٣٠\١\٢٠١٣
''تارمایێ بۆگەنێ''
و بزاڤێک لە پێناو مانەوەدا.
رەئوف
مەحموودپوور
لەم
ڕۆژانەدا بەرھەمێکی خنجیلانە کرایە سەوقات بۆ کتێبخانەی کوردیی.
بەرھەمێک لە جۆری خۆیدا سەرتەڵ و مژدەبەخش. "تارمایێ بۆگەنێ" یەکەم
کتێب لە ژانری کورتەچیرۆک بە زاری ھەورامیە کە لە لایەن "فەرشید
شەریفی"ەوە ئامادە کراوە. فەرشید شەریفی؛ لاوێکی ماندوونەناسی چالاک لە
بواری وەرگێڕان، ڕەخنەکاری ئەدەبی و چیرۆک نووسیە کە تا ھەنووکە زیاتر
لە دە بەرھەمی لە زمانی فارسیەوە کردوە بە کوردی سۆرانی و لە لایەن:
دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، خانەی وەرگێڕان، بنکەی ئەدەبیی گەلاوێژ و
دەزگای مووکریانیەوە، لە ھەولێر و سلێمانی چاپ و بڵاو کراونەتەوە.
لەیادمە لە فستیواڵێکدا کە بۆ ڕێزگرتن لە دوو کەسایەتیی چالاکی بواری
فەرھەنگیی، کە ساڵی ١٣٩١ لە مەریوان بەڕێوە چوو، وتـم: ناکرێ خۆمان بە
دڵسۆزی گەل و نەتەوە بزانین ئەگەر دوو خاڵ لەبەرچاو نەگرین. یەکەم
ئەوەی کە خۆمان بە دڵسۆزی زمانی نەتەوەیی بزانین بە بێ لەبەرچاو گرتنی
وردە کولتوورە ئەتنیکیەکانی کوردەواری و دووھەم؛ ئەوەی کە خۆمان بە
خەمخۆری فەرھەنگی ناوچەیی بزانین بە بێ لەبەرچاو گرتنی بەرژەوەندیە
باڵاکانی نەتەوەیی.
وەک دیارە "فەرشید شەریفی، لەگەل ئەوەدا کە زیاتر لە دە بەرھەمی بۆ سەر
زمانی کوردیی سۆرانی وەرگێڕاوە، لەئاست زاری ناوچەییش کەمتەرخەم نەبوە
و بە بڵاوکردنەوەی یەکەم کتێبی کورتەچیرۆکی سەردەمیانەی ھەورامیی،
خزمەتێکی مێژوویی بە کولتووری کوردی کردوە.
ئەگەر لە بواری تەکنیکی چیرۆکنووسیەوە سەرنجی بەرھەمەکەی فەرشید بدەین؛
ئەکرێ بێژین لە ڕوانگەی ناوەرۆکەوە؛ بەرھەمەکان خۆیان لە شێوازی
ڕیالیزمی جادوویی و ڕیالیزمی کۆمەڵایەتیدا ئەبیننەوە.کورتەچیرۆکی "تارمایێ
بۆگەنێ" کە ناوی کتێبەکەش لەوەوە گیراوە، تا ڕادەیەکی بەرچاو بەرەو
شێوازی ڕیالیزمی جادوویی کشاوە و زۆرێک لە چیرۆکەکانی دیکەش خۆیان لە
شیوازی ڕیالیزمی کۆمەڵایەتی و ئەخلاقیدا ئەبیننەوە. ئەڵبەت بە ڕچاو
کردنی کولتووری ناوچەیی.
بۆ شێوازی نووسینیش، گۆشەنیگای سێھەم کەس ھەڵبژاردە کراوە و
چیرۆکرۆکەکان لە زاری زانای گشتیەوە ئەگێڕرێنەوە.
بەکارھێنانی لەھجەی شیرینی پاوەیی، ئەرێنی بوونی چیرۆکەکانی زایاتر
دەرخستوە.
ئەڵبەت ئەکرێ لە گۆشەنیاگای دیکەشەوە ئەم بەرھەمە شەن و کەو بکرێت و
باسی زۆر ھەڵدەگرێت بەڵام بۆ درفەتێکی دیکە.
بەردەوامی و سەرکەوتنی زیاتر بۆ فەرشید ئەخوازم و لە جیاتی مەولەوی
ئەڵێم:
ھەرکەس تەوەلۆد دووبارەش نیەن
ئەڵبەت سەعادەت ستارەش نیەن
رێبەندانی ١٣٩١ی کۆچی
ھەتاویی - مەریوان
ماڵپهڕی فهرشید
شهریفی
|