په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٢\٦\٢٠١٤

كه‌مپه‌ينى چاو هه‌ر چاوه‌ بۆ وەزیری تەندروستی:

 تەندروستیی هاوڵاتیان مەکە قوربانی پۆستەکەت.

 


لە بڕیارێکی نوێيدا وەزیری ئێستای تەندروستی دیسان سەلماندی کە بە تەواوەتی بووە بە خزمەتکاری بەرژەوەندییە حیزبی و سیاسیەکان، ئێمە لە کەمپه‌ینی چاو هەر چاوە هۆشیاريى دەده‌ین کە ئه‌گه‌ر به‌رپرسانى باڵاى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى نه‌گۆڕدرێن، ئه‌وا تەندروستی هەرێمی کوردستان لە بەردەم هەڕەشەیەکی گەورەدا خۆی دەبینێتەوە.

وەزیری تەندروستی لە بڕیاره‌ نوێيه‌كه‌يدا کە لە رۆژی ٢٧/٥/٢٠١٤ و بە ژمارە ٣٣٢٨ ئیمزای کردووە، بوار دەداتە کارمەندانی تەندروستی کۆگا (مخزن) بکەنەوە بۆفرۆشتنی دەرمان، ئێمە لە کەمپه‌ینی چاو هەر چاوە پێمانوایە ئەم بڕیارە کارێکی نایاساییە، چونکە بە گوێرەی یاسای سەندیکای دەرمانسازانی کوردستان تەنها پزیشکی دەرچووی کۆلێژی دەرمانسازی بۆی هەیە کۆگاى فرۆشتنى ده‌رمان بکاتەوە و ئەوەش دوای ئەوەی کە بۆ ماوەی ٣ ساڵ خزمەتی هەبێت، هەروەها پێمانوایە کە ئەم بڕیارە زيانێکی گەورە بە هاوڵاتیان دەگەیه‌نێت و هاوکات کارەکانی کۆنترۆڵکردنی دەرمان لە کوردستاندا قورستر دەکات.

ڕەنگە کۆمەڵانی خەڵک و دەرمانساز و پزیشکان و تەنانەت خودی کارمەندانیش بەلایانەوە سەیر بێت کە ئاخۆ بۆچی وەزیری تەندروستی لەم کاتەدا ئەم جۆرە بڕیارە نایاسایی و نازانستیانە دەردەکات، وەڵامی ئەو پرسیارەش ئەوەیە کە جەنابی وەزیری تەندروستی ئامادەیە هەموو کارێک بکات بۆ ئەوەی دیسان ببێتەوە بە وەزیری تەندروستی، چونكه‌ به‌پێى زانياريه‌كانى كه‌مپه‌ين، جەنابی وەزیری تەندروستی بۆ ڕازیکردنی دڵی کۆمەڵێک کادیری سەر بە حیزبەکەی خۆی کە دەسەڵاتی سەندیکای کارمەندانی تەندروستیان داگیرکردووە، دەیەوێت خۆی لە لای ئەو کادیرانە شیرین بکات بۆئەوەی ئەوانیش لە لای سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانی شەفاعەتی بۆ بكه‌ن و دیسانەوە له‌پۆسته‌كه‌ى دایبنێنەوە.

كه‌مپه‌ينه‌كه‌مان زانيارى لايه‌ کە کاتی خۆی دەنگۆی وەرگرتنی وەزارەتی تەندروستی لە لایەن بزوتنەوەی گۆڕانەوە هەبوو، د. ڕێکەوت حەمە ڕەشید داوای لە بزوتنەوەی گۆڕان کردبوو کە ئەگەر ئەو بزوتنەوەش وەزارەتی تەندروستی وەربگرێت، ئەو هەر لە جێگاکەی خۆی بهێڵنەوە.

ئێمە پێمانوایە کە تەندروستی هاونیشتیمانیان زۆر لە بەرژوەندیە حیزبی و سیاسیەکانی وەزیر و کەسە دەستڕۆیشتووەکانی ناو وەزارەتی تەندروستی گرنگترە، هەروەها پێمانوایە کە نابێت دەسەڵاتەکانی وەزیر خراپ بەکاربهێنرێت بۆ بە دەستهێنانی خاڵ و گۆڵی سیاسی، ئەم بڕیارەی وەزیری تەندروستی کتومت خراپ به‌كارهێنانى ده‌سه‌ڵاته‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندى شه‌خصى. بۆیە هەموو حیزبە سیاسیەکانی کوردستان و بە تایبەتی ئەوانەی کە لە حاڵی ئێستادا سەرقاڵی دروستکردنی کابینەی هەشتەمن ئاگاداردەکەینەوە کە هەڵبژاردنەوەی وه‌زيرى ئێستا بۆ پۆستی وەزیری تەندروستی لە کارەسات زیاتر هیچی تری بە دوادا نایەت.
 

دەقی بڕیارەکە:

 

 


کەمپه‌ینی چاو هەر چاوە
٩
\٦\٢٠١٤
 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک