په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٦\٧\٢٠١٥

    تاڤگەیەک لە خۆشەویستیی

  دڵێک لە پەلکەزێڕینە.

کەژاڵ ئیبراهیم خدر

١
دەروونم
شنەی شیعرێکی ئارامە
ھەناسەی تاڤگەیەکی بەخوڕە
کانیاوی تریفەی مانگە
برووسکەی ھەورێکی خامۆشە
بە ئەسپایی دێت و دەچێ
دڵم بارانی رۆحی تۆیە
کە چاوەکانت دەبینێ
دەبنە پەپوولەیەکی نەخشین
لە ھیچ شوێنێ ئۆقرە ناگرێ.


٢

ئەمشەو رووبارەکەی دڵی تەنھام
بۆتە سیمای ژوورێکی غەریبیی
بۆ  فرمێسکی چاوەکانت تێر تێر گریا
روخسارم
خەمی سپی تۆز لێ نیشتووی
جێگاکەم بوو
خامۆش بوو لە چوار دەوریا
چاوەڕوانی شنەیەکی ھەناسەی تۆم
تۆوی بێزاریییم لابەرێ
پێڵوی کزی چاوەکانم
بۆ کانیاوی ئەرخەوانی گوڵی لێوت
فرمێسک بە بێ دەنگ دەڕژێ.


٣

پێخەفەکەم بۆتە کەناری گوڵالە
بە بێدەنگیی
وەک دڵی باغەوانێکی غەریبی
باخچەیەک ئاوی دەدەم
دەیدەمە بەر رێژنەی باران
تاکو پرشنگی خۆر ببینێ
سەما بکا و،
ببێتە پەپوولەیەکی جوان.

 
٤

گوڵی ژینم
بۆتە تریفەی مانگەشەو،
شانەی رۆحت شانە دەکا
تاڤگەی ژیان
بۆتە خۆری بێدەنگی
وەک ماڵەکەم چۆڵ و تارە
وێنەکەشت پڕە لە گروگاڵی بێدەنگیی
جار جارەش بە هێمنیی ئەمدوێنێ
گڕی خەیاڵم تاودەدا و
بۆ رۆژانی رانەبردوو
چرای عشقت دەسوتێنێ.


٥
بەھاری گەش بە شێنەیی
وەکو پەلکەزێرینەی بەھار
بە ئەسپایی دەھات بۆ لام
چڵێ نێرگزی پایزم دا لە یەخەت
بەسەر سنگتەوە ھێندە جوان بوو
نیگامی کرد بە پەپوولە و
بە ئاسمانی پڕ ئەستێرەی دڵما فڕی
تۆش دەستت برد
لە گیرفانتا ئەڵقەیەکەت پێشکەش کردم
وتت بیخە پەنجەتەوە
دەتوانی شیعرێ بنووسی
بۆ یادی من
لەگەڵ ھەناسەی شیعرتا
بمێنیەوە بە نەمریی.


٦

ئەگەر ویستت ببی بەمۆم
وەرە بۆ لام
پێشتر بە کوێستانی دڵت بڵێ
تا بە گڕی ھەناسەکەم
دەروونی ژوورەکەت بۆ گەرم کەم
نەک وەک سروەیەکی سارد
بێیت و خۆت رووت کەیتەوە
لەسەر باڵی خۆری حەزەکانتا
بێم و بفڕم.


٧

تۆ دەزانی
کاتێ کە دێت
کاتەکانم چۆن دەڕوا.. با بڕوا
من ھەر ژوانەکانم ھەیە
کە دێتە باوەشمەوە
کاتەکانم دەبنە
جگەرگۆشەیەکی تەماشا.

 
٨

کە دێی وەکو نیوەشەوێکی درێژ
دێت و دەچێت
سپێدەیەک وەکو رووبار دەنوسیەوە
بە تریفەی وشەکانت
ھاورێکی نەشمیلانە
لە دەنگ ئەگاتە گوێچکەم
ئاوازێ لە رەنگی دڵت ئەکەیتە بەرم
پەڕاوێ لە وشەم بۆ ئەکەیت بە ھەنگ
کە بە ئەسپایی دەڕۆیتەوە
دەنگت ئەبێ بە جریوەیەکی ئاڵ
رەنگت بە ئاوازی شمشاڵ
جوانییت ئەبێ بە تابلۆی ژوورەکەم و
وشەکانیشم بە شاھەنگ.


