٢٦\٧\٢٠١١
رەخنەى شانۆیى:
تەلار هیرانى..
هەموو شتێک لە پێناو وروژاندندا.

حەیدەر عەبدولڕەحمان
ئەکتەرەکان
ئاستى داهێنان و شکستییان لە بەرهەمێکەوە دەگۆڕێت بۆ بەرهەمێکى تر ،
بۆیە ناکرێت تۆ هەڵسەنگاندنت بۆ ئەکتەر لە سەر کەسایەتى ئەکتەرێک بێت
کەبە ئەکتەرێکى سەرکەوتوو ناوزەد کراوە یا ئەکتەرێکى تر بە فاشیل ،
بەڵکو دەبێت لە سەر بەرهەم بێت چونکە هەر بەرهەمەو کێش و سەنگى خۆى
هەیە ، رەنگە لە هەلو مەرجێکى دیارى کراودا کۆمەڵێ فاکتەرى یاریدەدەر
هەبن بۆ سەرکەوتنى بەرهەمێک ، کە ئەو فاکتەرانە لە بەرهەمێکى دیکەدا
نەبن ، وەک نواندن لە سەر دەستى دەرهێنەرێکى بە توانا ، یا تێکستێکى
سەرکەوتوو کە ئاوێتەى دەرهاوێشتەکانى سەردەم و کۆمەڵگا بێت ، یا کەشو
هەواو بارى دەروونى ئەکتەر ، یا هەر هۆکارێکى دیکە کە زۆر جاران بە
رێکەوت دروست دەبن و رەنگە کەم رێ کەوێت جارێکى دیکە بڕەخسێتەوە ، زۆر
جاران هەندێ بەرهەمى سەرکەوتوو دەبنە مۆرک و ناونیشانى ئەکتەرێک کە
رەنگە بە ئاسانى لە هزرو خەیاڵى بینەردا کاڵ نەبنەوە ، هەتا داهێنانێکى
گەورەتر لەوەى یەکەمیان بە دەست نەهێنێ ، بۆیە ئەو خاڵى داهێنانە لە
بەرهەمێکى سەرکەوتوودا دەبێتە پێوەرو لە هەر بەرهەمێکى دیکەدا ئەو
ئەکتەرە ببینێ ئەو خاڵى داهێنانەى بە بیردا دێتەوەو بەراوردى پێ دەکات
، وەک بەراوردى شانۆیى ( مەرگ و کچ ) لە گەڵ ژنەکەى ئەو ماڵە کە ..
بێگومان مەبەستم لە قەد گرتن نیە بە ستایلێکى دیارى کراو ، یا پەیوەست
بوون بە دەرهێنەرێک ، چونکە گۆڕینى ستایل و شێوە و دەرهێنەر کارى
ئەکتەرى سەرکەوتووە ، بەڵکو مەبەستم لە دەسەڵاتى ئەکتەرو تێپەڕاندنى
توانایەتى ..
تەلار لەو میلۆدرامایەدا پاڵەوانێکى لیبۆکە زێتر لەوەى ئەکتەرێکى
شانۆیى بێت ، ئەگەرچى لیبۆکەکانیش ئەکتەرى کۆمیدین ، بەڵام بە شێوازێکى
تایبەت کە ئامانجى سەرەکییان دروست کردنى کۆمێدیایە ، چ لە نواندن دا چ
لە شێوەو جلو بەرگدا ، دیارە کە جیاوازییەکى زۆریش هەیە لە نێوان
کۆمیدیاى شانۆیى و کۆمیدیاى لیبۆکەکان ، لە رووى بزووتنەوەو ئەداو دەنگ
و دیالۆگدا ، بۆیە زۆر جاران کە هەموو ئامانجەکان لە شانۆدا دەڕژێنە
نێو فەلسەفەى تەنها بە پێکەنین هێنانى سواو دەڵێن ئەم ئەکتەرە ئەکتەرى
کۆمێدیا نیە بەڵکو لیبۆکە .. من واى دەبینم کە چەند ئەوەندەى بۆ
لیبۆکێک سەخت بێت ببێت ئەکتەرێکى شانۆیى دروست ، لە هەمان کاتیشدا بۆ
ئەکتەرێکى شانۆییش سەخت و دژوار بێت ببێت بە لیبۆک ، مەبەستم ئەوەیە خۆ
لێدانى تەلار لە بوونە لیبۆک رەنگە ئەزموونێکى ئاسان نەبووبێت ، چونکە
ئەو ستایل و ئەزموونە لە شانۆى ئێمەدا کەم پیادە کراوە . لە هەموو
حاڵەتێکا دەبێت ئەو ئەزموونەى تەلار وەک خۆى تەماشا بکەین کە هەیە و
بپرسین ئایا تەلار توانى ببێت بە لیبوکێکى سەرکەوتوو ؟
بەر لە وەڵامدانەوەى ئەو پرسیارە هەندێ ئامانج هەبوون لە پاڵ
هەڵبژاردنى ئەو تێکستە ، یاخود شێلانى تێکستەکە بۆ دروست کردنى ئەو
فۆرمە خوازراوەى ئێمە بینیمان لەوانە :
1. ختۆکە دانى بینەر بە بە کارهێنانى هەندێ دەستەواژەو دیالۆگى سێکسى
بە ئاماجى وروژاندن ، کە رەنگە بۆ بینەرێک کە کەپتى سێکسى هەبێت ، بە
شێوازێک لە شێوازەکان ببێتە هۆکار بۆ وروژاندن و بەجێ هێشتنى کاریگەرى
دەروونى .
