ته‌حریمی شانۆگه‌ریی هه‌ڵبژاردن و گوڕوتیندان به خه‌بات، تاکه هه‌ڵوێستی نه‌ته‌وه‌ییه .
به‌پێی راگه‌یه‌ندراوی فه‌رمیی رێژیمی کۆماری ئیسلامی، وا بڕیاره که رۆژی هه‌ینی 24 ڕه‌شه‌مه‌ی 2707 (1386) به‌ناو هه‌ڵبژاردنی خولی هه‌شته‌می مه‌جلیسی شواری ئیسلامیی ئێران به‌ڕێوه‌بچێ. کاربه‌ده‌ستانی رێژیم به ته‌رخانکردنی تێچوویه‌کی زۆر و وه‌گه‌ڕخستنی سه‌رجه‌م راگه‌یه‌نه گشتییه‌کانی ده‌وڵه‌ت و به‌کارهێنانی ده‌سه‌ڵات، تێده‌کۆشن ژماره‌یه‌کی هه‌رچی زیاتری خه‌ڵک ڕکێشی سه‌ر سنووقه‌کانی ده‌نگدان بکه‌ن و ئه‌و په‌ڕی که‌ڵک له‌م به‌ناو هه‌ڵبژاردنه وه‌ربگرن.
ئه‌زموونی ده‌سه‌ڵاتی 28 ساڵه‌ی کۆماری ئیسلامی سه‌لماندوویه که ئه‌م رێژیمه له‌گه‌ڵ ماف و ئازادییه‌کانی خه‌ڵک و چه‌مکی هه‌ڵبژاردن و ویست و ئیراده‌ی ئازادی خه‌ڵک نه‌گونجاو و ناته‌بایه و له قامووسی ئه‌واندا ده‌نگ و ره‌نگی خه‌ڵک ته‌نیا بۆ پیشاندانی ئه‌و جۆره شانۆگه‌رییانه‌یه که هه‌ر ماوه جارێک به‌ناوی "هه‌ڵبژاردن"، بۆ ئامانج و به‌کارهێنانی تایبه‌تی نێوخۆیی و ده‌ره‌کیی، وه‌ڕێیده‌خه‌ن.
له رێژیمێکدا که زه‌وتکردنی ماف و ئازادییه‌کانی خه‌ڵک - ئه‌و ماف و ئازادییانه‌ی که له راگه‌یه‌ندراوی جیهانی مافه‌کانی مرۆڤدا پێی له‌سه‌ر داگیراوه- "قانوونی" کراوه و دانیشتوانی وڵات چاره‌نووسیان له‌وپێشدا دیاریکراوه، پرسێک به‌ناوی هه‌ڵبژاردن ته‌نیا گاڵته‌جاڕییه‌که و به‌س! له سیسته‌مێکی سیاسیی‌دا که "ولایت مطلقه فقیه" به‌ردی بناخه و کاکڵی قانوونی بنه‌ڕه‌تیی بێ و چاودێریی ئیستسوابی له گۆڕێدابێ و "شورای نیگابان" له ریزی خوازیاراندا به ئاره‌زووی خۆی کاندید ده‌سنیشان بکا و ئه‌وانی دیکه وه‌لابنێ، ئیتر چ جێگایه‌ک بۆ "مه‌جلیس" و "شورا" و "یاسا" ده‌مێنێته‌وه؟ "هه‌ڵبژاردن" ئامرازێکی دیمۆکراتیه بۆ ره‌نگدانه‌وه‌ی ویست و ئیراده‌ی ئازادی خه‌ڵک که ته‌نیا له سیسته‌مه دیمۆکراتییه‌کاندا جێگای راسته‌قینه‌ی هه‌یه، نه‌ک له رێژیمه تووتالیتارییه‌کانی وه‌ک کۆماری ئیسلامی‌دا.
بۆیه، له چوارچێوه‌ی کۆماری ئیسلامی و قانوونی بنه‌ڕه‌تی ئه‌م وڵاته‌دا هیچ هه‌ڵبژاردنێکی راسته‌قینه و ئازاد نه‌بووه و نابێ هیچ ئاڵوگۆڕێکی بنه‌ڕه‌تی به ئاقاری دیمۆکراتیدا ڵیناکه‌وێته‌وه، مه‌گه‌ر کاتێ که چاودێرییه‌کی نێونه‌ته‌وه‌یی به‌سه‌ره‌وه بێ.
کۆماری ئیسلامی له نێوخۆ و ده‌ره‌وه نوقمی قه‌یرانی سیاسییه. تاقمی بڕیار به‌ده‌ستی کۆماری ئیسلامی له‌م باروودۆخه‌دا، پێویستیان به مانۆڕ و خۆپیشاندانی سیاسییه. له نێوخۆی ئێران‌دا، ئه‌م رێژیمه له‌مێژه شه‌رعیه‌تی سیاسیی له‌ده‌سداوه و به پشت به‌ستن به سوپای پاسداران و وه‌زاره‌تی ئیتلاعات و زه‌بری سه‌رکوتی خه‌ڵک، به‌پێوه‌ماوه. له‌به‌ستێنی ده‌ره‌کییشدا جگه له‌وه‌ی به پشتیوان و داڵده‌ده‌ری تێرۆریزم ناسراوه، له‌سه‌ر پرسی پوخته‌کردنی ئۆرانیوم به‌توندی به‌ربینگی گیراوه و کۆ ده‌نگییه‌کی نێوده‌وڵه‌تی له دژ پێکهاتووه.
بۆیه سه‌رانی رێژیم، هه‌موو توانای خۆیان خستووه‌ته‌گه‌ڕ تا شانۆگه‌ریی هه‌ڵبژاردن گه‌رم بکه‌ن. ئه‌وان ده‌یانهه‌وێ چوونی خه‌ڵک بۆسه‌ر سنووقه‌کانی ده‌نگدان بکه‌نه به‌ڵگه‌ی شه‌رعییه‌تی سیاسی، ده‌یانه‌وێ بیکه‌نه که‌ره‌سته‌ی به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی گوشاره نێوده‌وڵه‌تییه‌کان.
ئه‌وه له حاڵێکدایه که ته‌نانه‌ت هیچ حیسابێک بۆ ده‌نگی به‌شداربووانیش ناکه‌ن و به‌فرت و فێڵ ویستی خۆیان مۆره‌کانیان بۆ مه‌جلیس ده‌سنیشان ده‌که‌ن. سه‌رکه‌وتنی رێژیم له‌م مانۆر و شانۆگه‌رییه‌دا زه‌بر له بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوازیی نه‌ته‌وه‌کان و جوڵانه‌وه‌ی دیمۆکراسیخوازیی ئێران ده‌دا. بۆیه پارتی ئازادیی کوردستان داوا له رۆڵه‌کانی نه‌ته‌وه‌ی کورد و هه‌موو رۆڵه‌کانی گه‌لانی ئێران ده‌کا، شانۆگه‌ریی خولی هه‌شته‌می مه‌جلیسی شورای ئیسلامی ته‌حریم بکه‌ن و به‌شداریی تێدا نه‌که‌ن.
رۆڵه‌کانی نه‌ته‌وه‌ی کورد! ئه‌گه‌ر ئه‌و هۆیانه‌ی سه‌ره‌وه بۆ ته‌حریمی هه‌ڵبژاردن باسکران گشتیین و ئه‌رکی ته‌حریم ده‌خاته سه‌رشانی هه‌موو هاووڵاتییه‌ک له ئێران، بۆ نه‌ته‌وه‌ی ئێمه، فاکته‌رێکی تایبه‌تیش له ئارادایه. بۆ ئێمه هه‌رته‌نیا ئه‌وه پێوه‌ر نییه که سه‌رانی کۆماری ئیسلامی جینایه‌تکار و تێرۆریستن، هه‌ر ئه‌وه جێی قسه‌نییه که هه‌ڵبژاردن له ئێران‌دا نادیمۆکراتییه و رێفۆرمخوازی تراویلکه‌یه.
له‌م ڕوانگه‌یه‌وه، وێڕای ئه‌و فاکته‌رانه و گرینگتر له‌وان، هه‌بوونی ئه‌و ده‌وڵه‌ته سانترالیسته‌یه که خاکی کوردستانی داگیر کردووه و مافی دیاریکردنی چاره‌نووسی کوردی زه‌وت کردووه. له‌م ده‌وڵه‌ته‌دا نه‌ته‌وه‌ی کورد نه له‌سه‌ر خاکی خۆی خاوه‌ن ماف و ده‌سه‌ڵاته و نه له حکومه‌تی ناوه‌ندییدا به‌شداره و نه مافه‌کانی له قانوونی بنه‌ڕه‌تی ئێران‌دا له‌به‌رچاوگیراون.، بۆیه بۆ کوردان ده‌وڵه‌تی ساده‌ی ئێران هه‌ر له بناخه‌ڕا شه‌رعییه‌تی نییه.
کێشه‌ی نه‌ته‌وه‌ی ئێمه، پرسێکی سیاسییه؛ پرسی نه‌ته‌وایه‌تی و ماف و سه‌روه‌ری سیاسییه؛ پرسی خاک و ئاڵا و نیشتمانه. ئه‌وانه‌ی وا به هه‌ر ناوێکه‌وه ئه‌م پرسه تا ئاستی کێشانی رێگاوبان و به‌رق و ته‌له‌یفون و دامه‌زراندنی کۆمه‌ڵێک فه‌رمانبه‌ر و مووچه‌خۆری "کورد" له تاران و گرێدانی به ناکۆکیی مه‌زهه‌بییه‌وه نزم ده‌که‌نه‌وه، ئه‌گه‌ر ده‌ست و پێوه‌ندی رێژیم نه‌بن، له‌باشترین حاڵه‌تدا، گه‌مژه و نه‌زانن.
بۆیه پارتی ئازادیی کوردستان داوا له رۆڵه‌کانی کوردستان ده‌کا، ئه‌و هه‌ڵبژاردنه ته‌حریم بکه‌ن، سنووقه‌کانی ده‌نگدان به‌سه‌ر بکوژانی رێبه‌رانی کورد و ده‌ست و پێوه‌نده‌کانیان به‌جێبێڵن و به‌مجۆره رێگا نه‌ده‌ن هیچ ده‌سته و تاقمێک سات و سه‌ودا به کورد و ئامانجه‌کانییه‌وه بکا. بۆ ئه‌وانه‌ش که به‌هه‌ر ته‌رزێک به‌ناوی "نوێنه‌ر"ه‌وه رێده‌خه‌نه ئه‌و مه‌جلیسه، دانیشتن له ته‌نیشت ئه‌فسه‌رانی سوپای پاسدارانه‌وه نه‌ک هه‌ر شانازیی خوڵقێن نییه به‌ڵکوو نه‌نگ و شووره‌ییه. نه‌ته‌وه‌ی کورد له‌ژێر ده‌ستی داگیرکه‌ردا، هیچ راده‌یه‌ک له مافه‌کانی دابین ناکرێ و ئازادی و ده‌نگ و مافمان ته‌نیا به ڕاماڵینی داگیرکه‌ر وه‌دیی دێن.
مه‌جلیسی گشتیی پارتی ئازادیی کوردستان 23 به‌فرانباری 2707 13 ژانویه‌ی 2008
|