په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

تەنیا و نائومێد.


د. ناسح قەرەداخی


سەدان هەزار ساڵە مرۆڤ هەڵوەدایەو بەدوای بەختیاریدا دەگەرێ. یەکەمین باپیرەکانی کە کەوتنە تەک یەکتر و قەدیان راست کردەوە و دەست و ئینجا وردە وردە مێشکیان خستەکار، کەتنە هەڵپەی بەدەستهێنانی ژیانێکی تر لەکاتی ئێستایان واتە کەوتنە خەیاڵی داهاتوو. رەنگە لەم خەیاڵ و هەڵپەیەدا زمان یان بەگشتی مێشکی بیرکەرەوە کارا بووبێ چونکە بە بێ زمان مرۆڤ نەیدەتوانی رابوردوو بێنێتەوە یاد و داهاتوویەکی رەنگینرتر بۆخۆی بەرجەستە بکا، پیلان و نەخشەی بۆ دانێ و ماسولکەکانی بخاتە کار بۆ جێ بەجێکردنی خەیاڵەکانی. لەراستیدا پێ دەچێ مێشکی بیرکەرەوە لەهەمان کاتدا سەرچاوەی هەموو بەختەوەری و کوێرەوەرییەکانی مرۆڤ بێ.


مرۆڤ کەلەگەڵ پەیدابوونیدا هەموو غەریزەکانی ئاژەڵی بەمیرات بۆ جێ ماوە، بەهۆی مێشکە فێڵبازەکەیەوە دەکەوێتە دارشتنی جۆرەها نەخشەی ترسنۆکانەو ئازایانە بۆ تێرکردنی غەریزەکانی بەچاکترین شێوە و بەدەست هێنانی زیاترین لەززەت لە هەموو بوارێکی مومکیندا: باشترین و زیاترین خواردن، جوانترین و زیاتین هاوئامێز، خۆشترین شوێن، باشترین چەک، باشترین ئەشکەوت... مرۆڤی تێرنەخۆر کە غەریزە بنەرەتییەکانی تێر دەبن ئینجا دەکەوێتە خەیاڵات و غەریزەکانی وردترو وردتر دەکاتەوە: لەجیاتی سک تێر کردن دەگەرێ بزانێ چ خۆراکێ خۆشترە و کەمتر دەست دەکەوێ و هەرسی ئائاسناترە. لەجیاتی ئەشکەوت خانوو و جۆرەها دیکۆر، لەجیاتی پێستی ئاژەڵ جلوبەرگی ئاوریشم، لەجیاتی هاوئامێز جۆرەها وردەکاری سێکسی. بەکورتی مرۆڤ هەرگیز رازی نابێ و هەمشە هەڵپەی هەنگاوی داهاتوویەتی. هەڵبەتە ئەمەش لەگەڵ گەورەبووندا ئاڵۆزتر دەبێ و لە کوێرەکانییەکەوە دەبێـە چۆمێک و لە چۆمەوە دەبێتـە روبار و لەروبارەوە بۆ دەریاچە. تا ئەوەی مرۆڤی بەدبەخت لە دەریای تێرنەخواردووی ئارەزووەکانیدا سەرگەردان دەبێ و بەهەر چوارلادا دەست و پەل دەکوتێ.

بەڵام ئادەمیزاد چۆن دەتوانێ هەموو ئارەزووەکانی تێر بکات لەکاتێکدا تەنیا نیە بەڵکوو لەناو هەزاران مڵۆزمی وەک خۆیدایە کە هەریەکە لەوی تر زیاتر پەلەی سبەینێیەتی و هەلوەدای پچرینی زیاترین بەش لە مەوزوعی غەریزەکانیەتی. مەوزوعی غەریزەش چ خواردن بێ چ سێکس و چ پلەو پایە، سنوودارەو بەیەکسانی بەشی ئەم هەموو داواکارە ناکات!! لەراستیدا ئەگەر بەشیشی بکردایە، ئەگەر مومکین بوایە هەموو ئارەزووەکانی هەموو مرۆڤەکان تێربرکرایە هێشتا باوەر ناکەم لایەنی کەم ئارەزووی هەندێ لەو مرۆڤانە دابمرکایەتەوە کە غەریزەیان لە خەڵکی ئاسایی زیاتر زاڵە بەسەریاندا. بەراستی لەوەدەچێ شەهوەتی مرۆڤ (بەرامبەر بە غەریزە بەگشتی) قابیلی رازی بوونی هەمیشەیی نەبێ و مرۆڤ لەچارەی نووسرابێ هەتا هەتایە بە برسێتی بمێنێتەوە و بەرەو نائومێدی و کوێرەوەری بچێ.

ئەمرۆ هەر قوتابییەک بگری بەئەندازەی هەموو فەیلەسووفەکانی یۆنانی کۆن دەربارەی زەمین و زەمان و ئاسمان و لەشی مرۆڤ و .... دەزانێ. زانیاری بە ملیۆنان جار پەرەی سەندووە و لە داهاتووشدا منداڵان گاڵتە بە ئاستی زانیاریی زاناکانی ئەمرۆ دەکەن. بەڵام سروشتی مرۆڤ: خۆپەرستی، تەماع، غەریزە، توورەیی، ئارامی.. بەکورتی رەفتارو و تەبیعەتی مرۆڤ گۆرانێکی ئەوتۆی بەسەردا نەهاتووە. دەیان هەزار ساڵ پێش ئێستا چۆن راوچییەک لەسەر نێچیر، شوانێک لە سەر لەوەرگا، پیاوێک لەسەر دەسەڵات یا ژنێک لە ئەویندا کاردانەوەیان نیشان داوە لە شێوەی توورەیی و رق و تۆڵەو لەخۆبوردندا، وەڵامی مرۆڤی ئەمرۆش لە هەلومەرجی لەوجۆرەدا هەمان هەڵچوون و داچوونەکەی جارانە گەرچی رەنگە لە بەرگێکی کەمێ جیاوازدا بێ.

مرۆڤی تێر نەخۆر بەو سروشتە خۆپەرستەیەوە لەناو هەزاران مرۆڤی خۆپەرستی وەک خۆیدا لە کاتێکدا ئیمکانی هەلومەجی یەکسان وجوودی نیە، چۆن دەتوانێ هەست بە ئاسوودەیی بکا؟ چۆن تەنیا نابێ؟ چۆن نائومێد نابێ؟ لەوەدەچێ دوودڵی و تەنیایی و نائومێدی بەئەندازەی تەمەنی مرۆڤایەتی کۆن بن. رەنگە لەگەڵ پەیدا بوونی مێشکی بیرکەرەوەدا پەیدا بووبن و هەرگیز کۆڵی مرۆڤ بەرنەدەن. مرۆڤایەتی هەر لەکۆنەوە دەرکی بەم تەنیایی و نائومێدییە کردووە و هەستی بە پووچی ژیان کردووە بەڵام ناچار بووە بژی، کاربکات، هەوڵ بدات، گەورەببێ، ئەرکە کۆمەڵایەتییەکانی جێبەجێ بکا وبمرێ. لەگەڵ ئەوەشدا نائومێدی و تەنیایی هەمیشە لەناو دڵیدا لانەیان هەبووە و ناوەناوە بە هەوەری کارو عادەت داپۆشراون. مرۆڤ بیست ساڵ، سی ساڵ، پەنجا ساڵ سەرومڕ سەگ مەرگ کاری کرووە و سەرەنجام لەخۆی پرسیوە بۆچی، لەپای چی؟ کۆتایی کە هەر مردنە، فەنابوون!!! کەچی لەگەڵ ئەوەشدا هەر کۆڵی نەداوە چونکە وای لێ چاوەروان کراوە ئەمیش ئەبێ وەک هاوزمانەکانی تا دەمی مەرگ هەڵپەی بێ. ئەوساش کە دەمی کراوەی گۆڕ لاشەی کرم تێداوو فەرامۆشکراوی هێناوەتە یادی، دڵی بەتروسکەی زیندووبوونەوە خۆش کردووە بەلکوو ئەو ئارەزووانەی کە لە دنیای خاکیدا بۆی تێر نەکراون، لەدنیای جاویداندا بەدی بێنێ. بەڵام هێشا لەقووڵایی دڵیدا نائومێد بووە و دەستپاچە بۆیە هەرگیز بەدڵ ئامادەی مردن نەبووە.

مرۆڤی چارەرەش لەم سەفەرەیدا تەنیا بووە. مەگەر چۆن توانیویەتی تەنیا نەبێ لەکاتێکدا هیچ هاورێیەکی ئەبەدی نەبوو ئارەزووەکانی لەگەڵ بەش بکاو چارەنووسی ببەستێ بە چارەنووسیەوە و لەدەرەنجامی حەتمی، لەمەرگ، رزگاری بکات؟ راستە دۆستانی هەبوون بۆ گفتوگۆ، بۆ شەونخوونی، کارو هاتوچۆ و تەنانەت هاورێی فیکریش، بەڵام ئەمانە ئەو هاورێ ئەبەدییانە نەبوون کە قوڵ بکەن بە قۆڵی (من) دا و لێی جیانەبنەوە. کاتێ بەرژەوەندی (من) یانی هەمان خۆپەرستیی ئەبەدیی مرۆڤ کەوتۆتە مەترسییەوە، ئەوسا تەنیایی باوەشی بۆی کردۆتەوە و بۆی دەرکەوتووە ئەوانەی لەخەیاڵێکی رێگوزەردا دۆستانێکی گیانی بوون، بێگانە بە (من) بوون بە رشتەیەک ئارەزووی لەکەمیندا وەستاوەوە. بەراستی کام دوو هاورێ، کام دووبرای گیانی، کام دوو هاوبیر، دوور لەچاوی خەڵکی لە ناخی دڵیاندا جارجار هەست بەوپردەی نێوانیان ناکەن کە هەرگیز قابیلی پەرینەوە نیە بۆ هەردووکیان.

لە کۆنەوە مرۆڤ هەستی بەم خۆپەرستی و تەنیایی و جوداییە کردووە و هەوڵی داوە لە رێگەی پەیداکردنی بەرژەوەندی هاوبەشەوە خۆی لە تەنیایی رزگار بکات یانی (ئێمە) بخاتە شوێنی (من). گوایە ئازادی و سەرفرازی ئینسانیان لەم جێ گۆڕکێیەدا دیوەتەوە. بۆئەمەش خێزان، خێڵ، کۆمەڵگا، ئایین، دەستەوحزبی جۆراوجۆر دروست بوون. لەناو ئەم کۆمەڵانەدا هەمیشە هەوڵ دراوە (من) بخرێتە ژێر رکێفی (ئێمە) وە و (ئێمە)ش بەرامبەر ئەم تەسلیم بوونەی (من)، (من) لە تەنیایی رزگار بکات. گومان لەوەدا نیە (من) کەڵکی لەم مامەڵەیە وەرگرتووە و لەزۆر بورادا ژیانی بۆ ئاسان کردووە. لەمەشدا (من) ـە فێڵبازەکان ئەوانەی هەولومەرج باشترین فرسەتی پێ داون،زیاترین بەشیان بەرکەوتووە. بەڵام ئەم مامەڵەیە لەسەر حسابی بێبەشکردنی (من) بووە لەهەندێکی تری ئارەزووەکانی. جگە لەوەش تەنانەت لە ناو (ئێمە) شدا مرۆڤی تەنیا لە کابووسی تەنیایی رزگاری نەبووە مەگەر بۆ ماوەی کەم کاتێ (من) بەتەواوی لەناو بۆتەی (ئێمە)دا تواوەتەوە و ئارەزووەکانی فەرامۆش کراون. ئەڵبەتە ئەم ماوانەش زیاد نەبوون و کەسانێکی کەم توانیویانە پێی بگەن و لەمانیش بەدەگمەن بەدرێژایی ژیانیان بڕیان کردووە. رێگەیەکی بەدەوامتر بۆ دەبازبوون لەم تەنیایی و نائومێدییە کە مرۆڤ لە کۆنەوە پەیی پێ بردووە گەڕانەوە بووە بۆ خود بەمەبەستی دابەزاندنی ئاستی خواستەکانی خود و دوورەپەرێزی لە ململانێی خواستەکان، بە مانایەکی تر چاوتێری و زوهد.

بەکورتی مرۆڤ لەوساوەی چەمکی رابوردوو و داهاتوو لە مێشکیدا گەڵاڵە بووە هەمیشە تەنیا بووە و نائومێد. هەموو هەوڵەکانیشی لە پێکەوەنانی خێزان و کۆمەڵ و حیزب و ئایین و دامودەزگا کۆمەلایەتییەکاندا نەیان توانیوە لەم تەنیایی و نائومێدییە رزگاری بکەن چونکە مرۆڤ نە دەتوانێ دەست لە غەریزەکانی خۆی هەڵ بگرێ، نەدەتوانێ خۆی لە مێشکی بیرکەرەوەی خۆی و کاریگەریی سیلبیی بە ئەنجام گەیشتنی غەریزەکانی هاورەگەزەکانی رزگار بکات. تازە ئەگەر کەسێ بتوانێ خۆی لەخەڵکی دابڕێ و بە تەنیایی لەدووی بەختیاری بگەرێ بە کوێرە رێ دەگا چونکە ئەنجام دانی هەندێ لە غەریزەکانی لە تەنیاییدا مەحاڵە. خۆئەگەر یەک جووت مرۆڤی تەنیاش پێکەوە بژین ئەوا پاش ماوەیەک رەنگدانەوەی خۆپەرستی و غەریزەو رەفتاریان ئاسوودەییان لێ دەشێوێنێ. ئەمە جگە لەوەی مێکشی فەرد هەرگیز ناتوانێ خۆی لە ئەفکاری نائومێدکەری تەنیایی و فەنابوون و چەمکی داهاتوو دووربخاتەوە. تەنیایی و نائومێدی(پووچی) دوو حوکمی ئەبەدین، رزگاربوونی بنەرەتی تەنیا بە رزگاربوونە لە وجوود، یانی مەرگ.

هەڵبەتە ئەمە مانای ئەوەنیە فەرد هەمیشە و هەمووساتەکانی ژیانی نائومێد و تەنیاو دۆش داماو بەسەر بەرێ. ئەگەر وابووایە مرۆڤایەتی بەهچ نەدەگەیشت. مرۆڤ بەحوکمی عادەت و سەرگەرمی و چاوەروانی کۆمەڵایەتی دەکەوێتە بەر لێشاوی عاداتی رۆژانەو بە ئیختیار یان بێ ئیختیار دەکەوێتە گەڕو گوشاری واجیب سروشتی ئەسڵی و خەیاڵاتی تەنیایی و نائومێدی لەبیر دەباتەوە و بەرواڵەت خۆشحاڵ و بەختەوەرانە ئەو ئەرکانە جێ بەجێ دەکا کە لێی چاوەروان دەکرێ. جارجاریش کە دێتەوە سەرخۆی لە تەنیاییدا، دوور لە هەراو هوریای فەرمانەکانی ژیانی رۆژانە، دەکەوێتە بیرکرنەوە. پووچی ژیانی خۆی و ئەوانی تر و تەنیایی هەموولایەکی بیر دەکەوێتەوە. بەسەر هیڵی پەی پێنەبراوی تەمەنەو تاس دەیباتەوە کە نازانێ بەرەو کوێ دەچێ و کۆتایییەکەی کەیە! بەسەر تەپۆڵکەی ئارەزووە بەدی نەهاتووەکانیەوە تاس دەیباتەوە کە نازانێ بۆچی هەن و چییان لێ بەسەردێ! بەسەر حەسرەتی لەچاو ئەما بەختەوەرەکانی هاورەگەزییەوە تاس دەیباتەوە! تاس دەیباتەوە و خەریکە وەک رنۆی بەفر بەرەو هەڵدێری نائومێدی داڕمێ بەڵام.... بەڵام کتوپڕ هۆش دەکاتەوە کەوا مەحکوومە بە ژیان بۆیە قۆڵی لێ هەڵدەماڵێ و دەست پێ دەکاتەوە.

 

****
تێبینی: ئەم بابەتە رامانێکی تەنیاییە و لەراستیدا نامەیەکە لە ئاوارەیی دوای ئاودیوکراندا بۆ هەڤاڵی پێشمەرگەم (د. جەلال عوسمان) ناردووە.


مازەندەران

 1992
Nasihqeredaxi@yahoo.com