2. خۆ رووتکرنەوەى هەندێ ئەندامى جەستەی ئەکتەر بە دروست کردنى هەندێ
دیمەنى سێکسى و لە پێناو هەمان ئامانج دیسان سەرچاوەیەکى دیکە بوون بۆ
وروژاندن ،
3. هەوڵدان بۆ شەرم شکاندنى بینەر بەرامبەر بەو شەختە کۆمەڵایەتیانەى
کە رووى راستى ئارەزووەکانى دەشارنەوە و گەڕانەوە بۆ هەقیقەتە
مرۆییەکان ، لە رێکەى وروژاندنى پرسیارى راستەخۆ لە بینەرو بە قسە
هێنانى ...
4. بە پێکەنین هێنانى بینەر بە شێوەو دیالۆگ و مکیاج .
5. هەوڵدان بۆ بەشدارى پێکردنى بینەرو ئاوێتە بوونى بە شانۆ وەک
ئەکتەرێکى شانۆیى و دروست کردنى پرسیارێک کەوا لە بینەر بکات ببێ بەشێک
لە شانۆگەرییەکە.
بەڵام تا چەند ئەو ئامانجانە کە تەلار کارى بۆیان کرد چوونە نێو
چوارچیوەیەکى هونەرى ؟ چەندیش چێژێکى رۆحییان بە بینەر بەخشى ؟ بە
شێوەیەک کە لە هۆڵەکەدا هاتە دەرەوە یا کاتلێ شەو سەرى خستە سەر
سەرینەکەى کام لە دیمەنەکانى بە مێشکدا رابووردنەوە ؟ رەنگە ئێستاش
دواى تێپەڕ بوونى چەند ساڵێک مەستى مەرگ و کچ بەرى نەدابم .. بەڵام هەر
ئەوەندە دیمەن و چێژى نمایشى ژنەکەى ئەو ماڵە لە مێشمدا مابوو تا لە
دەرگاى دەرەوەى هۆڵەکە چوومە دەرەوە ...
ئەو پرسیانەى تەلاربە شێوەیەک بینەرى دووچارى تەنگەتاوى دەکرد ، کە
کرۆکى شانۆگەرییەکەو چێژى شانۆیى لە بیر بچێتەوە ، یا کارێک بکات ریتمى
شانۆگەرییەکە لە هزرى بینەردا دابەزێنێ و جڵەوى خەیاڵى خۆى و جەمالیەتى
شانۆگەرییەکەى لە خەیاڵدا بسڕێتەوە ، من پێم وایە زۆر قسە هەبوون دەبوا
بە زمانى ئەداى شانۆیى و هێماى شانۆیى بەرجەستە کرابوونایە ، ئەوەندەى
تەلار پەناى بۆ دیالۆگى وروژێنەر دەبرد ، ئەوەندە پەناى بۆ ئەداو
بەرجەستەى جەستەیى نەبرد ، ئەو کەمتەر توانى زمانى جەستە بەکار بێنێ ،
بە قەد ئەوەندەى ویستى کەبتى سێکسى بینەر قۆرخ بکات ، بەڵام ئایا ئەگەر
ئەو دیالۆگ و نمایشە لە لایەن ئەکتەرێکى پیاوەوە بکرابوایە هەمان ئاستى
دەبوو؟ ،ئێمەى بینەر بۆیە هاتبووینە شانۆگەرییەکە تا نواندنێکى هونەرى
ببینین ، لە برى ختۆکە دانى بینەر .
تەلار وەک نواندن بە کەرەستە هونەرى و جەستەییەکانى خۆیەوە کەمتر
دەسەڵاتى ئەوەى هەبوو جیاوازى لە نێوان لیبۆکەکەو ژنەکەدا دروست بکات ،
هەموو پەنا بردنێکى تەنها بە لووتە سوورەکەوە بوو ، کە نەیدەتوانى
ببێتە فاکتەرێکى جوداکارى لە نێوان ئەو دوو کەسایەتییەوە .. بۆیە بینەر
کەمتر دەیتوانى ئەو دوو کەسایەتیە لێکتر جودا بکاتەوە ، وێڕاى لاوازى
لە دەنگ و بەجێ نەهێشتنى مەوداى بێدەنگى و چێژ وەرگرتن لە کشو ماتى ..لەو
بەینەدا دەسەڵات پێ شکانى ئەکتەرو زاڵ بوونى بە سەر توانستەکانى
دەردەکەوێت ،ئەگەر ئەکتەرێکى بە توانا بێت ، من لە گەشتەکەى حەسەندا
زۆر سەرسام بووم بە کامەران رەئووف کە لە شانۆگەرییەکداو لە یەک کاتدا
دەسەڵاتى ئەوەى هەبوو پێنج کەسایەتى بە یەکەوە نمایش بکات و بۆ هەر
کەسایەتیەکیش رەسمى خۆى بکێشێ و هەر یەکێکیشیان جیاواز لەوى تریان ،
بەڵام بێ ئەوەى هەموو ئەو کەسایەتیە جیاوازانە ئاستى نواندنى کامەران
وەک ئەکتەر دابەزێنن ..
تەلار وەک ئەکتەر توانستى خۆى هەیە ، بەڵام گرنگ ئەوەیە دەرهێنەر چۆن
دەوتوانێت تەوزیفى ئەو توانست و جەستەیە بکات کە ئەکتەر هەیەتى ، ئەو
لە لاى دەرهێنەرێکى وەک د. فازڵ لە مەرگ و کچ دا ئەکتەرێکى تر بوو ، لە
ژنى ئەو ماڵەش شتێکى ترە ، مەبەستیشم لە گۆڕینى کەسایەتى و ستایل و
شێوازى شانۆگەرییەکە نیە ، بەڵکو مەبەستم لە توانست و ئەداى ئەکتەریى
ئەوە ، کە تێیدا دووچارى جۆرێک لە دابەزین هات بە پێچەوانەى چاوەڕوانى
زۆرێک لەو بینەرانەى هێشتا کاریگەرییەکانى شانۆگەرى مەرگ و کچیان لە
مێشکدا هەر مابوو ..
خۆ ئەگەرچى ناوێکى زلى دەرهێنان ( کارین باریستراند ) بە
شانۆگەرییەکەوە نووساوە ، کە جۆرێک لە رێکلامى شانۆیى دەنوێنێ ،
ئەگەرنا لە رووى دەرهێنانەوە شانۆگەرییەکە سادەیى و رووکەشییەکى زۆرى
پێوە دیارە و دەرهێنەر نەیتوانییووە وەک پێویست تواناو وزە
هونەرییەکانى تەلار قۆرخ بکات ، کە زۆر لەوەندە زێترە کە بینیمان ،
کەواتە من واى بۆ دەچم کە ئەو دەرهێنەرە زێدەکارییەکى نەخستۆتە سەر
هونەرى تەلار بە قەد ئەوەندەى کەمى کردۆتەوە .
نەک هەر لە رووى دەرهێنانەوە بگرە لە رووى تێکستسیشەوە تەلار پرسێکى
گشتى هەڵبژاردووە ( خیانەتى هاوسەران ) لە کاتێکا ئەو جۆرە کێشە
کۆمەڵایەتیە شتێکى باوو سواوەو لە هەموو کۆمەڵگاکانى دنیادا هەیە و
پانتاییەکى ئێجگار فرەوان لە ژیانى کۆمەڵگاکاندا داگیر دەکات ، ئەوەى
کە هونەرە ئەوەیە کە ئێمە چى لە ناو ئەو هەزاران کوێرە گرێیانەى ناو
خیانەتدا هەڵبژێرین کە دوور بێت لە خیتابیەت و بە زمانى هونەر بەرجەستە
بکرێت ، دوورلە زمانى هونەریش هێز زمانێکى دیکە ئەو کاریگەرییەى لە
شانۆدا نابێت بۆ گەیاندنى پرسێک ، ئەوەتا لەو بەینەدا پرسیارێک روو بە
رووى بە رووى بینەر دەبێتەوە ئەویش ئەوەیە ئایا دوور لە لایەنە
هونەرییەکان پرسى خیانەت هیچ کاریگەرییەکى جێ هێشت لە هزرو دەروونى
بینەردا ، یاخود هەر تەنها پرسێکى راگوزارو کاتى بوون و هیچ
شوێنەوارێکى دەروونییان بە جێ نەهێشت لاى بینەر؟ بۆیە من پێم وایە پرسە
سێکسیەکە پرسە بنەڕەتیەکەشى شاردبۆوە .
dedar_nanakaly@yahoo.com
|