٥\٨\٢٠١٣
تاوانی جینۆسایدی
کوردانی رۆژئاوا زۆر بە توندیی شەرمەزار دەکەین.
لە
سەرەتای دەستپێکردنی شۆڕشی گەلانی سوریا لەدژی ڕژێمی بەعسی کە بەشار
ئەسەد سەرۆکایەتی دەکا ، گەلی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان فاکتەرێکی
گرنی دەستپێکردن و بەردەوامبوونی شۆڕشەکە بووە، دەیان ساڵ پێشتریش بۆ
بەرەنگاربوونەوەی سیستەمی دیکتاتۆریەتی بەعسی کورد لەشۆڕش کردن
بەردەوامبووە، لەو ڕێگایەش قوربانی زۆری داوە.
لەڕاپەڕینی ئەمجارەدا کەبە بەهاری عەرەبی ناونراوە ،کورد هۆشیارانە
شۆڕش و سیاسەتدەکات ،بەتایبەتی کەسەربەخۆیی خۆی پاراستووە، ناوچەکانی
کوردی ڕزگارکردووە و بەباشی ئیدارەیان دەکات ،بەشێوەیەک کەبۆتە جێگای
سەرسوڕمانی دۆست و دوژمن، دوژمنانی گەلی کورد بۆ لەباربردنی شۆڕش و
دەستکەوتەکانی پەنایان بۆ زۆر ڕێگا برد ،بەڵام سەرکەوتوو نەبوون ،چونکە
شۆڕشەکە پشتئەستورە بەجەماوەری کورد ، بەڵام لە ناوەڕاستی مانگی
تەمووزەوە واتە لە سێ هەفتەی ڕابردوودا دوژمن دوای ئەوەی لەشەڕەکانی
سەڕکانیێ و بەرەکانی تری شەڕ لەڕۆژئاوای کوردستان شکستی هێنا ، ماوەی
هەفتەیەکە بە پلان و پاڵپشتی تاقمی فەتحوڵا گوڵەن چەتەکانی سەر بە
دەولەتی عیڕاق و بیلاد شام و بەرەی نوسرەی سەربە قاعیدە ، لە هەردوو
شارۆجکەی تەلعەران و تەلحاسڵی سەر بە شاری حەلەب هێرش دەکەنەسەر خەڵکی
سڤیلی ئەو ناوچانە بەپێی زانیارییەکان زیاتر لە ٥٠ کەسیان بەشێوەیەکی
نامرۆڤانە کۆمەڵکوژ و شەهیدکردووە کە زۆربەیان ژن و منداڵن، هەروا
زیاتر لە ٥٠٠ هاووڵاتی کوردیان ڕفاندووە ،لەهەمانکاتدا مەلایەک کە ناوی
(ئەبو عەبدوڵا بەقاری)ە سەر بە بەرەی نوسرەیە ماوەی چەندین ڕۆژە فەتوای
کوشتنی هاووڵاتیانی کورد و حەڵاڵکردنی ژنانی کورد و تاڵانکردنی ماڵی
کوردان دەدا بەو هۆیەوە هەزاران کورد هەڵاتوون بەرەو بیابانەکان و
بەرەو چارەنووسێکی نادیار.
ئێمە وەکو ڕێکخراوی نەهێشتنی ئەشکەنجە و لەسێدارەدان ، زۆر بەتوندی
هەموو ئەو تاوانانە مەحکوم دەکەین ، بەپێێ یاساکانی نێودەوڵەتی ئەو
تاوانانە تاوانی جەنگن لەهەمانکاتدا تاوانی جینۆسایدە دژ بەگەلی کورد،
بۆیە داوادەکەین:
١- ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بڕیاری پێویست لەسەر ئەو هەموو
تاوانە بدا.
٢- دادگای لاهای هەموو ئەو تاوانانە بەدیکۆمێنت بکا و خودی فەتحوڵا
گوڵەن و ئەنجامدەرانی دادگایی بکا.
٣- پارتەکانی ڕۆژئاوای کوردستان بەزووترین کات ناوماڵی کورد لەڕوژئاوای
کوردستان ڕێکبخەن.
٤- مامۆستایانی ئایینی و لیژنەی فەتوا لەهەرێمی کوردستان ڕۆژێک
تەرخانبکەن بۆ بەرپەرچدانەوەی فەتوا ناشەرعیەکەی چەتەکان.
٥- پێویستە هەر سێ سەرۆکایەتیەکەی هەرێمی کوردستان و ڕۆژنامەنووسان و
ڕێکخراوە مەدەنیەکان و ڕۆشنبیران و شەقامی کوردی ئەو هەموو تاوانەیان
لەبەرچاو بێت ، پاڵپشتی گەلەکەمان لە ڕۆژئاوای کوردستان بکەن.
رێکخراوی نەهێشتنی ئەشکەنجە
و لە سێدارەدان
٣\٨\٢٠١٣
org.orte@gmail.com
وێنەیەک بۆ:
- دادگای باڵای تاوانەکانی نێودەوڵەتی لاهای.
- نەتەوە یەکگرتووەکان.
- راگەیاندنەکان.
|