٩
ئەو ڕۆژانەی کە زۆر تووڕەم
لە ئاسمانی پر ئەستێرەی وڵاتەکەم
شەپۆل و ھاژەی دەریا
دەیەوێت
نیشتیمانم بیر باتەوە
ئەو شەوانەی زۆر کە ئاسوودەم
مانگی رووتی چاوەکانت
بۆتە مانگی درەوشاوە
ھاتۆتە نێو چاوانمەوە
ئەو ساتانەی غەمگینیشم
رەنگی خەمم رەشپۆش بووە
خۆشەویستیی بیر چۆتەوە .


١٠

لە ھۆنراوەی دڵەکەمدا
ئێوارانێ لە ئەرخەوانی
ئاسمانێکی شینا دەتبینم
کراسێکی پەپوولەییت لەبەردایە
دەبی بە باڵندەیەکی ئاڵتۆنیی
چەند ھاوارت لێدەکەم
بێتە باوەشمەوە
بۆ پێشوازییت
گوڵی پەنجەم ھەڵدەوەرێ.


١١

بەرز دەفڕی
کە پێکدەگەین
دەبم بە بوتڵی شەرابی رۆحەکەت
پڕت دەکەم لە ئەوینی
رەنگی ئاڵت
دڵۆپ ،دڵۆپ
دەڕژێمە ھەناسەی دەروونتەوە
ھێندە لە جوانیتا دەمێنمەوە
دەبم بە شەرابێکی گەش
لە نێو دەریای چاوەکانتا
غەرق دەبم دەتوێمەوە.


١٢

ئەو سەرنجەی لە دیدارێکدا
وەکو کانیاوێکی جوان
گرتە چاوم
بوون بە دوو چڵە نێرگزی بەھار
لە تەنھایی کێلی سەرتا روان
ئەو دەستانەی
خستە نێو ئەندێشەی دەستمەوە
بوون بە رێگەی دوو عاشق و
لە ژوانێکا پیای تێپەڕین
ئەو ماچانەی دات لەروومەتم
ھەموو شەوی دەمباتەوە
دونیای خەوبینین.


١٣

شیعرێکی باریکەلەت
لە ملوانکەی گەردنی خۆم
لەگەڵ تریفەی بەیاندا
لە شنەی گوڵی رەنگاورەنگ
بۆ دەھۆنیمەوە
تاکو بیکەی بە رووناکی مانگ و
ھەڵیواسی بە شینایی ھەناسەمەوە.


١٤

جوتێ ووردە ماسی دڵت
لە پەلکەزێڕینەی رۆحم دەرھێنا و
لە دەریای سپی خۆتا نووسیتەوە
بوونە پەنجەرە و ئاوێنە
چەند مۆمێکت لەسەر کازیوەی
دڵم داگیرساند
کاتێ لە ژوان گەڕامەوە
ملوانکەکە بوو بە یاقوتی
چاوی سپی
ماسیەکانمان چووبوونە
دەریای سەرشێتی عەشقەوە
مۆمەکان کز کز دەسوتان
بوون بە ئەستێرە و تریفەی مانگ
بۆ خۆشەویستیی ماڵئاوایی.


١٥

ئەو درەختەی
بوو بە کۆتری ئاشتی ژوانەکانمان
لێم دەپرسێت و، پێم دەڵێت
بۆ جارێکی تر
لە ژێر سێبەری دڵی مندا دووبارە نابنەوە
گوڵی دار ھەنارێک
دەبێتە گەڵای وەریو
وەکو پەلکەزێڕینە خۆی دەگۆڕێ
نمەی باخچە پڕ باران دەکا و
شەو لە باوەشی یەکتریدا
تریفەی مانگ ئەستێرە روو دەدا
لە روومەتیان
زەردەپەڕی بەیانیان و
لە ئێواران تیشکی شەونم
دەدا لە گوڵی باخەکەیان
بە گەڵایەک دایاندەپۆشێ.


١٦

ئەگەر شەوێک کزەی سەرما
گوڵی لاولاوی ھەڵوەری
پایز شەوی تەنھایی پێ نۆشی
دێم و بە گڕی دەروونم
گەرم گەرمت دەکەمەوە
ئامادەم ھەموو تیشکی چاومت
بۆ دەربێنم
لاشەی تەریووی خۆمت بۆ بسوتێنم
ئاگرت بۆ بکەمەوە
سپی بیت وەکو بەفر
پڕ بێت لە پەلکەزێڕینە.

 

ماڵپهڕی که‌‌ژاڵ ئیبراهیم خدر
 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک