بە
ئێران هێرش بکەنە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا.
لە حاڵەتی ئەم سیناریۆیەدا، ئێران لەوانەیە پەنا بباتە بەر ستراتیژی "هێرش
بۆ بەرگری"، واتە هەڕەشەکردن لە بەستنی تەنگەی هورمز، پەرەپێدانی
خێراتری بەرنامەی ناوەکی، یان هاندانی زیاتری گرووپە چەکدارەکان بۆ
هێرشکردنە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی.
کورت و پوخت: دەرسەکان و ئایندە.
زیاتر لە چل ساڵی پەیوەندی ئێران-ئەمریکا پێمان دەڵێت کە پێویستە
ڕێبەرانی ئەمریکا تێبگەن دانووستان لەگەڵ ئێراندا، خامنەیی و ڕابەرانی
سپای پاسداران دوو ئامانجی سەرەکیان هەیە، مانەوەی ڕژێم و پاراستنی
دەسەڵاتی ناوخۆییان.
ئێران بە ئاسانی دەستبەرداری سیاسەتی ناوچەیی خۆی نابێ، تایبەت کاتێک
ئەم سیاسەتە وەک فاکتەرێکی گرنگی مانەوە دەبینێت. ئاسایشی ناوچەیی وەک
چەکێکی لێکدژ بەرامبەر ئەمریکا بەکاردەهێنێت.
ئاکامی ئەم سیناریۆیانە پتر پشت بە سەرنج و کردەی ترامپ دەبەستێت. ئایا
ترامپ ئامادەیە بۆ پرۆسەیەکی درێژخایەنی بێ دەستکەوتی گەورەی سیاسی؟ یا
دەیەوێت ڕێککەوتنێکی خێرا بکات و ئیمتیازی گەورە بدات؟ یان بە تەواوی
دەست لە دیپلۆماسی هەڵدەگرێت و دەگەڕێتەوە سەر گوشاری زۆرینە؟
مێژوو پێشبینی سەرکەوتنی دیپلۆماسی ئەمریکا لەگەڵ ئێران ناکات. وەک
خامنەیی خۆی وتوویەتی: "ئێمە دەزانین خواستەکانی ئەمریکا چین. ئەوان
دەیانەوێت ئێران ئەو جۆرە ئێرانە بێت کە ئەوان دەیانەوێت، نەک ئەو
ئێرانەی کە ئێمە دەمانەوێت."
ماڵپهڕی ئهرسهلان مهحمود
|