٢٥\١٢\٢٠١٣
تا راڕەو و
هۆڵەکانی (ئاین) تاریک بن
کەسێک ناتوانێ
لاتەریک نەبێ لە مۆم و چراکانی ئەوانەوە.

شوان عوسمان
من نالێم (ئاین) تلیاکی گەلانە ئەوە بۆ خۆی رایەکەو منیش لێرەدا باسی
ئەو رایە ناکەم، بەلکو رایەکەی خۆم بۆ لایەنێکی تری روانینی کۆمەڵەوە
تەرخان دەکەم، (ئاین) بەگوێرەی مێژووی سەرهەڵدانیان جگە لەوەی
پێداویستیەک بووە کاتی خۆی بۆ رێکخستن ونوێکردنەوەو درێژەدانی
پەیوەندیەکانی نێوان (عەبدو خالق) خواوەندو خوداپەرست، بەدرێژایی
رابردوودا تا ئەمڕۆکەش ئەوە بەردەوامە ، هاوکات رێگاچارەیەکیش بووە بۆ
راستەرێکردنی مەردوم لەبواری خەسلەت وخوورەوشت وهۆشمەندیەکی داواکراو،
نەک بە لارێیەک لاڕێ بردن هەروەها ببێتە هۆکارێک بۆ تەفرەدان وفریودان
بە هەندێک کارو دیاردەو سیمای نەگونجاو کە لەگەل گۆڕانی چەرخی تازەو
سەردەمی نوێدا کە نەگونجێت، سەکۆکانی (ئاین) ئەگەر بوونە سەکۆیەک بۆ
جاڕدانی فەتوای کوشتن ودرێژەدان بە ئاکارو دیاردەی خەرافی وکۆنەپەرستی
کە لەگەل هۆشمەندی زاڵی تازەدا ناتەبا بێت، ئەوا بێگومان (ئاین)
ناکەوێتە خزمەتی مەردوم وپەیامی مرۆڤایەتی، هەروەها مرۆڤەکانیش ئەگەر
بەو شێوەیە پیاوە رەسمیەکانی (ئاین) بناسن کە پایەو پلەی پێگەکانیان لە
پێناو ژیانێکی ئاسودەو کۆمەڵگایەکی شارستانی وپێشکەوتوو تر دابین ناکەن،
دوورەپەرێز دەبن لە ژیان و(ئاین)یش لێیان دوور دەکەوێتەوە..
(ئاین)ی ئیسلام لەو (ئاین)ە داخراوانەیە کە هەموو پەنجەرەو دەرگاکان
بەسەر خۆی دادەخات، تەنیا لە رێی هەتاوێک کە ئەو خۆی هاوباوەڕە پێی
تەماشای دەوروبەری دەکات، هەروەها ئەو خۆی هەمیشە لە هاوچەرخێتی بوونی
کۆمەڵ دوور دەکاتەوەو دەدزێتەوە، ئنجا لە رێی پیاوەکانی بێت یاخود لە
روانینی (شەریعەت)ەکەی، دەکەوێتە حەلال کردنی هەندێک کارو ئاکار، کە
لەوانەیە بەلای ئەوانەوە رەوا بێت، بەڵام بەلای کەسانێکی دیکە نارەواو
نامەتیقی بێت، هەموو (ئاین)ەکان بەدرێژایی تەمەنیان لە هەولی ئەوەدا
بوون وئێستاش لە کارای ئەوەدان کە بەگوێرەی گۆڕان وگەشەی سیستمی
ئابووری وهاتنەپێشەوەی سیماکانی شارستانی کۆمەڵگا خۆیان بگونجێنن
ولەرەوتی وەرچەرخان وپێشکەوتنی عەقل وهۆشمەندی کۆمەڵی مرۆڤیشدا نەبنە
رێگرو لە رێخۆش کردنیان بۆ پڕۆژەی ئاوەدانی وتازە داهاتن وداهێنانی
گەورەدا، تا دوورەپەرێز نەبن وخەڵک لێیان دوور نەکەوێتەوە...
ئەوەتا لێرەدا لە ئەوروپادا (کلێسا-کەنیسە) چووەتە ناو هەموو ماڵێک،
هەروەها لە هەولی ئەوەشدا بەردەوام بێت تا رۆژانە دانەبڕێت لە خۆشی
وناخۆشیەکانی خەڵکەکانی خۆیان، تا بگەنە ئەو رۆژەی ماڵەکان وکەسەکان بە
ماڵی خۆیان بزانن هەروەها لە مەراسیم ولە چالاکیە کۆمەڵایەتی
ونیشتیمانیەکانیان بە بیر خۆیانیان بێننەوە..لێرەدا لە ئەوروپا کەنیسە
ناتوانێت لە دوورەوە تەماشای گۆڕانی ژیان وتازەگەری گوزەرانی تاک
وخێزانەکان بکات، بەلکو پێبەپێ ئەوان خۆی دەگۆڕێت ولەگەلیان دەڕوات، تا
بە گۆڕانکاریەکانی کۆمەل نامۆ نەبن ونەبنە شتێکی ناواقیعی، هەروەها
هەمیشە ئەوان لە کارو تێکۆشانی ئەوەدان کە هاوشانی گۆڕانی کۆمەڵگادا
لەگەل رەوتی بەرەوپێشچوونی گەنجاندا هاوهەنگاو بن ولە تەکیان بڕۆن،
هەروەها کارێکی نارەواش نەکەن تا ببێتە هۆی ئەوەی ئەوان لە خۆیان دوور
بکەنەوە...
لە تازەترین هەولی کەنیسە لە (هۆلەندە)دا بڕیاری ئەوەیان دا کە تیپە
مۆسیقاییە گەنجانەکانی شارەکانیان لەرێی هونەرەکانیان دەرگای هۆلە
داخراوەکانیان بخەنە سەر پشت، تا ئەوان بتوانن گەنجەکان بە تازەترین
تەکنەلۆژیاو بەهرەی مۆسیقایی تازەوە بەشداری پێبکەن، هاوکات بتوانن
بەهرەو هێزی ئەوان ببەنە ژوورەوەی رارەوو هۆلەکانی خۆیان، ناکرێت ئاین
هەموو رارەوو دەرگاو هۆڵەکانی خۆی تەنگتر وتاریکتر بکات، لەکاتێکدا
دونیا رۆژبەرۆژ زیاتر دەکرێتەوەو لەیەکتر نزیک دەبێتەوە هەروەها
کۆمەڵیش بەرەو پێشەوە دەچێت، کۆمەڵ بەگوێرەی هەڵوێستی ئەو
دامودەزگایانەوە هەڵسوکەوتیان لەگەل دەکات، تەنانەت کەنیسە هەرگیز رێ
لە سیستمی خوێندنگا وکۆمەڵایەتی ناگرێت ونابێتە هۆی هێنانی ئاکارو
دیاردەیەک کە لەگەل هۆشمەندی وخەسلەتی تازەی هاوشانی خوێنکاران وخواست
وویستی ئەوانەوە ناشازو نەگونجاو بێت، بەڵام سەکۆکانی (ئیسلام)
رۆژبەرۆژ دەبنە گۆڕەپانی شەڕو فتوحاتی ناڕەواو مەیدانی غەزاو جیهادی
عەقل ورێبازی توندڕەو هەروەها دەبنە فەزایەکی جیاوازو نامۆو نەگونجاو
لەگەل چەرخی تازەو عەقلی تازەدا، کاتێک دەبنە هۆکارێک بۆ
پڕوپاگەندەیەکی نامەتیقی وناشارستانی....
رارەوە تاریک وتەنگەبەرەکانی کەنیسە رازی نابێت رارەوەکان وهۆڵەکانی
کۆمەڵگاو خەڵک بە تاریکی بێلێتەوە، چونکە ئەوە خەڵکی لێی قبوول ناکات،
بەلکو هەول دەدات رووناکیان بکاتەوەوو دەرووەکان واڵا دەکاتەوە، تا
نەبنە هۆی گەڕانەوەو دواکەوتنی شێوازو سیستمی تازەی ژیان
وگوزەران،بەڵام تا رارەوە تاریک وتەنگەبەرەکانی (مزگەوت)یش لە کۆمەڵگا
رۆژهەڵاتیەکانی ئێمەدا رووناک نەبنەوەو بەسەر سیستمی ژیان وعەقلی
تازەدا نەکرێنەوە، نە ئەوان دەرگاکانیان واڵا دەبن ونە کۆمەڵیش
دەکرێتەوەو لایەنی گۆڕانی واڵا دەبێت..
لە تازەترین فەتوای شێخێکی ئیسلامدا بەناوی (د.عەلی ئەلرەبیعی)دا دەلێت
لە یەکێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانی سەر ئینتەرنێت گوتوویەتی" نابێت
سەرنشین شوفێری ئۆتۆمۆبیلەکان پشتێنی سەلامەتی بۆ خۆیان بەکار ببەن
چونکە ئەوە کارێکی نەگونجاوو دژ بە حوکمەکانی خوایە لەبەرامبەر (قەزاو
قەدەر)دا... " من نامەوێت لێرەدا باسی دەستکەوتەکانی ئەو پشتێنە بۆ
دابین کردنی سەلامەتی سەرنشینەکانی ناو قەمەرەیەک بکەم کە هەبوونی چەند
گرنگە چونکە هەر هەمووتان ئەوە باش دەزانن، بەڵام هەر ئەوە دەلێم ئەگەر
ئەو پشتێنە لە جیهاندا نەبووبایە گەورەترین کارەساتی مرۆیی رۆژانە لە
رووداوی هاتوچۆدا روویدەدا، هەوەها ئێمە لە کوردستاندا بە گوێرەی
هەبوونی ئەزموونێکی زۆر لە نەبوونی حزووری یاساو نیزام لە هەموو کەس
زیاتر بەهای ئەو پشتێنە دەزانین، ئەگەر ئەوەمان لەکاتی خۆی بەباشی
بەکار ببردایە، باوەڕ ناکەم قەت ئەو بەرەنجامە ناخۆشانەی رووداوی
دووبارە بوونەوەی مردنی ناوەختی رۆلەکانمان بەو شێوەیە بووایە..
ناکرێت کۆمەڵ لە پێشکەوێتن دابێت و سەکۆکان وراڕەوەکانی (ئاین) نەگۆڕێن
ولەدواوەی کۆمەڵدا چەق ببەستن، هەروەها لە هەولی ئەوەش دابن ئاراستەو
رەوتەکان بەرەو دواوەو بەرەو ئاقارێکی دیکەی دواکەوتوو ببەن، ئەوە خۆی
لەخۆی ناتەبایی وناگونجانێک لە نێوان گۆڕان وپێشکەوتن ومانەوەو
گەڕانەوە بەرەو دواوە دێنێتە ئاراوە، ئەوکاتیش بێگومان هەر ئەو سەکۆو
راڕەوانە دەبن بە زەرەرمەندی یەکەم، چونکە ئەوە کۆمەلگایە دەگۆڕێت وهیچ
کەسێک ناتوانێت رێگای لی بگرێت، کە کۆمەڵی مرۆڤیش گەیشتۆتە ئەو قۆناغ
وپێگە کۆمەلایەتیە لە رێگای ئەوانەوە نەبووە، بۆیە رۆژی ئەوەیە (مزگەوت)یش
بتوانێت شانبەشانی (کەنیسە)ەکان خۆی لەگەل عەقڵ وهۆشمەندیەکانی
کۆمەڵگادا بگونجێنێت..
_______________________________
سەرچاوە: تۆڕی کۆمەڵایەتی (فێیس بوک) و(تویتەر)
https://www.facebook.com/photo.php?fbid=715498705135663&set=a.110161215669418.13978.100000266197655&type=1&theater
٢٠١٣
- هۆلەندە
ماڵپهڕی
شوان عوسمان
|