٢٧\٧\٢٠١٣
تەنیا بە شۆڕش دەتواندرێ
بارزانی لە کۆڵ خەڵکی کوردستان بکرێتەوە.

عامر سابیر
مەسعود بارزانی و بنەماڵەکەی، ئەوە نزیک بە دوو دەیەیە دەسەڵاتی ڕەش و
دکتاتۆرانەی خۆیان سەپاندووە بەسەر کۆمەڵگای کوردستاندا. ئەم ملهوڕی و
ئەم دەسەڵاتە دواکەوتووەی پارتی، لە رێگەی گاڵتەجاڕی هەڵبژاردن و
پەرلەمانەوە ناتواندرێ بگۆڕدرێ و کۆتایی پێ بهێندرێ.
ئەنجامی شانۆگەری گاڵتەجاڕی هەڵبژاردن کە بڕیارە لە ٢١/٩/٢٠١٣ دا
نمایشی بکەن، ئەتواندرێ هەر لە ئێستاوە پێشبینی بکرێ کە کێ تیایدا
براوەیە، پارتی زۆرترین ژمارەی ١١١ کۆرسییەکە بۆ خۆی دائەنێ. یەکێتیی
بە پلەی دووەم دێت و لە پارتی زۆر کەمتر ئەبێت. گۆڕان لە ٢٥ کورسییەکەی
ئێستای کەمتر بەدەست ئەهێنێتەوە. ژمارەی کورسی تاقمە ئیسلامییەکان هەر
وەک خۆی ئەهێڵنەوە. چەند بەناو سەربەخۆیەک ئەبنە پەرلەمانتار کە لە
پارتییەکان زیاتر (مەلایی)ترن. هەموو ئەو کورسیانەی کە بۆ
کەمایەتییەکانی تر دانراوە، ئەبێت سەرۆک و ڕێبازیان، بارزانی و پارتی
بێت، جا ئەبنە پەرلەمانتار. کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن، کە لە کۆمەڵێک
ئەڵقە لە گوێ و موفتە خۆری پارتی و بارزانی زیاتر هیچی تر نین، لە
سایەی ئەم کۆسیسیۆنە باڵایەدا، بڕیار وایە کە سەدان هەزار کەسی مردوو
دەنگ بدەن. سەدان هەزار کەس، دووبارە و سێ بارە ناویان تۆمارکراوەتەوە
بۆ دەنگدان. پارتی و هاوشێوەکانی لەشکر و هێزی تەزویریان ئامادەیە بۆ
دە جار و بیست جار دەنگدان لە ڕۆژی نمایشکردنی شانۆگەرییەکەیاندا.
دەیان هەزار لە کوردی تورکیا ئەکرێنە هاوڵاتی و هێزی دەنگدەر لەو
ڕۆژەدا... هتد.
بۆیە خەڵکی کوردستان بە گشتی و چینی کرێکار و زەحمەتکێش بە تایبەتی،
ئەبێت بایکۆتی بەشداریکردن لەم شانۆگەرییە پووچەدا بکەن و نەچن بۆ
دەنگدان. خەڵکی کوردستان ئەبێت شەرعییەت نەدەن بەم دەسەڵاتە گەندەڵ و
دواکەوتووەی ئێستا. خەڵک ئەبێت خۆشخەیاڵنەبن بەوەی لە ڕێگەی بەشدارییان
لەم گاڵتەجاڕییەدا کە ناویان ناوە هەڵبژاردن، گوزەرەنیان باشتر بێت.
ئەم دەسەڵاتە هێندە گەندەڵ و سەرکوتکەرە چاکسازی هەڵناگرێ. خۆشخەیاڵی
بە هەڵبژاردن و بەشداریکردن لە دەنگداندا، زامەکان قوڵتر و ملهوڕی و
لوتبەرزی دەسەڵاتداران زیاتر ئەکات. ئەم دەسەڵاتە هێندە تاوانبارە،
هێندە جەردەیی کردووە، ئەبێت خۆیان و ئەزموونەکەیان تا دوا خشتی
هەڵتەکێندرێ. تەنها شۆڕشی جەماوەری و هاتنە مەیدانی ئیرادەی خەڵکی
کوردستانە، کە توانای ئەم کارەی هەیە. مەرجی بەسەرکەوتن گەیاندنی
شۆڕشێکی ئاواش، خۆڕێکخستنە. کە بەداخەوە کەمووکوڕییەکی جەوهەری بوو لە
گەشەنەکردن و بەسەرئەنجام نەگەیاندنی ناڕەزایەتییەکانی ١٧ی شوباتی ٢٠١١
لە کوردستاندا. ئەبێت لە ڕێگەی شۆڕشەوە دەسەڵاتی کۆنەپەرستانەی
بارزانییەکان و سەرمایەداران، بگۆڕدرێ بە دەسەلاتی کرێکاران و
پێشکەوتووخوازان.
٢٦\٧\٢٠١٣
ماڵپهڕی عامر سابیر
|