په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١\٧\٢٠١٠

تەنانەت شێتەکانیش بەم شارە ڕازی نین.


پشتیوان کەریم گەڵاڵى


قەزای سه‌ید سادق ئەو شارەی لە ساڵی1988 بەتەواوی لەلایەن ڕژێمى بەعسەوە خاپور کرا لەدوای 20ساڵ لە دەسەڵاتى کوردی ئێستاش وێرانەیە.


ئێمە ئەو کۆمەڵە لاو ڕۆشنبیرەی سه‌ید سادق کە هەندێ کەسی تایبەت پێمان دەڵێن ئەمانە بێویژدانن.


پێمان دەڵێن هەموو شتێ بۆ ئەم شارە کراوە ئەمانە پێنازانن یا پێمان دەڵێن ئێوە حکومەتى بەعستان نەدیوە بۆیە ئەوەندە دەمتان گەرمە یا دەڵێن ئەمانە دەستن و دژی ئەم ئەزموونەن .


بەداخەوە بۆ ئەو هەمووە ڕەخنە ڕوخێنەرانە بەڵام ئێمە خۆمان لەو ئاستەدا دەبینین کەزۆر بە سنگێکى فراوانەوە ئەو ڕەخنانە وەرگرین و بۆ ساتێکیش لە هەڵوێست و خەمخۆریمان بۆ شارەکەمان سارد نەبینەوە .


کە دەڵێن ئەمانە دەستن بەڵێ ئێمە دەستین!! ئێمە ئەو دەستە سپی و بێگەردەین کە دەمانەوێ پاشەڕۆژێکى گەش و پرشنگدار بەدیاری بێنین بۆ خەڵکی شارەکەمان دەمانەوێت خەڵکى ئەم شارە ڕوخاوە بە مافە مەدەنیەکانیان ئاشنا بن دەمانەوێ بیری خێڵەکی و دوژمنکارانە لەناو خەڵکى شارەکەماندا لەگۆر بنێین ، کە پێمان دەڵێن ئەوەنیە ئەو هەموو ئیشە بۆ سه‌ید سادق کراوە و ئێوە بێویژدانن بەرامبەر بەم حکومەتە .


بەڵێ ئەوەی کراوە لەئاستی پێداویستی ئەم شارەدا نییەو لەشکرێک لە گەنجان بێکارەو هیچ کارێکیان دەس ناکەوێت داواشتان لێ دەکەین موزایەدەمان بەسەردا مەکەن و ئەگەر شتێکیش کرابێت ئەوە حکومەت ئەرکی خۆی بەجێهێناوەو ئەو پارانەى ساڵانە بۆ قەزای سه‌ید سادق خەرج دەکرێت لەلایەن حکومەتەوە ناکاتە لەسەدا دەی ئەو باجانەی کەلە تەنکەری ئێرانى و تورکی و ئەو سەیارانەی کەبەناو سه‌ید سادق دا تێئەپەڕن و باجیان لێ وەردەگیرێت .


لەزۆربەى وڵاتانى دنیا ئەگەر بێت و داهاتی وڵات جواب بە پێداویستیەکانى خەڵکەکەی نەداتەوە ناچار حکومەت پەنا دەباتە بەر قەرز کردن لەوڵاتانى تر بۆئەوەى نەهێڵێت کەم و کوری لەژیانى خەڵکى ولاِتەکەیدا ڕوبدات بەڵام بەپێچەوانەوە لای ئێمە پارەى وڵاتیش بۆ مەبەستى تایبەتى و دەوڵەمەندبوونى چەند کەسێک بەکار دەهێنرێت بانکەکانى ئەوروپای لێ پڕدەکرێت .


کە دەڵێن ئێوە بەعستان نەدیوە بۆیە دەمتان گەرمە .


بەلێ ئەگەر دەسەڵات دەسەڵاتى بەعسبێ ئەى ئەم هەموو قوربانی و ماڵوێرانی و ئەنفالەى میلەتەکەمان بۆچی بووە.


پێویستە ئەوە بوترێت خەڵکى کوردستان بەگشتی و شوێنە زیانلێکەوتووەکانى وەک سه‌ید سادق شایانى ئەوەیە زۆر زۆر لەوە زیاتری بۆ بکرێت چونکە سه‌ید سادق لانکەی هێزی پێشمەرگەو جوابدەرەوەی جەرگبڕی ڕژێمى بەعس بووە بەخەڵکە کرێکار و جوتیار و زەحمەتکێشەکەی .


ئەگەر باس لە نەهامەتیەکانى خەڵکی ئەم شارەو گرفتەکانیان بکرێت ئەوا بەئاسانى کۆتایی نایەت .


ئەوەی سەرنجی ڕاکێشام بەداخەوە کۆمەڵێک کەس کێشەی دەرونى و عەقڵییان هەیە خەڵکى ئەم شارەی ئێمەن ئەوانیش دڵیان بەم شارە ناکرێتەوەو ڕوو لە شارەکانى تر دەکەن بۆ بەسەر بردنى کاتەکانیان.


(کەریم خیگل) دەڵێت کەدێمەوە بۆ سه‌ید سادق خەریکە دڵمەتەقێ بەخوا هەر کەرکوک خۆشە .


(بەکر خەیاڵان) یش دەڵێ کورە ئەمە کەی شارە پیاو لە تەپوتۆزا ئەخنکێ سلێمانیە حەیاتەکە نەبێ.


بەڵام نازانم دەبێ دڵی (عومەر بایدەرۆ)ی هەژار دڵى چیتیابێ وا ئەوەندە لە سه‌ید سادق بێزارەو هەمیشە لە عەربەتە هەفتەى جارێک سەر لە سه‌ید سادق ئەدات وەک جومعەو خەمیسەکەی جاران .


(فاتیح)یش سێ مانگ جارێک دێتەوە سەفەرەکانى ئەو دورەو بۆ ڕانیەو قەڵادزەیەو وادیارە زۆر لە سه‌ید سادق بێزارە .


(دانا) یش ئەو کوڕە قۆزەی کە چاو و برۆیەکى ڕەشی جوان و کوڕێکى خوێن گەرمی گەنجە کە بەهەمان شێوە ئەویش هەرکێشەی عەقڵیی هەیە هەمیشە لەبەردەم سینەماکانە لە سلێمانى دەڵێت باسی سه‌ید سادقم بۆ مەکەن ئێرە زۆر خۆشە .


جگە لەمانەش چەند کەسێکی تر لە پیاو و ژن ئەوانیش ڕژانە ڕوو لە سلێمانى دەکەن بۆ سواڵ کردن وەک خۆیان دەڵێن لەم شارەدا خەڵکەکەی بێئیشەو کێ سواڵمان دەداتێ گەنجى وا هەیە بەمانگ پارە لە گیرفانیا نابینێت، سەرەڕاى ئەوەى کەچەندین هاوڵاتى ترى ئەم شارە بەهۆى نەبوونى و بێکارییەوە توشى چەندەها گرفتى دەرونى بوون، ئامانج و مەبەستى ئەم بابەتەش لەوەوەیە کەئایا بۆچى وەک و پێویست ئاوڕ لەهاوڵاتیانى ئەم شارە نەدراوەتەوەو نادرێتەوە، ئەگەر وانییە بۆچى خەڵکى ئەم شارە لەمامۆستاو دکتۆر و بەرپرس و رۆشنبیر و خاوەن سەرمایەکانیش بەجێى دێڵن بێگومان لەبەر ژینگەکەیەتى لەبەر وێران بونیەتى بەدەست دنیایەک گرفتەوە، بۆیە دەڵێم تەنانەت شێتەکانیش پێى رازى نین و بەجێى دێڵن.

 

 

Pshtiwan_gashbin@yahoo.com