٢٣\١١\٢٠١٣
تایبەتمەندییەکانی
مامۆستای سەرکەوتوو.

رەزا ساڵح
هەر
لە کۆنەوە ، بە چاوێکی ئەوپەڕی رێز و شکۆدارییەوە لە مامۆستایان
روانیوە .. چونکە بە درێژایی سەردەمەکانی مێژوو ، مامۆستا خاوەنی
پەیامێکی پیرۆز بووە .. هەرئەم پەیامەش رێز و پیرۆزی بە مامۆستاش
بەخشیوە .
شای شاعیرانی عەرەب ، شاعیر ئەحمەد شەوقی ـ کە بە رەچەڵەک کوردە ـ لە
پایە بەرزی و ستایشی مامۆستادا دەڵێت :
" هەستە بۆ مامۆستا شکۆدارییە .... هێندە نەمابوو مامۆستا ببێت بە
پێغەمبەر " .
مامۆستا چرایەکی هەمیشە داگیرساو و گەشە .. تیشکی گەشی زانست و زانیاری
بە نەوەی ئەمڕۆمان دەبەخشێت .. مامۆستا گوڵێکی گەش و بۆنخۆشی هەمیشە
بەهارە .. بە بۆن و بەرامەی خۆشی زانیاری مەستمان دەکات .. مامۆستا
هەنگ ئاسایی و لە جوانترین گوڵزاری گوڵ هەمەڕەنگەدا، شیلەی زانست و
زانیاری دەمژێ و هەنگوینی زانست و زانیاریی لی دروست دەکات و ، پێشکەشی
رۆڵەکانی گەلەکەمانی دەکات .. مامۆستا گرنگترین کۆڵەکەیە لە کۆڵەکەکانی
بنیاتنانی کەسایەتیی تاکێ خێردەرەوە و ، کۆمەڵگایەکی دروست و تەبادا ..
لە هێنانەنەدی ئایندەیەکی گەشتر و شایستەتردا .
ئەگەر شارستانییەتی نوێ ، بە دانا و زانا و بە کەڵەناودار و
داهێنەرەکانییەوە بنازێت .. دەبێ ئەوە فەرامۆش نەکرێت کە ، ئەم ناودار
و هەڵکەوتووانە ، قەرزاری مامۆستان ، قوتابیی مامۆستا بوونە و ، ئەو
فێری کردوون ، ئەو پەروەردە و رێنمایی کردوون .. ئەو بە زانست و
زانیاریی هەمەشەشنە ، بیر و هۆش و گۆشی زاخاوداون .
یەکێک لە سەرۆک کۆمارە هەڵبژێراوەکانی پێشووی ئەمریکا ، کە گەورە
پیاوان و کەسایەتییە ناسراوەکانی وڵاتەکەی ریزیان گرت .. بۆ ئەوەی بە
بۆنەی وەرگرتنی ئەم پۆستە باڵایەیەوە ، پیرۆزبایی لێبکەن .. ئەو پێیانی
گوت : " بەر لەوەی پیرۆزبایی لە من بکەن ، بڕۆن پیرۆزبایی لە دایکم و
لە مامۆستاکانم بکەن .. چونکە من قەرزاری ئەوانم و ، ئەوان من بەم پلە
و پایەیە گەیاند .. " .
هەندێ لە گەلان ، سەرنەکەوتن و شکستیان ، یان سەرکەوتن و پێشکەوتنیان ،
بۆ رۆڵی مامۆستا و بۆ سیاسەتی پەروەردەیی و فێرکردن لە وڵاتەکانیاندا
دەزانن .
دەوترێت مامۆستا ، رابەرە ، پێشەنگە ، پێشەوایە ، بەخشندەیە ، خوشکە ،
برایەیە ، هاوڕێیە ، دڵۆزترین کەسە ، بڕبڕە پشتی پەروەردە و فێرکردنە ،
چێنەری تۆی شادی و ێاشتی و بەختەوەری و سەرکەوتنە .. دوژمنی نەزانین و
دواکەوتنە .. هەڵگری ئاڵای گەشەکردن و پێشکەوتنە .. چی بڵێین و .. چی
بنووسین .. گەر بەنرخترین پاداشتێک بە مامۆستا ببەخشین .. بێگومان
هاوتای رۆڵ و ئەرکی پیرۆزی مامۆستای دڵسۆز ناکەنەوە .. هەردەم قەرزاری
چاکەی مامۆستاین .
لە ئەمڕۆشدا ، تێگەیشتن دەربارەی پەروەردە و فێرکردن گۆڕاوە .. بەو
چاوەوە لە مامۆستا دەڕوانرێت .. کە مامۆستایە و پەروەردەکاریشە پێکەوە
.. کاری پەروەردە و فێرکردن .. لفانەنن و هاوبەشی هێنانەدیی هیوا و
مەبەست و ئامانجەکانن .. یا بڵێین پەروەردە و فێرکردن هەردو باڵی ،
بنیاتنان و گەشەکردن و پێشکەوتن و رۆشنبیرین . مامۆستا پشەوای
پەروەردەی نوێ و گۆڕان و داهێنانە .. لە سایەی کۆشس و رەنجی ئەمدا ،
دەگەینە هیوا و خەون و ئامانجە ستراتیژییەکانی گەلەکەمان .. ئەمانن بە
بیری کوردایەتی و بە سۆز و خۆشەویستی بۆ کوردستان ، کوردیلەکانی
ئەمڕۆمان گۆش و پەروەردە و ئاراستە دەکەن .. ئەمانن کە جگەرگۆشەکانمان
بنیات دەنێن .. بنیاتنانی کۆشک و تەلاری قەشەنگ و باڵابەرز ، گران نییە
.. بەڵام بنیاتنی مرۆڤ بۆ ئایندەیەکی ئاسوودەتر و خۆشتر ، کارێکی ئاسان
و هەڕەمەکی نییە .
جۆن دێوی دەڵێت : " منداڵ ئەو خۆرەیە ، کە هەموو دامودەزگا
پەروەردەییەکان ، بە دەوریدا دەسوڕێنەوە .. " .
لەم روانگەیەوە ، پێویستە رۆڵ و کاریگەری و هەستیاری مامۆستا ،
لەبەرچاو بگرین و بەرز هەڵی بسەنگێنین .. ئەو خوشک و برایانەی کە ئەم
پیشەیە هەڵدەبژێرن ، پێویستە لە ئاستی ئەم ئەرکە پیرۆزە و ، ئەم رۆڵە
هەستیارە و ئەم کاریگەرییەدا بن .. مەرج و پێویستی و بنەما
سەرەکییەکانی مامۆستاییان تێدا بێت .
بەداخەوە ، لە ئەمڕۆدا بەشێک لەوانەی کە بوونەتە مامۆستا .. بە
بۆچوونێکی هەڵەوە روویان لە پیشەی مامۆستایی کردووە ، بە لای ئەمانەوە
، پیشەیەکی بێ ئەرکە و ، سێ مانگ پشووی هەیە .. بەشێک لەم مامۆستایانە
، دەرچووی خولە خێراکانی شەش مانگین ، کە لە شارەکانی باشووری
کوردستاندا کرانەوە .. بۆیە نابەڵەدیان لە بواری پەروەردە و و فێرکردن
و ، دەرونناسیی منداڵان و ، رێبازەکانی وتنەوەی وانە و بەکارهێنانی
هۆکانی روو کردنەوە پێوە دیارە .. کە ئەمەش هۆیەکە لە هۆکانی ئاستنزمیی
قوتابییەکانی .. ئەمەو هەندێ لە مامۆستایان ، لە رێبازە کلاسیکییە
سواوەکان لایان نەداوە و ، خۆشیان ماندوو ناکەن و ، دوای ئەو گۆڕانکاری
نوێبوونانەوە ناکەون ، کە لەبواری پەروەردە و فێرکردندا هاتوونەتە
ئاراوە .
بەڵام سەرەڕای نەبوونی ، یا کەمبوونی ، پێداویستییەکانی گەشەکردنی
سەردەمیانە و ، هۆیەکانی پێشکەوتنی پەروەردە ، لە بەشێکی زۆری
قوتابخانەکانی کوردستاندا .. سەرەڕای باردۆخی نالەباری ئابووری
مامۆستایان .. کە وەکو پێویست بە جدی ئاوڕیان لێ نەداونەتەوە .. بەڵام
لەگەڵ ئەمشدا ، مامۆستای زۆر باش و وریا و سەرکەوتوو و هەستیار و
هەڵکەوتووشمان زۆرن .. ئاستیان لە ئاستی مامۆستایان و پەروەردەکارانی
وڵاتە پێشکەوتووەکان کەمتر نییە .. دڵسۆزی کورد و کوردستانیشن و، بە
ئەوپەڕی دڵسۆزییەوە لە کایەدان و .. لە خەمی پێگەیاندنی نەوەی
داهاتوومانن .
لەم سەردەمەدا ، لە بواری پەروەردە و فێرکردندا ، ناوی مامۆستای
سەرکەوتوو ، زۆر دەبیستین .. لێرەدا زۆر بە کورتی و بە چڕی ، باسی
بەشێک لەو تایبەتمەندی و خاڵانە دەکەین ، کە بنەما و پێوەری مامۆستای
سەرکەوتوون:
(*) پێویستە مامۆستا ، پیشەکەی خۆش بوێت و ، بە جدی خزمەت بکات ، هەست
بە گرنگی رۆڵ و ، بە کاریگەرییەکانی لەسەر ئەمڕۆ و داهاتووی
قوتابییەکانی بکات و ، لە هە موو روویەکەوەش ، لە ئاستی گەیاندنی
پەیامە پیرۆزەکەیدا بێت .
(*) پێویستە ئەوەی لەبەرچاوبێت ، کە هاوڵاتی تەندروست پێدەگەیەنێت و ،
فێریان دەکات .. کە ئەرکەکانیان چین و ، مافەکانیشیان چین .
(*) ئەرکی مامۆستا تەنها ئەرکی پەروەردە و فێرکردن نییە ، بەڵکو
پێویستە لە هەموو روویەکەوە (جەستەیی ، دەروونی ، ئەقڵی ، کۆمەڵایەتی )
قوتابییەکانی پێ بگەیەنێت .
(*) مامۆستا خۆی بە شاسواری گۆڕەپانی پەروەردە و فێرکردن و ئاراستەکردن
بزانێت و ، قوتابیانیش بە گڕگڕەی کاری پەروەردەیی و فێربوون بزانێت ..
چۆن نانەوا لە هەویر جوانترین کولێرە دروست دەکات .. ئەمیش لەم
قوتابیانە باشترین و بەسوودترین هاوڵاتی و مرۆڤ دروست دەکات .. وەکو
دەشڵین : " شانازیی ، باخچەی گوڵ گەش و جوان .. بۆ باخەوانە دڵسۆزەکەی
دەگەڕێتەوە .. "
(*) پێویستە مامۆستا ، زۆر بە باشی و بە وردی ، پلانی ساڵانە و ، پلانی
رۆژانەی ، ئەو بابەتە دابڕێژێت کە دەیڵێتەوە .. بەداخەوە ، هەندێ
مامۆستا ، بایەخێکی ئەوتۆ بە پلانی ساڵانە و رۆژانە نادەن .. یان هەر
بۆ رازیکردنی سەرپەرشتیاری پەروەردەیی ، بە نابەدڵی ، لاپەڕەیەک شەش
حەوت تەقەڵە دەکەن .. لە راستیدا کۆڵەکەیەکی مامۆستای سەرکەوتوو .
داڕشتنێکی باش و هەنگاورێکی پلانی ساڵانە و رۆژانەیە .
(*) پێوستە مامۆستا ، پێش چوونە پۆلەوە ، زۆر بە باشی وانەکەی
ئامادەکردووبێ و ، ئامادەی وەڵامدانەوەی خێرای هەر پرسیارێک بێت ، کە
قوتابییەکانی لێی بکەن .. گەر بە باشی خۆی ئامادە نەکردووبێت ،
لەوانەیە شپرزە بێت و تێبکەویت .. دووچاری شەرمەزاری بێت لە بەردەم
قوتابییەکانیدا .. ئەمەش خاڵێکی لاواز و شکستییەتی .
(*) پێویستە مامۆستا ، ئاگاداری هەموو گۆڕانێکی نوێی سەردەم بێت ، لە
بواری پەروەردە و فێرکردندا .. ئەو گۆڕانکاری و تازەگەرییانە بۆ
قوتابییەکانی بگوازێتەوە .
(*) پێویستە مامۆستا ، هۆیەکانی فێرکردن لە پۆلدا بەکار بهێنێت ، چونکە
هۆیەکانی فێرکردن ، هۆی ئاسانکاری فێربوون و کورترکردنەوەی کاتن ..
مەرجیش نییە هۆیەکانی فێرکردن تەنها مادی بن .. دەشێ چیرۆکێک بێت ..
هەندێ شتی دەرەوەی پۆل بن .. یا سەردانی کارگەیەک ، پارکێک .. هتد .
مامۆستای لێهاتوو دەزانێت چ جۆرە هۆیەکی فێرکردن و روونکردنەوە ، لەگەڵ
وانەکەیدا دەگونجێن .
(*) پێویستە مامۆستا ، خاوەنی کەسایەتییەکی سەرکەوتوو بێت .. ئەم
کەسایەتییەش بەوە نییە ، کە قوتابییەکان لێی بترسن و ، لە ترسا رێزی
بگرن .. بە پێچەوانەوە پێویستە خۆی لە دڵی قوتابیاندا شیرین بکات و
بچێتە دڵیانەوە .. پردێکی رێز و خۆشەویستی لە لە نێوان خۆی
قوتابییەکانیدا دروست بکات .. نەک هەر لە ناو پۆل و قوتابخانەدا ،
بەڵکو لە دەروەی قوتابخانەشدا .
(*) پێویستە مامۆستا ، چ ئافرەت چ پیاو ، بە قڵافەت و جلوبەرگێکی
جوانەوە .. لە بەردەم قوتابییەکانیاندا دەرکەون ، خویان جوان
رێکخستووبێت و تیف تیفەی خۆیان ، دابێت .. نابێت بە جلی چڵکن و
ژاکاوەوە دەرکەون ،دیمەنی جوان سەرنج رادەکێشێت .
(*) نابێت قژ و ریشی پیاوان و ، نینۆکی ژنان درێژبن .. نەباکە
قوتابییەکانیان چاویان لێبکەن .. پێویستە مامۆستا ، نموونە و پێشەنگ
بێت بۆ قوتابییەکانی .
(*) پێویستە زمانی دواندن و راڤەکردنی مامۆستا ، رەوان و پەتی و ئاسان
و ، بێگرێ بێت ، شارەزایەکی باشی زمانی کوردی هەبێت و ، بە شیرینی و بە
نەرمی بدوێت ، رەچاوی قۆناغەکانی هەراش بوون و گەشەکردنی زمانی
منداڵانیش بکات .
(*) پێویست مامۆستا ، سۆز و خۆشەویستییەکی دایکانە و باوکانەی بۆ
قوتابییەکانی هەبێت ، لەسەرخۆ و ئارام بێت و، دڵرەق نەبێت .. بە
توندوتیژی رەفتار نەکات و .. هەرگیز لە قوتانەبێ نەدات .. ئەگەر چاری
نەما ، دەتوانێت کەمێک تووڕە بێت ، یان شیوازێکی سیاسی و دیبلۆماسی ،
لەگەڵ قوتابیی سەرپێچیکەر بەکار بهێنێت .
(*) پێویستە مامۆستا ، وشک نەبێت و ، رووی خۆش و گەش و لێو بە خەندە
بێت ، چونکە کەس حەز لە چارەی ترش و دەموچاوی لۆچ ناکات .. بە تایبەتیش
مامۆستا .
(*) نابێت بە هیچ کلۆجێک مامۆستا ، وشەی زەق و رەق و ، ناشایستە بە
قوتابییەکانی بڵێت ، یا جوێنیان پێ بدات .. چونکە هەستی قوتابیەکە
بریندار دەکات و ، ئازاری هەست و دەروونی دەدات .. ( ئازاری قسەی ناخۆش
لە ئازاری لێدان بە ئازارترە ..)
(*) پێویستە مامۆستا، بە دەنگێکی مامناوەندی وانەکەی بڵێتەوە ، پیت و
وشەکان بە رێکی دەربڕێت .. لە کاتی راڤەکردندا ، بە زۆری رووی لە
قوتابییەکان بێت و سەیری هەموو لایەکی پۆلەکەی بکات .
(*) باشتر وایە مامۆستا لە پۆلدا دانەنیشێت و ، لە شوێنێکیشدا نەوەستێت
.. ناشبی جیڕەی یا تەقەی پێڵاوەکانی بێت .. بۆنێ تیژ لە خۆی نەدات و
میکیاجی زەق نەکات .
(*) پێویستە مامۆستا رەچاوی جیاوازی لە نێوان ئاست و توانای
قوتابییەکانی بکات .
(*) پێویستە مامۆستا ، رەچاوی قوتابیانی خاوەن پێویستە تایبەتییەکان
بکات ، بەپێی توانایان ، لە چالاکییەکانی پۆل و قوتابخانەدا ،
بەشداریان بکات و پشتگوێیان نەخات.
(*) پێویستە مامۆستا ، ئەو قوتابیانەی مەودای بینینیان کزە .. بیان
هێنێتە پێشەوە .
(*) پێویستە مامۆستا ، ویژدان ئاسوودە و دادپەروەربێت ، لە نێوان
قوتابییەکاندا جیاوازی نەکات .. بە چاوی یەکسانییەوە لێیان بڕوانێت ..
ئەگەر منداڵی خۆی یا برا و خوشکی لە هەمان پۆل و قوتابخانەکەیدا بن ..
نابێت تایبەتمەندیان پێ بدەن و ، لە قوتابییەکانی تر جیایان بکەنەوە ..
گەلێ جار ئەم جیاوازییەم بەچاوی خۆم بینیوە .
(*) پێویستە مامۆستا ، قوتابییەکانی بە سۆز و بە خۆشەویسی بۆ کورد و
کوردستان گۆش و پەروەردە بکات ، دوور لە دەمارگیری . ئەمەش ئەرکێکی
پیرۆزی مامۆستایە.
(*) مامۆستا خاوەنی هەچ ئایدۆلۆژیایەکی سیاسی بێت .. کە چووە پۆلەوە ،
پێویستە ئەوە لەبیر بکات سەر بە لایەنێکی سیاسییە .. نابێت رەنگدانەوەی
لە کارەکەیدا هەبێت.
(*) پێویست هیمنی و ئارامی پۆلەکەی بپارێزێت و .. بواری گەرەلاوژێ
نەدات .
(*) پێویستە مامۆستا ، خوێنەرێکی باش و رۆشنبیرێکی باشیش بێت ، بابەتی
هەمەجۆرە بخوێنێتە .. زیاتریش لە بارەی پسپۆری خۆیەوە بخوێنێتەوە .
(*) پێویستە وشەی هاندان زۆر بەکار بهێنێت ، وەکو : ئافەرین ، باشە ،
زۆر باشە ، نایابە ، بژی ، دەستخۆش ، هیوای داهاتووەیەکی باشت بۆ
دەخوازم ، ... هتد .
(*) نابێت مامۆستا ، لە پۆلدا ، لەبەرچاوی قوتابییەکانی جگەرە بکێشێت .
(*) پێویستە مامۆستا ، بە فیز و لووت بەرز نەبێت و ، خۆی بە گەورە
نەزانێت .
(*) پێویستە کردارەکانی مامۆستا .. بە پێچەوانەی قسەکانییەوە نەبن .
(*) پێویستە مامۆستا ، زۆر دڵنیابێت ، لەو زانست و زانیارییانەی بە
قوتابییەکانی دەگەیەنێت .. چونکە هەر هەڵەیەک بکات ، راستکردنەوە ئاسان
نابێت .
(*) پێویستە مامۆستا ، بڕوای بە خۆێ هەبێت و ، بڕواش بە کەسانی تر بکات
.
(*) پێویستە گوێ لەو رەخنانە بگرێت لێی دەگرن و ، هەڵەکانی راست
بکاتەوە .
(*) پێویست لە قوتابخانە دوانەکەویت و ، کاتی بەلاوە گرنگ و بەنرخ بێت
.
(*) پێویستە تایبەتمەندی و نهێنییەکانی قوتابییەکانی بپارێزێت و ،
نەیان درکێنێت .
(*) پێویستە لە گەڵ خێزانی قوتابییەکانیدا ، پەیوەندیی هەبێت و هاوکاری
یەکتربن .
(*) پێویستە بەشداریی ، خۆشی و ناخۆشییەکانی قوتابییەکانی بکات .
(*) پێویستە بەشداریی ، بۆنە نیشتمانی و نەتەوایەتییەکانی گەلەکەمان
بکات .
(*) پێویستە مامۆستا ، بەشداریی گەشتەکان و ، هەموو چالاکییە
کۆمەڵایەتییەکان و ، وەرزشییەکان و ، هونەرییەکانی قوتابخانەکەی بکات و
، رۆڵی هەبێت.
(*) پێویست پەیوەندیی لەگەڵ هاوڕێ مامۆستاکانی قوتابخانەکەیدا باش بێت
و ، رێز و خۆشەویستی لە نێوانیاندا هەبێت و ، هاوکاری و یارمەتیی
یەکتری بکەن .
(*) پێویست لەگەڵ بەڕێوبەر و جێگرەکانی بەڕێوەبەری قوتابخانەکەی
پەیوەندیی باش بێت و .. هەر کارێکی گۆنجاوی پێ بسپێرن ، جێبەجێی بکات .
(*) پێویستە پەیوەندی و ، هاوکاریی لەگەڵ تۆژەری پەروەردەیی و
دەروونناسی و ، سەرپەرشتیاری قوتابخانەکەیدا هەبێت .. بۆ چارەسەرکردنی
کێشەکانی قوتابییەکانی .
(*) پێویستە زیاد لە پێویست درێژە بە بابەتی وانەکەی نەدات .. ئەو
پرسیارانەش کە دەیپرسێت .. لە هەموو قوتابییەکانی بکات و ، کەسیان
پەراوێز نەکات.
(*) لە نومرە داناندا ، بە ویژدان و بە بزەیی بێت و .. ستەم لە هیچ
قوتابییەک نەکات .
(*) پەیوەندیی هاوڕێتی لەگەڵ قوتابییەکانیدا و ، گوێگرتن لە راز و
نیازیان ، بە شەرم وشوورەیی و نەفس نزمی نەزانێت .. هەوڵبدات کێشە و
گرفتەکانیان چارەسەر بکات .
(*) پیۆیستە مامۆستا ، کەسایەتییەکی کۆمەڵایەتی بێت و ، لەگەڵ هەموو
چین و توێژە کۆمەڵایەتییەکانی گەلەکەماندا ، پەیوەندییەکی باش هەبێت .
(*) پیویستە لەو خول و کۆرسانەدا بەشداری بکات .. کە بە مەبەستی
شارەزایی و زانیاری نوێی پەروەردەیی و فێرکردن دەکرێنەوە .. شتی
تازەیان لێوە فێردەبێت .
(*) پێویستە مامۆستا ، لە نەریت و کولتوور و بەها جوانەکانی
نەتەوەکەمان لانەدات .. قوتابییەکانی بەو نەریت و بەها جوانانەمان
ئاشنا بکات .
(*) پێویستە مامۆستا ، رێز لە یاساکانی کورستان بگرێت .
(*) پێویستە ئازایەتی ئەدەبیی هەبێت و .. بتوانێت لە کۆر و سیمینار و
کۆنفرانس و لە بەردەم خەڵکیدا ، بەبێ ترس و خۆپەشۆکان قسە بکات و وتە
پێشکەش بکات .
(*) لە کۆنفرانسەکانی باوکان ـ دایکان و مامۆستاکاندا ـ بەشداری بکات و
، را و سەرنج و پێشنیارەکانی بە راشکاوی دەربڕێت .
(*) کە قوتابییەکی نەهاتووە بۆ قوتابخانە ، پێویستە مامۆستا ، بپرسێت و
هۆی نەهاتنی قوتابییەکەی بزانێت .. ئەگەر نەخۆش بوو یا شتێکی تری بێت
.. هەواڵی بپرسێت .
(*) پێویستە مامۆستا ، ئاگاداری داهێنانەکان و تەکنۆلۆژیای تازە و
پێشکەوتن و گۆڕانکاریەکان بێت .. بە تایبەتیش لە بوارەکانی پەروەردە
وفێرکردندا .
(*) پێویستە مامۆستا سەردەمییانە بێت و ، ئەوە بزانێت کە منداڵانی
ئەمڕۆمان .. زیرەکتر و زۆرزانتر و چاوکراوەتر و بەختەوەرترن ، لە
نەوەکانی پێشووترمان .. منداڵانی ئەمڕۆمان ، نەوەی ئینتەرنێت و جورەها
بابەتی سەیر و سەمەەی تەکنۆلۆژیای تازەن .. پێویستە ما ۆستاش لە ئاستی
زۆرزانی و بلیمەتیی قوتابییەکانیدا بێت .. ئەگینا رووبەرووی شەرمەزاری
دەبێتەوە .
(*) نابێت مامۆستا ئەرکێکی زۆری ماڵەوە بە قوتابییەکانی بدات و .
بێزاریان بکات .
(*) پێویستە مامۆستا ، ببێت بە ئەندام لە سەندیکای مامۆستایانی
کوردستاندا و ، رۆڵی لە چالاکییەکانیدا هەبێت .. لە ڕێی سەندیکاکەیەوە
، مافەکانی بەدەست بهێنیت .
(*) پێویستە مامۆستا ، خاوەن باوەڕ و بڕوا بێت .. راستگۆ و نەگۆڕ بێت و
.. ماستاو بۆ کەس سارد نەکات .. بەرژەوەندی گشتیی لە بەرژەوەندی
تایبەتی لا لەپێشتر بێت.
ئەم هۆنراوەیەی دانانی خۆم.. پێشکەش بە
مامۆستایانی دڵسۆز و سەرکەوتوو دەکەم:
مامۆسـتا.
مامۆســـــــــتا گیـــــان تا مـــــــــــاوم
چـــــــــاکەت وا لەبــــەر چـــــــــــاوم
تـۆی رابــــــــــــەری دڵســــــــۆزمان
بـەرەو هیـــــــــیوای پیــــــــــرۆزمان
هـــانت دایـــــــن کوردپــــــەروەر بین
دلێـــــــــــر و کۆڵنـــــــــــــــنەدەر بین
بۆ رزگـــــــــــاری کوردســـــــــــــتان
تێ بکۆشـــــــــین بێ وچــــــــــــــــان
بە زانــــــــــست و زانیــــــــــــــــاری
بە یەکبــــــــوون و هاوکــــــــــــــاری
لە پـاڵ هێـــــــــــزی مەچەکمـــــــــان
پێنــــــووس بکەین بە چەکمــــــــــان
مامۆســــــــــــتا تـۆ شــــــــــــــــایانی
پاداشـــــــــــت و گوڵبــــــــــــــــارانی
بـــــــــــــــزانیت یا نــــــــــــــــەزانیت
مامۆســــــــــــــــــتا لە دڵمـــــــــــانیت
کەرکوک - ١٩٨٥
٢٢\١١\٢٠١٣
-
نەرویج
ماڵپهڕی رهزا
ساڵح
|