په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٨\٤\٢٠١٧

تەپڵی گشتپرسیی یان تەپڵی شەڕ؟


هۆشمەند ساڵح    


بێگومان سەربەخۆیی ئامانجی هەموو کوردێکە، هەزاران شەهیدمان لە پێناویدا بەخشیوە. ماوەیەکە پارتی بە تۆنی جیاواز تەپڵی گشتپرسیی بۆ سەربەخۆیی لێدەدا، وەک ئەوەی سەربەخۆیی بەتەنیا ئامانجی پارتی بێ و هەرچی حیزب و لایەنەکانی ترن ئەو ئامانجەیان نەبێ. گشتپرسییێک کە پەرلەمان پەکخرابێت و نەتوانی یاسای بۆ دەربکا، گشتپرسییێک لە ولاتێک ناوماڵەکەی ناکۆک و پەرتەوازە بێ، گشتپرسییێک کە کەرکوکی تیا نەبێ، گشتپرسیییک کە بەسترابیتەوە بە بوونی مالیکی بە سەرۆکوەزیر، گشتپرسییێک کە بۆ سەربەخۆیی نەبێ، گشتپرسییێك کە لەژێر سایەی لەشکری داگیرکەری تورک ئەنجام بدرێ، کە تەپڵی شەڕەکەی بنگوێی کاسکردووین، ئەرێ بەراست ئەوە چ جۆرە گشتپرسییێکە!


بەگوێرەی ڕۆژنامەکانی تورکیا، مانگی ڕابردوو کە باسی پیلانەکەی تورکیا- پارتی دەکرد بۆ هێڕشکردنە سەر پەکەکە و یەپەکە لە شەنگال و قەندیل و ڕۆژئاوا، سەرەتا دەمانگوت ئەمانە تورکن درۆ دەکەن. بۆ جارێکی تر لەم چەند ڕۆژەی دواییدا، ڕۆژنامەکانی تورکیا باسی پیلانی هاوبەشی تورکیا و پارتی کرد، چەند ڕۆژێکی نەبرد کە لەشکری تورک ئەم کۆمەڵکوژیەی ئەنجامدا، پارتیش پەکەکەی تاوانبار کرد لە جیاتی تورکیا، خۆی ئەمە خۆی لەخۆیدا پەیامێکی ڕوونە، کە دیارە پیلانە هاوبەشەکە ڕاستی تێدایە. بۆ بەدبەختی پارتی، تورکیا هیچ شەرمیڕوو بۆ پارتی ناهێڵیتەوە، هەرچی نهێنی موخابەراتی نێوان تورکیا و پارتی هەیە ئاشکرای دەکات، هەرجارەی دەیهێنیتەوە سەر سفر، دیارە پارتیش بڕیاریداوە کە بە هەڵەکانی خۆیدا نەچێتەوە.


ئەم قسانەی ڕۆژنامەکانی تورک و هێڕشەکەی مانگی ڕابردووی پێشمەرگەی ڕۆژ و پارتی بۆ سەر شەنگال، هەڵوێستی دوژمنکارانەی ئەردۆگان بەرامبەر ئاڵای کوردستان و هەڵکردنی لە شاری کەرکوک، هەروەها هێڕشی بەردەوامی تورک بۆ سەر قەندیل و ئەوەی ئەمدواییە بۆسەر شەنگال لە باشوور و دێرک لە ڕۆژئاوا، کە دیسان کۆمەڵکوژیان لە دژی کورد ئەنجامدا، کە هەڵوێستی پارتی دژ بە پەکەکە بوو، ئەمانە هەمووی پێکەوە، ئەوە ئاشکرا دەکەن کە پارتی بەشدارە لە پیلانی تورکیای ئەردۆگان بۆ هەڵگیرسانی شەڕیک لە قەندیل و شەنگاڵ و لە ڕۆژئاواش، بۆیە دەردەکەوێ کەوا باسکردنی گشتپرسییش تەنیا گەمەیەک بێ بۆ چەواشەکاری و بۆ مەشغولکردنی خەڵک، یانیش بۆ کارتێکی گوشار بێ.


پێویستە بگوترێ کە هێڕشی ئەمجارەی تورکیا زۆر جیاوازبوو لە جاران، بەوەی قەندیلی تیێەڕاند، هێڕشی کردە سەر دێرکی ڕۆژئاوای کوردستان و شەنگالی بریندار لە باشور. بە هەقیقەت دەتوانین بڵیین کە ئەمە پەیامێکی ئاشکرای ئەردۆگان بوو بۆ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و بەتایبەتی بۆ ئەمریکا. واتە ئەردۆگان پێی وایە ئەگەر ئەمریکا هەڵوێستی لاواز بوو، ئەوە هێڕشەکان بەردەوام دەبن و پێچەوانەکەشی هەر راستە، هەروەها بۆ ڕاستکردنەوەی پارسەنگی لاوازی داعشە لە ناوچەکەدا.


دیارە قازانجی تورکیا لەم گشتپرسیی و لەم شەڕە، لەباربردنی ئامانجی گەلی کوردە کە خۆی لە سەربەخۆییدا دەبینێتەوە، باشترین ڕیگاش کورد بەکورد بەکوشتدانە، کە دەبێتە مالوێرانیەکی گەورە. واتە ئەوەی بە داعش بۆی نەچووە سەر، دەیەوێ لە ڕیگەی پارتی و بەشێک لە یەکێتی و هەندێ هێزی گرێدراوی تر ئەنجامی بدات، واتە بەهەمان دروشمی سەربەخۆیی ناوەرۆکی سەربەخۆیی پوچەڵ دەکاتەوە. تورکیا لە ڕێگەی پارتیەوە هەم نەوتەکەی مسۆگەر دەکات و هەم پەکەکەی بۆ لاواز دەکات. واتە تورکیا، ریفراندۆمەکەی پارتی بۆ سەربەخۆیی، وەک ئەسپی تەروادە بەکاردەهێنێ.


بەداخەوە قازانجی پارتی لە تەپڵلێدان بۆ گشتپرسیی تەنیا بۆ دەسکەوتی تایبەتیە و تەواو دوورە لە سەربەخۆیی کوردستانەوە. سوودێکی دروشمی گشتپرسیی بۆ پارتی، ڕاکێشانی سۆزی هەندێ خەڵکە، یاخود بەلایکەمی بۆ ئەوەیە کەوا زەخیرەی قسە بۆ هەوادارەکانی حازر بکات تاوەکو لەم هەڵوێستە پڕ شەرمەدا، توانای بەرگریان هەبێ و بڵێن بابە ئەوە پەکەکە و لایەنەکانی تر ڕێگرن، دەنا پارتی سەربەخۆیی ڕاگەیاندبوو!


ئەم بارە شەڕ و گرژیە لە قازانجێ پارتیە چونکە هەموو جومگە سەرەکیاکانی کوردستانی بەدەستە، ئەمە وادەکا کە دەسەلاتی پارتی بۆ ماوەیەکی درێژتر پارێزراوبێ، بە هۆی پشتیوانی لەشکری تورکیاوە. ئەمە لەلایەک وە لەلایەکی ترەوە، بە هۆی ئەم حەڵەتە نائاساییەوە، کە تەپڵی گشتپرسییش سەربارە، دەتوانن هەرچی قەیران هەیە لەناو ئەم هەرێمەدا، وەک پەرلەمان، سەرۆکی هەرێم، هەڵبژاردنەکان، خزمەتگوزاریەکان، هتد بە موچەشەوە، لەبیر خەڵکی ببەنەوە، هەروەها هەرچی گەندەڵی و تالانی نەوت و بودجەی کوردستانە، هەمووی بشارنەوە. بەم شیوەیە دەتوانن ئەم هەموو ملیاردە تالانکراوە سپی بکەنەوە بەوەی لاپەڕەیەکی نوێ هەڵدەدەنەوە، بڵێن کاکە: (لە دوو چووان مەچوو!).


ئەگەر بە دیقەت سەیری بکەی چ گشتپرسییەکەی تورکیا و چ گشتپرسییەکەی پارتی کە تەپڵی بۆ لێدەدا، هەر هەمان مەبەستی هەڵگیرسانی شەڕی بەدواوەیە، ئەمە درۆیەکی گەورەیە بۆ حاڵەتێک کە کاولکاری و هەرەسی بە دواوەیە، لەڕاستیدا مێژوو سەلماندویەتی کە خەڵکی بازرگان و قاچاخچی هیچ گیانێکی نیشتیمانیان تێدا نیە، کەوایە چی بەوانە دەڵێی کە بازرگانی بەخوێنی شەهیدانەوە دەکەن، یان ئەوانەی کە قاچاخچی تاڵانی نەوت و بودجە و قوتی خەڵکن؟

 


hoshmend4@gmail.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک