١٢\٩\٢٠١٦
''تەپڵ'' لە
دەرھێنانی کەیوان کەریمی لە فیستیڤاڵی فیلمی ''ڤێنیز'' نمایشکرا.
مەنسوور جیهانی
فیلمی
سینەمایی "تەپڵ" لە دەرھێنانی سینەماکاری کورد کەیوان کەریمی لە حەفتا
و سێیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "ڤێنیز" لە ئیتالیا
نمایشکرا.
فیلمی سینەمایی "تەپڵ" لە دەرھێنانی سینەماکاری بانەیی کەیوان کەریمی
لە یەکەمین بەشداریی نێودەوڵەتیی خۆیدا لە بەشی پێشبڕکێی "ھەفتەی
ڕخنەگران" لە حەفتا و سێیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "ڤێنیز"
لە وڵاتی ئیتالیا چووە سەر پەردەی سینەماکان و لە لایەن بینەرانەوە
پێشوازیی لێکرا.
ئەم فیلمە لە یەکەمین نمایشی خۆیدا کاتژمێر ٧:٣٠ی ئێوارێی رۆژی شەمە ٣ی
ئەیلوولی ٢٠١٦ بۆ پەیامنێران، رۆژنامەنووسان و ڕخنەگرانی سینەمای جیھان
لە ھۆڵی سینەمایی ژمارە ٢ "سالا پرێلا" لە شاری ڤێنیز لە وڵاتی ئیتالیا
نمایشکرا و لە دەزگاکانی راگەیاندنی ناوداریی دنیا رەنگدانەوەی
جۆراوجۆر و پۆزێتیڤی بەدواوە بوو.
"تەپڵ" ھەروەھا لە نمایشی سەرەکی و رەسمی خۆی لە بەشی پێشبڕکێی "ھەفتەی
ڕخنەگران" لە حەفتا و سێیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "ڤێنیز"
لە کاتژمێر ٢:١٥ی دوانیوەڕۆی ڕۆژی یەکشەمە ٤ی سێپتەمبەری ٢٠١٦ لە ھۆڵی
سینەمایی ژمارە ١ "سالا پرێلا" چووە سەر پەردەی سینەما و لە دوایین
نمایشی خۆیدا لە کاتژمێر ٩ی سەر لە بەیانی ڕۆژیی دووشەمە ٥ی ئەیلوولی
٢٠١٦ لە ھۆڵی سینەمایی ژمارە ١ "سالا پرێلا" نمایشکرا و لە لایەن
بینەرانەوە بە گەرمی پێشوازیی لێکرا.
فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "ڤێنیز" بە مێژوویەکی نزیک بە زیاتر لە ٨٠
ساڵ، یەکێک لە گەورەترین و گرینگترین رووداوە سینەماییەکانی ئەورووپا و
جیھان دێتەئەژمار و لە تەنیشت فستیڤاڵەکانی کان و بەرلین بە یەکێک لە
گەورەترین فستیڤاڵەکانی فیلم لە جیھان دادەنرێت کە بۆ یەکەمجار لە
سەرەتای دەیەی ٣٠یدا دەستی بە کار کردووە و تیایدا خەڵاتەکانی شێریی
زێڕین و شێریی نوقەریی بە براوەکانی بەشە جۆراجۆرەکانی پێشبڕکێی ئەم
فیستیڤاڵە پێشکەش دەکرێت.
"تەپڵ" لە نووسین و دەرھێنانی کەیوان کەریمی لەسەر ئەساسی رۆمانێک بە
ھەمان ناو لە نووسینی عەلیموراد فەدایی نیا درووست کراوە و
گێڕانەوەیەکی رەش و سپییە لە ژیانی پارێزەرێک کە بە تەنیا لەو شوقەیەی
شوێنی ئیشەکەشیەتی دەژی و بە وەرگرتنی پاکەتێک تووشی گێچەڵ و کۆمەڵێک
رووداوی ناخۆش دەبێت. کەسایەتییەکانی ناو فیلمی "تەپڵ"، لە
ئەکتەرەکانەوە ھەتا جادەکان و لۆکەیشنەکان، کەسایەتی شوناس ون و بێ
ناونیشانن. تاقە کەسایەتییەک ئامادەیی ئاشکرای ھەیە لە فیلمەکەدا، شاری
تارانە کە شوێنی رووداوەکانە. کەشێکی تایبەتی و رازاوی بەسەر فیلمەکەدا
زاڵە.
حەفتا و سێیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "ڤێنیز" بە نمایشی
بەرھەمی سینەماکارانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیھان لە چەندین بەشی پێشبڕکێی
و دەرەوەی پێشبڕکێی لەوانە: بەشی "پێشبڕکێی سەرەکی"، بەشی "پێشبڕکێی
ئاسۆکان"، بەشی پێشبڕکێی ""ھەفتەی رخنەگران"، بەشی پێشبڕکێی "رۆژەکانی
ڤێنیز"، بەشی دەرەوەی پێشبڕکێی "نمایشە تایبەتەکان"، لەشی رێزلێنان لە
تەمەنێک چالاکی ھونەریی و دەسکەوتە سینەماییەکانی "عەباس کیارۆستەمی"
دەرھێنەری ناوداری سینەمای ئێران و جیھان، بەشی "رێزلێنان"، بەشی "سینەمای
نوێی ئیتالیا"، بەشی "ئۆرتیزۆنتی" بە لقەکانی نوێی دنیای سینەما، بەشی
"بازاڕی فیلم" و چەندین بەشی دیکە ڕۆژیی ٣١ی ئابی ٢٠١٦ بە نمایشی فیلمی
سینەمایی "لا لا لەند" لە دەرھێنانی "دامین شازێل" و لە رۆڵ بینینی "رایان
کاسلینگ"، و "ئێما ئێستۆن" دەستی پێکردووە و تاکوو ڕۆژیی ١٠ی
سێپتەمبەریی ٢٠١٦ لە شاری ڤێنیز لە وڵاتی ئیتاڵیا درێژەی دەبێت.
ھەندێک لە ستافی ئامادەکردنی فیلمی سینەمایی "تەپڵ" بریتین لە:
نووسەر و دەرھێنەر: کەیوان کەریمی، بەڕێوەبەریی وێنەگرتن: ئەمین
جەعفەری، دەنگھەڵگر: رەزا تێھرانی، مونتاژ: فەڕەحناز شەریفی، دیزانی
دەنگ و موزیک: بامداد ئەفشار، دیزاینی سەحنە: کەیوان کەریمی، دیزانینی
میکیاژ: حامید تێھرانی، ئەکتەرەکان: ئەمیر رەزا نادری، ئیبراھیم
زەنجانیان، سارا قولی زادە، داریووش پاک نیا، محمەد سەفاجوو، ئەلیاس
رەسوولی، عەلی فەڕشچی، ئەردەڵان حاجی رەحیمی، ئەحمەد قوورچی، حەبیب
ھونەرئامووز، دیمەنە تایبەتە مەیدانییەکان: حەمید رەسوولیان، دیمەنە
تایبەتە کۆمپیووتەرییەکان: موحسین جەڵدی، فۆتۆگرافەر: عەلی ئیحسانی،
بەرپرسی بەرھەم: ئەمیر ئەسکەندەری، بەڕێوەبەریی راگەیاندنیی گشتیی:
مەنسوور جیھانی و بەرھەمھێنەر: کەیوان کەریمی و فڕانسوا د اختمار لە
وڵاتی فەڕەنسا.
بۆ زانیاریی پتر:
www.sicvenezia.it/3860/edizione-2016/film-2016/drum/?lang=en
بەڕێوەبەرایەتی راگەیاندنیی گشتیی فیلمی
سینەمایی ''تەپڵ''
ماڵپهڕی مهنسوور جیهانی
|