٤\١٠\٢٠١٢
تێربوون دەرگایە.

یوسف خەلیل
کەسى برسى هانا بۆ هەموو شتێک دەبا تا ورگى هێور بکاتەوە، کورد واتەنى
جام پڕ بوو لێى دەڕژێ! تا بەردەوامبێ لە ژیان، لێرەوە بۆ شتەکانى دیکە
ئیدى گەر بەرماوە و گیانى مرۆڤیشى دەستکەوێ هاناى بۆ دەبا! وەک ئەوەى
لە ستالینگراد روویدا، کە هانایان بۆ جەستەى یەکدى دەبرد بۆ
دامرکاندنەوەى برسێتى یەکەیان، واتە لە مرۆڤ بوونەوە گەڕانەوە بۆ
دڕندایەتى ئاژەڵ، چۆن بتوانین وانەبین و بەرگە بگرین؟ بیگومان کاتێک
دەتوانین کە لەو چەمکە بەهێزتربین! بەڵام من کە نەزانى سەرەتاى
رابردوومى تەنیبێت بەئاسانیی خورافە و ناپاکى و دڕندایەتى
دەمقۆزێتەوە..؟!
سێکسیش هەمان شتە پێویستە تێر بکرێ و نەکرێتە قوربانى شتەکانى دیکە،
ئەگینا لەم کارە خراپتر دەچنینەوە، سروشتى مرۆڤ وایە بێ ئەوانى دیکە
ناتوانێ رێ بکا و لە هەموو شتێک خۆى بێ بەش بکا! ناتوانێ لە جەستەى
ببوورێ و چیدیش بەرگەى سانسۆرە کەلتـوورییە زنجیرییانە بگرێ کە بە
سەریدا سەپێنراوە..!
لەوەوپێش لەبەر ئەوەى هیچى نەدەزانى ئارامى دەگرت و بەرگەى دەگرت..
رابردووش سەنگى مەحەکە بۆ قسەکانم کە تاچەند خەڵکى ئارامیان گرتووە!
بەڵام ئەمرۆ دونیا بۆتە گوندێکى بچووک زانیاریی لە دەرگاى هەموومان
دەدا و چیدى ناتوانێ پابەندى رێساکانى دین و کەلتوورى باوباپیران بێ،
تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانیش ئەم راستیە دەسەلمێنن وەک باشترین نموونە..
گەر هەر سووریش بن لەسەر کۆنترۆڵکردنى گەنج لەمانەى ئێستا کە ڕوو دەدەن
لە ژیانى کۆمەڵایەتیماندا ناشرینتر دەچنرێتەوە..
مرۆڤ وەک باڵندە وایە دەیەوێ لەگەڵ شنەى بادا سەما بکا.. نەک بە
ئارەزووى ئەم و ئەو هەڵسوکەت بکا.. لێگەڕێن با خۆیان چارەنووسى خۆیان
دیارى بکەن و بڕیارى لێبدەن، بمانەوێ و نەمانەوێ نۆبەیانە با ئەسپى
خۆیان تاو بدەن ژیانیش بێگومانبن.. بەوانەوە جوانە، ئەم دەرفەتەش هێندە
سانا جێى رەزامەندیی نابێ وەک ئەوە وایە پەنجە بکرێ بە لانەى هەنگدا
بگرە لەوەش خراپتر..!
دینیش مێژوویەکى دێرینى هەیە واتە خۆى داکتاوە لە هزر و
بیرکردنەوەماندا بە ئاسانیی رێ بە بیرکردنەوەى دیکە نادا و
شوێنکەوتوانى وا بە ئاسانیی جێ بۆ ناکەنەوە تا رازى دڵى خۆتیانى بۆ
بکەی.
هەمووش ئازادە چى دەڵێن و چۆن لە بابەتەکان دەدوێن بەڵام ئازاد نین
یەکدى بریندار بکەین ئەمە پێشێلکردنى مافى ئەوى دیکەمانە، چونکە مرۆڤین
پێوستە پێکەوە هەڵکەین ئەگینا ناتوانین بەردەوامبین..
حەقیقەتێکیش لەبەر دیدەمانە کە سروشتە هەمووشمان خۆشمان دەوێ، جوانیی
سروشتییش لە هەمەڕەنگیی و بەرز و نزمیی و تەڕیی و وشکیی و رەقیی و
نەرمییەکەی دایە، واتە بەوانەوە جوانە کەسیشمان نییە ساتێک بێ سروشت
هەڵکا.. بۆ ئەمە نەکەینە بنەمایەک بۆ راو بۆ چوونەکانمان؟ چونکە ئەمرۆ
سەردەمى دەنگى جیایە لێرەوە دەرگای بێ پایان بۆ خۆزگەکانمان دەکرێتەوە.
Yousif_kazh@yahoo.com
|