٢٦\٢\٢٠٢١
تێکۆشانی تاک و
کۆمەڵی نەوەکان
لە نێوانی هاوکێشەکەی ئێمە و ئەوان.

رۆنان ئەحمەد
هەرگیز ''ئێمە'' ئەو هەڵە نابەجێیە ناکەین کە بڵێین تاکی ئازاد
دروستدەکەین! چونکە بێجگە لەوەی تاک ''قوڕی پشەسازیی'' نییە تا هەر
چییەکمان بووێ لێی دروستبکەین.. هەر خودی خۆشمان کە لە نێو سیستەمێکی
چەوسێنەر سەرماندەرکردوە و بانگەشەی ئازادییەکان دەکەین.. هێشتا بە
تەواویی لە تۆبزکارییەکانی کۆمەڵ و بنچینە و پێوەرە فەرهەنگیی و
دەروونییە چەسپاو و باوەکان ئازاد نین، بەڵام ئەوەیان زۆر راست و
بەجێیە و دەکرێ بڵێین ئێمە کە لە چوارچێوەی رێکخراوبوونێکی ئاسۆیی و
هەرەوەزیی هەڵوێست و بڕیاری خۆمان وەرگرتوە؛ هەمیشە لە پێناو ئازادبوون
لەو کۆت و بەندانە تێدەکۆشین کە فەرهەنگی زاڵی کۆمەڵ لە دەست و پێمانی
کردوە و دەکا.. هەڵبەتە ئەو کۆششەی ئێمە هەر بە هەمان شێوە لە پێناو
ئەوەشە کە کاریگەرییمان لەسەر ''ئەوان''یش هەبێ تا هەموومان پێکەوە هەم
سەربەخۆ بین هەم لە ئازادییەکانمان بەهرەمەند بین.
بێ گومان ئەو هاوکێشەیەی نێوان ''ئێمەی رێکخراو'' و ''ئەوانی ناڕێکخراو''
کە هەردوو لای لەسەر بنچینەی هەبوونی تاک دامەزراوە هاوکێشەیەکی
راستەوانەیە و هەردوو لایان تەواوکەری یەکدین، واتە ئازادتربوون و
سەربەخۆتربوونی ئێمە رێک راستەوخۆ کاریگەریی ئەرێنی لەسەر ئازادتربوون
و سەربەخۆتربوونی ئەوانیش هەیە و پێچەوانەکەشی هەر بە هەمان شێوە راست
و دروستە.
لە راستییدا هەر خودی ئەو پرسەش لەگەڵ چەندین کێشەی راشکاوانە
رووبەڕووە.. قورسترینیشیان کێشەی ''نەوەکان''ە، واتە کاتێک پێمانوایە
لە لایەکی هاوکێشەکە کە ''ئێمە''ین مرۆڤ تێیدا نێوەندە.. ئەوە لە
لایەکەی دیکەیدا کە ''ئەوان''نن بێ گومان دەبێ نەوەی نوێ ''واتە منداڵ
و نەوجەوان و گەنج'' تێیدا نێوەندە بێ، ئیدی کێشەکە لێرەدا لە نێوان
کۆن و نوێیە.. مەبەستیش لە نوێ خوێنی تازەیە جا چ لە جەستەی کەمساڵاندا
بێ چ لە جەستەی گەورەساڵان.. گرنگ ئەوەیە هەمیشە زۆرینەی گەورەساڵان ''دایک
و باوک و مام و خاڵ و پوور و... تد'' رێگرن یان بە لایەنی کەم هاوپشتی
چینە چەوسێنەرەکانن کە رێگرن لەبەردەم وەدەستهاوردنی ئازادیی پتر و
سەربەخۆیی پتری ئێمەمانان، کەواتە تا کۆمەڵی چینایەتی کە بناغەکەی
لەسەر قازانج و سەرمایە دامەزراوە لەنێونەچێ هەرگیز ئازادیی و
سەربەخۆیی بە تەواویی دەستبەر نابێ، ئیدی زۆر پێویستە تا بەو رۆژە
دەگەین لە هەردوو لای هاوکێشەکە ئاوێتەیەک لە خوێنی تازە دروستبکەین کە
بتوانێ تێکۆشانی تاک و کۆمەڵ بەیەکەوە بچەرخێنێ چونکە ئازادیی تاک هەر
بە تەنیا کاری تاک نییە و هەرگیز تاکیش بە تەنیا دەرەقەتی شەڕێک نایێ
کە لە بنچینەدا شەڕی کۆمەڵە لە بەرانبەر دەستەبژێرێکی سەرکوتکەر و
چەوسێنەر.
________________________________________________
تێبینیی:
ئەو بابەتە لە لاپەڕەی فەیسبووکی (ناوەندی کاری ئازادیی دەربڕین
بڵاوکراوەتەوە.
٢٤\٢\٢٠٢١
xalidahmad306@yahoo.de
|