په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٥\١٢\٢٠١١

تەڵەمشک و تڤەنگ و دەمانچەی بێدەنگ.


وه‌رگێڕانی لە ئینگلیزی بە دەسکارییه‌وه‌: مستەفا رابەر


سێر هایرام مەکسیم (١٨٤٠-١٩١٦ ) ئەندازیارێکی ئینگلیز بووە لە ئەمریکا لە دایک بووە زۆر ئامێری جۆراوجۆری داهێناوە ، وەکوو کەرستەی کارەبایی گلۆپی غازی و ڕەشاشی ئۆتۆماتیک و باروتی بێ دوکەل و تەلەمشک و دەمانچەی بێدەنگ زۆر شتی تریش، لە تەمەنی 14 سالیدا دەبێتە شاگرد لای کەسێک بەناوی دانیال سویت یەکەم داهێنانی تەلەمشک بوو لەبەر ئەوەی لەناو ئاشی ئاوی وەستاکەی و ئاشەکانی تری ناوچەکە مشک جڕتوفرتیان بوو ، بۆ چارەسەری کێشەکە ، هایرام مەکسیم بیری لە دروستکردنی تەلەمشکێکی خودکار کردەوە ، تەلەی دروست کرد ئاشەکەی لە مشکان پاک کردەوە ، پاشان ئاشەوانەکانی تریش چاویان لێکرد و تەلەمشکیان بەکارهێنا ، هایرام نیگەران بوو لەوەی ئەو یەکەمین داهێنانەی کاتیخۆی بە فەرمی تۆمار نەکرا ، لیستی داهێنانە جوانەکانی گەیشتە 271، لەسالی 1881 لەکاتێکدا سەردانی پێشەنگایەکی کەلوپەلی کارەبایی دەکات لە پاریس لەوێ برادەرێکی ئامۆژکاری دەکات و پێی دەلێ ئەگەر دەتەوێ پارەو پوڵێکی زۆر کەلەکە بکەیت ئامێرێکی وا دابهێنە تا ئەم ئەوروپیانە بەئاسانی بتوانن قورگی یەکتر لێک هەڵبپچڕن.


رەنگە هەر ئەم ئامۆژگاریە هانی دابیت ڕەشاشی مەکسیم دروست بکات کە چەکێکی زۆر کاریگەرو کوشندە بووە ،دەتوانرا لە یەک خولەکدا ٥٠٠ تا ٦٠٠ گوللە بتەقێنیت لە ماڵپەڕی ویکیپیدیا هاتووە گوایە مەکسیم گۆتویەتی سالی ١٨٨٢ لەکاتێکدا لە ڤیەننا بووم پیاوێکی ئەمریکی کە پێشتر دەمناسی پێی گۆتم ئەگەر دەتەوێ قۆمەتێک پارە لەسەر یەک کەڵەکە بکەیت باسەکانی کیمیاو کارەباکانت هەڵپەسێرە ، ئامێرێک سازبکە کە ئەم ئەوروپیانە بتوانن بەئاسانی قوڕگی یەکتر هەڵدڕن.


دووای ئەوەی لەسالی ١٨٨٩ ئەو چەکە لەلایەن سوپای بەریتانیا متمانەی پێدرا و بەکار هات سوپاکانی نەمساو ئەلمانیا و ئیتالیا و سویسرا و روسیا تەواوی سوپاکانی ئەوروپاش بەکاریان هێنا، پاشان بەهاوکاری چەند سەرمایەدارێک کومپانیای مەکسیمی دامەزراند ، لەکارگەکەیدا رەشاشی ڤیکەرز یان بەرهەم هێنا و لەجەنگی یەکەمی جیهان بەکارهێنرا.


لە سالی ١٩٠١ دا مەکسیم لەلایەن ڤیکتۆریا شاژنی بەریتانیا سەبارەت بەوەی لە زۆر بواری جیادا سەرکەوتنی بەرچاوی وەدەستهێنابوو خەلاتکراوە ،ئەو داهێنەرە بەر لەوەی لە سالی ١٩١٦ لە لەندەن کۆچی دووایی بکات ، باروتی بێ دووکەل ، چەک و دەمانچەی بێدەنگی داهێنا ، بیرۆکەکەی ئامێری بێدەنگ یان کپکەری دەنگ لە شێوازی دروستکردنی ئەگزۆزی ئوتومێل وەرگرت ،هەرچەند بەتەواوێش بێدەنگ نیە لەکاتی بەکارهێنانی چرپەیەکی لێوەدیت بەلام دەنگ ناداتەوە و لە دووری چەند هەنگاویکیش نابیسترێت.


کاتی خۆی تفەنگ و دەمانچەی بێدەنگ بۆ یاری و نیشان شکاندن دروستکراوە بەتایبەت بۆ پارێزگاریکردن لەسەر سەلامەتی گوێچکە و هەروەها بۆ ئەوەی لەکاتی یاری و تەقە کردن وازیکەرەکان بتوانن گوێ یان لە ئاخاوتنی یەکتر بیت و درێژە بە گفتوگۆی خۆیان بدەن.

 

ئامێری بێدەنگ کردن هەروەها ئامێری کپکردنی دەنگ کە بە ئینگلیزی پێیان دەلێن سایلەنسەر و سۆپەرسۆر (silecer ، suppressors) لە دوو لوولە بۆڕی کلۆری لەناو یەکدا پێک دێت لە تەنیشتی لوولەکان چەند کونێکی تیایەو کونەکان بەرامبەر یەکتر نین لەنێوانیشیاندا ماددەیەکی مەعەدەنی وەکوو لبادی تییا هەیە بۆ هەڵمژینی ئەو غازانەی لەدوای تەقینی گوولەوە دەدرچن ، دانانی ئەو ئامێرە لەسەر لوولەی دەمانچە یان تڤەنگ پێویستی بە هەندێک شارەزایی هەیە چونکە ئەگەر بە تەواوی شوێنی خۆی نەگریت مەترسی لەسەر گیانی بەکاره هێنەرەکەی دەبیت.


لە لیکۆلینەوەی تاوانناسی و دەست نیشانکردنی جۆری چەکی بەکارهاتوو لەتاواندا خاڵیکی گرینگی هەیە ، ئەویش گوولەی فیشەکی چەکی بێدەنگ زۆرتر دەشێوێت و خەت و چاڵ لە دەورو بەری پەیدا نابیت.

 
ئەوی راست بیت لە ئەمریکا لەوەتی سالی ١٩٣٤ بڕیارێکی گۆنگرێس دەرچووە ئامێری بێدەنگ کردن ئەگەر چەکیشی لەگەل نەبیت وەک پارچە چەکێک حیسابی بۆ دەکرێت بۆ نمونە لە ویلایەتی تەکساس هەموو کەسێک کەتەمەنی لە سەرووی ٢١ ساڵ بیت بۆی هەیە ئامێری بێدەنگ کردن یان کپکردن بکڕێت بەلام دەبی فۆرمێکی تایبەت پڕبکاتەوە بۆ تۆمار کردنی لە فەرمانگەیەکی دیریکراو بۆ ئەوەی سالانە باجێکێ دوو سەد دۆلاری بدات . بەلام لە هەندی هەرێمیش و وولاتدا کڕین و فرۆشتنی ئەو ئامێرە بەتەواوەتی قەدەغە کراوە، لە ئەمریکا و ئەوروپا کۆگاکانی فرۆشتەنی چەک و تەقەمەنی لەناو جامخانەکانیان نیشان ئەدەن مەرج و نرخ و مواسەفاتیان لەتەک دەنوسن و بەپێی هەندی مەرجی دیارکراو دەیانفرۆشن.


بەداخەوە لە سالەکانی ١٩٢٠ -١٩٣٠ بەشێوەیەکی بەربلاو فرۆشراو کەوتە دەست خەلکی تاوانبار ، لە لێکۆلنەوەو ئامارەکانی تاوانناسی دەرکەوتووە ئەو جۆرە ئامێر و چەکانە بەزۆری لەلایەن گروپەکانی مافیا بۆغافلکوژی بەکار دەهێنرێن.


لەولاتە دواکەوتوەکان بە پلان و ڕێنمایی و فەرمانی سەرکردەی دڵڕەق و بێرکوێر و ئەوانەی نەخۆشی (شێتی مەزنیتی - جنون الظمة) یان هەیە کە بە زمانی ئینگلیزی پێی دەلێن نەخۆشی (مێگەلۆمێنیا - megalomania) بەردەوام بەکاردێن دیارە لەو وولاتانەی سیستەمی دیموکراسی جێگیر نەبوە و نابیت ئامانجی سەرەکی سیاسەتمەدار وەدەست هێنانی کورسی دەستەلاتە ئەگەر بەهەر شێوەیەکیش دەستی لێی گیر بوو خۆیان دەکەن بە قیڕو بنیشت و دەستی لێ بەرنادەن هەموو شێوەکانی تووندو تیژی پیادە دەکەن بۆ ئەوەی لەخۆ سەپاندن بەردەوام بن ، بۆیەش لەهیچ بەهایەکی یاسایی و مرۆڤایەتی سڵ ناکەنەوە ، پیاوی کەللە پوت ، سپڵە ، ڕابردوو ڕەش ئەدۆزنەوە دەست کەمۆیان دەکەن و بەپارە و پوول یان بەناوی ئایینی پیرۆز یان نەتەوەپەرستی فریویان ئەدەن ، ئاسانکاریان بۆ دەکەن (ئامانج) یان بۆ دەست نیشان دەکەن ڕایان دەسپێرن بۆ ئەوەی لە دەرفەتێکدا بەو چەکانە نەیارەکانیان تیڕۆری بکەن ، زۆرجاریش بۆ پەردەپۆشکردنی تاوانەکانیان هەرخۆیان بە شێوازی جۆراوجۆر پیاو کوژەکانیان لەناو دەبەن ،بە نەنگی دەزانن ئەگەر پەند و عیبرەت لە سەرەنجامی چارەنوسی سەرکردە هاوشێوەکانیان وەربگرن کە لە سەرەتای سەدەی نوێوە لێرەو لەوێ ڕیسواو شەرمەزار دەکەونە بەر ڕەشەبای ڕق و تۆڵەو بگرەو بەردەی هاولاتیان.


لەکۆتایێ دا مەترسیش زۆرە ئەم بەهارو مەهاری عەرەبە کەش و هەوایەیەکی گەنتر بڕەخسێنێت ، ڕەوە تاوانبارێکی گەندەلتر بێ ڕەوشتر پێ بگات ، بازاڕی ئامێری کپکردن ، بێدەنگ کردنی دەمانچە و تفەنگ فرەوانتر و گەرمتر بیت و وێڕای داوو دەرمانی هۆشبەر ، فیلمی پۆرن ، تەزبێح و سبیل و تووتن لە بن دیواران بەگەورەو بچووکان بفروشرێت

______________________
سەرچاوە: گووگل، ماڵپەرێ ویکیپیدیا.

ماڵپه‌ڕی مسته‌فا رابه‌ر

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک