په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣١\١٢\٢٠١٣

تا تەمەنم لە ساڵی تازەدا بێت سەفەر دەکەم...

شوان عوسمان     


تەمەن لە سەفەری خۆی ناکەوێ، منیش وەکو موسافیرێکی نابەلەد، لە ناو گەڕان بە ناو سەفەرە لاتەریکەکانمدا، بە دوای کات و سات و ساڵە لاتەریکەکانم دەگەڕێم،
سەفەر دەکەم، تا لاتەریک نەبم، لە خۆم بە سەفەرێک بگەڕێمەوە وڵاتەکەم...
رێگا دەبڕم، تا سەفەرێک بکەم رێگایەک ببینمەوە،
من تا رێگایەک دەبڕم، هەزارەها رێگای تر بۆن دەکەم، من بە بێ بۆنی رێگاکان ناتوانم بڕۆم..
منی بێ رێگا ناتوانم بێ رێگا بم،
گەر بێ رێگا بم،
بێ سەفەر دەبم،
گەر بێ سەفەر بم،
لە هەناسەی رێگاکان دەبم، لە هەناسەی خۆم دەبم، لە وڵات دەبم...
سەفەر ئاوێنەیەکە من تەنیا لەوێدا وێنەیەکی بێ غەلوغەشی خۆم دەبینمەوە..
بە پەلەم تا رێگایەک ببینمەوە، بە رێگایەکیش سەرکەوم، تا لەو هەورازەدا بەجێنەمێنم..
رێگاکان هەرچەند دوور بن، من ئەوەندە دوورتر دەڕوانم،
دوورتر دەڕۆم...
تا رێگایەکی تر ببینمەوە، بەرلەوەی لە پەرتبوونێکدا بزر ببم،
خۆم خڕ دەکەمەوە...
ئەو سنوورانەی بەری رێگاکانم تەسک دەکەنەوە، حەرفەکانم وێران دەکەن،
من چەند کوتلە شەختەیەکی درز درزم، من دەبێت رێگا ببرم..
تا پارچە پەرت پەرتەکانم خڕکەمەوە، من چەند پەرت و بڵاوم،پەرتتر لە پار و بڵاوتر لە پێرارم...
تا سنوورێک هەبێت، بڵاوم دەکاو وێرانتر دەبم..
قەوارەکەم پەرتتر..
قەوارەکەم لە هەڵقڵیشانە، دەنگی قڵیشانم بە دونیادا دەڕوا.. قەوارەکەم چەند پەرت و بڵاوە،
لە نێوان دەستاڕەکانی سنووردا، زەمەن لێکم دەکاو دەستم لە قاچم دەبێت و قاچم لە قەدم دەبێتەوە..
من لە هەنجن هەنجن بوونێکی بەردەوام دام..
من دەڕۆم و لەشم بەدوامدا ناڕوات، سنوورەکان بەدوامدا رادەکەن بە هەر خاڵێک بگەم، ئەوان لەوێن دەگەن بە من ناهێڵن برۆم..
ئەوان ناهێڵن هەست بە پەلەکانی خۆم بکەم، کاتێک پەل دەکوتم بۆ هەناسەیەک لە سەفەردا..
لێناگەڕێن پارچەکانی خۆم خڕ کەمەوە، بە هەورازی تەمەنێکی ماندوودا دەڕۆم،
لە هەناسەیەک دەگەڕێم، بەلکو هەناسەی سوارم سارد بێتەوە،
خۆم سواری ملی خۆم دەبم...
بەرلەوەی شەیتانێکی عاقڵ سواری سەر ملم بێت...
بەرلەوەی ساڵەکانم پیرم بکەن ماندووم بکەن، ساڵێکی تر دێت من هەر لەوێم،
لەوێ هەموو شتێک بۆنی زستانی لێ دێت و خۆری بەیانی لێ پێناکەنێت،
بەهار هەست بە پیری دەکات...
لە وڵاتێکی دوور لە دووری وڵاتێکی وێران، وێران بوو بە خۆم بە شەڕوانەکانی پیری ئاخیر شەڕ،
بە شەڕی سیاسەتی پیاوە ناسیاسیەکان...
من هەر لەوێم،
لە مەفتەنێکی پڕ ئافات و ئاشووبی دوای شەڕێکی دۆڕاو...
ساڵ دێت و من دەڕۆم، نازانم من بۆ کوێ دەچم ،من هەر لەگەل خۆم دام،
کەسێک نیە تەنیاییم لێ بکاتەوە...
لەگەل سێبەرەکەم دەڕۆم ،لە خۆمدا دانابڕێم و لە وێوە دانابڕێم، نیشتمان لە من دانابڕێت...
خۆم و رابردووم،
رابردوو و بیرەوەیە نەگبەتەکانی دوێنێکەم، هەریەکە لە پێشبڕکێی یەکتربڕینی مندان،
گرەویان لەسەر ئەوەیە کێ بە مندا دەڕوات، کامەیان لەتم دەکاو
چۆن لە خۆم دادەبڕێم..
کێ زووتر وێرانم دەکا و کێش زیاتر لەتوپەتم دەکات..
من نەجات نابم لە ئافاتەکانی نیشتمان، مەفتەنی ئافاتەکانە نیشتمان،
کێ دەتوانێت لە ئافاتەکانی نیشتمان دەربازم کات...
من و تەمەن،
دوو سواری سەر یەک ئەسپین، هەریەکەمان بۆ خۆی بە رووی بادا دەروات و
دەکەوێتە رێ..
هەریەکە بۆ خۆی بەرەو لایەک سەول لێ دەدات و
لە پێیەک دەگەڕێت تا بڕوات بە پێ..
من و تەمەن،
هەردووکمان بە دووڕیانی دەربەندی قەدەرێکدا،
رەت دەبین..
رێگایەک نیە دەستمان بگرێت و
تەمەنێک نیە بۆنی ساتێکی بەختەوەریمان پێدا بکات،
بە دەروویەکی قورتار بوون شۆڕمان بکاتەوە..
هەر دەبێت بەو خەرەندە هاتونەهاتەدا رەت ببین، تێدەپەڕین و تەرمی خۆمان لە کۆڵە و
بە دارەبازێک بە دونیادا رێ دەکەین..
وەکو رێبوارێکی تەنیا، مەرگەساتەکانمان بەدەم زیکری سەفەرێک، بەبا دەکەین..
ژانەکانمان بە دەم باوە، وەردەکەین..
بە دەفێک کارەساتەکان دەژەنین، بە شمشێری عەقڵێکی سەقەتیش سەری خۆمان لەت دەکەین....
دەرۆین و بێ سەر سەفەر دەکەین، رێگا دەبڕین ،شوێن پێیەکانی خۆمان هەڵدەگرین تا لە شوێنێکدا ون نەبین،
بزر نەبین..
تا لە قەبرستانی شارەوانی شارێکدا، ناسنامەی خۆمان لێ بزر نەبێت...
ساڵەکان شەقار شەقارمان دەکەن، ساڵی تازە شەقار شەقارترمان دەکات، ئێمە چەند شەقارین...
تەمەنیش دەڕوات و دەرەقەتی لەتبوونەکان ناگرین، لەگەل رابردوو ئاشت نابینەوە، لەگەل ئایندە دڵمان خۆش نابێت..
لەگەل خۆمان ئاشت نابینەوە، تۆ چیتر باسی ئاشتیم بۆ مەکە..
کە خەنجەری بەر کەمەرت بۆنی خوێنی لێ دێت، شەڕ بەردەرکەمان بەر نادات، تەمەن دەست لە خۆی بەردەدات،
ئەو دونیایە لەبڕی گوڵ بۆنی خوێن دەدات..
من لە ناو ئەو هەموو ساڵانەدا، بە بێ وڵات چیم،
من بە بێ تەمەنێکی بەلەد چیم، من بە بێ قەوارەیەکی یەکگرتوو چیم، نیشتمانم دزراوە،
هەمیشە نیشتمانم لە گیرفانی سیاسیەکدا لەت دەکرێ،
شەرەفی هەتک دەبێ..
من نامەوێ ساڵەکان بژمێرم، چیتر تاقەتی ژماردنم نەماوە، ژمارەکان لە کێشی خۆم زۆر زیاترن،
تا کەی لە سفرەوە دەست پێ بکەم، کە خۆم سفر بم...
تەمەنم لێرەوە باوێشک دەدا، زیاتر بە دوای وەنەوزی خۆم دەڕۆم، بە پرخەی خۆم رادەچەنم....
من چیتر لێرە ناتوانم بێدەنگ بم، لە غوربەتدا هەمیشە بیر لە گۆڕ هەڵکەنێک بکەمەوە...
من و خۆم و تەرمی خۆم، خۆم و تەمەن و تەرمی خۆم، بەرلەوەی بچینە ناو ساڵێکی دیکە، نەگبەتی و نەهامەتیەکی دیکە...
من لێرەوە خۆم نانێژم، رۆحم دەنێژم..
لێرەوە ماڵئاوایی لە خۆم ناکەم، تا لە ماڵی نیشتیمان دانەبەزم..
پەیکەرم لە خۆم یاخی دەبێت، تەرمەکانم خڕ دەکاتەوە..
تەرمم لە خۆی یاخی دەبێت، بە تابووتێک سەفەر دەکات..
تابووتم لە هەڵگرتنی خۆی یاخی دەبێت، لە داربازێک دەگەڕێت، بە مردنی بێدەنگ رازی نابێت..
خۆم لە خۆم یاخی دەبم، نامەوێ بچمە ناو ساڵێکی دیکە، کە لەناو ئەو هەموو تەرم و تابووت و دارەباز و پەرت بوونە،
دووبارە دەبمەوە..
نامەوێ زیاتر پەرت بم، کە ساڵێکی تازەتر نەبێت خڕم کاتەوە..
هیچ تەمەنێک نیە رابردووم، لەبیر بباتەوە..
من تا لەت بم هەر لە سەفەرم، هەر لە رێگا بڕین ورێ پێوانم...
من تا لە رێگادا بم لە رێ پێوانی خۆم دام، لە گوازتنەوەی تەرم و تابووت و دارەبازی تەمەنێکی ماندوو و
موسافیر دام..


٢٠١٣ - هۆڵەنده
ماڵپه‌ڕی شوان عوسمان

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک