په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٨\٤\٢٠١٥

تەنیا بە سازدانی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد لە مەترسییەکان رزگار دەبێ.

فوئاد زیندانی    


ساڵی ڕابردوو ساڵێکی پڕ کارەساتبوو بۆ گەلی کورد بەتایبەتی کە ڕێکخراوی ئیسلامی تیرۆریستی داعش بە هاوکاری عەرەبی شۆڤینیی سوننە مەزهەب و کۆنە بەعسیەکان و چەند ووڵاتێکی سوننە مەزهەبی ناوچەکە هێرشی کردە سەر شەنگال و کۆبانی و شارەکانی تری باشور و ڕۆژئاوای کوردستان ، ئاستی کارەساتەکە گەیشتە پلەی جینۆساید . دیارە هێرشەکان نوێ نەبوون ، تیرۆریستان ماوەی سێ ساڵە بەردەوامن لەهێرشەکانیان بۆ سەر گەلی کورد لەبەشێکی تری کوردستان کە ڕۆژئاوای کوردستانە.


ئەوەی وایکرد تیرۆریستە ئیسلامیەکان غیرەت پەیدا بکەن و هێرش بکەنە سەر ڕۆژئاوا و باشوری کوردستان ، پەرتەوازەیی ناوماڵی کورد و بێباکی ونەبوونی ستراتیج و خیتابی نەتەوەیی کورد و ئەنجامنەدانی کۆنگرەی نەتەوەیی چوار بەشی کوردستان بوو . دوژمنانی کورد هەر لەسەرەتاوە هەستیان بەوە کردووە کە کورد میللەتێکی خۆخۆرە و پەرتەوازەیە بۆیە وا بەئاسانی ئەوەی لە ڕێکەوتننامەی سیڤەر ڕێکەوتنی لەسەرکرابوو بەتایبەتی بەندەکانی (٦٢ ، ٦٣ ، ٦٤) جێبەجێنەکراو خستیانە باری لەبیرچوونەوە.


نەتەوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەتی نەتەوە سەردەستەکان " عەرەب ، تورک ، فارس " لە ڕێگای دەوڵەت نەتەوە جگە لە ئامرازی شۆڤینی ، ئایینی ئیسلامیشیان وەک ئامرازێکی تر بۆ بەرژەوەندی هزری نەتەوەیی و شۆڤینی و پاراستنی کیانی سیاسی و ستاتۆی خۆیان بەکارهێناوە . کۆنترین میللەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست میللەتی کوردە کە خاوەن زمان ، خاک ، ناسنامەی نەتەوەیی خۆیەتی ، بەڵام تائێستا خاوەنی دەوڵەتی خۆی نیە ، دوایئەوەی ئایینی ئیسلام بە زەبروزەنگ بەسەر گەلی کورد سەپێندرا ، کورد هەوڵینەداوە ئایینی ئیسلام بۆ بەرژەوەندی نەتەوەیی بەکاربهێنێت بەڵکو ئیسلام بوونەکەی خزمەتێکی زۆری نەتەوەکانی عەرەب و تورک و فارس کرد ، تەنانەت تا ڕادەیەک ئەو ئیسلام بوونەی میللەتی کورد بۆتە هۆی دروستبوونی زمینە و پێگەیەکی خۆڕسکی لەبار بۆ توندڕەوە ئیسلامیەکانی ناوخۆ کە ڕۆڵی (گای بنەخۆیی ) دەبینن ، بێگومان ئەوەش خزمەت بە ڕێکخراوە تیرۆریستەکانی وەک داعش و بەرەی نوسڕە دەکات.

 
سەرباری ئەو خاڵانەی لەسەرەوە ئاماژەمان پێکرد ، پێوویستە ئەو ڕاستیە بزانین تا کۆنگرەی نەتەوەیی چواربەشی کوردستان سازنەکرێ و کارا نەبێ ، کورد ناتوانێ ببێتە خاوەن خوێندنەوەیەکی ڕاست و دروستی گۆڕانکاریەکانی ناوچەکە و نابێتە خاوەن قوڵاییەکی ستراتیجی نەتەوەیی ، نەک هەر ناتوانی پێش ڕووداوەکان بکەوێ یان فریای ڕووداوەکان بکەوێ و لەگەڵیدا هاوتەریب ببێ ، بەڵکو هەردەم دەکەوێتە دوای ڕووداوەکان و دەبێتە دوایین نەتەوە لە گۆڕانکاریەکانی ناوچەکە بەئاگادێت و بەمشێوەیە دەبێتە زەرەرمەندی یەکەم.


هێرشەکانی ڕێکخراوە تیرۆریستیەکانی داعش و بەرەی نوسڕە بۆ سەر باشور و ڕۆژئاوای کوردستان کەلەلایەن تورکیا و ووڵاتانی عەرەبی سوننە مەزهەب پشتگیری و ئاڕاستە دەکرێن ، هەروەها شەڕی یەمەن بە ڕابەرایەتی سعودیە و ووڵاتانی تری هاوپەیمانی سوننە ، لەگەڵ ڕێکەوتنی نێوان ئێران و ئەمەریکا سەبارەت بە بابەتی پڕۆگرامی ئەتۆمی (ناوەکی ) ئێران کەبە گروپی (٥+١) ناسراوە ، سێ بابەتی زۆر گەورەن لە ناوچەکە کە ڕاستەوخۆ کاریگەریان لەسەر گەلی کورد و ئابووری و چارەنووس و خاک و داهاتووی کوردستان دەبێ تەنانەت لە ڕووی سەربازیش کاریگەری ڕاستەوخۆی دەبێ لەبەرئەوەی ئێمەی کورد لە ئاستی چواربەشی کوردستان لەهیچ ڕوویەکەوە ستراتیجی قووڵی نەتەوەییمان بینا نەکردووە ، بۆیە تاکە ڕێگا بۆ پاراستنی گەلی کورد لە کۆمەڵکوژی و جینۆساید ، هەروەها بەردەوامبوون لە بەرەوپێشچوون و گەرەنتیکردنی مافە نەتەوەییەکانمان لە ئاستی چواربەشی کوردستان سازدانی کۆنگرەی نەتەوەییە ، چونکە بەکۆنگرەی نەتەوەیی دەبینە خاوەن سیاسەتێکی ستراتیجی قوڵی نەتەوەیی هاوبەش و هێزێکی بەرگری بەهێز ، ئەوکاتە دەوروبەرەکەشمان بەبچوکمان نابینێ و دوژمنان و داگیرکەران و زلهێزەکان بەچاوێکی گەورەتر سەیرماندەکەن و دەبین بەژمارەیەک لە بیرکاریی و هاوکێشە هەرێمی و نێودەوڵەتیەکاندا.


لەباکوری کوردستان لە ئاداری ساڵی (٢٠١٣) وە پڕۆسەی ئاشتی لەنێوان پارتی کرێکارانی کوردستان بە ڕابەرایەتی " عەبدوڵا ئۆجەلان " ڕێبەری پەکەکە و حکومەتی تورکیا دەستی پێکردووە ، زۆر گرنگ بوو بۆ ئێمەی کورد بابەتێکی وا هەستیار لە کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان گفتووگۆی لەسەربکرابا و باکوری کوردستان پشتئەستوربا بە ڕاوبۆچوونی بەشەکانی تری کوردستان لە پێناو بەدەستهێنانی مافەکانی کورد و سەرخستنی پرۆسەکە و ئازادکردنی ئۆجەلان و سەرجەم زیندانیانی سیاسی لەو بەشەی کوردستاندا . پێوویستە کۆنگرەی نەتەوەیی ڕۆڵێکی سەرەکی ببینێ لەنەهێشتنی جیاوازیەکانی نێوان پەیەدە و پارتەکانی " ئەنەکەسە " لە ڕۆژئاوای کوردستان . بەهەمانشێوە کۆنگرەی نەتەوەیی پێوویستە ڕۆڵی هەبێ لە نەهێشتنی جیاوازیەکانی نێوان حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و کارکردن لەپێناو یەکگرتنەوەی حزبەکانی دیموکراتی کوردستانی ئێران و حزبی دیموکراتی کوردستان هەروەها یەکگرتنەوەی هەموو حزبەکانی کۆمەڵە و باشتر کردنی پەیوەندی نێوان سەرجەم حزب و لایەنەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و کۆکردنەوەیان لەبەرەیەکی کوردستانیدا.

 
لێرەدا ڕەنگە ئەو پرسیارە دروستببێ ، ئایا کۆنگرەی نەتەوەیی بۆ ئەو ئەرکانە جێبەجێ ناکات ؟ ئەگەر بمانەوێ کۆنگرەی نەتەوەیی ئەو کارانە جێبەجێبکات ، پێوویستە لەئاستی چواربەشی کوردستان ڕێز لەکۆنگرەی نەتەوەیی بگرین و دەستبەرداری بەشێک لە بەرژەوەندیە حزبیەکان بین و کۆنگرەکە سازبکەین و بیکەین بە مەرجەع بۆ چارەسەر و گفتوگۆی هەموو کێشەکانمان لەهەرچواربەشی کوردستان . لە ڕۆژهەڵاتی ناوین و لە جیهان هاوپەیمانێتی نوێ دروستبووە و دروستیش دەبێ ، ئەگەر ئێمەی کورد کونگرەیەکی نەتەوەیی (کارا) مان نەبێ و ئۆرگانەکانی بەهێز نەکەین و نەیکەینە مەرجەعی سیاسی و ماڵی کوردستانی گەورە ، نەک تەنیا بەجێ دەمینێین بەڵکو ئەوەی هەمانە لەدەستی دەدەین.


ساڵی ڕابردوو لەسەر مژاری کۆنگرەی نەتەوەیی هەندێک کار کرا و چەندین لیژنە دروستکرا و تۆزێک گەرموگوڕی بەخۆوەدیت بەڵام وادیارە بەهۆی بوونی جیاوازی لەسەر بابەتی سەرۆکایەتی کۆنگرە ، ئایا سیستەمی هاو سەرۆکایەتی بێ یا تاک سەرۆک بێ ، هەروەها بابەتی ژمارەی کورسیەکانی کۆنگرە ئایا بەپێی ژمارەی دانیشتوانی هەربەشێکی کوردستان بێ یا تەوافق بێ ، کۆنگرە تائێستاش ئەنجامنەدرا . گرنگە بۆ گەلی کورد کۆنگرەی نەتەوەیی سازبکرێ بۆ ئەوەی بەردەوام لە ئاماددەباشیدابین بۆ هەر گۆڕانکاریەک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەرەنگاربوونەوەی هەر هێرش و ئەجندایەکی لەناکاو ، چیتر نەهێڵین ژن و منداڵی کورد لەبازاڕەکانی ئیسلامی وعەرەبی کڕین و فرۆشتنیان پێبکرێ ، لەوەش گرنگتر بۆ ئەوەی لەڕووی ئەخلاقی چیتر نەڵێین کوردستانی عیڕاق ، تورکیا ، ئێران ، سوریا و مۆزەمبیق و ئەسیوبیا.

 

 

fuadzindani@yahoo.de

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک