په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٧\٥\٢٠١٤

تارمایی مارکس!


جەمال موحسین      

 

١٩٦ ساڵ لەمەوبەر لە ٥ی ئایاردا، شاری ترایەری پروسیا (ئەڵمانیا) باوەشی بۆ مرۆڤێکی گەورە کردەوە؛ کارل مارکس.


لەو کاتەوەی کە ئەو خوێندنی زانکۆی تەواو کرد و دەستی کرد بە باسەکانی لە ماتریالیزمی دیالەکتیکدا، لەو کاتەوەی کە ئەڵمانیای جێهێشت و لە تەمەنی ٢٥ ساڵیدا لە پاریس گیرسایەوە و لەگەڵ رادیکاڵترین ڕۆژنامەکانی ئەوێدا دەستی بە نووسینی بیروڕاکانی کرد، وە هەر لەو کاتەوە بووە هاوڕێی فرێدریک ئەنگلس و تا مردن پێکەوە بوون، لەو کاتەوەی کە ئاوارە کرا و ناچار بە نیشتەجێ بوون لە لەندەن کرا، درێژەی بە باسە سیاسی و فیکریەکانی دا، لەو کاتەوە کە بووە ئەندامی کۆمەڵەی کرێکارانی نێونەتەوەیی، لەو کاتانەوە کە باسە قوڵەکانی سەبارەت بە ئابوری و ئابوری سیاسی، فەلسەفە و فیکر، مێژوو، کۆمەڵگای چینایەتی و خەباتی چینایەتی و کۆتایی هاتن بە نایەکسانی نێوان مرۆڤەکان هێنایە ئاراوە، باسی "کردەوەی شۆڕشگێڕانە" یان "کاری شۆڕشگێڕانە" بۆ هەڵپێچانی ئەو سیستمەی سەرچاوەی کۆیلەتی بۆ کرێیە، هاتۆتە نێو زمانی سیاسی و هەڵسوکەتی سیاسی و خەباتی ڕۆژانە و جەماوەریی خەڵکی ستەمدیدەوە.


ئەوێک کە زۆر کەس بە فەیلەفوسفە، ئابوریناسە، کۆمەڵناسە، مێژووناسە، ڕۆژنامەنووسە، بیرمەندە، سۆسیالیستە شۆڕشگێڕە ئەڵمانیەکە ئەیناسێنن، توانیوویەتی لەم نزیک بە سەدە و نیوەی دواییدا سنوورەکانی دنیا ببەزێنێ. ئەو ئێستا خۆی کردووە بە کوچە و کۆڵانە تاریک و شێدارەکانی گەڕەکە هەژارنشینەکانی سلێمانی و هەولێر و بەغداد و تاران و دەکا و نیودەلهی و برازیلیا و لەندەن و نیویۆرک و واشنتەن دیسی و مۆسکۆ و ڕیۆ دی جانیرۆ و... هتد و لەگەڵ منداڵانی هەژاراندا گۆرانی بۆ نان ئەڵێ. لەگەڵ ئازادیخوازان گۆرانی بۆ ئازادی ئەڵێ، لەگەڵ یەکسانیخوازان و لە خەباتیاندا سرود ئەڵێ و لەگەڵیاندا ئاڵای سووری شۆڕشی هەڵکردووە. ئەو ئێستا لەگەڵ خەباتکارانی ژن و پیاوی مەیدانی یەکسانیدا قۆڵیلێهەڵماڵیوە و هەنگاو بە هەنگاو لەگەڵیاندا پێ هەڵئەگرێ. هاوکاتیش لە وۆڵ ستریتەوە تا ستۆک ئیکسچەینج، لە بوندەس بانک و بانکی مەرکەزی ئەوروپایەوە تا کۆمسیۆنی ئەوروپا و ئەو مەرکەزانەی لێوەی قەیرانە ئابوریەکان هاتە دەر و زریانەکەی بەرەو ژیانی کرێکاران و خەڵکی بێبەش لە سەرتاسەری دنیادا هەڵیکرد حەقانیەتی تیۆریەکانی مارکسیان سەبارەت بە قەیرانە ئابوریەکانی سەرمایەداری کە هەر چەند ساڵ جارێک بە ناچاری سەرهەڵئەدەن، سەلماندەوە. ئەو قەیرانانەی کە لە بنەڕەتدا بۆ پێشگرتن بە کەمبوونەوەی قازانجی سەرمایە هەڵئەگیرسێن، تەنها و تەنها هەژاری و بێکاری زیاتر و ڕۆچوونی چینی کرێکار بە سەختی زیاتری ژیان و نەبوونیدا و سەندنەوەی بیمە کۆمەڵایەتی و دەرمانیەکان بە دوای خۆیدا ئەهێنێ. قەیران یەخەی سەرمایە و دەسەڵاتەکەی ئەگرێ، بەڵام لەبەرامبەریشدا بێ مافی زیاتر و زیندووکردنەوەی خورافات و کۆنەپەرستیش یەخەی هەژاران ئەگرێ.


لە کاتی سەرهەڵدانی ئەو قەیرانانەوە کە لە سەراسەری دنیادا تەشەنەی کرد، بزووتنەوەکانی ناڕەزایەتی بە سەرمایەداری لە چەشنی "بزووتنەوەی داگیری بکەن"، "ئێمە ٩٩٪ین" و هەموو خۆپیشاندان و کۆبوونەوەکان لە زۆربەی هەرە زۆری پایتەخت و شارە گەورەکانی ووڵاتانی جیهان نیشانەی نەفرەت و ناڕەزایەتیەکی قوڵی کۆمەڵایەتیە بەو نایەکسانیەی کە سەرمایەداری جیهانی سەپاندوویەتی. هەربۆیە کتێبەکانی مارکس لە گروندریسەوە بگرە تا کاپیتاڵ (سەرمایە)، لە مانیفێستی کۆمۆنیستەوە بگرە تا سەرخەتەکانی ڕەخنە لە ئابوری سیاسی، لە ئایدۆلۆژی ئەڵمانیەوە بگرە تا مسۆدەکانی سەبارەت بە ئابوری، هاتوونەتەوە ڕیزی پێشەوەی کتێبە پڕ فرۆش و باوەکانی ئەم سەردەمە و زۆرترین خوێنەریان لە ناو خەڵک و بە تایبەتی گەنجانی سەر بە چینی کرێکاردا بۆ پەیدا بووە..


گەر لە ١٦٦ ساڵ لەمەوبەردا مارکس لە مانیفێستی کۆمۆنیستدا گوتی:"تارماییەک بەسەر ئاسمانی ئەوروپادا دێت و ئەچێت، ئەویش تارمایی کۆمۆنیزمە"، ئەوا هەتا ئێستاش ئەو تارماییە و تارمایی بیرمەندێک کە زانست و یاساکانی ناسینی ئەو کۆمەڵگایە و ئەو کۆمۆنیزمەی داهێنا، بەسەر سەری ئاسمانی نایەکسانی سەرمایەداری دنیادا ئەسوڕێتەوە! دنیایەک کە تیایدا سەروەتی تەنها یەک بلیۆنەری جیهان یەکسانە بە داهاتی ١٧ ملیۆن کەس لە هەژارترینی دنیا، نزیک بە ٢،٧٤ بلیۆن خەڵک ڕۆژانەکەیان تەنها ٢ دۆلارە، تەنها ئەتوانرێ بە "پراکتیکی شۆڕشگێڕانە و هوشیارانە" ی ئینسانەکان ژێرەوژوور بکرێ. دنیایەکی ئاوها بۆ ئەتوانێ تا سەر و ئەبەدی بێ؟! بە دیهێنانی ژیانێکی باشتر و ئازادی و یەکسانی بۆ ناتوانرێ قابیلی دەستپێڕاگەیشتن و مەیسەر بێ؟!


گەر نایەکسانی و هەژاری و نەگبەتی کە چەند سەد ساڵێکە سیستمی سەرمایەداری کردوویەتیە دیاری کۆمەڵگا و تا ئێستاش دوای ئەم هەموو پێشکەوتن و شۆڕشەی تەکنەلۆژیا، کەڵەکە بوونی بێشووماری سەرمایە لە شێوەی کێوە بەرزەکاندا خۆی ئەنوێنێ، ئەوا ئەم ڕاستیە پێویستی و ئیمکان بوونی گۆڕینی جیهانی چەند بەرابەر جەخت کردۆتەوە. با لە خەباتی ڕۆژانەماندا بۆ باشبوونی ژیان و دەستەبەرکردنی ئازادی و یەکسانی و خۆشگوزەرانی، لە پاڵە دەستماندا مارکس ببینین و مەشخەڵەکەی بەرز ڕابگرین! مارکسیزم تەنها تیۆرییەک نییە لە زانکۆ و پەیمانگا و شوێنە ئەکادیمیەکاندا بخوێندرێ، مارکسیزم چۆنێتی بەدەستەوە گرتنی ڕێگاکانی ئاڵوگۆڕهێنانی ڕیشەییە بەسەر کۆمەڵگادا. گەر ئەو چەکە بە دەست چینی کرێکاری جیهانەوە بگیردرێت، کاپیتالیزمی جیهانی لەرز دەیگرێ و هەرگیز لەبەر ئەو "مۆتەکە" یە خەو ناچێتە چاوی.
 

 

٥\٥\٢٠١٤
jamal_muhsin@yahoo.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک