په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢\٢\٢٠٢٥

تێگەیشتنێک لە تیرۆری سەلوان.


حەمەسەعی باپیر   

هەرچەند قسەو باس خێری تیا نابینرێت و ئەمەوێت تا بکرێت خۆمی لێ لابدەم.


بەلام بەحوکمی ئەوەی لە ستۆکهۆڵم ئەژیم و نزیکم لە روداوی کوشتنی پەنابەرێکی عێراقی بەوەی ڕوداوەکە بووە بە هەوالێکی ناوەندی وڵات و جیهانی.


( سۆدەر تالیا) شارۆچکەیەکە و لە ژێر شارەوانی ستۆکهۆڵم دا بووە بەگەرەکێکی شارەکە ، هاوشێوەی شارۆچکەی سەرچناری سلێمانی لەوێ دا لە ٨٠٪ خەڵکەکەی لە پەنابەر و بێگانە پێکهاتووە زۆربەیان لە کریستیانە سریانەکانن.


سەلوان مۆمیکای تەمەن ٣٨ ساڵ لەوێ و لە شەوی چوارشەمە ٢٩ جەنیوەری لە ناو شوقەیەکی ئەوێ دا لەکاتی سەرقاڵی بە ژیانی خۆیەوە بەگولە کوژرا.


ئەو پەنابەرێکی کریستیانی عێراقی بوو لەم چەند ساڵەی دوایی دا بێزار بووە لە ژیانە عیراقیەکەی وەکو پیشەی هەمو هەڵهاتویەکی ڕۆژهەڵاتی لە ڕێگەی قاچاخچیەکانەوە هاتوە بۆ ئەوروپا ، ئومیدی خواستوە لە وڵاتی سوید مافی پەنابەری بدرێتێ.


تا ئێرەی چیرۆکی هاوبەشی هەمو پەنابەرانە بەگشتی و بەتایبەت پەنابەرە ڕۆژهەڵاتیەکان.


ئەوەی (سەلمان مۆمیکا) جیائەکاتەوە لە پەنابەرانی تر هەوڵدانی بووە بۆ ئەنجامدانی ( کەیسی پەنابەری) بە جۆرێک مافی پەنابەریەکەی بۆ دابین بکات.


سەلوان بە پێی ئەوەی کریستیان بووە ، وەکو هەمو کریستیانە عێراقیەکان ئەکرا کەیسەکەی بەو جۆرە بێت ( بەوەی ئەوان کەمینەیەکی چەوسێنراوەن لە ناو زۆرینەی عێراقی ئیسلامی دا ، شایستەی پەنادانن لە وڵاتی سوید ) زۆرینەی هەرە زۆری کریستیانەکانی عێراق بەو جۆرە (کەیس)ی پەنابەریەکانیان پێشکەش کردوە ، هەروەها ئەو کەیسەیان بەگشتی بڕێکی زۆری ڕاستی تێدایە ، دەوڵەتی سویدیش ئەو ڕاستیەی بە پێوانەی یاساکەیان وەرگرتووە لەو ڕێ یەوە زۆرینەی کریستیانی عیراقی لەسوێد بڕیاری پەنابەریان بۆ دەرچووە ، بەجۆرێک کریستیانە سریانەکانی عێراق بوون بەبەشێکی هاونیشتمانی ئامێتەبووی ناوداری وڵاتی سوید یانەی وەرزشی خۆیان هەیەو پێگەیەکی ئابووری تایبەت بەخۆیان هەیە ،هەروەها گەرەکی سۆدەرتالیای ستۆکهۆڵم بە ناوچەیەکی داخراوی ئەوان ئەژمێردرێت ، سەرسوڕمان لەوەدایە( سەلمان مۆمیکا) لەوێ تیرۆر کراوە.


بەلام بەهۆی قورس بوونی مەرجی پەنابەری لەئەوروپاداو بەتایبەت لەسویدا ، کەسانی پەنابەر زۆر رێگەی نامۆو نەشیاو ئەگرنەبەر بۆ وەرگرتنی مافی پەنابەری.


کاتی خۆی بەوجۆرە نەبوو ، بەنمونە لە مێژوی خۆمەوە دەست پێ بکەم من لەسەرەتای ١٩٩٩ دا گەیشتمە وڵاتی سوید ، ئەوکاتە تەنها بەڵگەی سەلمێنەرت بخستایەتە ڕو ، بەوەی هاونیشتمانیەکی عیراقی ژێر سایەی دەسەلاتی سەدام حوسەینیت ، وڵاتی سوید بێ کێشە مافی پەنابەری پێ ئەبەخشیت.


بەو هۆیەوە زۆرێک لە پەنابەرانی وڵاتانی عەرەبی و کوردی ئێرانی و سوری خۆیان بە عێراقی ئەخستە ڕو ، ئەوەش وای کردبوو ، باری کەسە عێراقیە ڕاستەقینەکانی هەندێک سەخت و ئاڵۆز کردبوو ، کاربەدەستانی سویدی بەئاسانی بڕوایان بەعێراقی بوونی هەمو کەسێک نەئەکرد.


بەڵی! ئەو کاتانە (سەدام حوسەین) ئەو سودو قازانجەی بۆ پەنابەرێتی سوید تێدا بوو.


کەیسی زۆر نامۆ تر هەبوو ، بۆ وەرگرتنی پەنابەری ، لەوانە بەهۆی ( چەوسانەوەی سێکسی و جێندەری) لە ئەوروپادا بەگشتی و لەسوید بەتایبەتی ، ئەو بابەتە نەخوازراوەش کەیسێکی تری بەدەستهێنانی مافی پەنابەری بوو.


هەندێک کۆچبەر پەنای بۆ سایەی ئەو کەیسە ئەبرد ، ئەویش وایە ، کەسی پەنابەر ئەگەر نێرینەیەک بوایە ئەبوو بیسەلمێنێت ئەو کەسێکی (گەی) یان هاورەگەزباز ( هۆمۆسێکسە )ەو ژیانی لە ناو کۆمەڵگەی ولاتەکەی دا سەخت و پڕ مەترسیە ، یان ئەگەر پەنابەرەکە مێنە بووایە ئەبوو بیسەلمێنێت کەسێکی سوحاقی ( لیزبیان) ە یان بەهۆی ڕوداوی ناموسەوە لەشوێنی خۆی هەرەشە لێکراوە.


ئەم خۆ شکاندن و ناڕاستی و درۆکردنانە ئوباڵی ئەچێتە ملی ئەو دەسەلاتە ستەمگەرو ملهورانەی وڵاتە ڕۆژهەلاتیەکان ، بە جۆرێک تاکەکانی خۆیان توشی ئازارو برسێتی وبێ مافی ئەکەن.


لە وڵاتە ڕۆژئاواییەکان لەپێناوی مافی ژیانێکی سادەی مرۆڤی دا خۆیان توشی درۆو ژێر پێ خستنی کەرامەتیان ئەکەن.


بەهەرحاڵ هەر تاکێک لە ملیونەها پەنابەری ڕۆژئاوا خاوەنی چیرۆکی تایبەتی سەرنجڕاکیشە ، دڵنیام هەریەکێک لەو چیرۆکانە لەبارێکی نوسین گێڕانەوەی دا چیرۆکێکی تایبەت و سەرنجڕاکیشە ئەگەر بکرێت فیلم و نمایشی هونەری بە ملیونەها فیلمی سەرنجڕاکیشی پڕ فرۆشی هۆلیودی لێ بەرهەم دێت.


بۆ ئەوەی تەماحی گێڕانەوەی ئەم چیرۆکە سەیرو سەمەانەی پەنابەران دور مان نەخاتەوە ، ئەگەرێنەوە بۆ سەر ناونیشانی بابەت و یەک چیرۆکی ( سەلمان مۆمیکا)ی پەنابەر.


سەلمان مۆمیکا پاش ئەوەی لە چەوسانەوەی ئاینی هەڵهات بوو ، بێگومان داخ و دڵگرانیەکی خۆی هەبووە لە ژیانی ڕابردوو ئاینە چەوسێنەرەکەی ، سەرباری ترس و بیمی سنورداش و ( دیپۆرت ) گەڕاندنەوەی بۆ ولاتە دۆزەخیەکەی ، لە سەرەتاوە ئەو ڕابردووە تاڵە باری سەختی دەرونی هەمو پەنابەرێکە.


هەروەها کرانەوەی ژیانی ڕادیکاڵیانەی سویدی بەدیوێکی تردا پەنابەر تووشی بەشەوارەکەوتنێکی داب و نەریتی ئەکات ئەوەی خۆیان پێی ئەلێن بەیەکدا پژانی کلتوری ( کراش کلتور )، ئەم ئازادی و کرانەوە کلتوریە بەراورد بە کلتور و بەندوباوی ڕابردووی پەنابەران بەجۆرێکە ، بیرو بۆچونە ئاسایی و سونەتیەکانی پەنابەر لە گرێژەنە دەرئەکات.


سەلمان مۆمیکا بۆ پەڕینەوە لەم گێژاوی سەرگەردانیە ، بەکەیسێکی ئاسایی بەرگریکاری چەوساندنەوەی ئاینی دانەکەوتوە ، بووە بەکەسێکی هێرش بەر بۆ سەر داب و نەریتی لایەنی چەوسێنەری.


وەکو بینیمان سەلمان لەدژایەتی دا ئەوپەڕی لێ گرت بوون ، لە کاری سوکایەتی کردن بەپیرۆزی ئاینە سەردەستەکەی ، بەوەی سودی لە یاسای ( ئازادی ڕادەربڕینی سویدی) وەرگرت بوو ــ سوید لەروی ئازادی ڕادەربڕینەوە بە پێشەنگێکی ولاتانی ڕۆژائاوا ئەژمێردرێت،


سەلمان لەبەردەوامی کاری سوتاندنی (کتێبی پیرۆز)ی موسوڵمانان ، لەوەش زیاتر ، لەپیرۆزیەکانی تری ئەدان ، بەوەی لە(کات) دا هات بوو ڕۆژی پیرۆزی جەژنی ئاینی ئیسلامی هەڵبژارد بوو ، لە( شوێن) دا بەرامبەر شوێنێکی پێرۆزی موسوڵمانەکان ئەویش قەرەباڵغترین مزگەوتی ستۆکهۆڵم بوو دیسان سەلمان ئەو کاری کتێب سوتاندنەی بەشێوەی نمایشیانە دوبارە کردەوە.


بەجۆرێک جیا لە ئایندارە توندو فەندمینتاڵەکان ئەوانەی موسوڵمانی دنیایین و ئەرکی ئاینی بەجێ ناهێنن هەستیان بە تانە لێدانی پێناسەیان ئەکرد ...
کاردانەوەی ئەوکارەی لەوێ دا نەوەستابوو بووە هۆی ناڕەزایی وڵاتانی تری ئیسلامی و بەدوای دا وەلامدانەوەیان هەبوو بەجۆرێک حوکومەتی سوید و یاسای ئازادی ڕادەبرێنی خستە بەر ئەرکی بەرگی و زیان بژاردنەوە.


جگەلەوە هەڵوێست و وەڵام دانەوەی هەندێک ولاتی ئیسلامی گەیشتە سزادانی سیاسی و ئابووری وڵاتی سوید ، بەوەش ولاتێکی خاوەن رەفاهی سوید بەر زیان لێ کەوتنی سیاسی و ئابووری کەوت بە دۆڕاندنی متمانەی ئابووری وبەر زیانی ملۆنەها کرۆن کەوت.


لەم کاتانەدا تەنگاوی و تەنگژەیەکی بۆ وڵاتی سوید خوڵقاند کە هیچ پێوسیتی پێی نەبوو ، بەتایبەت لەژێر باری هەرەشەی وجودی جەنگی ڕوسی و ئوکرانی دا بوو.


سوید بۆ پاراستنی خۆی لەهەوڵی چونە ناو پەیمانی ناتۆدا بوو ، وڵاتێکی وەکو (تورکیای سەرانەخۆر) جگە لە بیانوی (کوردخوازی سوید) ئەو کارەی سەلمانی لە سوید ئەکرد بە بیانوی کۆسپ و ڕیگری لە بەئەندام بوونی لە پەیمانی (ناتۆ )دا.


لەو سۆنگەیەوە سوید ناچاری پاشەکشە و لەبەرکێشانەوەی ئازادی ڕادەربرێن هات، بەمانەیەکی تر زیاتر خزمەتی بە ڕاسیست و راستڕەوە پەڕگیرەکانی سوید کرد ، بەتایبەت لە ڕوی پەرەسەندن بەهێز بوونی پارتی ( سڤاریا دیموکرات)ی ڕاستڕەوی دژە بێگانەو پەنابەر.


ئەمانەی باسکرا ڕوداوگەلێکن لەسایەی ژیان و مانەوەی (سەلمان مۆمیکا).


بەلام لەداهاتو لە دوای تیرۆر کردنی سەلمان و بەوجۆرەی ڕوی داوە ، فەسلێکی تر دەست پێ ئەکات لە گۆڕانی دراماتیکی ژیانی سیاسی و کۆمەلایەتی و ئابووری سوید بەتایبەت هی پەنابەران و بنچینە بێگانەکانی ناو سوید و بەتایبەت تر موسوڵمانەکانی ، هیچ یەک لەوانە مژدەی خێربەخشی نابێت و بەهارە وەرزێکە بۆ زیاتر گەشەکردنی تەوژمە ڕاسیست و ڕاستڕەوە پەڕگیرەکان.


کەسی پەنابەر وبێگانە بەتایبەت پێناسە موسوڵمانەکانی ئەبێت پشتێنی لێ توند بکاتەوە.


لەمەودوا ئەوان ڕۆژانێکی سەخت چاوەروانیانە.


١\٢\٢٠٢٥ - ستۆکهۆڵم

ماڵپه‌ڕی سه‌عید عارف باپیر

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک