په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٧\٦\٢٠١٦

  تێلنیشان.

نەژاد عەزیز سورمێ

١
/ سنووری کۆچەریان لەو سۆزەوە دوایی ھات/ پێخوستی
ئەرخەوانی پێوە بوو.../ سۆمای چاوم مینا بوو/ سایە
بێھاوتا.... بێنەزیر/ کنێر پاڵپشت/ تەم بەرکۆژە.../ تۆ
نیگارێک نی مەکۆی سیحر و ئەفسانە/ تۆ بێشەڵانێکی،
جوانی و دڕەندەیت پێکەوە تێدایە.../

دنیا لە سەھەندی گومڕاییدا نووستووە،
ئەو پیاوە سادە و دڵپاکە نەبێ
دەڕوا پێ لەدڵی خۆی دەنێتەوە...
دڵی شووشە
لەیاری پێکردندا شکابوو...
مارەزیو،
دڕندەی جەنگەڵان، پەسیوی پیلان...
مارەزیو شایانی تەلاری دڵ نەبوو
شایانی تەلاری مینابەند نەبوو مارەزیو....

٢
/ (کارێ)، لە/ ھەیوانی ڕوونایی/ فرمێسکباراندا ھاتووە... /
/ ڕووبەندی ھەواداریە/ گۆشەی ڕەشداگەڕاو/ چاو کەوشەنی
ئەوانی بڕیوە و بەردەوامە.../ (کارێ)، پاسارییە؟/ نا/ کارێ
ھەناسەی ڕەشی سەردەمە؟/ بەڵێ....

نێرگسی گوڵڕەنگی بینایی بوو
فیراق نەورەسی تەنیایی....
نەدیواری خانەقا ما،
نەبەر ئاستانەی خەرابات
ئیدی مەدەدیار لەکامە ڕووگە
لەشەیدایان دەردەکەوێ...؟

٣
/ ژانری چی دادڕەس؟/ درەختی مەوسیمە/ نادیدە.../ تیری
غەدر/ لە بەیان دەگرێ/ تەتەر بە دەردیان نەخوارد/ مۆسیقا...
ئاواز/ لە کوێی مردن دان....؟

خۆزگەکانم گوڵیان دا
گوڵنار چەتری خەرامان بوو...
ئەوە من نیم سنووری تەم دەبڕم
ئەوە ئاوێنەی (کارێ)یە
شەوق لە سۆز دەداتەوە....

٤
/ کێ وای کرد وێنەی خۆمان نەناسینەوە؟/ توحفەیێک بوو لە
مۆزەخانە/ بەڵام ھەڵنەواسرا بوو/ ھەڵپەسێردرا بوو.../
لافاویش ھات/ ئێمە ھەر تینووەکەی جارانین.../ زەنەکە.../
/ زەنەکە... زەنەک .. /

چیا نایەڵێ بخەوم،
چیا نەیانھێشت بخەوم
چیا تەماشامان دەکەن،
چیا تەماشایان کردین،
چیا دەبینن چ دەکەین.
چیا بینیان چمان کرد...
چیا ئیتر باوەشمان بۆ ناکەنەوە...
چیا ئیتر تێمانگەیین چ ماڵێکین...
چیا نایەڵن بخەوم....


٥
/ باران بوو خۆڵەمێشی دامرکاندەوە.../ بەی بوو/ قوببەی
ھەڵداشتە فڕۆکەخانەکان.../ ھەورازێکی سەخت نەبوو/
ئەگینا شەو ھەر من دەزانم چی پێ دەکردین/ ئارێ !....
ماسکفرۆش بازاڕیانە/ ئارێ (کارێ)یشی تێدا بەشدارە....!

لەو دیو جامخانە شینەکانەوە دەیانبینم
لەو دیو جامخانە شینەکانەوە دیتنم....
لەو دیو جامخانە شینەکان،
دەستیان لە پرچی شیعرم نابوو
ئاگریان بەڕوودا دەپرژاندم...
بانگ ھەر جارێک بوو:
خوداحافیز مەوسیمی خایین...

٦
/ فیراق پێشوتاری کتێبێک بوو/ بە شەختە نووسرابووەوە.../
/ باڵ بە باڵدارانەوە.../ وچان بە سیمای ماندوو.../ (دیسان شەوھات)/
(کارێ) شەوبەشارە.../ ئەرێ ماندبوو نەبووی
کارێ؟/

سپێدە بەوازی ئێمە ڕوون دەبووەوە...
سپێدە بەوازی ئێمە ڕوون ببووەوە...
خەنەبەندانی ڕووبەند و
شینی سایەی ڕەشماڵان... بوو
سپێدە ئەی دڵ درێژدەبێتەوە....
درێژدەبێتەوە....
درێژدەبێتەوە....درێژ
تا دەستی بە بووڵێڵ ڕا دەگا و
نایەڵێ تاریک دابێ....


حوزەیرانی ٢٠٠٣
ماڵپەڕی نەژاد عەزیز سورمێ

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک