٣٠\٨\٢٠١٧
تێگەیشتنی
بازنەیی.

عەبدولموتەلیب عەبدوڵا
تەنیا ماینەوە
من و باقەیێ خەیاڵ
کە بەشی پێکێکی قەیتانی نەدەکرد
من بەو خەیاڵە
سەراپا تراژیدیای ژیانم نوسییەوە. ل٣
(کەریم دەشتی) شاعیرێکی بە ئەزموونی پڕ بەرھەمە، بە یەکێک لە شاعیرانی
(نەوە)ی ھەشتاکانی شیعری کوردی دەژمێردرێت، ھەڵگری جۆرێک لە
تایبەتمەندی شیعرییە و پشت بە “بیرکردنەوە” و “خەیاڵ ” دەبەستێت و
بایەخ بە (چنینی ریتم)ی شیعری، دەنگ و سەروا دەدات، ئەوەی دوایی وای
کردووە شیعرەکانی لە روونی و سادەیی نزیک ببنەوە! لەو ئەزموونە نوێیەدا
بە شێوەیەکی گشتی برەوی بە (تێگەیشتنی بازنەیی) و بە تایبەتی (تێگەیشتنی
وشە) داوە.
لە کتێبی (رەوانبێژی خەیاڵ) کە بەشە پراکتیکەکەی بە ناونیشانی وێنەی
“کتێب” لە ئەزموون و ئەزموونگەری “کەریم دەشتی”شاعیردا. قسەم لە بارەی
میکانیزمی کارکردنی شاعیر کردووە و پێموایە شاعیر وەک میکانیزمی
کارکردن زێتر بەلای ھەڵبژاردنی زمانی شیعرییدایە، ھەمیشە ھەوڵەکانی خۆی
لەوەدا کۆ دەکاتەوە، کە (رێگای گوتن) بۆ زمان خۆش بکات. لەو رێگا خۆش
کردنەشدا ھەندێجار شاعیر ئیشکالی گەیاندن و نەگەیاندنی بیرۆکەی شیعریی
لە رێگای ئەزموونەوە چارەسەر دەکات. وەک چۆن ئیشکالیەتی وێنە و
تەعبیرکردنی شیعریی لە رێگای تێگەیشتنی ناوەکی زمانەوە، یان بە
مانایەکی دیکە لە رێگای ئەزموونگەرییەوە چارەسەر دەکات. لە سەر ئەو
بنەمایە دەشێ بڵێم ئەزموونی شاعیر لەگەڵ زمان و شێوازگەریی تەعبیرکردن،
لە سەر دوالیزمی ئەزموون و ئەزموونگەری - بەردەوامی زمان و چرکەساتی
ئازادی دەربڕین – وەستاوە. ئەو بیروڕایەی من کۆی بەرھەمە شیعرییەکانی
تا ساڵی (٢٠١١) دەگرێتەوە.
لە خوێندنەوەی کتێبی ناوبراودا پێموایە شاعیر لە (پرۆسەی نوسینی شیعری)
زۆر جاران (بابەتێک) یان (فیکرەیەک) بەرەو نوسینی دەبات؟! فیکر و مانا
لە دروستکردنی وێنەدا بەشداری تایبەتی خۆیان ھەیە، بەڵام دیارە لێرە
مەبەست لە فیکر و مانا وەک رەگەزێکی شیعری بینراوە، نەک وەک لۆژیک و
تێگەیشتن!! بەڵام لەو ئەزموونە نوێیەدا من وەک خوێنەرێکی کۆی
بەرھەمەکانی شاعیر ھەندێک گۆڕانکاری دەبینم، یان ھەندێ ئەزموونکاری
دەخوێنمەوە، ئەوەی زۆر بەرجەستەشە گۆڕانکارییە لە شێوازیی تەعبیرکردن و
ھێنانە ناوەوەی تێگەیشتنی بازنەییە لە خولانەوەی وشەدا.
لە کۆمەڵە شیعری (تاریک، بەقەد درەوشانەوە تاریک - ٢٠١٦) شاعیر وەک
ئەزموونگەرایەک لە رووی مەعریفەی شیعریی و تەعبیرکردن، کاری لە سەر (تێگەیشتنی
بازنەیی) کردووە… بەو مانایەش دەشێ خوێنەران جیاوازییەکانی ئەو
ئەزموونە شیعرییە، نەک ھەر تەنھا لە رێگا گۆڕانکاری لە شێوازیی
تەعبیرکردن، بەڵکو لە رێگای بەرجەستەکردنی تێگەیشتنی بازنەیشەوە زێتر
ھەست پێبکەن!
شاعیر لە ھەموو ئەزموونەکانی خۆیدا لە (رێگا خۆشکردن بۆ زمان) دوور
نەکەوتۆتەوە، ئەوەش بە بڕوای من پەیوەندی راستەوخۆی بە سەرچاوەی
مەعریفی شیعریی –یەکەمەوە- ھەیە، واتە باوکی وەک شاعیرێکی کلاسیزمی
کوردی لە پرۆسەی نوسیندا وەک بنەمایەکی سەرەکی زمانی شیعریی فەرامۆش
نەکردووە!
لێرە قسەکردنم لە سەر تەعبیرکردنی شیعریی دەکەوێتە نێوان سنوری (دەق -تەعبیرکردن)
و سنوری (وەرگر -تەئویل) کردن! دەمەوێ بڵێم چەمکی تەعبیرکردن، خۆی لە
بەرفرەوانکردنی سنورەکانی توانا و ئەزموون و ناخی شاعیردا دەبینێتەوە،
وەک چۆن نابێ سنورەکانی توانا و ئەزموون و ناخی وەرگریش فەرامۆش بکەین!
بێگومان نابێ لە بیرمان بچێ، بەشێکی زۆری ئەو ئەزموونگەرییە دەکەوێتە
سەر ئازادی بیرکردنەوە و ئاستەکانی خوێندنەوەی خوێنەرەوە؟!
بە دیوەکەی دیکەش ھەمیشە شێوازی تەعبیرکردن بە شێوە جۆراوجۆرەکانی
زمانی ئەدەبییەوە بەندە! زمانی ئەدەبی دوورە لە راستەوخۆیی، ھەڵگری
روویەکە لە رووەکانی حەقیقەت، زمانی ئەدەبی لە سەر لادان و خوازە و
رەمز بەرەو کەشفکردن ھەنگاو دەنێت… ھەڵبەتە لە بەرانبەر شێوازی زمانی
تەعبیرکردن، شێوازی زمانی ئەبستراک ھەیە… شێوازی زمانی ئەبستراک ھەموو
ھێزی خۆی لە لادان و ئاماژە و رەمز خەرج دەکات، ھەمیشە بۆ پرکردنەوەی
بۆشاییەکانی پشت بە خوێنەران دەبەستی… ئەوەش یەکێکە لە خاڵە
بنەڕەتییەکانی جیاوازی نێوان زمانی تەعبیری و زمانی ئەبستراک.
بەڵام دواجار زمانی ئەدەبی بە ھەموو ئاستە جیاوازەکانییەوە پشت بە
ئازادی بیرکردنەوە و ئاستەکانی خوێندنەوە دەبەستێ… ھەموو ئەو قسانەم بۆ
ئەوەیە بڵێم بزاڤی زمانی تەعبیرکردنی کەریم دەشتی لە کۆی ئەزموونەکانی
پێشووی تا ساڵی ٢٠١١ لە زمانی تەعبیرکردنی (زیندەگی)یەوە بەدەر نییە،
یان بە شێوازی زمانی تەعبیرکردن لە رێگای زیندەگییەوە بەندە… بە
شێوەیەکی گشتی شێوازی زمانی تەعبیرکردن لە رێگای زیندەگییەوە، پشت بە
ریتمی ناوەکی ژیان دەبەستێ و ھەندێجار کار لە تێکشکانی گرامەر و
رەنگاوڕەنگی دەکات، بێ ئەوەی پەرتوبڵاو بێت… (جەلال بەرزنجی، دلاوەر
قەرەداغی، بەرۆژ ئاکرەیی، ھیوا قادر…) لەگەڵ جیاوازییەکانیان نموونەی
دیاری ئەو شێوازەن…
بە بڕوای من شێوازی زمانی تەعبیرکردن لە رێگای زیندەگییەوە، بۆ کەریم
دەشتی تا (ساڵی ٢٠١١) درێژ دەبێتەوە، بەڵام دواتر شێوازی زمانی
تەعبیرکردنی شاعیر خۆی لە تەعبیرکردن لە رێگای دنیابینییەوە دەدۆزێتەوە،
لە (تاریک، بەقەد درەوشانەوە تاریک - ٢٠١٦) ئەو شێوازە بە ترۆپک دەگات،
لە کۆمەڵە شیعری (تاریک، بەقەد درەوشانەوە، تاریک) دنیایەکی دیکەی نوێ
لە پەیوەندی نێوان وشەکان و شتەکان دروست دەکات.
بە شێوەیەکی گشتی شێوازی تەعبیرکردن لە رێگای دنیابینی، شێوەیەکە لە
شێوەکانی زمانی تەعبیرکردنی شیعریی، کە ئەزموونی ھەستی کەمتر تێدا
دەردەکەوێت، زۆرتر پشت بە درێژکردنەوەی تێگەیشتنەکان و خولانەوە
دەبەستێ، کار لە ریتمی دەرەکی دەکات، کەمترین دەنگی دژکاری تێدایە، چڕە،
ھەندێجار لەگەڵ پلەکانی گرامەر دژ دەکەوێتەوە. ئەوەش گۆشەنیگای
شاعیرانە بۆ خوێنەر دەنەخشێنێ!
گۆشە نیگای شاعیرانە پەیوەندییەکی راستەوخۆی بە دیتن یان دنیابینی و
خەونبینییەوە ھەیە، ئەوە دەشێ تێگەیشتنی من بێت، بۆ روانینی شاعیرانە و
دیتنی دنیا و شتەکان بە چاوێکی نوێوە… (شێرکۆ بێکەس، رەفیق سابیر، ھاشم
سەراج، دلشاد عەبدوڵڵا، ئەحمەدی مەلا، جەمال غەمبار…) بە
جیاوازییەکانیانەوە لە بارەی زمان و تێڕوانین و ھەستی شیعرییەوە…
نموونەی دیاری ئەو شێوازەن: بۆ نموونە زمان و تێڕوانینی ھاشم سەراج
پەیوەستە بە ھەبوونی شیعریی لە ھاوکێشەی (بوون - نیگەرانی - مردن) و
لەگەڵ تێڕوانینی (تاریک، بەقەد درەوشانەوە، تاریک) وەک لە خوارەوە
ئاماژەی بۆ دەکەم، جیاواز دەکەوێتەوە… دلشاد عەبدوڵڵا، ھەوڵدەدات لە
رێگای ھاوکێشەی بابەتییەوە شیعرییانە بەسەر گێڕانەوەکاندا بچێتەوە.
دەیەوێت ھاوکێشەی بابەتی لە نێوان شیعر و گێڕانەوە دروست بکات! ئەو
شێوەیە لە تێڕوانین ھەمان زمانی گێڕانەوەی شیعریی و رەگەزی زاڵی
گێڕانەوەی جەمال غەمبار نییە، ئەحمەدی مەلا ھەندێجار لەگەڵ پلەکانی
گرامەر دژە و زێتر لەگەڵ گۆشەنیگای شاعیرانە دێتەوە… (بۆ ئەوەی لە
بابەتی نوسینەکە دوور نەکەومە ئەو پۆلینکردنەی زمانی تەعبیرکردن و
جیاوازییەکانی بۆ کاتێکی دیکە ھەڵدەگرم).
لە سەر ئەو بنەمایە دەتوانم بڵێم تایبەتمەندییەکانی شێوازی زمانی
تەعبیرکردنی شیعری (تاریک، بەقەد درەوشانەوە، تاریک) خۆی لە بزاڤی
جوانی و توانای شێوەگرتن و گەشەکردنی تێگەیشتنی بازنەییدا دەبینێتەوە،
شاعیر بە ئاگاییەوە لە رێگای ھاوگونجانێکی ھونەری بەرزەوە تێڕوانین و
دنیابینی خۆی دەخاتە روو. دەشێ خوێندنەوەم بۆ تێگەیشتنی بازنەیی، لەو
ئەزموونە نوێیەی شاعیردا لەوێوە خۆی ھەڵبگرێتەوە، کە (تێگەیشتنی
بازنەیی) بەلای منەوە، ناونانی میکانیزمی کارکردنێکە بۆ چەسپاندنی
تێگەیشتن لە سەر خودی تێگەیشتن! پێموایە دەشێ دوو بنەمای بنەڕەتی بۆ
ئەو میکانیزمە دەستنیشان بکەم: یەکەم، بنەمای فیکرەی دابڕان: فیکرەی
دابڕان لە مانایەکەوە بۆ گەیشتن بە مانایەکی دیکە، یان لە
تێگەیشتنێکەوە بۆ بەرجەستەکردنی یەکێکی دیکە… دیارە تایبەتمەندییەکانی
ئەو بنەمایە بە بڕوای من لە سەرسامبوونی خوێنەردایە، چونکە خودی فیکرەی
دابڕان لە شیعردا وا لە خوێنەر دەکات، جارێکی دیکە بۆ خوێندنەوە
بگەڕێتەوە، تاکو بتوانێ باشتر لە ھەردوو ئاڕاستەکە بگات و چێژی زێتر بە
دەست بھێنێ. بڕوانە ھەبوونی شیعریی لە ھاوکێشەی (بوون - دابڕان -
ھەتاھەتایی)
باش وەکو دڵم تاقە خۆشەویستێکی ھەبوو
ھەتا ماوە بۆی ئەگەڕێ
تەنیا من و تۆ ماینەوە ئەی با. ل٣٠
بنەمای دووەم، فیکرەی دووبارەبوونەوە، یان خولانەوەی وشە: واتە شاعیر
ھەوڵدەدات ھەمان ئەو تێگەیشتنە دووبارە بکاتەوە کە ھەموو حەزی لێدەکەین،
ئەویش لە پێناو جێگیرکردن! راستە دروستکردنی حاڵەتێکی دەروونی لە
پشتەوەیە… بۆیە مەرج نییە بتوانێ ھەمووان رازی بکات، بەڵام ھێزی
دەربڕینی شاعیر پۆشاکێکی دیکەی نوێی پێدەبەخشێ، کە لەبەر دڵان بێت.
بڕوانە ھەبوونی شیعریی لە ھاوکێشەی (بوون - دووبارەبوونەوە - ھەتا
ھەتایی)
زۆرم بیر کردەوە شیعر شەڕە لەگەڵ زمان
زمان شەڕە لەگەڵ زمان
زمان شەڕە لەگەڵ بازنە
زۆرم بیر کردەوە بازنە ئەبەدییە و کۆتایی نایەت. ل٦٢
ھەمیشە کەریم دەشتی لە ئەزموونەکانی خۆیدا بۆ ئەو ھێزەی زمانی
تەعبیرکردن، پەنای زۆری بۆ موزیکای وشە و ھاوگونجان ((چنینی ریتم)) و
دواتریش بەرجەستەکردنی چییەتی زمان بردووە، بەڵام لەو ئەزموونە نوێیە
پێگەییوەدا بەرجەستەکردنی تێگەیشتنی زمان، پێش ماھیەتی زمان دەکەوێت؟!
دەشێ بۆ (چییەتی زمان) بە دوای دەنگ و مانادا بگەڕێین، بەڵام دەبێ بۆ
بەرجەستەکردنی (تێگەیشتنی بازنەیی) پەنا بۆ ئاشکراکردن و بە
دواداگەڕانی تێگەیشتنی تایبەتی وشە و خولانەوەی وشە بەرین…
ھەوڵێکی زۆرم دا بە چەند وشەیێ خۆم بکوژم
کەچی وشەیەکی زۆرم کوشت و ھەر نەکوژرام
زۆر ھەوڵم دا دوژمنێ بۆ خۆم دروست کەم
بەڵام لە خۆم زێتر کەسم نەدۆزییەوە. ل١٠٢
شاعیر چۆن لە ناو و ناونانەوە گەیشتووە و چۆن ئەو ناو و ناونانە بە
ھەبوونی شیعرییەوە دەلکێنێ؟! بە مانایەکی دیکە (دەرخستن) و (ئاشکراکردن)
و (نواندن)ی تێگەیشتن، لەو ئەزموونە نوێیەی شاعیردا دەرخستن و
ئاشکراکردن و نواندنی تێڕوانینە بۆ (بوون) لە شیعردا، بە دیوەکەی دیکە
لە کۆمەڵە شیعری (تاریک، بەقەد درەوشانەوە تاریک - ٢٠١٦) تێگەیشتنی
شاعیر یان (ھەبوونی شیعریی) لای ئەو مەعریفەی شیعریی شاعیر دەخاتەوە،
بەڵام مەعریفەیەکی جیاواز لەوەی لە سەرچاوەکانی یەکەمەوە پێیگەیشتبوو!
ھەمیشە مەعریفەی شیعریش دنیابینی شیعری رەنگ دەکات… کەواتە شاعیر ئەو
کاتە ناو لە شتەکان دەنێت، کە تێگەیشتنی تایبەتی خۆی دەنوێنێ، بە
مانایەکی دیکە تەنھا ئەو وشانە دەتوانن تێگەیشتنی شاعیر بەرجەستە بکەن،
کە دەتوانن ئەوە بڵێن کە شاعیر بە پێی دنیابینی خۆی دەیەوێت، ھەر ئەوەش
تایبەتمەندی ھەبوونی شیعری لای کەریم دەشتی ئاشکرا دەکات.
بە کورتی شاعیر وێنەی تێگەیشتنی خۆی یان (تێگەیشتنی بازنەیی) لە
چوارچێوەی شیعردا بە خولانەوەی وشە و خولانەوەی فیکر لە لایەک و فیکرەی
دابڕان لە لایەکی دیکە سپاردووە.
١\٥\٢٠١٧
- ھەولێر
ماڵپەڕی عەبدولمتەلیب عەبدوڵا
|