په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٧\١١\٢٠١٢

    تەمی ناو کۆڵانەکە.

عیرفان ئەحمەد

خەون نی یە وا دێمەوە کووچەکانی منداڵی تۆ
ئەو کۆڵانە قوڵ و دریژە کە کەروێشکی خەیاڵاتم
دەیکرد بە کولانە بۆ خۆی
ئەو دیوارە گڵانەی وەک سمۆرەبە سەریاندا سەردەکەووتم
لەگەڵ گوێزە رەقەکانی تەمەنا خل دەبوومەوەو
دەکەووتم
کات نووساوە بە تەنیشتی ئێوارەیەکی تەڕەوە
منی خەستە کە ئاسمان چاوی دادەگرێ
چەترەکەم دائەخەم و و شان و ملم دەسڕمەوە
تۆ دەنکە تەرزەم تێ ئەگری و
منیش یەک یەک دەیگرمەوە
خەون نی یە و دەگەمە لات
دەڵێم بەو گوێسەبانە بەرزەوە
با رۆژە ووشکەکان قامیش بن و
خۆشەکانیش پەڕەی سپی گه ورەگەورە
بیانکەین بە کۆلارەیەک
با رۆژە تۆڕەکان ڕەشە با بن
ئەوانی تریش شنەی با
خوا دەزانێ ئەم کۆلارەی من و تۆ بۆ کوێ دەڕوا!
تەماشا کە بێ ئارامی مشتی خۆڵەو
لە نیوان پەنجەکانمەوە دەڕژێنە بەر پێی خەیاڵم
بەم سەرو ڕیشە سپی یەوە خۆڵە پەتانیی پێ دەکەم و بزانە
چەندی مناڵە
گەورە نەبووم ئەوەندە نەبێ
بە پەنجە لەرزۆکەکانم...بە چرچی ژێر پێڵووەکانم پیر بووم
وەک موستیلەکەی دوێنێ.. لە پەنجە ئەمرۆدا
گیربوون
کٶڵانەکەت وەک خۆیەتی
پشێلەکان لە دەفری خاڵیو قووپاوی بەر دەرگاکان
راماون
جەحێڵەکان جگەرە دەکێشن و لەبەر قاپیدا وەستاون
دەنگە نهێنیەکان هەردێن... فیکەی هەرزەکارێ، شڵپەی ماچێ
بە خەتێکی خوارو خێچیش لەسەر دیوارێک نوسراوە
ئاگاداربن ئەم کۆڵانە دەرناچێت.

 

ماڵپەڕی عیرفان ئەحمەد

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک