په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣٠\۴\٢٠١٠

تەنها ڕیزى یەکگرتووى کرێکاران ده‌توانێ پارێزەرى ژیانیان بێ.


کاروان نەجمەدین


کەم ڕۆژ هەیە لەمەیدانەکانى کارو کارگەکانى کوردستانەوە هەواڵى گیان لەدەستدان و برینداربونى پۆلێک کرێکار بڵاو نەبێتەوە ئەمەش لەکاتێکدا ئەگەر هەتا مەرگەکەیان ئەوشانسەیان پێبدا کە دەزگاکانى ڕاگەیاندن بە هەواڵەکە بزانن و ڕیپۆرتاژێک لەسەر ساردبوونەوەى جەستەى شەکەت و ماندویان ئامادەبکەن ،خۆ ئەگەر نا ئەوا ڕۆژانە کرێکاران بەدور لەبەرەکانى جەنگە سەربازیەکان و لەوجەنگە هەمیشەیەى کە سیسته‌می سەرمایەدارى کردوێتى بە به‌شیان لەپێناو پاراستنى ژیانى کولەمەرگى خۆیان و منداڵەکانیاندا هەمیشە ڕوبەڕوى مەترسیەکانى مەرگن و لەسەر کارەکانیان گیان لەدەست ده‌دەن .


هەر دوور نەڕۆین ئەو ڕوداوە کارەسات بارانەى لە گارگەکانى دروستکردنى شیش لە هەولێر و گارگەى غازى (جوانڕۆ) لە تانجەرۆ کە زیاتر لە 10 کرێکار گیانیان لە دەستدا و جەستەى 20 کرێکاریش لەناو ئاگرى گاز و ئاسن و باروتدا هەڵقرچا ، سەبەبى ئەمانەو تەواوى کارەساتەکانى دیکەى کار لە چاوچنۆکى سەرمایەدار و خاوەن کارەکان و بێ باکى حکومەتى بۆرژواى کوردستانەوە لەئەنجامى هەرچى زیاترى کەڵەکە کردنى سەرمایە لەسەر ڕەنج و ژیانى کرێکارانەوە سەرچاوەى گرتوە ، ئەمانە سەرەڕاى ئەوەى کە سەرەتایترین پێداویستیەکانى سەلامەتیان بۆ کرێکاران دابین نەکردەوە لە هەمانکاتدا خەرجى هۆشیار کردنەوەى کرێکاران هەتا لەسەر کارگە و چۆنێتى کارکردن و بەکارهێنانى هۆیه‌کانی کار بە گرانتر دەزانن لە ژیانى کرێکاران، وەختێکیش کرێکاران دەبنە قوربانى بۆ شاردنەوەى ئەو تاوانەى کە ڕاستەو خۆ ئەوان لێى بەرپرسن نەشارەزایى کرێکاران ئەکەنە بیانو ، وەک ئەوەى مرۆڤێک بخەنە ناو کێڵگەیەکى بە مین چێندراو وەڕێگە دەربازبونیشى نیشان نەدەن ، ئەمە سەربارى ئەوەى کە دەسەڵاتدارانى بۆرژواى کوردستان و سەرمایەداران کرێکاران و هەژارانى ئەم کۆمەڵگایەیان تائاستێک خستۆتە ژێر بارى گرانى هەژاریەوە کە ناچارنکراون بە هەر جۆرە کارێک ئەگەر هیچ شارەزایەکیشیان نەبێت ،. کەسیش نییه‌ بەرپرسیارێتى لەبەرانبەر ئەم نەهامەتیانەدا ڕابگەیەنێت، ئەوەى کە گرنگە لێرەدا ئەوەیە ئەم کارەساتانە چۆن بەرى پێدەگیرێت ؟ ، ئایا ئەتوانرێت چاوەڕاوانى وەها کارێک لە حکومەت و دەسەڵاتێک بکرێت کە دڵى بە چینێک بسوتێت کە خودى دەسەڵاتەکەى لەسەر ڕەنج و خوێن و کارى ئەوان بنیات و ڕاگیراوە بیرێک لەم باسە بکاتەوە و ڕێگە چارەیەکى گونجاو دابنێت؟، کە بە بڕاواى من خۆشخەیاڵى بە به‌زه‌یی بۆرژوازى بەرانبەر چینى کرێکار چاوەڕوانیە بەدیار هیچەوە و لەهەمانکاتدا ئەبێتە مایەى هەرچى زیاتر بونى کاراساتەکان و سەپاندنى بارى گرانتر بەسەر کرێکاراندا .


ئەگەرچى هەتا ئەوکاتەى چینى کرێکار دەسەڵات بەدەست نەهێنێت و پایەکانى بۆرژوازى لە کۆمەڵگادا تێکنەشکێنێت ، هەمیشە کارەساتەکان بەرەو زیادبوون و قوڵبوونەوە ئەچن و لە هەر سه‌رده‌مێک شێ و جۆرى نەهامەتیەکان ئەگۆڕێن بەهەمان ناسۆر و بگرە سەختتریشەوە ، بەڵام هەر بەو پێیەى چینى کرێکار ئازادیخوازترین چینە و چەرخێنەرى کۆمەڵگایە لەهەر کات و جێگایەکدا ڕیزەکانى خۆیان یەکگرتو کردبێت و بکەن توانیوێتى و ئەتوانێت لەناو دڵى دەسەڵاتى ستەمکارى سەرمایەداریدا بەشێک لە داخوازیەکانى خۆى بە قازانجى تەواوى مرۆڤایه‌تیی بپچڕێت، باشکردنى یاساکانى کار و جیخستنى یاساى سەلامەتى کار لە زۆرێک لە وڵاتان و بەتایبەت ئەوروپا دەستکەوتى یەکڕیزى کرێکارانە کە هەر هیچ نەبێت ئەتوانێن کەمێک لە قوربانیەکانى کار کەم بکاتەوە و لانى کەمى قەرەبوکردنەوەیان سەپاندوە (هەرچەندە هیچ جۆرە قەرەبویەک هاوتاى ژیان و ئەندامى جەستەى مرۆڤه‌کان نییه‌)، بەڵام کوردستان کە جیاکراوە نییه‌ لە دنیاى سەرمایەدارى ئەمڕۆ کرێکاران سەرەڕاى ئەوەى بەدەست هەمان نەهامەتیەکانەوە دەناڵێنن لە هەمانکاتدا نەبوونى یاساکارێکى مرۆیی و یاسایەک بۆ پاراستنى سەلامەتى کار برینەکانى قوڵتر کردۆتەوە و دەسەڵاتدارانیش بەهۆشیاریەوە لەئاست ئەو لێشاوە قوربانیانەدا چاوى خۆى گرتووە، بەڵام ئەوە کرێکاران خۆیانن کە دەتوانن سەلامەتى جەستەیان و ژیانى خۆیان بپارێزن ئەویش بە یەکخستنى ڕیزەکانیان و هاتنە مەیدان بە داخوازیە مرۆییه‌کانیانەوە بەرزکردنەوەى خواستى جێخستنى یاسای سەلامەتى کار ئەکرێت کارى هەر ئەمڕۆ بێت و سەرەڕاى ئەوەى لەم ئاستانەیەدا پشتیوانى بەرەى ئازادیخواز و مرڤدۆستی کۆمەڵگە بەدەست دەهێنن ، بێگومان ئەتوانن یاساى خوازراوى خۆیان بسەپێنن لەم پێناوەشدا یەکگرتویى مەرجى سەرەکیە و بە ئومێدى ئەوەى لەم ئایارەوە هەنگاوەکانى سەرەتا هەڵگرین .
 

ماڵپه‌ڕی کاروان نه‌جمه‌دین