په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٦\٣\٢٠١٤

تەنز، لە رۆمانی کەوتنی بۆرە قەڵا لە حیکایەتێکی کۆندا.

یاسین برایم      

ئەو ڕۆژانەمان لە دەست چووە کە مرۆڤ تیدا پێنەکەنیوە. - چارلی چاپلین -.


لە کاتی خوێندنەوەی ھەر ژانرێکی ئەدەبی ، سەیرکردنی وشە و رستەوپەڕەگراف ، یاخود بە دوماھی ھێنانی دەق.وشەی جوان ، وێنەی ھونەری ،دێرێکی بەنرخ ، قسەیەکی سەرنجڕاکێش ، تێرامانێکی قووڵ ،ئیستاتیکا ، تەنزو خەندە بەرچاومان دەکەوێت و خوێنەر تام و چێژی لێ وەردەگرێت ، نووسەری باشیش وەک چێشتلێنەرێکی سەرکەوتوو دەبێ خوانەکەی جوان و ڕازاوەو سەرنجڕاکێش بێت ، دەبێ ئەویش بە ھەمان شێوەی ئەم چێشتلێنەرە ، نووسینەکانی پێشکەش بە خوێنەر بکات و تام و بۆن و چێژ ببەخشێت و ھزرو خەیاڵی بجوڵێنێ و فراوانی بکات وپرسیار دروست بکات. تەنزوساتێرو قسەی خۆش و گاڵتەونوکتەو یان ھەرناوێکی تر لەمانە ، ھەڵدەبژێریت ھیچ لە بەھای ماناکە کەم ناکاتەوە .لە نێو نووسیندا رۆلێ خۆی ھەیە و ئەوەی ئێمە قسەی لەسەر دەکەین بوونی تەنزە لە نێو ژانرە ئەدەبییەکان. مێژووی تەنز بۆ دەقە ئەدەبییەکانی یۆنان دەگەرێتەوە بە تایبەتی شانۆی کۆمیدیا . لە ئەدەبی کوردیش مێژوێکی دوورمان نییە لە ئەدەبی زارەکی بوونی ھەبووە بە دڕەنگیشەوە ھاتە نێو بواری ئەدەبی نووسراو.لە شیعرەکانی شێخ رەزای تالەبانی و پەندەکانی پیرەمێرد و(ڕشتەی مرواری )عەلائەدینی سجادی و تاک تاکەی شیعری چەند شاعیرێک لە خۆ دەگرێت، دواتر خۆی خزاندە نێوکاروانی رۆژنامەگەری کوردی و بوارەکانی تر وکەم و زۆر ڕەنگدانەوەی لە نێو ژانرەکانی ئەدەب و بگڕە ھونەریش دایەوە.


دەکرێت ئاماژە بە دوو جۆر تەنز بدەین(ئاشکراو پەنھان) لە کاتی خوێندنەوەی دەقەکە ھەستی پێدەکەین وبەرچاومان دەکەوێت یاخود نووسەر خۆی تەنز دروستدەکات و خۆی داھێنەرەکەیەتی ، ئەمەش سەلیقەو زیرەکی و بەھرەمەندی دەوێت.تەنز لە نێو نووسینەکاندا دەتواندرێت بە چەند شێوەیەک دروست بکرێت وەک (گێرانەوەی نوکتەیەک ، ئیدیۆم ، پەندی کوردی ، دیالۆگ ، توانج و پلار ، درۆیەکی زڵ ، جنێودان ، قسەیەکی بێمانا ، وەسفکردنێکی وێنەچوو ، بەکارھێنانی وشەیەک بە ھەڵە ، بینینی دیمەنێکی نامۆ ، دروستکردنی رستەیەکی پێکەنیناوی ، وڕژاندن و جنێوونوکتەی سێکسی ونەزانین و شارەزانەبوون لە شتێک.... ھتد ) بگرە کارەکتەریش رۆلی خۆی ھەیە لە بەخشینی تەنز ھەبوونی نازناوو ناوێکی ناشیرین و دروستکراو .بوونی تەنز لە نێو ژانرە ئەدەبییەکان بە تایبەتی چیرۆک و رۆمان پێویستە بە تایبەتی بۆ سەردەمی ئەمڕۆ تەکنەلۆژیاو ئینتەرنێت رۆحی خوێنەری کوشتووە ، خوێنەری ئەم سەردەمە ناتوانێ کاتێکی زۆر بە دیار کتێبێک بە سەر بەرێت کە لە ٥٠٠ پەڕ زیاتر بێت .دەبێ رۆمانی (تاعون)ی ئەلبێر کامۆ کە باس لە مردن و نەخۆشی و تاعون و چۆلبوونی شار دەکات و بۆنی مردن لە ھەمووشتێک دێت ئەگەر شتێک نەبێت لە نێو ئەم کتێبە بە خوێنەری بەخشێت بیزار دەبێت .یان رۆمانە درێژەکانی وەک( تاوان و سزا)ی دۆستۆیڤسکی ورۆمانی (خواوەندەکانی ئەڵەمون) پۆل تامیر و (ناوی من سورەیە)ی پامووک و(ئانا کارینیا)ی تۆڵستۆی و(حەمەدۆک)ی یاشار کەمال و رۆمانەی (شاری مۆسیقارە سپیەکان و غەزەڵنووس و باخەکانی خەیاڵ) ی بەختیار عەلی و رۆمانەی (کەلیدەر)ی(مەحمود دەوڵەت ئابادی )کە دە بەرگی لە خۆگرتووەو گەورەترین رۆمانی فارسییە . ئەگەر قسەی خۆش و تەنزی تیدا نەبێت . خوێنەر ناتوانێ کاتی خۆی بەم کتێبانە بباتەسەر ، ئەگەر چی ئەم کتێبانە نایاب و شاکاری جیھانیش بن .خوێنەری ئەمرۆِ خوێنەرێکی خێڕایە وگەرەکیەتی ھەمووشتی بە کوڕتی و پوختی وبەکاتێکی کەم وەربگرێت. ئاخۆ ئەگەر رستەیەک نەبێت لەم رۆمانانە بتخاتە پێکەنین وەک چێشتێکی بێ خۆێ وایە ،لە دانیشتنێکی گەورەی ھاوڕێیان دەچێت کە لە پرسە دانیشت بن ئەگەر قسەی خۆش و نوکتەو ھونەری پێکەنین لە دانیشتنەکە فرامۆش بکەین .بگرە دانیشتنەکەش سوودبەخش نابێت .بەڵام دەبێ ددان بەوڕاستیەش دابنێین نابێت رەگەزەکان و ھونەرەکانی تری نووسین بخەینە لاوە و تەنز جێی ھەمووشتێک بگرێتەوە و ھاوسەنگی نووسینەکە تێک بدات و ناوەڕۆکەکەی داگیر بکات ، ئەگەر ئەمە پەیرەو بکرێت ئەوا لە خوێندنەوەی کتێبێکی نوکتە دەچێ کە ئامانجی بەخشینی پێکەنینە نەک دەقێکی ئەدەبی. عەزیز نەسین گەورە چیڕۆکنووسی تورک ، لە بەخشینی پێکەنین لە نێو چیرۆکەکانی خاوەن ناو ناوبانگێکی گەوەرەیە.لەم بارەیەوە دەڵێت "(کیمیاگەرانی سەدەی ناوەڕاست نەیانتوانی بەرد بکەن بە زێڕ ، بەڵام من توانیم فرمێسکی خۆم بکەم بە قاقای پێکەنین وپێشکەشی جیھانی بکەم)١.


لێرەدا چەند نموونەیەک لە چەند دەقێکی جیاواز بۆ خوێنەر دەستنیشان دەکەین کە بە چەند شێوازێکی جیاواز تەنزی لە خۆ گرتووە ،خوێنەر چێژی لێ وەربگرێت و بایەخ و کاریگەری تەنز بزانێت، دواتر چەند نموونەیەک لە رۆمانی کەوتنی بۆرە قەڵا لە حیکایەتێکی کۆندا دەخەینە روو.


لە گفتوگۆیەکی نێوان کچ و کوڕێک دوای بەخشینی ماچ ، چۆن ھەڕەشە دەکات تا نھێنی ماچەکە نەدرکێنێت کەچی خودی ھەرەشەکە تامی ماچەکە دەکوژێت.

 

مریەم // (دەمی لە ماچەکەی بەرئەداو بە پەنجەکانی ھەڕەشە لەو دڵدارە گەنجە تازە پێگەیشتووە ئەکات و بە ھەزاران باریش ناز و فیز ئەکات بە سەریدا بە نەرمی پێی ئەڵێ) نامەوێ کەس پێمان بزانێ! باش ....!٢.


لە بەکارھێنانی نوکتەدا ، زۆرجار ئەم نوکتەیشمان بیستووە لە سەر نەزانین و فێرنەبوون ، بەڵام گێرانەوەی تام و چێژی خۆی ھەیە بە تایبەتی لە کاتی سەربازیدا.


..... نایب عەریفێک بەردێکی دەخستە قۆڵی دەستی چەپمەوەو ، لە ڕێ رۆیشتندا پێمی دەگوت :(..دەی .. کاکە سەعید، بە دەستی بەردەکەدا بۆ لای چەپ وەرگەرێ ! ئیدی لەوە بە دواوە دەستی چەپی خۆم ناسی و بۆشم دەرکەوت ، ھەمان ئەو دەستەیە کە لە مناڵیدا چڵمم بە قۆڵی چۆغە شڕەکەم پێدەسڕی"٣.ھەروەھا لە لە سەر گلەیی وشکە ساڵیش ، کە ھیچ بەروبومێک نابێت و بگرە گیاندارانیش تووشی ئەم برسیەتیە دێن و ھیچ نابێت بیخۆن . لێرە دا دەبینی تەنزێکی دروستکراوە لە شێوەی گازاندەوەو خەم و خەفەت دەگێرێتەوە، بەڵام بزەشی تیدایە.(ئەم بەھارە بەھاری کەرانیش نابێت،شەرتبێ دنیا ھیندە وشک دەبێ ، نێرەکەریش نازەڕێ.)٤.


یاخود لە بەکارھێنانی ئەندامێکی سێکسی مرۆڤ ، یاخود جنێوێک سەرەرای بەکارھێنانی وشە ناشیرینەکە ، تەنزێکی خۆشمان پێدەبەخشێت کە توزێک شەرمیش لە خۆ دەگرێت.


(کوڕەکە گەڕاڵێکی عەیارە بیست و چوارە ، قوونی خۆی باش دەجوڵێنێت )٥.


روو دەکەینە وەسفکردنی شاری پاریس پایتەختەکەی فەرەنسای لانکەی شارستانەیەت و ئازادی دەبینی وێنەیەکی ناشیرین و قیزوەن و کۆمەڵگایەکی بۆگەنمان بۆدەگێرێتەوە ھەر لە شارێکی خاپورکراوی دوای شەر دەچێت. بە بەکارھێنانی رستەی کورت و وەسفێکی دوورو درێژ باسی ئەو سەردەمان بۆدەکات و لەھەمان کاتیش بەکارھێنانی دەستەواژەکان پێکەنیناوییە.


ئەو سەردەمەی باسی ئەکەین بۆگەنێک ھەژمونی کردبوو بە سەر ھەموو شارەکاندا، کە مرۆڤی ئەمڕۆ بە ھیچ جۆرێ ناتوانێ وێنای رادەی ئەو بۆگەنە بکات ، شەقامەکان بۆگەنی گوویان لێئەھات ، حەوشەی پشتەوەی ماڵەکان بۆچروکی میز ، پلیکانی خانووەکان بۆگنتی تەختەی رزیوو و گوومشک ، چێشتخانەکان بۆ خاوی کەلەرمی رزیوو پیوی مەڕ .... لە قەسابخانەکانەوە بۆگەنی خوێنی مەیو ھەرچی خەڵکەکەش بوو بۆدڕنی ئارەقەو جلوبەرگی نەشۆراو.دەمیان بۆگەنی دانی کلۆر، گەدەیان بۆنی پیاز، پیرەکان بۆترشەڵۆکی پەنیری کۆن و شیری ترشاوو بۆنی نەخۆشی و وەرەم لە لە شیان ئەھات ، لە گشت ڕووبارو گۆڕەپان و کەنیسەو ژێرپرد و کۆشکەکانەوە بۆگەنی ناخۆش ئەھات.بۆنی جوتیارو قەشە وەکو یەک ناخۆش بوو . بۆنی پیشەوەر وەکو بۆنی ژنی مامۆستا ، چینی خانەدانەکان بۆگەنێکی ناخۆشیان لێئەھات ، تەنانەت پاشا خۆی بۆنی ئاژەڵێکی دڕندەی لێئەھات ، شاژنیش ھاوین و زستان بۆنی بزنی گەڕی لێئەھات.٦.


لەددان پێدانانی پاشایەک ، کە چۆن تووشی لاوازی سێکسی بووەو ددان بە پیربونیەکەی خۆشی دەنێت لەم رووەش نەفرەت لە ژن دەکات و بە سووک سەیریان دەکات ، وەک بڵێی ئەوان تاوانبارن ،چونکە دەزانێ ھیچ شتێکی تری پێنەماوە بۆئەم ژنانە ئەگەر نا پاشا (خوی شیری ھەتا پیری) پەیرەو دەکرد.


پاشا بە بۆڵە بۆڵ تفێکی رۆکردبووە زەوی و گوتبووی: "ژنم ناوێ ! با بڕۆن ئەو قەحپانە ! دڵم لێیان تێک ھەڵدێ. شەست دانە ساڵە خەریکی ئەو دەڵەقۆڕانەم ! ئەگەر دەبینی پیس دەخۆمەوە ، ئەوا لە بەر ئەوەیە ھەست دەکەم پیر بوومەو دەوڵەتی عوسمانیش پیر بووە ، ئیدی ھەردووکمان لە کەڵک کەوتووین"٧.


رێبوار سیوەیلی ، لە کۆمەڵەشیعرێکی خۆیدا ، ئەوەندە شیعری ناسک و جوانی بۆ ژن نوسیووە ، بۆنی عەشق و میھرەبانی و بەخشندەیی و نەرم و نیانی ژنی لە شیعرەکانی دێ وژنت لە لا جوانتر و شیرنتر دەکات ، بەڵام لە شیعری ( کەمێکیش خۆم) لە کاتی خوێندنەوەدا دێرێکت دەکەوێت بەرچاو بزەت دەخاتە سەرلێو :
تازە قەد مناڵ نابمەوە،
تازە ھەرگیز بە قوونی ڕووت مەلە ناکەم٨.


تەنز لە رۆمانی بۆرە قەڵا.


نمونەی تر لە سەر تەنز زۆرن ، دەبێ خوێنەر بیاندۆزێتەوە ، لێرەشدا چەند تەنزێکی رۆمانی کەوتنی بۆرە قەڵا لە حیکایەتێکی کۆندا دەخەینە روو ، ئەم رۆمانە لە قەبارە دا بچووکە باس لە جەنگ دەکات و بە گێرانەوەیەکی مێژووی لە رێگای فلاشباکەوە باسی لە کەوتنی دیمەشقمان بۆدەکات لە سەردەمی تەیمورلەنگدا،زوڵم ستەم و تاوانکاریەکانی مەغۆڵەکانمان بۆدەگێرێتەوە دواتر چەند رووداوێکی شەڕی عێراق -ئێران بە چەند شێوازێکی جیاوازو پڕە لە ناھەمەتی و سەرگەردانی و گرتن و کوشتن و ئازاردان خستنەرووی چیرۆکی پۆڵێک ھاوڕێ کەجەنگ لە یەکتریان دەکات وھەریەک دەبنە خاوەن چیرۆکێکی تراژیدیا. مرۆڤ لە گەڵ خوێندنەوەی رۆمانەکە، بۆنی بارووت و تەرم و خوێن و دوکەڵ دەکات و دەنگی تۆپ وھاوەن وھاوارو ناڵەو گریانی مرۆڤەکان ، گوێت کاس دەکەن . بەڵام وە نەبێت ئەم رووداوە تراژیدیانە ئەوھا بە وشکی بگێرێتەوە رۆماننووس لە رێگای تەنزەوە لە کاتی ناخۆشترین رووداودا پێکەنین ، خەم و خەفەتەکان دەرەوێنێتەوە.


لە خوارەوە چەند تەنزێکی ئەم رۆمانە دەخەینە بەرچاوی خوێنەر ، کە بەشی زۆری ئەم تەنزانە دروستکراوون و رۆماننووس بەرھەمی ھێناون لە ھەندێک تەنزیشدا لە شێوەی جنێو قسەی قۆڕو گاڵتەکردت بە ھاوڕێیەکان و ھێنانی ناوی ئەندامە سێکسیەکان وھەندێک تەنزی سیاسی:


مەلیک کەیکاوس بەخت یاوەری دەبێت کە لە مەیدانی جەنگ نییە، بەڵام بێزاریشە لە کۆگای دروستکردنی خۆراک بۆ سەربازەکان.کە خودی خۆشی رازی نییە لە خواردنی خۆی.


مەلیک کەیکاوس دەیوت " بیخۆن کوڕینە بیخۆن وەڵڵاھی ھەر کەسێک یەک قاپ لەو نیسکێنەیەی بۆ بخورێت ، یەک قاپ گووشی بۆدەخورێت"٩.


تەنانەت لە گاڵتەکردن ناوەستێت بە تایبەتی بەھاوڕێیەکەی قەحتان کە لەم ژیانە بێزارەو کەچی دەبێتە بنێشتە خۆشەی کەیکاوس "قەحتان بە ھیچ شێوەیەک لە گەلڕ خواردنی سەربازگە ڕانەدەھات وسالڕدوازدە مانگ ئیسھال بوو. مەلیک دەیگووت"ئاخ خ خ خ قەحتان تۆ تاکەی ئیسھال دەبیت؟ ئاخر پیاوێک ناوی قەحتان بێت چۆن دەبێت ئیسھال بیت؟ تۆ بە ناوەکەت بوایە دەبایە بەردەوام ، ساڵ دوازدە مانگ قەبز بیت١٠".ئەو لەو پەری بێزاری و خەم و نارەحەتیدا ، دوور لە خۆشەویستەکەی ، بەڵام لە گاڵتەکانی خۆش ناکەوێت .


- مەلیک کەیکاوس وتی : کوڕینە با ھەموومان بە یەکەوە جڕتێک بۆ بەیاننامەی ئازار لێبدەین .. ھەموویان جڕتێکییان لێداو مەلیک وتی : برایان جڕتێکی تریش١١.


مرۆڤ کە بێزار دەبێت لە نیشتمان ، ئەو شەڕەی بەڕۆکی رۆلەکانی بەرنادات ئینتمایی نیشتمان لاواز دەبێت وبەتایبەتی شەری عێراق - ئێران درێژە دەکێشێت ئەوانیش تەمەنی گەنجایەتی خۆیان لە مەیدانی شەر بەرێدەکرد بۆیە لە رق لێبوونەوە بە نیشتیمان و عێراق و سەرۆکەکەی وکارە چەوت و گەندەڵەکەی سەرۆکی عێراق .بۆیە ئەم تەنزانە لە شێوەی کاریکاتێرێک نمایش کراون.


-" سەرۆک بە قوونی ڕووتی و بە دەم کێشانی جگەرەی ھاڤاناییەوە میزی بە نەخشەی عێراقدا دەکرد....١٢ ".
-" عێراق قەحبەیەک بوو سەرۆک ھەموو ڕۆژێ دەستدرێژی دەکردە سەری ، کەچی ئەو لە قوونبادانی خۆی نەدەکەوت.١٣.


تەنانەت بە دامرکاندنەوەی حەزو ئارەزووەکانیان جۆرێک بووە لە تۆڵەکردنەوە لەو ژیانەی ئەوان تێیدان ، شەرێک بوو لە بەرامبەر بێزاربوون لە شەڕ."ئەوکاتانەش تین و ئازاری نائومێدی و بێئاسۆیی و بێئایندەیی دەگەیشتە سەر مۆخی ئێسقانەکانی ، دەستی دەکرد بە دەستپەڕکردن . بەڵام نەک بۆ چێژ وەرگرتن و دامرکاندنەوەی ئارەزووەکانی ، بەڵکو ئەوە شەرێک بوولە بەرامبەر بارودۆخی حەسرەتباری خۆیدا پەنای بۆدەبرد....١٤ ".


وێنەی تەنزێکی سەیر لە کاتی کوشتنی مرۆڤێک ، بەڵام دیمەنی ئەو بکوژانەمان بۆدیار دەخات کە وڕگن و زگیان لە دەرەوەیە."دوو سایەقی گەڵابە ، لەو سایقانەی ھەمیشە نیوەی ورگیان لە پانتۆڵەکانیانەوە ھاتۆتە دەرەوە ، بۆدزی دەچن بۆ ئەو مەخزەنەو بەتالیبەر باوکی ئەریوان دەکوژن....١٥".


لەم رۆمانەدا ، وێنەیەکی قیزوەنی کاری سەربازی عێراقمان بۆ دەخاتە روو ،کە لە نێو سەبازی عێراقدا باو بووە ئەوانیش ،بوونی بەرپرسەکان بۆ دامرکاندنەوەی دامێنی خۆیان پەنایان بۆ سەربازە بێ موو و گەنجەکان بردووە ، ئەوانیش لە رێگای دەستەو گەوادەکانی خۆیان واتە ملکەچی کردن بەم کارەو ئەگەر نا لە بەرامبەر ئەمەشدا رەوانەی بەرەکانی شەڕیان دەکەن ، واتە ھەردوو سەری دارەکە بەلای سەربازە گەنجەکان بە گووە .ھەروەھا دیمەنی ژنی ئەو بەرپرسانەشمان بۆ دەگێرێتەوە لە نەبوونی مێردو مۆڵەت پێنەدانیان ئەوانیش کاری لەشفرۆشی دەکەن ."ئەو پیاوە جگە لە ناونووسکردنی سەربازەکان ، رێکخستنی ناوەکانیان بە پیتی حرووفی ئەبجەدی و ریزکردنیان لە فایلە زلەکاندا ، پێدانی مۆڵەتنامەی چەند ڕۆژە بە سەربازەکان و ناردنییان بۆ یەکەکان ، کارێکی نیمچە شاراوەی تری ھەبوو کە ئەویش دەستنیشانکردنی سەربازانی لاوی موو لێنەھاتوو بوو بۆ سەرھەنگ و دەرەجەدارەکان ، ھەر ھەمان ئێوارە لوقمان حەکیمی نارد بۆلای سەرھەنگ عەبدولجەبار.١٦ ".


-"ئەو سەرھەنگانەی ساڵی دوو جار بۆیان نەدەڕەخسا سەردانی ماڵەوە بکەنەوە و لە داخی ئەوەی ژنەکانییان بە خەروار گانیان دەدا بە خزمەتکارەکان، شوفێری تاکسییەکان و دوکاندارەکانی سەر سوچی کۆڵان ، وەکو سەگی ھار پەلاماری سەربازانی کەساس و بێچارەیان دەدا.١٧.


بڕوانە ئەو سەبازە بێتاوانەی کە دوورۆژ تەمەنی سەربازیەتی کەچی لە لایەن سەرھەنگەکەیەوە دەیەوێت دەستدرێژی سێکسی بکاتە سەر ، ئەویش ناچار دەبێت لە ترسی کوشتنی بەداواکەی لە کاتی خۆ رووتکردنەوەدا ، ئەو دەرفەتەی بۆدەرەخسێ و سەرھەنگەکە دەکوژێت ، ئەو لەو کاتە لە نێو تاوان و کارێکی قیزەوندا چۆن دەروانێتە لاشەی سەرھەنگەکەی ، لەم ساتەوەختەدا چۆن مرۆڤ پێکەنینی نایەت بە بینینی دیمەنی سەرھەنگەکە.


-" سەیری شۆرتە تا ئەژنۆ داگیراوەکەی سەرھەنگی کرد، لە کێری سیسبوەوەی سەرھەنگ ڕاما کە لە مشکێکی تۆپیو دەچوو.١٨ ".


لەم رۆمانە تەنز بە شێوەیەکی جوان خراوەتە روولە رێگای فەلسەفەی پێکەنین وگاڵتەجاریەوە ، خوێنەر ھەست بە ماندوبوون نەکات لە خوێندنەوەیدا ھەر حەزدەکات رۆمانەکە تەواوبکات ، جاروباریش جامێک لە کانیاوی خەندە بنۆشی.

________________________
سەرچاوەکان:
١. عەزیز نەسین ، مەرگی مووچەخۆرێک ، وەرگێڕانی : جەلیل عەباسی ، دەزگای توێژینەوە بڵاوکردنەوەی موکریانی ،چاپی یەکەم ، ٢٠١٢ ،ل٥ .
٢. بورھان جۆلا، (ژوانە گورگ)، سلێمانی ، ٢٠٠٩، ل٢٦-٢٧.
٣. محەمەد رەشید فەتاح ، رۆمانی (ئەفسانەی مێرە گوڵ) ، ھەولێر ، ٢٠٠٩ ، چاپی دووەم ، ل ٥٥.
٤. سەرچاوەی پێشوو ، ل١٧٩.
٥. بەختیار عەلی ، کۆشکی باڵندە غەمگینەکان ،٢٠٠٩،ل١٤٣.
٦. پاتریک زۆسکیندا ، رۆمانی (عەتر) وەرگێڕانی : ئەرخەوان ،چاپی یەکەم ، ٢٠٠٩ ، ل٧-٨.
٧. نیکۆس کازانتزاکیس ، رۆمانی (ئازادی یا مەرگ) وەرگێڕانی :حەمەکەریم عارف ، چاپی یەکەم ، ٢٠٠٤ ،ل١٣٤.
٨. رێبوار سیوەیلی ، ئێوارەیەک بۆ ژن و خودا ،دەزگای زەریاب ، چاپخانەی ڕۆژھەڵات ، ٢٠١٢ ، چاپی یەکەم ، ل٧٥.
٩. ماردین ئیبراھیم ، رۆمانی (کەوتنی بۆرە قەڵا لە حیکایەتێکی کۆندا ) ،٢٠١١. ل٤٢.
١٠. سەرچاوەی پێشوو ، ل٥١.
١١. سەرچاوەی پێشوو ، ل٥٢-٥٣.
١٢. سەرچاوەی پێشوو ، ل٦٣.
١٣. سەرچاوەی پێشوو، ل٦٩.
١٤. سەرچاوەی پێشوو، ل٤٤.
١٥. سەرچاوەی پێشوو، ل٤٦.
١٦. سەرچاوەی پێشوو، ل٤٨.
١٧. سەرچاوەی پێشوو، ل ٥٦.
١٨. سەرچاوەی پێشوو، ل٩٣.

 

ماڵپه‌ڕی یاسین برایم

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک