٢٧\٩\٢٠١١
تاوانەکانی ئێمە و
سزاکانی ئەوان؟!

ستار محەمەد قادر
بەدڵنیاییەوە ئەگەر دەتەوێت ژیانت لەم پانتاییە بەسەر بەریت کە لە
لایەک بە رۆژهەڵاتی ناوین و لە لایەکی تریشەوە بە عێراق دەناسرێت،
نابێت هیچ رووداوێکی لە ناکاو تووشی شۆکت بکات، دەبێت بە سینەیەکی
فراوانەوە لە رووداوە سەیرو سەمەرەو چاوەڕواننەکراوەکان بنواڕیت، چونکە
ئێرە ئەو پانتاییەیە لە بنەڕەتەوە بیرۆکەی چاکسازیی و پێکەوە ژیانی
ئاشتییانە رەتدەکاتەوەو ئەگەر هەنگاوێک بهاوێژرێت بەرەو پێشەوە، ئەوا
لە پڕێکدا دەبینین کاردانەوەکەی دە هەنگاو بەرەو دواوە دەبێ!
بە یەقینەوە تۆپیاران و ئۆپەراسیۆنە سەربازیەکانی وڵاتی توریکاو ئێران
وا ماوە نا ماوەیەک گڕو تین لە ململانێ نا تەباو نا درووستە سیاسی و
هاوکێشە ناوازەکانەوە وەردەگرن و هەر جارەی بیانوویەک دەدۆزنەوە بۆ
ئەوەی ژیان لە گوندنشینەکانی هەرێمی کوردستان تێک بدەن، ئەوەمان بۆ
ئاشکرا دەکەن، حاڵی حازر عێراق ئەو وڵاتەیە دەتوانین وەکو مەسرەحی
عەمەلیاتی وڵاتە هەرێمی و نێو دەوڵەتیەکان لێی بنواڕین، لە بەرنامەی
هێندێک وڵاتدایە لەسەر حیسابی میللەتی عێراق بە گشتی و کورد بە تایبەتی
تەسفیەی حسیاباتیان بکەن، بۆیە تا ئەمە ئیرادەی بەشێک لە سیاسەتمەدارو
تا ئەوەش سیادەو ئاستی بەرپرسیارێتی و تێگەیشتن و ئینتیمای هێندێک لە
سەرکردەو هێزو لایەنی ئەم وڵاتە بێت، بە دڵنیاییەوە دەرهاویشتەکانی ئەم
جۆرە سیاسەتە، هەمیشە ئەوەندە بۆشایی درووست دەکات، بۆ ئەوەی ئەم وڵاتە
هیچ کاتێ سەقامگیری سیاسی و ئابووری و ئەمنی بە خۆیەوە نەبینێ؟!
شتێکی ئاساییە ئەمڕۆ هەر هێزو لایەنێک کێشەی خۆی لە هەموو کێشەی دونیا
بە گەورەتر بزانێت، ئەمڕۆ ژینگەی سیاسی ئێمەی کورد بەهۆی لاوازی پێگەی
وڵاتی عێراق و ئەم حکومەتەی ئێستاوە بە شێوەیەک ئاڵۆز بووە، موشکیلە
ئەسڵێکان خەریکە پەراوێز دەخرێن، ئەویش لە کۆمەڵێک دەرەنجامەوە، نە
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە توانایدایە کۆتایی بە هەموو کێشەکان بهێنێت،
نەش بەبێ بەرانبەر دەستی یارمەتی بۆ درێژ دەکرێت، گرنگە لێرەدا ئەو
پرسیارە لە خۆمان بکەین، ئایا لەدیدی وڵاتانی دراوسێمانەوە کورد وەکو
نەتەوەیەک چۆن تەماشا دەکرێت، لە ژینگەیەکی وا دژواردا کام شەرع
دەتوانێت دەستنیشانی رۆڵ و ئەرکی ئێمە بکات، دەبێت ئێمە وەکو کورد چۆن
لەم رووداوانە بنواڕین، ئایا هیچ هەنگاوێکی عەمەلیمان ناوە بۆ ئەوەی
کۆتایی بەم دیاردانە بهێنین، یان هەوڵەکان رەمزین و تەنها بۆ ئەرشیفن،
ئایا هەست ناکەن تەنانەت رەخنەکانیشمان تا ئەندازەیەک بارگاوین بە شەرم،
ئەگەر ئێمە وەکو نەتەوەیەک داواکاریەکانی خۆمان بە شەرعی دەزانین، بۆ
دەبێت چاومان لە دەستی خەڵکانی دیکە بێ؟!
لێرەدا نامەوێت بە هیچ شێوەیەک رەخنەو گلەیی ئاراستەی حکومەتەکەی
مالیکی و وڵاتی عێراق بکەم، چونکە لە دوای پرۆسەی ئازادی عێراق بە
ماوەیەک وتارێکم لە رۆژنامەی یەکگرتووی ئیسلامی بڵاو کردەوە بە
ناونیشانی " ئەگەر سەرەتاکان راستێکانمان پێشان دەدەن، چ پێویست دەکات
چاوەنواڕی ئامانج بکەین " تێیدا ئاماژەم بەوە کردووە، هاوکێشە
سیاسیەکانی نێو ئەم وڵاتە، هاوکێشە گەلێکی زۆر ئاڵۆزن و ناڕێک دێنە
ئاراوە، کە لە دەرەنجامدا هەندێکیان لەسەر هەمان ریتم و بە هەمان
ئایدۆلۆژیای بەعسەوە مامەڵ لە گەڵ کێشەکانماندا دەکەن، چونکە ئەگەر
مرۆڤ بیەوێت خوێندنەوەی بابەتیانە بۆ گەمەی هێزە سیاسیەکان بکات،
دەتوانێت دەستنیشانی ئاراستەکانیش بکات!
من لێرەدا دەپرسم: ئایا گوندنشینەکانی هەرێمی کوردستان چ تاوانێکیان
ئەنجامداوە وا لەڕێی فڕۆکەکانی تورکیاو تۆپە دوورهاوێژەکانی ئێرانەوە
بۆ ساڵانێک دەڕوات وەکو سزایەک ژیانیان لێدەکرێت بە دۆزەخ و بە مەرگ
ئاشنا دەکرێن، بۆ دەبێت ئەوان ژیان بۆ گەلانی خۆیان بە رەوا بزانن و
مەرگیش بکەن بە دیاری دەستی رەشیان بۆ ئێمە، بۆ وتار بێژە سیاسیەکانیان
بەردەوام بێڕێزی بە مافەکانمان دەکەن و ئێمەیش هەمیشە تیشک دەخەینە سەر
پێکەوە ژیان و بەرژەوەندیەکانیان دەپارێزین، بۆ دەبێت ئەوان هەمیشە
سیاسەتی خۆیان هەناردەی دەرەوەی سنوور بکەن و ئێمەیش بە دەستی کۆمەڵێک
کێشەی ناو ماڵی خۆمانەوە ناتوانین وەکو نەتەوەیەکی هاو چارەنووس
هەڵوێستی خۆمان بۆیان ئاشکرا بکەین، ئایا ئەو بێدەنگیەی ئێمە رووبەڕووی
بەرپرسیارێتییەکی مێژووییمان ناکاتەوە، یان دەتوانین بە راشکاوی
ئاماژەکانی پشت ئەم تۆپ بارانە بۆ رای گشتی ئاشکرا بکەین، ئایا ئەمە
کاردانەویەکی خەرابی نابێت لەسەر پێگەی کورد لە ناوخۆی عێراق و
ناوچەکەدا؟! بە راستی ئێمە چاوەنواڕی شتی زۆر گەورەمان لە هەوڵ و کۆششی
سەرکردایەتی سیاسی کوردستان دەکرد، وا خوازیار بووین ئەمجارەیان ئێمە
حەدەس درووست بکەین و داگیرکەرانی کوردستان تووشی شۆک بکەین، بەڵام
ئەفسووس ئەمجارەیش وەکو هەموو جارەکان، ئەوان دەست پێشخەرییان کرد؟!
ماڵپهڕی ستار محهمهد قادر
|