٢٦\١٢\٢٠٢٤
تەکنیکی بەرزەخی
لە نووسیندا.

ئەرسەلان مەحمود
نووسین، ئەو هێزە داهێنەرەیە کە لە بەرزەخی نێوان بێدەنگی و دەربڕیندا،
نە گواستنەوەی بیرۆکە و نە خۆ دووبارە کردنەوە و نە بەرهەمهێنانەوەی
واتایی و نە تێکشکاندنی فۆڕمە باوەکانیشە، پرۆسەیەکە بەردەوام خەریکی
خەڵقکردنە و خاوەنی دینامیکیەتی تایبەت بە خۆیەتی.
کاتێک نووسەر لە ڕێگەی تەکنیکی بەرزەخییەوە دەنووسێت، لە یەک کاتدا
شتەکان لە چەند ڕەهەندەوە دەبینیت و دەخوێنێتەوە و دەیانخاتەوە ناو
پرۆسەیەکی داهێنەرانەوە. بۆ نموونە، کاتێک باسی "تەنیایی" دەکات، لە
یەک کاتدا دەیبینێت وەک "پەڕەیەکی زەردی پاییز کە هەڵدەوەرێت" وەک "گێژەنێکی
بێ ئۆقرەی عەدەم". لێرەدا تەنیایی نە تەنها دۆخێکە، نە تەنها هەستێکە،
بەڵکو هێزێکی دینامیکییە کە بەردەوام مانای نوێ دەخوڵقێنێت.
تەکنیکی بەرزەخی لە نووسیندا دەرگەی نوێ دەکاتەوە بەڕووی داهێناندا.
کاتێک نووسەر لە ڕێگەی ئەم تەکنیکەوە دەنووسێت، دەقەکەی دەبێتە
بوونەوەرێکی زیندوو کە خاوەنی چەندین ڕەهەندە. بۆ نموونە، کاتێک باسی "ئازادی"
دەکات، لە یەک کاتدا دەیبینێت وەک "باڵندەیەکی سەرمەست لە قەفەزی ترسدا"
وەک "ڕووبارێکی سەرکێش کە سنوورە دەستکردەکان دەڕووخێنێت" وەک "هەناسەیەکی
گەرم کە لە هەزاران شۆڕش و خوێن و قوربانی هەڵمژراوە".
ئەم جۆرە نووسینە، نەک تەنها دەقێکی جوان دروست دەکات، بەڵکو
مەعریفەیەکی نوێش بەرهەم دەهێنێت. مەعریفەیەک کە لە ڕێگەی بینینی
فرەڕەهەندی و دینامیکییەوە دروست دەبێت. کاتێک دەقێک بەم تەکنیکە
دەنووسرێت، هەر وشەیەک، هەر دێڕێک، دەبێتە سەرچاوەی داهێنان و خەڵقکردن.
تەکنیکی بەرزەخی، ناهێڵێت نووسین لە چوارچێوەی وەسفکردن و گواستنەوەدا
قەتیس بمێنێت. چونکە نووسەر لێرەدا بەردەوام لە پرۆسەی خەڵقکردنی
ماناکاندایە. بۆ نموونە، کاتێک باسی "مەرگ" دەکات، لە چەند ڕەهەندێکەوە
دەیخوێنێتەوە؛ وەک "ئەو ئاوێنە شکاوەی کە ژیان تێیدا خۆی دەبینێتەوە"،
وەک "ئەو پەپوولە ڕەشەی کە لەسەر گوڵە سپییەکانی تەمەن دەنیشێتەوە"،
وەک "ئەو دەروازە نەبینراوەی کە هەموومان بەناویدا تێدەپەڕین".
ئەم تەکنیکە لە نووسیندا، تەنها شێوازێکی نووسین نییە، بەڵکو ڕێگەیەکی
نوێیە بۆ بینین و تێگەیشتن. لێرەدا نووسەر لە هەر دیمەن و چەمکێک، لە
هەر دیاردە و ڕووداوێک، چەندین ڕەهەند دەبینێت و لە یەک کاتدا،
هەموویان دەخاتە ناو پرۆسەیەکی داهێنەرانەوە کە بەردەوام خەریکی
خەڵقکردنی مانای نوێیە.
بۆ نموونە، کاتێک باسی "کات" دەکات، تەنها ناڵێت کات تێدەپەڕێت، یان
کات وەک شمشێر تیژە. بەڵکو لە یەک کاتدا دەیبینێت وەک "ئەو ڕووبارە
شینەی کە لەناو دڵۆپە خوێناوییەکانی چرکەدا دەڕوات" وەک "ئەو درەختە
هەمیشە سەوزەی کە گەڵاکانی، یەک بە یەک، دەبنە یادەوەری" وەک "ئەو
ئاوێنە سەیرەی کە تێیدا، ئێستا و دوێنێ و سبەینێ، هەموویان پێکەوە سەما
دەکەن".
تەکنیکی بەرزەخی لە نووسیندا، هەڵگری هەمان ئەو تایبەتمەندییانەیە کە
لە دینامیزمی بەرزەخیدا هەن: ئاراستەداری: بەردەوام بەرەو خەڵقکردنی
مانای نوێ دەڕوات. خۆبزوێنی: هێزی داهێنان لە ناوەوەی خۆیدایە.
بەرهەمهێنی: بەردەوام واتا و فۆڕمی نوێ دەخوڵقێنێت. گۆڕانکاری: دژی
وەستان و چەقبەستنە.
هەر دەقێک ئەم تەکنیکەی تێدا نەبێت، ئەگەر نەوترێ دەقێکی مردو یان
دەقێکی لاوازە، ئەوا لە ڕاستیدا کەمخوێنە، چونکە یان لە ئاستی
وەسفکردندا دەمێنێتەوە، یان تەنها دووبارەکردنەوەیە، یان تەنها
هەڵوەشاندنەوە و بونیادنانەوەیە لەسەر ئێسک و پروسکی واتا و وشە
داڕوخێندراوەکان. بەڵام دەقێک کە ئەم تەکنیکەی تێدا بێت، دەبێتە بەشێک
لە پرۆسەی داهێنان و خەڵقکردن و گەشەکردن.
لە کۆتاییدا، تەکنیکی بەرزەخی لە نووسیندا، تەنها شێوازێک نییە بۆ
نووسینی جوانتر، بەڵکو میکانیزمێکە بۆ بەرهەمهێنانی بەردەوامی مانا و
داهێنان. ئەمە ئەو تەکنیکەیە کە دەق دەکاتە بوونەوەرێکی زیندوو،
بوونەوەرێک کە بەردەوام لە پرۆسەی خەڵقکردن و گەشەکردندایە.
* "دینامیزمی بەرزەخی":
دینامیزمی بەرزەخی، تیۆرییەکە بۆ تێپەڕاندنی هەرسێک دیدگە عیرفانی و
مۆدێرن و پۆست مۆدێرنەکە. ئەگەر عیرفانییەکان لەسەر خولانەوە لە بازنەی
هەمان واتادا وەستابن، مۆدێرنەکان لەسەر عەقڵانیەت و یەقین وەستابن،
پۆست مۆدێرنەکانیش لەسەر هەڵوەشاندنەوە و نەبوونی سەنتەر وەستابن، ئەوا
دینامیزمی بەرزەخی لە هەرسێکیان دوورتر دەڕوات.
ئەم تیۆرییە، بەرزەخ دەکاتە هێزێکی بزوێنەر و خەڵاق کە خاوەنی
دینامیکیەتی خۆیەتی. لەکاتێکدا پۆست مۆدێرنەکان لەسەر هەڵوەشاندنەوە
وەستان، ئەم تیۆرییە قۆناغی دوای هەڵوەشاندنەوە دەستنیشان دەکات، کە
پرۆسەی خەڵقکردن و داهێنانی بەردەوامە.
دینامیزمی بەرزەخی چوارچێوەیەکی نوێی فەلسەفی-مەعریفی دادەمەزرێنێت کە
تێیدا: بەرزەخ خاوەنی هێزی داهێنانە. بەردەوام لە پرۆسەی خەڵقکردندایە.
خاوەنی ئاراستە و دینامیکیەتی خۆیەتی. سەرچاوەی دروستبوونی مانا و
مەعریفەی نوێیە.
ئەم تیۆرییە فەلسەفییە، دەروازەیەکی نوێیە بۆ تێگەیشتن لە پرۆسەی گۆڕان
و داهێنان و بەرهەمهێنانی مەعریفە لە جیهانی هاوچەرخدا. شانازی بە
داهێنان و خاوەندارێتی کردنییەوە دەکەم.
ماڵپهڕی ئهرسهلان مهحمود
|